ما 4693 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

دڵشاد خدر

پێویستە ئەو راستیەش بگوترێت، کە راستە ئێمە لە لێژنەکەی خۆمان بریاری ئەو خوپێشاندانەمان وەرگرت، بەلام زۆرینەی هێڵە حزبیەکانی تریش لەلایەن حزبەوە ئاگادارکرابوونەوە و بێجگە لە هێلە حزبیەکانی هەولێر، هاورێیانی عەنکاوە و شەقلاوەش ئاگادارکرابوونەوە و ئەوانیش ئامادەبوونیکی باشیان هەبوو. کات بە هێواشی دەرویشت و ئێمەش چاودیری شوێنەکەمان دەکرد.

 

شیوعییەکان و راپەڕینی شەشی ئازاری هەولێر

دڵشاد خدر

لەگەل ئەوەی هەموو ساڵێ لە شەشی ئازاردا باسی ئەو چالاکیە مێژووییە لە لایەن شیوعیەکانەوە کراوە، بەڵام ئەوەندەی من ئاگاداربم تا ئێستا نەتوانراوە حەقی خۆی پێبدرێت و بە قەوارە و گرنگیی خۆی بە نەوەی نۆێ بناسرێت و ئەو رۆژە لە مێژووی تێکوشانی گەلەکەمان زەق بکرێتەوە.

هەموو گەواهی ئەو راستیە دەدەن کە راپەرینەکەی ٦ی ئازار و رێکخستنی لە لایەن شیوعییەکانەوە، روژێکی پرشنگدارە لە خەبات و تێکوشانی شیوعییەکان بەگشتی و شیوعییەکانی هەولێر بە تایبەتی. من لە زۆر شوێن وتومە ئەو چالاکییە هەر لایەنێکی تر ئەنجامیدابووایە ئێستا وەک روژێکی پرشنگدار لە مێژووی خەبات و تێکوشانی گەلەکەماندا دەناسرا، بەڵام بەداخەوە حزب وەک دەیان چالاکی نمونەیی، بە گرنگی نەزانیوە و نەیتوانیوە سەرمایەگوزاری لەسەر بکات. تەنیا بەوەندە تێی پەڕاندووە هەموو ساڵێ لەو رۆژەدا چەند هاورێیەک لە دەزگا راگەیاندراوەکان دوو قسە لەسەر ئەو رووداوە مێژووییە بکەن. هەندێ جاریش بەداخەوە هەندێک کەس دێنن بۆ قسەکردن لەسەر ئەو رووداوە کە ئاگاداری دارشتنی پیلانەکەو ناوەروکی روداوەکە نین و، زۆر رووکەشانە باسی ئەو چالاکییە دەکەن.

هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە زۆرینەی ئەوانەی ماوەیەکە لە سەرکردایەتی و دەزگا راگەیاندنەکانی حزبن، ئاگاداری ئەو چالاکییە نین و تەنیا هەندێکیان لە کەسانی ترەوە گوێیان لێبووە، بۆیە زۆرجاران بە هەڵە باس لە چالاکییەکە دەکەن. لەو ساڵانەی دواییدا لە 'رێگای کوردستان' نووسینێکم لەسەر ئەو چالاکییە خوێندەوە کە دیار بوو ئەوەی نووسیبووی لە دوور و نزیک ئاگاداری ئەو چالاکییە نەبووە. لە نووسینەکەدا برینداربوونی هاورێ فاروق عەنکاوەیان گەڕاندبووە بۆ ئەو روژە، لە کاتێکدا هاورێ فاروق چەندین رۆژ دوای ئەو چالاکییە و لە روژانی یەکەمی راپەڕین بریندار دەبێت!

بویە من بەگرنگی دەزانم هەموو ئەوانەی بەشدارییان لەو چالاکییەدا کردووە، لە رێگای نووسینەوە شێوازی بەشداربوونی خویان بنووسنەوە تا لە داهاتوو وەک بەڵگەیەیکی تەواو بکەوێتە بەر دیدی خوێنەران.

گرنگی ئەو چالاکیە لەودا بوو کە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا ئەنجامدرا. لەو شارەدا حەوت سال دەبوو کەسێک نەیتوانی بوو بە ئاشکرا لە شەقامەکانیدا داوای رووخانی رژێم بکات و هیچ کۆبونەوەیەکی نارەزایەتی تێدا ئەنجام نەدرابوو، بە تایبەتی پاش سەرکەوتنی رژێم بەسەر هێزی پێشمەرگە لە پروسەی ئەنفالدا بە شێوەیەک خەلک چاوی شکابوو کە ترسی لە هەموو شتێک هەبوو و متمانەی بەکەس نەمابوو. لە لایەکی تریش ئەو شارە کرابووە سەربازخانەیەکی گەورە، دەیان دەزگای داپلوسینی بەعس و سەدان مەفرەزە خاسە و هەروەها فەیلەقی پێنجی تێدا بوون.

خالێکی گرنگی ئەو چالاکیە ئەوە بوو کە کاتی بریار وەرگیرا بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاکیە مەزنە، هێشتا لە هیچ کونجێکی ئەو کوردستانە، هیچ نارەزایەتیەک دژ بە بەعس ئەنجام نەدرابوو. سەرلەبەیانی ٦ی ئازاریش کە هاورێیان هاتنە سەر شەقام، هێشتا دەنگۆی راپەرینی رانیەش لە دەزگا راگەیاندنەکانی هێزە کوردییەکان بلاو نەکرابووەوە.

ئەم ساڵ من بە پێویستم زانی لەیادی سی سالەی ئەو چالاکیەدا بە دیتن و تێگەیشتنی خوم بە نووسینێک یادی ئەو روژە زیندوو بکەمەوە. پێش وەختە پێم خوشە ئەوە بلێم من لە باسی ئەو روژەدا پشت بە دیتنی و ئەو رووداوانە دەبەستم کە خوم ئاگاداری بوومە، یان پاشان زانیومە بەو مانەیەی کە ئەوە رووێکی رووداوەکەیە کە لەوانەیە ئەو روداوە چەندین رووی تری هەبێت. بۆیە تەنیا ئەو کاتەیە دەتوانرێت بە تێر و تەسەلی باسی بکرێت و هەموو رووەکانی بخرێتە بەرچاوی خوێنەر. هەمووشمان ئەو راستیە دەزانین رووداوە مێژووییەکان هەمەلایەنن و بەبێ دیتنی هەموو لایەنەکانی، رووداوەکە بە ناتەواوی دەمێنێتەوە. ئەوەش پێویستی بەوە هەیە زۆرینەی ئەوانەی تێدا بەشداربوونە لە رێگای نووسین باسی ئەو بەشە بکەن کە خویان رۆلیان تێدا هەبووە تا لە کوتاییدا هەموو رووەکانی ئەو چالاکیە بگاتە خوێنەر.

