دڵشاد کاوانی

زمان دەوڵەمندترین بەشی ناو ڕۆمانەکەیە و زمانزانی و شارەزایی دکتۆر گۆران سەباح هەموو گیژاو و بیرە ئاڵۆز و بەشە وشک و سەختەکانی نێو ڕۆمانەکەی ڕازاندووەتەوە، چونکینێ ڕۆماننووس لێزانانە بن زمان و سەر زمانەکانی لە شوێنی خۆیدا بەکار بردووە.

 

مرۆڤی هەرزان و دەقی گران

دڵشاد کاوانی

 

مرۆڤی هەرزان لە نێوان ڕۆمانی زانستی و خەمی مرۆڤبووندا

 

ڕۆمانی زانستی یەکێکە لە ژانرە نوێ و تازەکانی نێو ئەدەبیاتی ڕۆماننووسی لە جیهاندا، کە خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆی لە شێوە و شیواز و تەکنیک و نووسیندا هەیە. جگە لەوەی کە لە چیرۆک و ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکاندا بەدەر لە مرۆڤ ئامێر و وزە و تەکنەلۆژیا و یاخود تەن و بارستایی و وزە دەبنە پاڵەوان و کارەکتەرانی نێو ڕۆمانە زانستییەکان.

 

شاراوە نییە کە ڕۆماننووسین لەنێو فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی لە گروگاڵدایە و هێشتاکینێ لە دەستپێکی سەرەتاکانی پڕۆژەی ئەدەبیاتی ڕۆمانداین، هەر بۆیە ڕۆمانی زانستی نەبووەتە ڕێچکە و ڕێبازێکی نووسین لەنێو ڕۆماننووسی کوردیدا. بە ڕوانینی من گۆران سەباح وەک یەکەم ڕۆماننووسی کورد دیاری دەکرێت کە ڕۆمانی زانستی نووسیوە و دەستی داوەتە ئەم شێوازە نووسینە، لێ لە پانێڵی ناساندنی مرۆڤی هەرزاندا لە هەولێر لە لایەن دەزگای نووسیارەوە، وەک چۆن مرۆڤی هەرزان بە زمانی ئەدەبیی ڕوانینی زانستی نووسراوەتەوە، شێرزاد حەسەن لە ڕێگەی گوێزەرەوەی دەنگ و ڕەنگی زانستییەوە (داتاشۆ) لەسەر هێڵ، قسە و باسی لە سەر ڕۆمانەکە کرد و ئاماژی بەوە کرد، کە بەر لە گۆران سەباح هەوڵی تر هەبووە و پێشتر ڕۆمانی زانستی نووسراوەتەوە، لێ بێ ئەوەی زانیاری لەسەر نووسەر و ناوی ڕۆمانە زانستییەکانی پێشووتر ئاشکرا بکات.

 

گەرەکمە ئەمە بۆ خوێنەرانی ڕۆمانی کوردی ڕوون بکەمەوە، کە نووسینی ڕۆمانێک بۆ هەر نووسەرێک قورسایی و مەشەقەتی بەقەد نووسینی دەیان کتێب و لێکۆڵینەوەی زانستی زێدەترە، چونکە لە نووسین و توێژینەوە زانستییەکاندا نووسەر پشت بە سەرچاوە دەبەستێت و دەستڕۆیی دەکرێت، لێ لە ڕۆماندا تاکە ژێدەر زهنی نووسەر خۆیەتی، چ جای ئەوەی ڕۆمانەکە ڕۆمانێکی زانستی بێت و حساب بۆ هاوکێشە زانستییەکان بکەیت ئەوە ئەرکی ڕۆماننووس هێندەی تر بارگرانترە.

 

بۆیە گۆران سەباح دەستی بۆ ژانرێک بردووە و بە ڕێچکەیەک بە ڕێگە سەختەکانی نووسین هەڵدەزەنێ کە کەوتن و ڕاقەنانی ئازاربەخشترە لێ سەرکەوتنی ئاسوودە و بەرزترە، هەرچەندە شیمانە زۆرێک بپرسن ئەرێ بۆچی ڕۆمانی زانستی؟ مەگەر ئەدەبیات و کاری ڕۆح و ئایدیالیستی فەنتازی نییە و زانستیش ماتریاڵ و پێوستیی مرۆیی نییە. بۆچی ئەم دوو شێوە تێکەڵ بە ئەک بکرێن؟ من وەڵامم هەیە. دەمەوێت بەر لەوەی وەڵامەکە دەست بخەین، شتێک لەو بارەیەوە بڵێم کە من خۆم نیو ساڵێک بەر لە مرۆڤی هەرزان، ڕۆمانی "بەڕێگاوە"م نووسی کە ڕۆمانێکی سادیستیی مازۆخیزمی بوو، کە بە یەکەم ڕۆمانی خوێنی سادیستیی کوردی دەناسرێت، تەنانەت هاوڕێیەکی ڕۆماننووسم هەزمی ئەم جۆرە نووسینەی نەدەکرد و دەیگوت: چۆن دەبێت ڕۆمانێک هەبێت بە ناوی سادیزم، دەشێت کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکەت سادیستی بن لێ نابێت ڕۆمانێک بەو ناوە هەبێت. گەلێ جار دکتۆر گۆران سەباح ئەمەی پێ گوتووم کە من بەردەوام بم لەسەر ڕێبازی خوێنی و ئەویش لەسەر ڕێبازی خەیاڵی زانستی بەردەام دەبێت.