هوکارێکی تری ئەم نووسینە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە هەندیک لە بەشداربووان کاتێک باسی ئەو قارەمانیەتیە دەکەن، خویان لەو راستیە بە دوور دەگرن کە ئەو چالاکیە مەزنە بەرهەمی تێکوشانی رێکخستنەکانی حزبی شیوعی عیراقی ئەو کات بوو لە شاری هەولێر. راستە ئێمە چەند هاورێیەک بووین و لە کوبونەوەی ٢ی ئازاری ١٩٩١ ئەو بریارەمان وەرگرت، بەلام بەبێ بوونی رێکخراوەی ئەوکاتی حزب لە هەولێر، هەرگیز ئەو کارە نەدەکرا. بویە دەبێت ئەو راستیە بۆ هەموومان روون بێت کە ئەوە بەرهەمی تێکوشانی رێکخراوەیی حزبی شیوعی ئەوکات بوو لەو شارەدا.

هەرچەند دوو رۆژ پێش شەشی ئازار لە کومەلگای خەبات گرژی لە نیوان پێاوانی رژێم و کومەلیک کەس دروست بوو و لە ئەنجامدا شەهید و برینداری لێکەوتەوە، بەلام ئەو نارەزایەتیە رێکخراو نەبوو، بەلکو لە ئەنجامی گیرانی چەند کەسێکەوە لەلایەن پێاوانی رژێمەوە هاتە ئاراوە.

 

پێش ئەنفالەکان زۆرێک لە رێکخستنەکانی حزب لە شاری هەولێر لە رێگای ئەو کادیرانەوە سەرپەرشتی دەکران کە لەگەل مەفرەزەکانی پێشمەرگەدا بوون. بەلام پاش نەمانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکە، حزب شێوازی رێکخستنەکانەکانی خۆی گۆری. چەندین ئەندامی سەرکردایەتی و کادیری پێشکەوتووی خۆی رەوانەی نیو شارەکان کردوو هەمووشیان بە نهێنی ژیانیان بەسەر دەبرد. ئەو هەنگاوەی حزب شێوازێک لە گرو تینی زۆری دابووە رێکخستنەکان و بە شێوەیەکی بەرچاویش رێکخستنەکان بەرفراوان ببوون.

هەرچەند پاش ئەنفالەکان وورەی زۆرینەی گەلانی عیراقی تێکشکابوو. ژمارەیەکی یەکجار کەم لە خەلکی ئامادەیی تیدابوو لایەنگری لە هێزە ئوپوزیسیونەکان بکات. من خودی خوم لەلایەن چەندین کەسەوە کە پێشتر خۆیان بە لایەنگری شورش دەزانی، پاش ئەو شکستە، بە ئاشکرا ئاگاداریان کردمەوە کە رازی نین ئەو باسانەیان لەگەل بکرێتەوە یان سەردانی مالەکانیان بکەم. لەگەل ئەوەشدا رێکخستنەکانی حزب لە هەولێر و شارەکانی تر لە گەشەیەکی چلونایەتی (نەوعی) دا بوو.

هەر ئەو ماوەیە کە من لە بەغداد لە لە مەرکەز تەبابەی عەسکەری سەرباز بووم، کۆمەلیک هاوری دانیشتووی بەغدام دۆزیەوە کە ماوەیەکی دریژ بوو لە حزب دابرابوون. پاش چەند دیداریک پەیوەندی حزبیم لەگەل دروست کردنەوە کە هەرە زۆرینەیان لە بواری تەندروستی کارییان دەکرد. پاشان رۆژیکیان لەگەل هاوری سرود چوینە بەغدا و ریکمان خستن و پاشان تەسلیم بە هاورییانی بەغدامان کردن.

ئەگەر دەزگا ئەمنیەکان لە هەموو شوینیک هەبوون، بەلام ئێمەش زۆر بە وشیاریەوە کارەکانی خۆمان ئەنجامدەدا و زۆر بە هێمنی کارمان دەکرد و کەسێک ئەگەر زۆر لێ دلنیا نەبووینایە داوای هاتنە نیو رێکخستنەکانمان لێ نەدەکرد، بەلکو بە پێچەوانەوە هەندیک لەو هاورێیانەی کە بە ناچاری تەسلیم ببوونەوە، خۆیان داوایان دەکرد کە دەیانەویت پەیوەندی بە حزبەوە بکەنەوە. بەلام ئێمە خۆمان لە داواکاریەکانیان دەدزیەوە.

هەر بۆ نمونە کاک فوئاد سدیق (کاک فواد پێشتر لەگەل ئیمەدابوو و کوریکی وشیار و چالاک بوو، ببووە پێشمەرگەو لە راگەیاندنی حزبدا کاری کردبوو و پاش ئەنفالەکان تەسلیم ببووەوە)، پاش تەسلیم بوونەوە زۆربەی کاتەکان ئێمەی دەدیت و چاوەروانی ئەوەی هەبوو کە داوای گەرانەوەی نیو حزبی لێبکەین. ئێوارەیەکی من و کاک هاشم (کاک هاشم کەسیکی وشیار و موتابعیکی باش بوو و جیگای متمانەی هەمووان. دوستی حزبمان بوو و منیش بە بەردەوامی ئەدەبیاتی حزبم پێدەدا) لەگەل کاک فوئاد لە یانەی راگەیاندن دانیشتبووین و کاک فوئاد لەگەل قسەکانی گلەیی ئەوەی کرد کە هاورێیان پێیان وتوە خۆت تەسلیم بکەرەوە و پاشان ئێمە لە نیو شاردا پەیوەندیت پێوە دەکەین. رووی قسەکانی لە من بوو، چونکە پێش ئەوەی بچیتە ریزەکانی پێشمەرگەوە ئاگاداری کاری حزبیی ئێمە بوو. لەگەل تەواو بوونی قسەکانی کاک فواد، کاک هاشم هەندێکی خواردبووە و یەکسەر رووی لەمن کرد و ووتی بۆ پەیوەندیی پێوە ناکەنەوە! منیش هەر ئەوەندەم پێکرا بلێم، بەداخەوە منیش هەر لە دوایی ئەنفالەکانەوە پەیوەندیم بە حزبەوە نەماوە! کاک هاشمیش هەر دەیوت پەیوەندی پێوە بکەنەوە.

ئەو کات بریارێکی حزبی هەبوو کە نابێت پەیوەندی بەوانەوە بکرێت کە تەسلیم بوونەتەوە. من پێموایە ئەوە بریارێکی سەلیم بوو بۆ پاراستنی رێکخراوەکانی حزب لەو کاتەدا. ئەو بارودۆخە زۆری نەکێشا و لەگەل داگیرکردنی کویت لەلایەن عیراقەوە، گورەپانەکە گورانکاری زۆری بەسەرداهات و کارەکانی ئێمەش زیاتر لە کاری نیمچە ئاشکرا نزیکتر دەبووە. خواستەکەی کاک فوئادیش هاتە دی و پەیوەندیم پێوە کردەوە و ئەو ماوەیە زۆر چالاک بوو هەر ئەو ماوەیە پەیوەندی حزبیمان لەگەل زۆریک لە هاورێیانی دابراو دروست کردەوە.

 

لیرەدا حەز دەکەم باسی راستیەک بکەم، من خۆم لەو شارەدا هەلسوراویکی بەرچاو بووم و تا رادەیەک ئاگاداری جموجوولەکانی شاربووم و تا ئاستیک خەلکیکی زۆری سەر بە لایەنەکانی ترم دەناسی. هەر لەدوای ئەنفالەکانەوە تا راپەرین وا هەستم دەکرد کە بیجگە لە ریکخستنەکانی حزبمان و ریکخستنەکانی رەوتی کۆمۆنیست، ریکخراوێکی تر لەو شارە نەبوون. ئەوە مانای ئەوەنیە کە لایەنەکانی تر لایەنگریان نەبیت. بەلام من هەستم بە بوونی هیچ کاریکی ریکخراوی نەدەکرد بیجگە لە ریکخراوەکانی ئیمەو رەوتی کۆمۆنیست نەبیت.

لەکاتی داگیرکردنی کویت لەلایەن عیراقەوە، من سەرباز بووم لە نەخۆشخانەی سەربازی هەولێر و کاتیکی زۆرم هەبوو بۆ کاری حزبی. زۆربەی روژەکان بەیانیان تا کاتژمیر دوو لە دەوام دەبووم و پاشان تا درەنگی شەو بە بەردەوامی بۆ کاری حزب دەسورامەوە. ئەوەی زۆر یارمەتی دەدام ئەوە بوو کە من بەبێ ترس دەسورامەوە و چونکە هەم جلی سەربازیم لەبەر دابوو هەم پێناسەی نەخوشخانەی سەربازی هەولیرم پێبوو. ئەو دەم پیێان دەووت (نزوول).

ئەوەی جیگای سەرنج بوو بەشی نەخوشخانەی سەربازی بوو بەناوی 'چاوەدێریی چڕ' کە من کارم تیا دەکرد. کارمەندەکانی ئەو بەشە زۆر نەبووین و تەنیا پینچ سەرباز و دوو نائیب زابت بووین. هەر پێنج سەربازەکە کورد بووین و دوو نائیب زابتەکەش خەلکی باشوری عیراق بوون. بەلام لەو پێنج کورە کوردەی لەوێ بووین سێ مان شیوعی بووین (من و هاورێ هەینی هەریری- هاورێ هەینی دەرچوی کۆلیژی تەمریز بوو و پەیوەندی لەگەل هاورییانی هەریر هەبوو- و هاورێ فەرهادی وەستا حەسەنی – هاورێ فەرهاد لە بنەمالەیەکی شیوعی بوو و برای شەهید هیوا بوو) کەسمان ئاگاداری پەیوەندی ئەوی تر نەبووین. چوارەمیش کورێکی گەرمیانی بوو بە ناوی جەبار کە نزیک بوو لە خومان و پێنجەمیش کاک موحسین بوو کە لایەنگری پارتی بوو، بەرپرسەکەشمان کورێکی عەرەب بوو لە راپەرین لەگەڵ ئێمە کەوت و تا کوتایی لەگەلمان مایەوە.

ئەو ماوەیەش لە نەخۆشخانەی سەربازی ئێمە روژانە گفتوگۆی سیاسیمان دەکرد. رۆژێکیان کۆمەلیک لە سەربازەکان و نائیب زابتەکان دانیشتبووین و باسی وەزعەکەمان دەکرد. لەگەل تێپەربوونی کات منیش قسەم کردو قسەکانم بەوە کۆتایی پێهێنا کە هەموو ئەو ناخوشی و کارەساتانەی بەسەر عیراقدا هاتووە هەموو لە ئەستوی حزبی بەعسدایە و بە مانی ئەو حزبە لە داهاتوشدا گەلانی عیراق خێر لە خۆیان نابینن! لەگەل کوتایی هاتنی قسەکانم یەک کەس لە شوێنەکە نەما، پاشان کاک هەینی هاتە لام و ووتی برۆ خۆت رزگارکە ئێستا دەتگرن!! بەلام من دەمزانی وەزعەکە گەیشتۆتە کۆی و کەس ئامادەنیە داهاتووی خۆی بەوانەوە ببەستیتەوە! ئەوانەی گوێیان لە قسەکان ببوو بەسەر سورمانەوە سەیریان دەکردم.

پاش هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عیراق، بۆ ئەوەی نەخوشخانەی سەربازی نەکەوێتە بەر بوردومانی فروکەکانی ئەمریکا، گواسترایەوە بۆ نەخوشخانەی سیلی کونی هەولیر کە دەکەوتە گەرەکی شورش و سەر جادەی شەقلاوە. ئەو گواستنەوە بۆ من هەر زۆر باش بوو. چونکە بەیانیان پاش یەک کاتژمیر ئیزنم لە برادەرەکان وەردەگرت و بەسەر پەرژینەکەوە دەچومە دەرەوەی نەخۆشخانەو دەهاتمەو نیو شار بۆ کاری حزبی. لەگەل بەردەوامی هێرشەکانی ئەمریکا خەلکی ترسی لە رژێم کەمتر دەبوو و ژمارەیەکی یەکجار زۆریش لە سەربازەکان فیراریان کردبوو و هاتبونەوە نیو مال و حالی خویان و زۆرینەی خەلکیش بە ئاشکرا رەخنەیان لە رژێم دەگرت. هەر ئەو کات بوو هاورێیەکی خەلکی بەسرا بەناوی بەهجەت (هاوری بەهجەت پێشمەرگەیەکی حزب بوو پاش ١٩٨٤ رەوانەوەی ناوەوە کرابووە) کە لە حزب پچرابوو لە رێگای خزمێکی هاورێ شوان و هەژاردا (هاوری شوان ئەندامی حزب بوو و لە بنەمالەیەکی ناسراو بوو و مالیان لە گەرەکی ٩٢ بوو و هاوری هەژاریش خزمی ئەو بوو و لە بنەمالەیەکی شیوعی بوون) کە سەرباز بوو لە بەسرا خۆی گەیاندبووە شاری هەولێر بەنیازی ئەوەی بتوانی پەیوەندی حزبی دروستبکاتەوە.

ئێوارەیەک لە گەرەکی ٩٢ من دیتم و زۆرمان قسە کرد و ئەو نامەیەی بۆ حزبی ئامادەکردبوو لێم وەرگرت و کۆمەلیک (عەدەم تەعەروزی عەسکەریم پێدا) و بەلێنیدا پاش هەفتەیەکی تر بگەرێتەوە، بەلام ئەوەبوو رێگا گیراو نەیتوانی بێتەوە تا پاش راپەرین روژیک هاتەوە و منیش بردمە شەقلاوەو تەسلیمی هاورێیانی حزبی شیوعی عیراقم کرد.

 

ئێمە لە لیژنەکەماندا کوبوونەوەکانی خۆمان بە بەردەوامی دەکرد و ئەو ماوەیەش زوو زوو یەکترمان دەدیت. پەیوەندی بەردەوامیشمان لەگەل هێلە حزبیەکانی خوارەوە هەبوو. دوواکۆبوونەوەمان پێش راپەرینی شەشی ئازار، روژی شەممە ٢ی ئازار بوو، کۆبوونەوەکەش لە مالی هاورێ سلاح مەزن بوو. مالی هاوری سلاح کەوتبووە گەرەکی سەیداوە و نزیک کەندەکە، ئەو مالە بۆ زۆریکمان وەک مالی خۆمان بوو.

بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیە من و هاورێ سەلاح و هاورێ سرود و هاورێ بەکر حاجی بووین (هاورێ بەکر حاجی ئەوە یەکەم جار بوو لە کوبوونەوەکان لەگەلمان بەشدار بێت. ئەوەی من بزانم هەر تازەش هاتبووە نیو رێکخستنەکانی هەولیر و پیشتر لە شاری موسل بوو). هاورێ سرودیش سەرپەرشتی لێژنەکەمانی دەکرد و یەکێ لە کادیرەکانی حزب بوو کە بە نهینی لە نیو شاردا دەژیا، ئەو رۆژی من هەر لە دەوامەوە چوومە مالی کاک سلاح (مالی سلاح مەزن بۆ من وەک مالی خوم بوو، دایکە خەجێش زۆر بە خۆشەویستی هەلسوکەوتی لەگەل دەکرین). کە چوومە ژوورەوە کاک بەکر حاجی لەوێ بوو و کاک سلاح ئێمەی پێکناساند و کاک بەکر یەکسەر وتی تۆ برای ماموستا رزگاری؟ منیش وتم کام رزگار؟ وتی رزگاری بەتالیونی ٣١. منیش وتم بەداخەوە برانین ئەو مەسیحیە من ئیسلامم! کاک بەکر وتی وەلا دەنا هەر زۆر بەو دەچیت. پاش ماوەیەکی هاورێ سرودیش هات و دەستمان بە کۆبوونەوەکە کرد

کۆبوونەوەکە کەمیک پاش کاتژمیری ٣ی پاش نیوەرۆ دەستی پیکردو لە ژووری میوانان دانیشتبوین و دایکە خەجیش لە بن هەیوانەکە سەیری دەرگای دەکردو و جارجاریش ئاوریکی لە ئیمە دەدایەو. ئەو دەیزانی کارەکەی ئیمە چەند ترسناکە، بۆیە هەتا ئیمە لە وێ بووین جارجار سەریکی لە دەرگا دەداو دەگەرایەوە شوینی خۆی.

کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە وەزعی ئەوکات و بەرنامەی ئیمە بۆ پێشهاتەکان. پاش گفتوگۆیەکی زۆر بریارمان وەرگرت کە پیویستە چالاکیەکی گەورەی جەماوەری ئەنجامدەین. پاشان هەر لەو کۆبونەوەیەدا بریاری ئەو خۆپیشاندانەمان وەرگرت و زۆریش گفتوگۆمان لەسەر کرد. کاک سلاح لەگەل ئەوەبوو ٦ی مانگ زووە و با بۆ چەند رۆژیک دووای خەین، بەلام ئیمە لەگەل ئەوەدابووین کە پەلەبکریت و بویە ٦ی ئازارمان هەلبژارد کە تەنیا چوار رۆژ نیوانی کۆبونەوەکە و روژی چالاکیەکە بوو. ئێمە نیازمان وابوو کە دووانەکەوێت و بتوانین ئەو نارەزایەتیانەی لە باشوری عیراق هەیە بیکەینە نارەزایەتی سەرتاسەری و فشاریش لەسەر باشوور کەم کەینەوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا هەموو کارەکان دابەش کران و شوێن و کاتی چالاکیەکەش دەستنیشان کرا. شوینەکە پێش گازینۆی کریکاران بوو و کاتەکەش دە و نیوی پێش نیوەرۆ بوو. هەلبژاردنی شوێنەکەش بۆ ئەوە دەگەرایەوە کە ئەو کات قەلەبالغترین شوێنی شار بوو. هەر لەو کۆبوونەوەشدا دروشمەکانمان هەلبژارد کە بریتی بوون لە (ئازادی، دیموکراتی، سەدام لاچی لە کورسی و، بژی هیزی پێشمەرگە سەدام نزیکی مەرگە). دەمانویست دروشمەکان بە شێوەیەک بێت گشتگیر بێت و بۆنی حزبێکی دیاریکراوی لێنەیەت بۆ ئەوەی هەموو خەلکی بتوانی بەشداربێت. ئەوەی کەمێک بە نەرێنی کاریگەری لەسەر ژمارەی بەشداربووان کرد، ئەو بریارە بوو کە لە کۆبوونەوەکەدا وەرمان گرتبوو کە ئەگەر ئەو رۆژە باران بێت، ئەوە چالاکیەکە دووادەخەین. ئەو روژیش بەیانیەکەی هەندیک پروشکە پروشک دەبارێ، بویە زۆریک لەوانە بریاربوو بەشداربن، ناهاتبوون. پیویستە ئەو راستیە هەموو کەس بیزانی بریاری ئەو خۆپیشاندانە و بەرنامەکەی لەو کۆبونەوەیەدا وەرگیرا.

من خۆم هەر پاش تەواو بوونی کۆبونەوەکە سەردانی هاورێ لاوەم کرد لە گەرەکی شورش (هاوری لاوە پێشمەرگەیەکی حزب بوو و پاش برینداربوونی تەسلیم ببووە و پاشان لە ریگای منەوە پەیوەندی بە حزبەوە کردەوە و لە گەرەکی شورش شانەیەکی چالاکی لە لاوانی گەرەکەکەی خۆیان دروست کردبوو). بریارەکەم پێراگەیاند و پێم وت پێویستە بتوانی بێجگە لە هاورێیان، زۆرینەی ئەوانەی متمانەت پێیانە ئاگاداریان کەیتەوە، پاشانیش بە هەمان شێوە هاورێیان شوان و هاورێ فواد و هاورێیانی ترم ئاگادار کردوە و هەولمدا هەموو ئەوانە ئاگاداربکەمەوە کە متمانەم پێیانە. هەر ئەو شەوە سەردانی کاک رەمەزان سەلیمم کردو بریارەکەم پێراگەیاندو ئەوەیش هەر چەند ئەندامی حزب نەبوو، بەلام دوستێکی نزیکمان بوو و زۆریش چالاکانە ئەدەبیاتی حزبی بلاو دەکردەوە، بۆ بەشداریش لە راپەرینی ٦ی ئازاردا، ئازایانە ژمارەیەکی زۆر لە برادەرانی خۆی بۆ ئەو چالاکیە هێنابوو. لە نیو نەخوشخانەی سەربازیش لەگەل ئەوانەی لە بەشی چاودیری چڕ لەگەلمان بوون ئاگادارم کردنەوە و کاک جەبار بەلێنی دا بێت و لەگەلمان بەشدار بێت.

 

ئێوارەیەک لە نیو بازاردا چاوم بە کاک ئیسماعیل (ئیسماعیل سەرسپی) کەوت کە کاک شیروانی لەگەلدا دابوو. من دەمزانی ئەوان لەگەل رێکخراوەکانی رەوتی کومۆنیست کاردەکەن، بەراستیش ئەو ریکخراوەیە هەم ژمارەیان زۆر بوو، هەمیش چالاک بوون لە نیو شاردا. لە سەرەتا باسی بەرنامەکەی خۆمانم بۆ کردن و پاشان بەنێوی حزب داوام لێکردن کە ئێوەش وەک رەوتی کومۆنیست لەگەلمان بەشداربن! بەلام بەداخەوە کاک شیروان بەو شێوەیەک وەلامی دایەوە (جاری تۆ خوت لەو جلە سەربازیانە رزگار بکە، ئەوجا باسی راپەرین بکە!) من تێگەیشتم کە نیازیان نیە لەگەلمان بەشداربن. بەلام ژمارەیەکی زۆر لەوانەی قسەم لەگەل دەکردن، بەلێنیان دەدا کە لەگەلماندا بەشداربن.