 

لە پانێڵی ناساندنەکەشدا. گۆران سەباح چەند سەرەداوێکی خستە ڕوو کە لە جیهاندا چەندین ڕێباز و جۆری نووسینی ڕۆمان هەن، لێ ئێمەی کورد تەنیا فێری نووسین و یەک جۆر و یەک شێوەی ڕۆماننووسین بووین، پێی ئاشنا نین. بۆیە شکاندی ئەم ڕێچکە و تۆق و بەندە کاری ئێمەی ڕۆماننووسانی گەنجە، گەر لە ئێستاکانێ خوێنەری ڕۆمانی کوردی پێی ئاشنا نین، دڵنیام وەک چۆن شیعری بێوەزن و پەروا و شیعری ئازاد ڕۆژانێک مایەی مشتومڕی سەردەمی خۆی بوو، کەچی نووکە شیعری ئازاد جێگەی کلاسیکی گرتووەتەوە، بە هەمان شێوە ئەم جۆرە ڕۆمانانە ڕۆژانێک دێن دەبنە پێوستیی نووسین.

 

هەرچەندە ئەرک و بەرپرسیاریەتی مرۆڤی هەرزان بەرامبەر ئەدەب و ڕۆماننووسین سەنگینترە، ئەوەی کە زۆر دڵخۆشی کردم جوانی زمان و گێڕانەوەی ڕووداوەکان و پاراویی زمانی گۆران بوو. کەچی سووڕانەوەی کۆی ڕووداوەکان بە دەوری ڕووداوێکی سەرەکی ئەوەیش کە خەمی مرۆڤبوونە زۆرتر گەشبینی کردم. بۆیە دەشێت بڵێن مرۆڤی هەرزان تەنیا نووسینەوەی ڕووداو و پێشهاتێکی زانستیی ڕووت نییە، بەڵکوو دەرخستەی کۆمەڵێک ڕووداوی گرنگی مرۆیین، کە زۆر لێزانانە لە مرۆڤی هەرزان فەلسەفە و ئایین و سیاسەت و کێشەی کۆمەڵاییەتی و دەروونییەکانی مرۆڤ لە پاڵ گێڕانەوە و باس و خوازە زانستییەکاندا بە تەکنیک و گێڕەوە و بۆ گێڕەوەی گشتی لەسەر زاری کارەکتەرە بێڕۆحەکان و ڕۆحلەبەرەکان خراوەتە ڕوو.

 

فکر لە مرۆڤی هەرزاندا

 

من نامەوێت هەمان قسەی شێرزاد حەسەن بکەم و بڵێم یەکەم وشەی دەستپێکی ڕۆمانەکە سەرنجی ڕاکێشام و پێم جوان بوو. وەلێ "مرۆڤ دەبارێت" کلیلی  گێڕانەوەی هەموو ڕووداوەکانە، گۆران سەباح وەستایانە یاریی بەم وشەیە کردووە لە دوو وشەدا بەیانی کردووە. لە بەشی یەکدا سامیسێل لە لاپەڕە پێنجدا دەنووسێت: هەر بیست خوولەک جارێک مرۆڤێک لە باڵەخانەیەکی هەوربڕ خۆی هەڵدەدات. ئەم خۆکوژییە دەبێتە دەستپێکی گێڕانەوەی ڕووداوێکی گەورە، کە دەبێتە پرسیارێکی گشتگیر لای خوێنەر کە بۆچی مرۆڤ خۆی دەکوژێی؟!