بەکورتی لەماوەی ئەو چوار رۆژەدا، بێجگە لەو هێلە حزبیانەی من سەرپەرشتیم دەکردن، ئەوەی جێگای متمانە بوو ئاگادارم کردنەوە. ئێوارەی رۆژی پێنجی مانگ هەندیک زووتر گەرامەوە مالەوە و هەموو ئەوشتانەی کە قاچاخ بوون لەمالەوە نەمهێشتن و بە درێژیش قسەم لەگەل دایکم کرد. پێم وت کە باشترە بەیانی کەس لە مالەوە نەبێت. نەوەک دەزگایەکانی ئەمن بینە مالەوەو ئیوە لە مالەوە بگرن. دایکم هەندیک ئاگاداری بەرنامەکە بوو و دەیزانی چیمان بەدەستەوەیە. لەسەرەتا هەندیک داماوانە پرسی: ئیوە بە نیازن بە سینگی رووتەوە خۆتان باوینە بەر دەستی جاشان! حەزناکەم پێت بلیم مەچوو، چونکە ئەوەی من بتناسم هەر دەچیت، بەلام حەزدەکەم هەرچی روودەدات، با رووبدات. بەس حەزناکەم بتگرن و لە دائیرەی ئەمن تەعزیبت بدەن. منیش وەلامم دایەوە و وتم: دایە بەیانی شار ئازاد دەبیت و بەعس هیچی نەماوە. ئەو وتی کورم چوار جەلاوخۆری هەرماوە ئیوە بدەنە بەر دەستریژی گولان.

هەر ئەو ئیوارەیە سەردانی کاک ئادهەمم کرد کە مالیان لەپشت مالی خومان بوو، ئەوەیش یاریدەدەری پزیشکی بوو  و لە نەخوشخانەی سەربازیش لە بەشی قەلەم کاری دەکرد. پاش چاکی و چونی راستەوخۆ پێم وت من بەیانی نایەمە نەخوشخانە و وابریارە خوپێشاندان ئەنجامدەین. ئەگەر پێت کرا ئەوە غائیبیم مەنووسە ئەگەر پێشت نەکرا ئەوە لە دەسەلاتی تۆ دانیە و بەس ئاگادارم کەوە. چونکە من وا بریارم دابوو ئەگەر غائیب بدریم چیتر نەچمەوە سەربازی. ئەویش وتی من هەموو هەولێک دەدەم کە بەغائیبت نەنووسم. سوپاسم کردوو و گەرامەوە مالەوە. ئەو شەوە زۆر بیرم لە بەیانی دەکردەوە کە دەبێت چی رووبدات و رووداوەکە بەرەو کوێ بروات. نازانم کەی خەوم لێکەوت بەس دەزانم شەو درەنگ بوو.

بەیانی زوو لە خەو هەستام، دیتم دایکم هەستاوە و نانی بەیانی حازرکردبوو. پیکەوە نانمان خوارد، ئەو روژە هیچ قسەی نەکرد هەر سەیری دەکردم. پاش نان خواردن خوم گۆری و جلە سەربازیەکانم لەبەر کردوو و دانیشتم و چاوەروانی کاک فوئاد سدیقم دەکرد کە بریار بوو بەیانی بێتە مالی ئێمەو هەردووکمان پێکەوە بروین بۆ شوێنی خوپێشاندانەکە. بەیانی زوو کاک فوئاد هات و لە دەرگای دا و منیش یەکسەر چووم دەرگام لێ کردەوە، کە چومە دەرێ و گەیشتینە سەر سوچەکە، ئاورم دایەوە دایکم لە بەردەرگا سەیرمان دەکات، بە چاویک سەیری دەکرین، وەک بلێیت ئەوە داواجارە دەمانبینیت و دەیەویت هەر چەند دەکریت سەیرمان کات!

لەگەل کاک فواد پێکەوە بە پێیان بە نیو گەرەکی سەیداوە بەرەوە بازار بەرێکەوتین. لەسەرەتا سەردانی کازینو مەچکومان کردوو هەر لەبەر دەرگا چاومان بە کاک گوشاد کەوت. وادیار بوو ئەویش بۆ هەمان مەبەست هاتبووە بازاڕ. پاشان لەو ناوەیەدا دەسوراینەوە بۆ ئەوەی بزانین چی دەگوزەرێ. هیچ شتێکی نامۆمان بەرچاو نەکەوت، بەلام بە بەردەوامی هاورێیان دەبینران، کە لە دەوروو بەری شوێنی دەستنیشانکراو بۆ خۆپێشاندانەکە دەسورانەوە.

 

پێویستە ئەو راستیەش بگوترێت، کە راستە ئێمە لە لێژنەکەی خۆمان بریاری ئەو خوپێشاندانەمان وەرگرت. بەلام زۆرینەی هێڵە حزبیەکانی تریش لەلایەن حزبەوە ئاگادارکرابوونەوە و بێجگە لە هێلە حزبیەکانی هەولێر، هاورێیانی عەنکاوە و شەقلاوەش ئاگادارکرابوونەوە و ئەوانیش ئامادەبوونیکی باشیان هەبوو. کات بە هێواشی دەرویشت و ئێمەش چاودیری شوێنەکەمان دەکرد. پێش کاتژمیر ١٠ی بەیانی هەندیک لە چەکدارەکانی مەفرەزەخاسەی عومەر سوفی رێک لە بەردەم چایخانەی کریکاران وەستابوون و پاشان ئەو ناوچەیان جێهێشت.

لەگەل تێپەربوونی کات هاورێیان زیاتر دەبینران، کاک سلاح کە ئەو رۆژە چاویلکەیەکی تووببی لە چاوکردبوو و کاک بەکریش چاویلکەیەکی رەشی لە چاودابوو، لەگەڵ هاورێ سرود بەدیار کەوتن و هاورێیان ماموستا هوگر و شەهید سەعدونیش لەو لاوە وەستابوون و رێنماییان دەدایە هاورێیان.

لەسەرەتادا هاورێ سرود هاتە لام و پرسیاری کردو وتی ئەوانەی تۆ ئاگادارت کردونەتەوە، هاتوون؟ منیش وتم ژماریەکی زۆریان ئامادەن و دەست پێبکەین باشترە نەوەک بۆ دەزگا ئەمنیەکان ئاشکرابین و پێش دەست پێکردنمان دەستمان لێوەشێنن. هەر ئەو کاتی کاک سلاح هاتە لام و لەتەکم راوەستا، منیش روومتیکرد و پێم وت ئەگەر دەزگا ئەمنیەکانی بەعس زانیاریان پێگەیشتبێت، ئەوە ئەمرۆ دەتوانن زۆرینەی شیوعیەکانی ئەو شارە بکوژن. هاوری سلاح وتی باوەرناکەم هیچ زانیاریەکیان پێگەیشتبیت، چونکە هیچ دیارنین. هەر واش بوو، هیچ زانیاریان لەسەر ئەو خوپێشاندانە پێنەگەیشتبوو.