 

 گۆران سەباح لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا کە لە ناونیشانە سەرنجڕاکێشەکەشیدا هەست بەوە دەکرێت کە پێمان دەڵێت لە پاڵ بوونی هەموو پێویستییە ماددییەکان و گەشەسەندنی زانستی و دەسکەوتە مەزنەکان، لێ هێشتا ئەمە ساڕێژی خەمی مرۆڤی نەکردووە، مرۆڤ بە دوای خۆیدا دەسووڕیت کەچی بەختەوەریی خۆی ون کردووە و نایدۆزێتەوە، بۆیە دەستی داوەتە خۆکووشتن و لەناوبردنی ڕۆح و ئازادبوونی بەسەر زەوییەکی ناچاری، بەڵام لەگەڵ نیشاندانی دیمەنی تراژیدایایی لەناوچوون، ڕۆماننووس تۆوی بێئومێدی ناچێنێت و لە بەشی یەکەمدا بەندەری هەوایی باڵۆن، تۆپێکی ئامێری ڕۆبۆتی، بەسام کە بە مرۆڤ دەڵێت "ژیانت خۆش بوێت" ئەمەش هەڵگێڕانەوەی سروشتە لە هەستی بێگیانەوە بۆ گیانێکی بێهەست، کە خۆشەویستی دەکاتە پڕەنسیپ و هەوڵی ئۆشۆیانەیە بۆ مانەوە، وەک ئۆشۆ دەڵێت: گەر لێم بپرسن لە نیوان خودا و خۆشەویستی کامیان هەڵدەبژێریت، بێ دوودڵی خۆشەویستی هەڵدەبژێرم، چونکە خۆشەوستی دەمگەیەنێتە خودا، لێ لێکۆڵینەوە لە فەلسەفەی بوونی خودا، نامگەیەنێتە ئەنجام، بەڵکو لە خودا دوورم دەخاتەوە.

 

لە لاپەڕەی ١٢دا ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لە ڕووداوی زانستییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕۆمانێکی تەواو سیاسی، دەنووسێت: ڕاپەڕین دژی تیرۆرستان، پەستانیان خستە سەر حوکومەتانی دنیا واز لە یاریی بێنن و چیتر تیرۆرستان بۆ کاری سیاسیی خۆیان بەکار نەهێنن. خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن. یان لە بەشی دووی چارەسەر، لاپەڕە ٢٣ دەست دەکات بە گێڕانەوەی ڕووداوە سیاسییەکان و پێشبینیی ئایندەی سیاسیی وڵاتانی جیهان دەکات، بۆ نموونە دەڵێت: تاکجەمسەری نەما. لە ٢٠٤٦دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆریای باکوور جەنگان. ئەنجام: کۆریای باکوور نیوەی کۆریای باشووری کووشت. یان ئەمەریکا لە هەموو جیهاندا کشایەوە، ڕووسیا و ئۆکرانیا و جۆرجیا یەکتریان نەهێشت. هەروەها هیندستان و پاکستان یەکدییان بە چەکی ئەتۆمی خەنی کرد. ئەمانە هەموویان ڕوانینێکی ڕووتی سیاسین نەوەک زانستی، لێرەدا نووسەر دەبێت بە  گێڕەرەوەی گشتی و زاڵ دەبێت بەسەر دەقدا، من ئەمە بە باش نازانم چونکە ڕۆماننووس لێرە زۆر بە زەقی دەردەکەوێت لە چەقی بیرۆکەکەیدا و لە بازنەی زانستی دوور دەکەوێتەوە، هەرچەندە نووسەر نائاگایی دەرنەچووە لە دەقی بیرۆکە زانستییەکەی، بەڵکوو ئەم لادانەی بە گرنگ زانیوە کە پەیامێکی تایبەتی دەگەیەنێت، ئەویش مەبەستی نووسەر ئەمەیە کە تا زانست پیش بکەوێت لە پاڵ ژیان و خۆشەویستی و سوودبەخشی زانستدا دەبێتە ئامراز بۆ مەرگ و ڕق و کێنە و وێرانکاری. ئەمە ڕاستییەکی حەتمییە لێ نووسەر بەم جۆرە زهنی خوێنەر لە چەقی مەبەست دوور دەخاتەوە.

 

  فرەتەوەری ڕۆمانەکە زەبرێکی کووشندەی لە ڕۆمانەکە داوە، لێ وریایی ڕۆماننووس بۆ دەرنەچوون لە بابەت یان لەدەستنەدانی جڵەوی ڕۆمانەکە وای کردووە، کە نووسەر هەرچەند سەرەداو بکاتەوە بەڵام لەدەستان دەرناچێت و لە لێواری مەرگدا خوێنەر دەگەڕێنێتەوە نێو بازنەی مەبەست. لە بەشی دووی چارەسەردا، لاپەڕە ٢٧ی ڕۆمانەکە کە بۆ چارەسەری ئاریشەی خۆکوژیی مرۆڤ پەنا دەبات بۆ ئایین و ئایین و باوەڕ بە تاکە چارەسەر دەزانێت، ئێژێ: چارەسەری ئێمە ئەوەیە: مرۆڤ دەبێت نوێژ بکات و قسە لەگەڵ خاڵقدا بکات. بچۆ پەنایەک و نوێژ بکە. کەمێک لە تەکنەلۆژیا دوورکەوە. نوێژ تاکە چارەسەرە. یان لە لاپەڕە ٣٥دا دەڵێت: ئایین مرۆڤی هەرزان بەرهەم ناهێنێت. یاخود لە بەشی سێی بیرۆکەی شووشە لاپەڕە ٤٧ لەم دەقەدا بە تەواوی دەبێتە ڕۆمانێکی عیرفانی، دەنووسێت: "دەبێت یەکێک بنێرین بۆ جیهانی مردن و بیگەڕێنینەوە" یان لە لاپەڕە ٥١-٥٦ لەسەر زاری شووشە، بیرۆکەی زیندووبوونەوەی مرۆڤ دوای مەرگ لە ڕێگەی کێڵنجەی دواین بڕبڕەی پشتی مرۆڤەوە، کە بە ڕێگەیەکی زاستی دەخرێتە ڕوو، لەم چەند پەرەگرافە پێکدادانێکی توندی فکریی و ئایینی نێوان ئەوانەی کە ئایین ڕەت دەکەنەوە و لەگەڵ باوەڕدارانی نێو ڕۆمانەکە ڕوو دەدات، بۆ نموونە لە لاپەڕە ٥٥ دەنووسێت: باوکم دەیگوت خودا لە کلێنجەوە مرۆڤ زیندوو دەکاتەوە، لەناو گۆڕ هەموو ئێسکێک دەڕزێت، کلێنجە نەبێت. بە هەمان شێوە لە لایەن نەیارانی بیرۆکەی شووشەوە ڕەت دەکرێتەوە. تەنانەت تا ئاستی ڕەتکردنەوەی ئایین خۆیشی. لە لاپەڕە ٥٦دا زانایان دەڵێن: ئایین مردووە، بیرۆکەی ئایین بۆگەنە. یاخود کووشتن و زیندووکردنەوەی ئیمام بۆ چەندین جار. لە لاپەڕە ١٠٥دا بە تەواوەتی بیرۆکەکەی ئایینییە لە چیڕۆکی کووشتنی سەعیدی کوڕی جوبەیر لە لایەن حەجاجی کوڕی یوسف، کە حەجاج لە ڕۆژی دوایی تەنیا لە بری سەعید حەفتا جار دەکوژرێت و زیندوو دەکرێتەوە. لە بەشی ١١ی ڕۆحبەردا بەتەواوەتی بیری ئایینی خۆی بەسەر ڕۆمانەکەدا دەسەپێنێت، کاتێک شووشە دەنێرن بۆ جیهانی دوای مەرگ، لێرەدا نووسەر زۆر ئایینیانە خەیاڵەکانی دەخاتە ڕوو، واتە لەبری خەیاڵی زانستی، دەبێتە فکر و دیدگای ئایینی وەک لە لاپەڕە ١٧٨دا شووشە لە کاتی ڕۆحکێشاندا چاوی بە "ملک الموت" فریشتەی ڕۆحکێشان ئیزرائیل دەکەوێت. گۆران سەباح بە تەواوی وێنای فریشەکە، بە ناوی ڕۆحبەر وێنا دەکات و دەنووسێت: بوونەوەرێکی هەزار باڵی هەنکی مرۆڤێکی ئاسایی. ڕووی لێڵە، ڕوحەکە خێرا دەجوڵێت دەگاتە قورگ. لەم بەشە پڕۆسەی ڕۆحکێشانی شووشە دەخاتە ڕوو. لە لاپەڕە ١٨٠دا دەچێتە قۆناغی بەرزەخ و حەق و حیساب و وەک لێپرسینەوەی شووشە لەسەر تاوان و گوناح، بۆ نموونە ئێژێ: ٧٠٠ مێروو، ١٥ مارمێلک، ٢٠ قالۆنچە و ٣٨٧٦ مێشوولەت کووشتووە. لە بەشی گەردووندا لاپەڕە ١٨٥ بەدواوە، بە تەواوی ڕێژەی خۆکوژییەکان بە هۆی بینینی سکرینی ژیانی شووشەوە کەم دەکات. بەم جۆرە سێ بەشی کۆتایی "گەردوونی یەکەم" لێپرسینەوەی ڕۆژی دواییە، "گەردوونی دووەم" پاکبوونەوەیە، "گەردوونی سێیەم" چوون بۆ بەهەشتی هەمیشەییە.  