بەراستی ئەوە نیشانەی پاکی ریکخراوەکانی حزب و ئەو کەسانەی ئیمە ئاگادارمان کردبووونە، بوو. ئاخر هەولیر پراو پر کرابوو لە دەزگای ئەمنی. دیسان بەو هەموو دەزگایانە نەیان توانیبوو هیچ زانیاریەک لەسەر ئەو خۆپیشاندانەی ئیمە بریارماندابوو ئەنجامی دەین، بەدەست بینین. ئەو رۆژی دەزگا ئەمنیەکان هیچ بوونێکیان لە شوینەکە نەبوو.

کاتژمیر دە و نیو تێپەری هێشتا دەست پێنەکرابوو و زۆرینەی هاورێیان دەهاتن و دەچوون و پرسیاریان دەکرد ئایا دەکرێت یان نا؟ ئەوە بوو کە زانرا ژمارەی ئامادەبوان زۆرە یەکسەر بریاری دەست پێکردنی خوپێشاندانەکە درا. لەسەرەتا هەموومان چوینە لای توتن فورشەکانی بن دیواری باغی شار. باغی شار وا هەلکەوتووە کە لایەکی کەوتوتە بەرامبەر مەخفەری خانەقا، لایەکەی تری ریک بەرامبەر گازینووی کریکاران بوو. زۆریک لەو توتن فرۆشانەی کە دوکانیان نەبوو لەبن ئەو دیوارە دادەنیشتن و توتنەکانی خۆیان دەفرۆشت. هەر لەگەل کوتایی ئەو دیوارە دا پیکابیک وەستابوو، هاورێی ئومیدی مەلا حەسەنی (هاوری ئومید هاورییەکی چالاکی ریکخستنەکانی ناوەوەی حزب بوو و کچی سەرکردە، مەلا حەسەن بوو)، لەگەل هاورێ دیداری شەقلاوە بەسەر پپکابێکە کەوتن و دەستیان بە هوتاف کێشان کرد.

لەگەل بیستنی هوتافەکان ئەوانەی ئاگادار بووین لە دەوری یەک کۆبووینەوە، ئەوانە ئاگادار نەبوون و بە رێکەوت لە شوێنەکە بوون بە راکردن شوێنەکەیان چول کرد. دیمەنەکە زۆر سەیر بوو، ئێمە کۆمەلیک گەنج لە دەوەری یەک کوبوینەتەوە و خەلکیش هەم ئەوانەی لە پێشەوەمان هەم ئەوانەی لە پشتەومان بە پێچەوانەی ئێمە ڕایان دەکرد. هەرچەند ئیمە هوتافەکانمان دەگوتەوە خەلکەکە زیاتر پێچەوانەی ئیمە رایدەکرد. لەگەل هوتاف کێشانەکانیش هەندیک لە هاورێیان حەماسەت گرتنی و بە دەمانچەکانیان تەقەیان بۆ ئاسمان کرد. ئەو تەقانەش زیاتر خەلکەکەی ترساندو خەلکی وایاندەزانی ئەو تەقانە لە ئیمە دەکریت. پاش ماوەیەکی کورت خوپێشاندانەکە بەرەو مەخفەری خانەقا بەرێ کەوت و شێوازی هەروەلەی وەرگرت.

هەرچەند ئیمە بەرنامەمان بوو لەوی دەست پێبکەین و بە شەقامەکەی پێش مەچکۆ بەرەو ساختومانی پاریزگای هەولیر بچین. بەلام خۆرسکانە هاورییان بەرەو مەخفەری خانەقا کەوتنە رێ. ئەوکاتی کومەلیک سەیارەی عەسکەری لەبەردەم مەخفەرەکە بوون، بۆ کرینی پێداویستیەکانی خۆیان لەوێ وەستابوون. بەلام بە دیتنی ئیمە بەپەلە ئەوێیان جێهێشت، هاورێی ئەبو کازم (هاوری ئەبو کازم کادیریکی پێشکەوتووی حزب بوو و لە نەتەوەی عەرەب بوو و بە نهینی لە هەولیر دەژیا)، جەمەدانییەکی سوری لە دەموچاوی خوی پێچابوو و هەولیدەدا بە عەرەبی قسەیان لەگەل بکات و بیانهێنێتە نیو خۆپێشاندانەکە؛ بەلام هەولەکانی بێ سوود بوون، هەموویان بەپەلە ناوچەکەیان جێهێشت و خوپێشاندانەکە بەرەو شەقامی شیخەڵا رۆیشت.

هەرچەند ئێمە هوتافەکانمان دەگوتەوە، خەلکێکی زۆریش بە پەلە دوکانەکانی خۆیان دادەخست و شوێنەکەیان جێدەهێشت. بەلام هاورێیان بە حەماسەتێکی زۆرەوە بە بەردەوامی هوتافی دژ بە دەسەلاتی بەعس و خودی سەدامیان دەگوتەوە.

 

ئێستاش وا لەبەر چاومە، هاورێ بروای شەقلاوە (بروای مام قادری)، بە خۆی و نارنجوکێک لەپێشەوەی هاورێیان دەرویشت و جار جا خۆی دەسوراند و رووی لە هاورییان دەکردو پشتاو پشت دەرویشت. هاورێ ئەبو کازم لە دەستە راستی خوپێشاندانەکە بە هەروەلە دەرویشت و بە زمانی عەرەبی داوای لە خەلکی دەکرد بۆ نایەنە نیو خوپێشاندانەکە. بە عەرەبی هاواری دەکرد، من عەرەبم و دژی سەدامم ئیوە بۆ ناینە نیومان! هاورێ شەهید سەعدون لە دەستە چەپی خوپێشاندەران بوو. هەر چەند من هەر خۆم سەرباز بووم و جلی سەربازیم لەبەردا بوو، هاورێ فاروقی عەنکاوەش جلی ئەفسەری عەسکەری لەبەر کردبوو بۆ ئەوەی وانیشاندەین کە ئێمە عەسکەریشمان لەگەل دایە.

ئەوەی نیگەرانی کردبووین خەلکی نەدەهاتە نیومان، بەلکو هەر ئەو ژمارە هاورییە ماینەوە کە لەسەرەتاوە لەگەلدا بووین. خەلکی زۆر دەترسان و لێمان دوور دەکەوتنەوە، هەرچەند ئێمەش کەم نەبووین، ژمارەی هاورێیان لە نیوان ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ بەشداربوو دەبوون. من هەموو بەشداربووەکانم نەدەناسی، بەلام ژمارەیەکی زۆر باشیانم دەناسی و ئەوەی من دیتم بێجگە لە هاورێیان و دوستەکانمان، کاک سلاح خوشناو کاک ئەحمەد حەیرانیش لە نیو خۆپێشاندەراندا بوون، کە هەردووکیان لایەنگری پارتی بوون و کاک فواد سدیق وەک دوو برادەری خۆی بانگهێشتی کردبوون بۆ بەشداری لە خوپێشاندانەکە.