 

دواتر لە سێی بیرۆکەی شووشەدا، لاپەڕە ٤٣ دەمانخاتە بەردەم گێژاوی فەلسەفە و باسی کۆمەڵێک فەیلەسووفی وەک سوقرات، ئەفلاتوون، ئەرستۆ، کانت، نیچە، فۆکۆ و مارکس و بیرۆکەکانی فرانکلی و فرۆید دەخاتە ڕوو، دەڵێێت: ئەم خۆکوژییە بەری ئەو فەیلەسووفانەیە چەندان سەتەیە مرۆڤ داژۆن، کە لا ٤٣-٤٤ لەسەر زاری شووشەدا بیرۆکە فەلسەفییەکان دەخاتە ڕوو.

 

پاشان نووسەر هەر خۆیشی زانست وەک پێوستییەکی ژیان و بۆ ئاسوودەیی مرۆڤایەتی ڕەت دەکاتەوە لە بەشی دووی چارەسەردا، لاپەڕە ٢٥ دەڵێت: دەبێ مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ دایکە سروشت. بەمەش ڕۆماننووس لە بەهای زانست وەک بەهای ئەخڵاقی کەم دەکاتەوە.         

 

بیرۆکەی مرۆڤی هەرزان

 

بیرۆکەی مرۆڤی هەرزان لە جوغزی خەیاڵی زانستیدا دەسووڕێتەوە، باس لە ئاریشە و گرفتەکانی مرۆڤبوون لە ئاست گەشەسەندنی زانست و تەنکەلۆژیا و داڕمانی ڕۆح و نەستەکانی مرۆڤە لە بەردەم تێربوون و گەیشتن بە باڵابوونی ماتریاڵە بە سەر ئایدایاڵ و دەستەوەستانی سۆبژەیە بە دەست ئۆبژەدا. بە جۆرێک بەها و ئەخلاق کاڵ بووەتەوە و مرۆڤ جگە لە کاڵایەک هیچی تر نییە، هەرزانترین کاڵا لەو ڕۆمانەدا مرۆڤە، هەروەک ڕۆماننووس خۆیشی ناوی ڕۆمانەکەی ناوە "مرۆڤی هەرزان"

 

لێ فێکشن و سینەما زۆر بە ڕوونی کاریگەریی دیاریان لەسەر کەڵەکەبوونی بیرۆکەی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەدا هەیە، پێ دەچێت گۆران سەباح زۆرتر خەیاڵە زانستییەکانی خۆی لەسەر فیلمە خەیاڵییە زانستییەکانی ڕۆژئاوایی بونیاد نابێت، تەنانەت هەندێک جار مرۆڤ هەست دەکات ئەم مەشهەد و دیمەنانەی لە یەکێک لە فیلمەکاندا بینیوە. بۆ نموونە لە لاپەڕە ١٥دا ڕۆشتنی مرۆڤ بە ئاسماندا و بوونی ترافیک و ترام لە ئاسمانی شار و هاتوچۆی زەمینی و ئاسمانی بەیەکەوە، لە هەندێک فیلمی خەیاڵی زانستی و هەندێک جاریش لە فیلمی کارتۆنیشدا دەبینرێن. یان لە بەشی ٢ی چارەسەر و لاپەڕە ٢١ بە پانێڵێک دەست پێ دەکات، تا لە لاپەڕە ٤٧دا ڕۆماننووس کاریگەرییەکانی ناشارێتەوە و ڕاستەوخۆ باسی فیلمی خەیاڵی زانستی دەکات و ئێژێ: تەنیا ئەمە لە فیلمەکاندا ڕوو دەدات، یەکێک گەشت بەناو کاتدا دەکات، یان یەکێک ناسنامەی دەگۆڕێت، پاشان دەگەڕێتەوە و ژیانی خۆش دەوێت، یان وەک فیلمەکانی ئاڤاتار، کە هەر یەک لەو دیمەنانەی باسی دەکات هەریەکەیان مەشهەدی یەکێک لە فیلمەکانی خەیاڵی زانستین، یاخود بوونی مێشوولەیەک دەبێتە هۆی هەراسانکردنی مرۆڤایەتی کە لە لاپەڕە ٣٣دا باسی لێوە کراوە.

 

زمان لە مرۆڤی هەرزاندا

 

زمان دەوڵەمندترین بەشی ناو ڕۆمانەکەیە و زمانزانی و شارەزایی دکتۆر گۆران سەباح هەموو گیژاو و بیرە ئاڵۆز و بەشە وشک و سەختەکانی نێو ڕۆمانەکەی ڕازاندووەتەوە، چونکینێ ڕۆماننووس لێزانانە بن زمان و سەر زمانەکانی لە شوێنی خۆیدا بەکار بردووە. سەردەرییەکی بێوێنەی هەیە لەگەڵ زاراوەی سەر دەمان و لە پاڵ ڕێنووس و ڕێزمانییە چاکەکەی زۆرێک لە وشەی شیرینی وەک گەزۆ خزاندووەتە نێو دیواری ڕستەکانی و قەڵای ڕۆمانەکەی پێ هەڵچینیوە، هەروەک لە لاپەڕە ٧دا دەنووسێت: دەبخۆ دەی. لە لاپەڕە ٨دا دەڵێت: پێی لێ نێ. یان لە لاپەڕە ١٦دا لەبری هەردووکیان "هەرتک" بە شێوەزاری پشدەر بەکار دەهێنێت. چەندین وشە و ئیدیۆمی کوردیی شیرین لەناو ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا دەبینرێن. لێ لەگەڵ ئەوەشدا خاڵی نییە لە وشەی سواو و ناپێویست بۆ نموونە لە لاپەڕە ٢٦دا دەنووسێت: بە کاردانەوەتڕا دیارە منت پێ گێلە. لێرە بە کاردانەوەتڕا هەڵەیە هەرچەندە ئەمە زاراوەی خۆجێییە وەلێ ڕاستییەکەی ئەوەیە بنووسێت: بە کاردناوەکەت دیارە. یان لە جیاتی "بە" دەبوایە بنووسێت: لە کاردانەوەتڕا دیارە. ڕۆماننووس بۆ بەشێک لە وشەکان لە بەرامبەر کۆدا "کان- لی" بەکار بردووە. جا نازانم ئەو "لی"یەی لە کوێ هێناوە، بۆ نموونە لە لاپەڕە ١٠١دا خراپەکان دەکاتە "خراپەلی" یان لە لاپەڕە ١٣٦دا هەوەستلی، لە زۆر شوێنی تر وشەکانی وەک، تەرملی، چاوەیلی، گورزلی، سەرۆکلی و... تاد. لە پاڵ ئەوەشدا ڕۆمانەکە پڕە لە وشە و دەستەواژەی بیانی کە ڕەزای ڕۆمانەکەی لەسەر ملان قورس کردوە، هەرچی ئەمه تەنیا گرفتی گۆران سەباح نییە، لێ بە هۆی ئەوەی ڕۆمانەکەی زانستییە زۆرتر لە ڕۆمانی ئاسایی پێویستی بە خواستنی وشە و چەمکی وەرگیراو هەبووە، کە لانی کەم دەبوایە گۆران سەباح لە خەمی زمانی کوردی بوایە و هەندێک لە ئیدیۆمەکانی هاوتای کوردی کردبوایە. هەرچەندە لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا بەشێک لە دەستەواژەکانی شیکردووەتەوە، بەڵام تینوویەتی خوێنەری بۆ زانین نەشکاندووە. ئەوەی کە من هەمیشە لێی ڕقئەستوورم، کۆمەڵێک وشەی خزێندراوی عەرەبین بۆ ناو زمانی شیرینی کوردی لای زۆربەی نووسەران ئەمە خۆی دووبارە دەکاتەوە، مرۆڤی هەرزانیش بەدەر نەبووە لەمە، کە دەبوایە گۆران سەباح خەمی زێدەتری لێ بخواردایە، وەک لە لاپەڕە ١٢دا وشەکانی ئاخیر نەفەر، لێزەر، سەقف، زەخت، شۆڕت، تیشێرت، سترێژ. کە لە کوردیدا وشەی زۆر نایابی وەک دواین کەس، تیشک، ساپیتە، فشار، سوخمە و دەرپێ و دەرپێی کورتمان هەیە. یان لە لاپەڕە ١٦دا تەداخول کە زۆر عەرەبییە دەکرا بنووسێت: ئاخنییە، چوونە ناوی، بەکار هێنابوایە. لە لاپەڕە ٦٩دا وشەی زەواجی لە جیاتی هاوسەرگیری بەکار هێناوە، لە لاپەڕە ٧٢دا نامورتاحی لەبری نائاسوودەیی. لە لاپەڕە ٧٨دا لە جیاتی دیقەت دەنووسێت تەرکیز. لە لاپەڕە ٩٩دا حەشەڕە و لاپەڕە ١٠٠ عەزابی قەبر، بۆ ئازاری ناو گۆڕ. صالح بۆ پیاوچاک و ئیختیساس، لێزانی پسپۆر، مەساج و ساونا و شێلان گەرماو لە ١٢٨دا.

 

ژمارە و ئامار لە مرۆڤی هەرزان

 

ناخۆشترین لایەنی ڕۆمانەکە کە خوێنەر قەڵس دەکات و ئەم هەموو ژمارە و داتا و کۆدە زانستیانەیە کە بە دیدگای من بەشێکی زۆریان زیادن، چونکە ئەمە دەقی ئەدەبییە نەوەک توێژینەوەی زانستی. شیمانە زۆربەی ژمارە و داتاکان ڕاستەقینەش بن، لێ لە چێژ و تامی ڕۆمانەکە دەکوژێت و هەندێک جار خوێنەر دردۆنگ دەکات، وەک ئەوەی بە تەواوی لە بەردەم توێژینەوەیەکی زانستیدا بێت، تا ڕادەیەک داتاکان ئاسان دەبوو، بۆ تێگەیشتن لێی بۆ هەر کۆدێک پەڕاوێزێک هەبوایە، چێتر دەبوو بە نەزانداروی نەدەمایەوە. هەر وەک لە لاپەڕە ٢٢دا هاتووە، "د.پ.ن" و "گ.ل.ز" و "ف.و.ز" و "د.ک.ز" لە لاپەڕە ١١٥دا "ج.خ.چ" و لە لاپەڕە ١٤٢دا ئەی ئای. یان لە لاپەڕە ٣٦دا هەندێک ژمارەی لە سەدا هەیە، بۆ نموونە دەنووسێت: ٦٢ ٪ی ئافرەت و ٣٨٪ی پیاو. ٥٧٪ی تەمەنی نێوان ١٨-٢٥. ٢٠٪ی تەمەن ٢٦-٤٥؛ ٢٣٪ی لە سەرووی ٤٥ ساڵی. ئەمانە و چەند داتایەکی تر کە زۆرتر لە ماتماتیک دەچێت نەوەک ڕۆمان. بە هۆی زۆری ژمارەکان لە هەندێک شوێندا نووسەر بە تەڵەوە دەبێت، بۆ نموونە لە ژماری خۆکوژییەکاندا دەکەوێتە هەڵە سەرەتا ژمارەی مردوان لە لاپەڕە ٣٦دا لە ڕێژەی دانیشتوانی "٨-١٢" ملیۆن چوار ملیۆن دەمرن. لە لاپەڕە ٤٩دا دەڵێت: ئەم بەیانییە سەتان هەزار لە پردی ٨٧٠ مەتر بەرز و ١٤٠٠ پێ- درێژیی ژانگیاجی لە چین خۆیان هەڵدەدەن. ئەمە تەنیا لە یەک ڕۆژدا و لە یەک وڵات. لە کاتێکدا خۆکوژی هەموو ڕۆژ و تەواوی جیهانی گرتووەتەوە، کەچی لە لاپەڕە ١٣٣دا دەنووسێت: تا ئێستا دووسەت هەزار خۆکوژ کەمی کردووە. دیسان لە هەمان بەش و لە لاپەڕە ١٣٧دا ئەم جارە دەڵێت: ڕێژەی خۆکوژان بەرز بووەتەوە بۆ دە ملیۆن لە ڕۆژێکدا. ژمارە و داتاکانی خۆکووشتنەکان بە هیچ جۆرێک تێک ناکەنەوە. جگە لەوەی لە لاپەڕە ١٤٥دا ناوی بوونەوەران بە ژمارەیە، وەک (١٥٥٥ -٩٩٩١- ٤٤٤٤١...تاد) ئەمە ڕۆمانەکەی ناخۆش کردووە.

 

مرۆڤی هەرزان و چەند سەرنجێک   

 

  سەرەڕای وردبینی و بە دیقەتی د.گۆران سەباح لە نووسین و بەتایبەتی لە مرۆڤی هەرزاندا ماندبوون و مکوڕی لە جواننووسیدا بە کۆی ڕۆمانەکەوە دیارە، لێ لە هەندێک شوێن نەیتوانیوە ئامانجی خۆی بپێکی و هەندێک هەڵە سیسرکەئاسا سرکبوون و لەدەستان دەرچوون. لەوانە لە لاپەڕە ٢٥دا دەڵێت: "واتە ئاڵوودەی تریاک" نەیتوانیوە مرۆڤ لەناو ببات، ئەوەتا مرۆڤ بە دەستی خۆی، خۆی دەفەوتێنێت. لێرە نووسەر بەرپرسیارییەتی ئاڵوودەیی تریاکی لە ئەستۆی خودی مرۆڤ لابردووە و کەچی خۆکووشتن بە دەستی خۆی دەکاتە بەرپرسیاریەتی مرۆڤ خۆی. لەگەڵ ئەوەی ئاڵوودەبوون خۆی مرۆڤ نافەوتێنێت واتە هیچ مرۆڤێک گەر خۆی تریاک نەخوات ئەوە ئاڵوودە نابێت، هەر بۆیە ئاڵوودەبوون هەمان خۆکوژییە کە مرۆڤ لە ناچاریدا هەڵیدەبژێرێت، بۆیە دەبێ مرۆڤ هەر خۆیشی بەرپرسیارییەتی ئاڵوودەبوون هەڵگرێت، نەوەک خودی ماددەکە. یان لە لاپەڕە ٢٦دا هاتووە: دواین توێژینەوە دەڵێت سەتا دەی مرۆڤ سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا وەرزش دەکەن. تەمەنی سەت و دە ساڵە. لێرەدا ڕوون نییە ئەمە ڕێک توێژینەوەیەکی زانستییە یاخود خەیاڵی زانیستییە، گریمان خەیاڵیش بێت ئەمە ڕستەیەکی ڕێزمانی هەڵەیە، سەتا دەی مرۆڤ سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا وەرزش دەکەن. تا ئێرە ڕستەکە باسی کۆی مرۆڤە کەچی دواتر کاریگەریی وەرزشەکە بۆ ئەوانەی وەرزش دەکەن دەبێتە تاک کە دەڵێت: تەمەنی سەت و دە ساڵە. دەبوایە بنووسێت: تەمەنیان سەت و دە ساڵە چونکە لە مرۆڤێک زیاترن. لە ڕووی ناوەرۆکیش هەر هەڵەیە، چونکە تەمەنی دیاریکراو پەیوەندی بە وەرزشەوە نییە، ڕێک بە دیاریکراوی بنووسیت، سەت و دە ساڵی. هەر بۆیە دەبوایە وا بنووسرێ: سەتا دەی ئەو مرۆڤانەی سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا وەرزش دەکەن، تەمەنیان سەت و دە ساڵە. لە بەشی ٥ی دوورییەکی نەپێوراو، لاپەڕە ٧٩دا بە ڕستەیەک لەسەر زمانی دوو بوونەوەر دەنووسێت، دڵنیام جگە لە نووسەر خۆی کەسی تر لێی تێناگات، چونکە نە زمانی زانستییە و نە زمانی کوردی یان هەر زمانێکی تر دەبێژێت: "با میتاڵ بەشدرا با ئارینا با لاسیت" من نازانم پێویستی ئەم تێکستە چییە لەناو دەقەکەدا، لە لاپەڕە ١٠٣ و ١٣١ و ١٧٩ و ١٩٩دا هەمان ڕستەی هاوشێوە هەیە. هەروەها لە بەشی وردبوونەوە لاپەڕە ٩١دا کاتێک تەرمی میتاڵی کچی سامی هەڵدەگرن، سامی نایەوێت چاوی لێ بکات، بۆیە ڕوو وەردەگێڕێت. بۆ ئەمەش ڕۆماننووس دەنووسێت: بەرگە ناگرێت کچەکەی لە بەرچاویەوە ببەن. لە باتیان، چاوی دەبڕێتە دەرەوە. لێرەش لە باتیان کۆیە و سامی تاکە، بۆیە ئەمەش هەر هەڵەیە دەبێ بنووسرێت: لەباتی، چاوی دەبڕێتە دەرەوە، چونکە ئەم لەباتییە بۆ سامی دەگەڕێتەوە کە تاکە نەوەک بۆ تەرمەکە و ئەوانەی دەیبەن. هەم دیسان لە لاپەڕە ١٧٢دا ڕام دەیەوێت لە لای شووشە دابنیشێت، کەچی شەوشاد دەکات دەنووسێ: ڕام چاوەڕێ دەکات پێی بڵێت بێ دابنیشێ، لەباتیان، شەوشادی لێ دەکات. کەچی شووشە تاکە کەسێکە، نەوەک ژمارەیەک کەس. یان لە لاپەڕە ١٠٤دا سەبارەت بە دایکی سامی دەنووسێت: کووڕ بووەتەوە و لەسەر کورسییە، سامی دایژوا. دایکی وا دەزانێت پیاسەی پێ دەکات. ئەم ڕسەتەیە گشتی ڕابردووی بەردەوامە، دایژوا وشەیەکی ناتەواوە دەبێ بنووسڕێت دایدەژوا، چونکە سامی لێرە بکەری بەردەوامە لە هاژووژتنەکەدا.    

 

دەرەنجام

 

ڕاستە ئەم ڕۆمانە بە تەکنیک و شێواز و ناوەڕۆکی خەیاڵی زانستییەوە نووسراوە، لێ بیری ئایینی بە تەواوەتی زاڵە بەسەر ڕۆمانەکەدا و دەتوانین بڵێێن ئایین وەک دوا سەرچاوە و چارەسەر لە ڕۆمانی مرۆڤی هەزراندا لە بەرامبەر بێهیوابوون و بێئومێدبوونی مرۆڤ دیاری کراوە، هەر بۆیە بە باوەڕێکی ئایینی پتەوەوە مرۆڤی هەرزان نووسراوەتەوە.