لە شەقامی شێخەلا هەر لە سەرەتاکەیدا خەلکی پێش ئەوەی ئیمە بیگەینی رایاندەکرد. زۆرینەی دوکانەکان داخران بوون یان دادەخران. زۆری نەبرد گەیشتینە سەر جادەی سی مەتری نیوان جسرەکەی سەیداوە و مەخفەری سەیداوە. هەموومان بە پەلە بەرەو مەخفەرەکە رویشتین. لەگەل گەیشتنمان بۆ بەردەم مەخفەری سەیداوە، وادیار بوو پولیسەکان دەرگای مەخفەریان لەسەر خویان داخستبوو و دیتمان لە ترسی خۆپێشاندەران دەیانویست لەسەربانەکە بە دیووی پشتەوە رابکەن. هەر ئەو کات ماموستا هۆگر نارنجوکێکی فرێدایە نیو مەخفەرەکە و لەگەل تەقینەوەی نارنجوکەکە زۆریک لە بەشداربووان بە پێلاقە لە دەرگای مەخفەرەکەیان دەدا. ئێمە تێپەرین و گەیشتینە رێگای کۆنی کوێیە کە بەرەوە شەست مەتری دەروات. ئەو شەقامە کەمێک دوکانی تێدایە و زیاتر ماڵن. زۆریک لە دانیشتوانی ئەو گەرەکە چووبوونە سەربانەکان و بە چەپلەو هەلهەلە پشتگیری خویان بۆ ئێمە دەردەبری، خوپێشاندەران بەبێ کێشە گەیشتینە سەر شەقامی شەست مەتری، پێش مزگەوتی حاجی مورادی.

هەر لەوی لەسەر جادەی شەست مەتری بە دەستە راست چەکدارەکانی مامەند قەشقەی خائین (مامەند قەشقە ئامیر مەفرەزەخاسە بوو و کەسیکی تابلێیت تاوانبار بوو بەرامبەر تیکوشەرانی هەولیر. ئەو تاوانبارە هەر لە کۆتای حەفتاکانەوە لەگەل دەزگای ئەمنی بەعس کاری کردبوو. ئەو تاوانبارە ئیستا بەرپرسیارەتی هەیە لە نیو پارتیدا و لە شەری ناوەخوشدا دەوریکی یەکجار پیسی دیت بۆ گەرم کردنی شەرەکە)، دەسترێژیان لیکریدین. هەر چەند ئەوان نەدەوێران بێنە پێش، چونکە دەیانزانی ئێمەش چەکدارین؛ بەلام لە دورڕا دەست رێژیان بە بیکەی سی و کلاشینکۆف لێدەکرین و هەر لەوێیش خوپێشاندانەکە کوتایی هات و هاورێیان پەرتەیان لێکرد.

پاش تۆزیک بیرکردنەوە بە خیرایی لە شەقامی شەست مەتری پەریمەوە و بە نیو مالەکانی گەرەکی گلکەند تێپەریم و خۆم گەیاندە سەر کەندەکەی کە کەوتوتە نیوان گەرەکی گلکەند و خانوەکانی مودیرعامەکان. پاش پەرینەوەم لە کەندەکە چومە نیو خانوەکانی مودیر عامەکان. لە نیوان خانوەکانی مودیر عامەکان و کەندەکە، ریگایەک هەبوو بۆ گەرەکەکانی سەرەوە دەچوو. خەلکیکی زۆر بە خیرایی لە دیوی بازارەوە بەو ریگایە بۆ گەرەکەکانی سەرەوە دەرویشتن. منیش پرسیارم لە هەندیکیان کرد و وتم ئەوە چی بووە؟ دوو کەس پیکەوە بوون ئاورییان دەدایەوە و وتیان لە بازار موزاهەرە بووە و ئیستا حکومەت بە کیمیایی لە شاری دەدا! هەر ئەو کاتی فروکە بە ئاسمانی هەولیردا دەسورانەوە. بە نیو خانوەکانی ئەمین عامەکان بە هیمنی دەرویشتم و دیتم چەکدارەکانی ماموستا نایف (ماموستا نایفیش ئامیر مەفرەزەخاسە بوو لەگەل پیاوانی بەعس لە راپەرین بەرەو موسل هەلات و تا روخانی سەدام هەر لەگەل دەزگا ئەمنیەکانی بەعس کاری دەکرد و پاش روخانی بەعس هاتەوە هەولیر و لە نیو پارتی بەرپرسایەتی وەرگرت) لەو ناوە پەرتەیان کردبوو. پاشان خۆم گەیاندە گەرەکی بەلاشاوە و لەویش چومە مالی جوانی خوشکم کە مالیان لە کوتایی گەرەکی ئیسکان بوو، نیوەرویەکەی لەوێبووم و پاشان بەرەو مالەوە چومەوە

ئەو کاتەی گەیشتمە سوچی کۆرانەکەی خۆمان، دیتم دایکم لەبەر دەرگا دانیشتبوو. چومە ژوورەوەو زۆر نەمامەوە و خوم گوری و یەکسەر چومە دەرێ و بۆ ئەوەی بزانم هاورێیان هەموو سەلامەتن. هەر بە پێیان چوومە ساحەی ریمان و هەر بە ریم چومە گەرەکی شورش و هاورێ لاوەم دیت و وتی ئێمە هەموومان سەلامەتین و پاشانیش هەر بە ریم گەرامەوە ساحەی ریمان و هەر بە ریمیش چومە گەرەکی ٩٢ بۆ مالی هاوری شوان. ئەویش وتی ئێمەش کەسمان نەگیراوە، لە گەرەکی ٩٢وە بە پێیان بەرەو گەرەکی باداوەدا چووم و سەردانی مالی کاک فوئاد سەدیقم کرد. ئەویش سەلامەت بوو. پێش چونەوەم بۆ مالەوە سەردانی مالی کاک رەمەزانم کرد، ئەوان جیرانمان بوون. ئەوەیش بە هەمان شێوە خۆی و هەموو هاورێیان سەلامەت بوون. پێش نووستن چوومە مالی کاک ئەدهەم و بۆ ئەوەی بزانم ئەمرۆ من لە نەخوشخانەی سەربازی غائیب دراوم یان نا! پاش چاکی و چۆنی یەکسەر وتی توانیم ناوت لە لیستی غائیبان نەنووسم، بەو هەوالە هەندیک دلم ئارام بووە و زیاتر هەستم بە سەرکەوتنی کارەکەمان دەکرد! هەر بۆ زانین، ئیمە کە هەموو ژیانمان بۆ کاری حزبی تەرخان کردبوو و بۆ کارەکانیش هەر هەمووی لەسەر حسابی خۆمان بوو، بیجگە لەمە مانگانەش ئابوونەی حزبیمان دەدا.

زۆرینەی هاورێیانی بەشدار بوو پاش کوتایی راپەرینەکە توانیان خۆیان لەبەر چاوان بزرکەن. چونکە هیچ ئیلتیزامێکیان نەبوو، بەلام من بۆ بەیانییەکەی چوومە دەوام لە نەخوشخانەی سەربازی هەرچەند دەمزانی ئەگەر بگیرێم، سزاکەم لە سێدارەدان دەبێت. چونکە من سەربازبووم و لە حزبێکی ئوپوزیسیوندا کارم دەکرد کە ئامانجی رووخانی رژێم بوو. هەر گەیشتمە نەخۆشخانەی سەربازی یەکسەر زۆرینەی ئەوانەی ئاگادار بوون، هاتنە لام و پرسیاری خوپێشاندانەکەیان لێکردم و وتیان هەوالەکە زوو گەیشتە ئێرە و ئەو حزبیانەی ئێرە زۆر دەترسان.

ئەو روژی هەندیک بۆمن زەحمەت بوو تا دەوام کۆتایی هات. بەلام بەشیوەیەکی گشتی بە هێمنی رەت بوو. وا هەستم دەکرد هەمویان زیاتر لە جاران متمانەیان بە قسەکانم دەکرد و بە چاویکی ترەوە سەیریان دەکرم. چونکە لەو کاتەدا زۆرجاران کاتێک هەوالی ئەنجامدانی خۆپیشاندان بلاو دەبووە، یان بۆیان نەدەکرا یان ئەو ژمارە خەلکەیان بۆ کۆنەدەکرایەوە وا چاوەڕوانیان لێی هەبوو.

بەلام خۆپێشاندانەکەی ٦ی ئازار، شوینی حزبی شیوعی لە نیو جەماوەردا بردە ئاستیکی بەرزو خاوەن توانایەکی گەورە. پاش ٦ی ئازار زۆریک لە خەلکی نارەزایی پەیوەندیان پێوەدەکردین و دەیانووت ئەگەر ئەو جارە بەرنامەیەکی واتان هەبوو ئێمەش ئاگادارکەنەوە و لەگەلتان بەشدار دەبین. ئیوارەی ٧ی مانگ کە چوومەوە مالەوە، هاورێ رزگار ئاکرەیی (ئیستا سەرپەرشتی سایدی حیواری موتەمەدین دەکات- هاوری رزگار پێشتر ئەو کاتەی قوتابی بوو لە زانکۆ موسل لەگەل ئیمە لە ریکخستنەکانی حزبماندا کاری دەکرد، بەلام پاشان وازی لە حزب هیناو چووە نیو ریکخستنەکانی رەوتی کۆمۆنیست و لەسەرەتای سالی ١٩٩٠وە لە هەولیر دەژیاو هەر لەو شارەش کریکاری دەکرد)، لەگەل دایکم لە هۆلەکە دانیشتبوون و چاوەرێی هاتنەوەی منیان دەکرد. پاش چاکی و چونی یەکسەر پیروزبایی خوپێشاندانەکەی لێکردم و وتی هاورێیانی رەوت منیان رەوانەکردووە ئەگەر هەر بەرنامەیەکی ترتان هەیە ئێمەیش حەزدەکەین لەگەلتان بەشدار بین. منیش سوپاسم کردن و بەلێنم پێدان کە لە کارەکانی داهاتومان ئاگاداریان دەکەینەوە. بە هەمان شێوەش هاورێیانی زەحمەتکێشیش کاکە هەڤالیان بۆ هەمان مەبەست رەوانەی لای من کرد و بەلێنم بەویشدا لە بەرنامەی داهاتوومان ئاگاداریان بکەینەوە.

ئەوەی زیاتر ورەی خەلکی بەرز کردەوە گەیشتنی هەوالی رزگارکردنی شاری رانیە بوو کە زۆرینەی خەلکی ئەو راستیەی لا دروست بوو کە دەکرێت رژێم لەشارەکان وەدەرنرێت. پاش رزگارکردنی شاری سلیمانیش ئەوە کارەکانی ئێمەش زیاتر ئاشکرای بەخۆوە دەدیت و زیاتر و زیاتر خەلکمان لە دەوەری کۆدەبووەوە و خومان بو رزگارکردنی شاری هەولیر ئامادە دەکرد.

 

هەر لەو روژانەدا چەندین دەستەی چەکداریمان لەو شارە دروست کرد. کە زۆریک لەوانە ئەو پێشمەرگانەی حزب بوون کە لە دوای ئەنفالەکان بە ناچاری تەسلیم بە رژیم ببوونەوە. هەندیکیشیان لەو چەکدارانەی رژێم بوون کە دۆستی حزبمان بوون. ئەگەر چی رژیم روژی ١٠ی ئازاری کردە قەدەغەی هاتووچوو لە شاری هەولیردا، بەلام زۆریک لە خەلکی هەولیر بە تایبەتی لە گەرەکەکان بەگشتی و گەرەکە میلییەکان بە تایبەتی دەهاتنە دەرەوە و هەر بە نیمچە ئاشکرا گوییان لە رادیۆی شورش دەگرت کە ئەوکات سات بە سات هێرشەکانی جەماوەری بۆ سەر دامودەزگایەکانی رژیم لە شارەکان بلاو دەکردەوە. ئەو رۆژی هەر لە نەخۆشخانەی سەربازی لەگەل کاک فەرهاد حەسەن چووینە مالی ئەوان و، هەر لە مالی وان گویمان لە رادیووی شورش گرت و، هەوالی رزگارکردنی شاری شەقلاوەمان بیست.

پاش نیوەرویەکەی، زۆرینەی خەلکی هەولیر بریاری قەدەغەی هاتووچویان شکاند و لەمالەکانیانەوە دەهاتنە دەرەێ. هەر ئەو ئیوارەیە من و هاورێ سرود سەردانی هاورێیانی شورشمان کردو و، پێمان راگەیاندن کە بەیانی روژی رزگاری شاری هەولێرە. پێشتریش ئەو هەوالەمان دابووە زۆرینەی هاورێیانمان و، پێشیان راگەیاندرابوو کە لەگەل رزگار کردنی هەولیر ئێمە بارەگای نیقابەی کرێکاران دەکەینە بارەگای سەرەکی خومان.

راپەرینی شەشی ئازار، ئەگەر نەیتوانی شار ئازاد کات، بەلام ئەو ترسە گەورەیی لەسەر دلی دانیشتوانی هەولیر هەبوو، تێکیشکاند. لە هەمان کاتدا پەیامێکی ئاشکرای دایە خەلکی شار کە هێزیکی چەکداری رێکخراو لەو شارەدا هەیە و دەتوانی لە کاتی پێویستدا پێشرەویان بکات و بەرگرییان لیبکات. لە هەمان کاتدا پەیامێکی ئاشکرای گەیاندە دەسەلات و پیاوەکانی کە لەو شارەدا هێزێکی رێکخراوی چەکدار هەیە و ئامادەیە لەکاتی پێویستدا مولگە و بارەگایەکانیان بەسەردا بروخینی. هەر ئەو هۆکارەش بوو کە شاریکی وەک هەولیر، کە بیجگە لە فەیلەقی پێنج و مەنزومەی شیمالی و چەندین دەزگای ئەمنی و سەدان مەفرەزەخاسەی تیدابوو، بە چەند کاتژمیریک رزگار بکریت.

راپەرینی شەشی ئازار، بەشێکە لە دەورو کاریگەریی شیوعیەکان لە پێش راپەرین و رۆژانی راپەریندا لەو شارەدا. ئیستا دەبیت سەرانی حزبی شیوعی لە خۆیان بپرسن ئایا ئەوان ئیستا لە کۆیندەری هاوکێشەکانن لە رووداوەکانی کوردستاندا؟ کە ماوەیەکە لە پێناو بەرژەوەندی و ئیمتیازی خۆیاندا، حزبیان گەیاندە ئاستیک کە نەوەی نۆی گوێی لە داستانیکی وادەبیت، ناچیتەی ئەقلی کە ئەو حزبەی ئیستا بوو وا رۆژانیک ئەو کاریگەرییەی هەبووە! ئیستا زۆریک لە تیکوشەرانی دیرینی ئەو حزبە شەرم دەکەن باسی رابردووی تیکوشانی خۆیان لە نیو ئەو حزبدا بکەن.

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت