لە سویدییەوە: رەحمان سۆفی
به‌یانیێکی خۆش و ڕۆژێکی شوومه. چونکه له‌م ڕۆژه‌دا له گوندی سه‌رێ منداڵێک بێ‌تاوان به ده‌ستی پیاوێکی سه‌ر و دڵ خۆش دەکوژرێ. کابرای سه‌ر و دڵخۆش خه‌ریکی ڕدێن تاشینه. خۆی سازده‌کا و ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ ده‌سگیرانه‌که‌ی بڕۆن بۆ ده‌ریا و له‌وێ پاپۆڕ سواری بکه‌ن.
کە منداڵێک بکوژرێ
نووسینی Stig Dagrman
وەرگێڕانی- ڕەحمان سۆفی
ڕۆژێکی خۆش، هه‌وایکی سووک، خۆره‌تاو لاره مل تیشکی به سه‌ر ده‌شتا په‌خشانه. چونکه ڕۆژی یه‌کشه‌مه‌یه، بەم زوانە ناقوسی کلیساکان زرینگه‌یان لێ هەڵدەستێ.
له نێوان سێ‌ڕێیانی سێ گوندان، په‌نجێره‌ی خانووی گوند له دووره‌وه بریقه ئه‌ده‌نه‌وه. خه‌ڵکی هه‌ر که‌س له ماڵی خۆی، پیاوان له روخ ئاوێنه ڕدێنیان ده‌تاشن. ژنان سه‌رقاڵی نان کردن و چێشت لێنانن. منداڵانیش له سه‌ر عه‌رزه‌که هاروهاجی ده‌که‌ن. دوو تازه‌لاو له نێوان دوو په‌ڵه جاڕه‌جۆدا، ڕێچکه‌ێکیان دۆزیوه‌ته‌وه بۆهاتوچۆی نێوان گوندەکان. دیاره له‌وه پێش هه‌رگیز له سێ‌ڕێیانی سێ گونده‌ی جیران ئەم ڕێچکەیە نەدیترا بووە.
به‌یانیێکی خۆش و ڕۆژێکی شوومه. چونکه له‌م ڕۆژه‌دا له گوندی سه‌رێ منداڵێک بێ‌تاوان به ده‌ستی پیاوێکی سه‌ر و دڵ خۆش دەکوژرێ. کابرای سه‌ر و دڵخۆش خه‌ریکی ڕدێن تاشینه. خۆی سازده‌کا و ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ ده‌سگیرانه‌که‌ی بڕۆن بۆ ده‌ریا و له‌وێ پاپۆڕ سواری بکه‌ن.
له‌گوندی خوارێش، دایکی منداڵه‌که، به ویره ویروه خه‌ریکی نان برین و دابه‌ش کردنی نان و قاوه‌ی به‌یانییه. نانه‌که‌ی به‌ش به‌ش ده‌کا و له سه‌ر ده‌وریکی لاژوه‌ردی، له سه‌ر مێزه‌که دایده‌نێ. هێشتا منداڵان له سه‌ر عه‌رزه‌که دانیشتون و دوگه‌مه‌ی کەواکانیان داده‌خه‌ن. سێبه‌ری خه‌ته‌رێک به سه‌ر ئاشپەزخانەکەوە نییە.
ئه‌و پیاوه که نه‌خواسته منداڵه‌که ده‌کوژێ، له پۆمپی بێنزینی، گوندی سه‌رێ خه‌ریکه بێنزین له باکی ماشێنه شینه چکۆله‌که‌ی ده‌کا. کابرا سه‌ر و دڵ خۆشه و له ئاوێنه‌ی ماشێنه‌کیدا ده‌ڕوانێته سەروچاوی خۆی. له په‌نایه‌وه کچۆڵه‌یکی نه‌وجەوان پێده‌که‌نێ و خۆی ده‌نوێنێ. له‌و دەمەدا که کچۆڵه‌که پێده‌که‌نێ، پیاوه‌که به ماشێنه جوانه‌که‌یه‌وه ده‌نازێ؛ کابرای بێنزین فرۆش سه‌رقاڵی سه‌رپێچ بادانی باکی ماشێنه‌که‌یه. پیاوه‌که ده‌ڵێ«ڕۆژێکی خۆشه، هیوادارم خۆشتان لێ بگوزه‌رێ » پیاوه‌که‌ش که نه‌خواسته منداڵه‌که دەکوژێ، کیفه‌که‌ی له گیرفانی ده‌ردێنێ و ده‌ڵێ«ده‌یانه‌وێ لێخوڕن به‌ره‌و ده‌ریا، و له که‌نارده‌ریا پاپۆڕێک قه‌رزکه‌ن و تا چاو هه‌ته‌ردەکا سه‌وڵ ڵێده‌ن و سەر ئاوکە بگه‌ڕێن».
له شوشه‌ی ماشێنه‌که‌وه کچه‌که چاوی لێیه، که پیاوه‌که چ ده‌کا. به‌ڵام چاوه‌کانی له سه‌ر یه‌ک داده‌نێ و له دنیای خولیای خۆیدا، له پاپۆڕێکدا له ته‌نیشت پیاوه‌که‌وه دانیشتوه، به جووته پاپۆڕ له سه‌ر ئاو سه‌وڵ ئه‌دن. له چاوی ئه‌ودا پیاوه‌که به‌دفه‌ڕ نییه. به‌ڵکو ڕووخۆش و له‌فزخۆشه. کابرا پێش ئه‌وه‌ی سواری ماشێنه‌که‌بن چاوتروکانێک له هه‌مبه‌ر کلیساکه ده‌وێستێ. ماشێنه‌که‌ی له ژێر خۆره‌که‌دا ئه‌دره‌وشێته‌وه، و بریقه ئه‌داته‌وه. به‌ڵام بۆنی بێنزین و بۆنه‌ی داری یاس ئه‌و مەڵبەندیان پڕبۆن کردوه. هیچ خه‌ته‌ریک به سه‌ر ماشێنه‌که‌وه نییه. سپه‌ر و چاڵوچۆڵیش له رێگادا نییه. هیچ شوێنیک سووری خوێن نییه.
له‌هه‌مان کاتدا که پیاوه‌که له گوندی سه‌رێ درگای ماشێنه‌که ده‌کاته‌وه و سوارده‌بێ، له گوندی خوارێ دایکی منداڵه‌که له ئاشپه‌زخانه بۆ قه‌ند ده‌گه‌ڕێ. به‌ڵام له بیری چووه که قندیان نه‌ماوه. منداڵه‌که‌ش خه‌ریکه دوگمه‌ی کراسه‌که‌ی داده‌خا، و قه‌یتانی پێڵاوه‌که‌نی ده‌به‌ستێ. له سه‌ر چۆک له سه‌رکاناپه‌که داهاتوه‌ته‌وه و له په‌نجێره‌که‌وه ده‌ڕوانێته ده‌ریای نزیک ماڵان. ده‌ریا له نێو په‌ڵکه‌داره‌کانه‌وه پێچا و پێچ به‌ره‌و خوار ده‌خوشێ. ئاوه‌که له ژێر ڕه‌شه داربه‌ڕوو‌دا کاناڵێکی دڕیوه و خۆی کێشاوه به سه‌ر چیمه‌ن و گژوگیادا. پیاوه‌که‌ش له ڕیش تاشین بوه‌ته‌وه و خه‌ریکه که‌ره‌سه‌ی ڕیش تاشینه‌که‌ی کۆده‌کاته‌وه. فینجانی قاوه و شیر له سه‌ر مێزه‌که دانراوه، به‌ڵام چاوه‌ڕێی قه‌ندن. مێش به ویزه ویز له ئاشپەزخانه‌کەدا ده‌سووڕینه‌وه. به‌ڵام قه‌ند نییه. دایکی منداڵه‌که به کوڕه‌که‌ی ده‌ڵێ«ئاده‌ی ڕۆڵه ڕاکه بۆ ماڵی لارسۆن مشتێک قه‌ند به قه‌رز وه‌رگره» له کاتێکدا که منداڵه‌که درگاکه ده‌کاته‌وه، پیاوه‌که بانگ ده‌کا «ڕاکه زوو پاپۆڕکه له لێواری دە‌ریاچه‌که وێستاوه، گه‌ره‌کمانه سه‌وڵ لێده‌ن به‌ره‌و دوورگه‌ێک که تا ئێستا نه‌مان دیوه.
منداڵه‌که به نێو باخچه‌که‌دا، به هه‌ڵه‌داوان ڕاده‌کا. له خولیای ده‌ریا و پاپۆڕ دایه، بیر له ماسیه‌کانی نێو ئاو ده‌کاته‌وه که چۆن دێن و ده‌چن. له‌وده‌مه‌دا هیچ که‌س سرته‌ی لێوه‌نایه. منداڵه‌که له‌و بیر و خه‌یاڵه دایه و بێخه‌به‌رە له‌وه‌ی که ته‌نیا چه‌ن چرکه‌ساتێک مه‌ودای بۆ ژیان ماوه. پاپۆڕه‌که له لێواری دەریا جوڵه ناکا. ئه‌و ڕۆژه و گه‌لێک ڕۆژانی دیکه‌ش له‌وێ ده‌بەسترێته‌وه.
ماڵی لارسۆن له‌و به‌ری جاده‌که‌یه. زۆر دوور نییه. منداڵه‌که له‌م به‌ر بۆ ئه‌و به‌ر ده‌په‌ڕێته‌وه. هه‌ر بۆێش بیری لێ ناکاته‌وه. به هه‌ڵه‌داوان قه‌ڵه‌مباز ئه‌دا و ده‌په‌ڕێته‌وه. هیچ هۆشی له‌وه نییه که ئه‌و ماشێنه چکۆله شینه له گوندی سه‌رێوه تیژ داژوێ
گوند پێکهاتووه له چه‌ن خانووی به کۆته‌داری سوور سازکراون. بەیانییە و خه‌ڵکی ئاوایی تازه له خه‌و هه‌ستاون. هه‌رکه‌س له ماڵ و ئاشپەزخانەی خۆیدا، خه‌ریکی نان خواردن و قاوه خواردنه‌وه‌ن. چه‌ن که‌س له په‌نجێره‌وه چاویان لێیه که چۆن ماشێنه‌که ده‌سووڕێ بۆ ئه‌وبه‌ری حه‌ساری به پرژین گیراو، که هه‌وری ڕه‌ش کپی کردووه، له به‌ر گه‌رده لوولی پشته‌وه‌ی ماشێنه‌که چاو چاو نابینێ. کابرا باوه‌کوو زۆر به په‌له داژوێ، به‌ڵام سه‌رنجی ده‌ڕوا بۆ دارسێوه‌کانی ئه‌و به‌روبه‌ری جاده‌که. دارتێلی تازه قیربۆیاخ کراو فڕکه‌فڕک له به‌ر چاوی تێده‌په‌ڕن. وه‌کوو بۆره‌سێبه‌ر له به‌ر چاوی ده‌گوزه‌رێن.
باێکی هاوینی له شوشه‌ی هه‌ڵدراوه‌وه سه‌ر و چاو باوه‌شێن ده‌کا. کابرا له دۆخێکی باش‌دا، دڵنیا له جاده‌یکی نه‌ر و به‌ریندا به مه‌یلی خۆی داژوێ. که‌یف خۆش و به هێز، به ئانیشکی ڕاستی له قه‌برغه‌ی ده‌سگیرانه‌که‌ی ده‌کوتێ، بزه‌ی دێتێ. له ڕوانگەی ژنه‌که‌دا پیاوێکی به‌دفه‌ڕ نییه. به‌ڵام زۆر به په‌له‌یه که زووتر بگه‌نه ده‌ریا. کابرا نه‌یگه‌ره‌که که زه‌رده‌واڵه‌یەکیش بکوژێ. به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش به‌و زوانه منداڵه‌که ده‌کوژێ. له‌و ده‌مه‌دا که به تاڵۆکه داژوێ به‌ره‌و گوندی سێهه‌م، کچه‌که چاوه‌کانی وێک ده‌نێ. بڕیاری وایه که تا نه‌گه‌نه ده‌ریا هه‌ڵیان نه‌هێنێ. له خولیای خۆی دایه و هاوتای جولانه‌ی نه‌رمی ماشێنه‌که له‌شی ده‌بزوێنێ
پێکهاته‌ی ژیان زۆر بێ به‌زه‌ییه. ئەو کابرایە تا چرکه‌ساتێک له‌وپێش، سه‌رخۆش و به‌که‌یف بوو. که‌چی ئێستا منداڵێک ده‌کوژێ! به‌ڵام دوای ئه‌م کاره‌ساته چۆن ده‌توانێ هه‌ست به خۆشبه‌ختی بکا. یان ده‌سگیرانه‌که‌ی که له ترسان هاوار ده‌کا و ده‌قیژێنێ. چاوه‌کانی له سه‌ر یه‌ک داده‌نێ و له خولیای گه‌یشتن به ده‌ریادا دەحەپەسێ. له‌و لاشه‌وه دوا چرکه هه‌ناسه‌ی منداڵه‌که بێ. یان ئه‌ی دایک و بابی منداڵه‌که، له ماڵی خۆیان دانیشتون و چاوه‌ڕوانن که منداڵه‌کەیان بگه‌ڕێته‌وه و قه‌ندیان بۆ بێنێ. دانیشتون باسی ددانه سپییه‌کانی منداڵه‌که‌یان ده‌که‌ن. باسی ئه‌وه ده‌که‌ن که یه‌ک گه‌شت پاپۆڕ سه‌وڵدان زۆر خۆشه. یان چۆن منداڵه‌که ده‌توانێ چه‌په‌ری حه‌وشه‌که بکاته‌وه و دایخاته‌وه. تۆ بڵێی بتوانێ به ڕاکردن له جاده‌که بپه‌ڕێته‌وه و بچێ بۆ ماڵێ لارسۆن تا چه‌ن کوڵۆ قه‌ندی بۆ له کاغه‌زێکەوە پێچن و بیده‌نه ده‌ستی و بڕێیکه‌نه‌وه.
له‌و چه‌ن چرکه هه‌ناسه‌یه‌دا به هیچ و خۆرای ژیانی منداڵه‌که کۆتای پێدێ. ئه‌وان له خولیای ئه‌وه‌دا بوون که بچن له ده‌ریاچه ماسی بگرن. به‌ڵام ئێستا دارپه‌ڵکی ڕه‌شداهاتو و ده‌ریاچه‌ی مات و بێده‌نگ. تازه چ ده‌کرێ.
دوای ئه‌و ڕووداوه دڵته‌زێنه، ماشێنه شین لابه‌لا له‌و به‌ری جاده‌که که‌وتووه. ژنێک هاوار ده‌کا و ده‌قیژێنی. ده‌ست به‌ده‌میه‌وه ده‌گرێ و له نێو دەروونی خۆیدا ده‌کوڵێ. خوێن له ده‌سته‌کانی ده‌چۆڕێ. کابرا درگای ماشێنه‌که ده‌کاته‌وه. هه‌وڵی ته‌نیا ئه‌وه‌یه که خۆی به سه‌ر پێوه ڕاگرێ. له کاتێکدا که درزێکی قوڵ که‌وتوه‌ته ڕۆحی، و ده‌روونی ده‌خواته‌وه. لەو لاشه‌وه ته‌رمی بێ‌گیانی منداڵه‌که به‌بێ بزوه له عه‌رز دراوه و ده‌م و چاوی له سه‌ر خیزه‌ڵانی جاده‌که خوێنی لێ ده‌چوڕێ. له ته‌نیش ته‌رمی منداڵه‌که‌وه چه‌ن کڵۆ قه‌ندی بێ بایه‌خ له خوێندا نووقم بوون.
زۆری پێناچی دوو مرۆڤی ڕه‌نگ هه‌ڵبزرکاو ده‌گه‌نێ. له به‌ر ئه‌و ڕووداوه دڵته‌زێنه فریا نه‌که‌وتون نان و قاوه‌ی به‌یانی بخۆن. هه‌ر ئه‌وه‌یان له ده‌ست هاتووه که به تاڵۆکه ڕاکه‌ن و خۆ بگه‌یننه ئه‌و به‌ری جاده‌که و کاره‌ساتێک به چاوی خۆیان ببینن، که هه‌رگیز له بیریان نه‌چێتەوه. چونکه ئه‌و وته‌ی پێشینیانه ڕاست نییه که ده‌ڵێن «زه‌مان هه‌موو برینێک ساڕژ ده‌کا». زه‌مان برینی منداڵێکی کوژراو ده‌رمان ناکا. دڵی زامداری دیک و بابیشی زۆر خراپ به ناسۆر ده‌خا. ده‌ردی دایکی ڕۆڵه کوژراو له‌وه گرانتره، که مه‌رگی جگه‌رگوشه‌که‌ی له بیر بچێته‌وه. دایک ویژدانی ئازاری ده‌دا. ئه‌ویش دایکێک که له بیری چوبێ قه‌ند بکڕێ. بۆ چه‌ن کڵۆ قه‌ند منداڵه‌که‌ی ناردوه بۆ ئه‌و به‌ری جاده‌که، که له دێی خوارو قه‌ند قه‌رز بکا. کابراش هه‌رگیز له ژیانیدا ناحه‌سێته‌وه. له به‌ر ناره‌حه‌تی ویژدان ئیدی ئه‌و که‌یف و ده‌ماخه‌ی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه. چونکه که‌سێک کە منداڵێک به بێ تاوان بکوژێ ئیدی ناتوانێ بچێت بۆ لێواری ده‌ریا و پاپۆڕسواری بکا و سه‌رخۆش و دڵخۆش ڕابوێرێ. به‌ڵکو ناچار ده‌بێ ده‌ست له پێ درێژتر بگه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵ و له گۆشه‌یکه‌وه کز کز دانیشێ و سه‌ر به‌رداته‌وه. بڕوانێته ده‌سگیرانه‌که‌ی که له زمان که‌وتوه و فرمێسک ده‌ڕێژێ.
به‌یانیه‌کی خۆش و ڕۆژێکی شوومه. خه‌به‌ر به هه‌موو گونده‌کاندا به‌ڵاو دەبێتەوە. خه‌ڵکی مات و خه‌فه‌تبار دێن بۆ پرسه و سه‌رخۆشی. چاوت به مرۆڤی سه‌ر و دڵخۆش ناکه‌وێ. به‌بێ ده‌نگی دێن و پرسه دەکه‌ن و بێدنگ ده‌گه‌ڕێنه‌وه. هه‌موو سێبه‌رێک تاریکه. کابرا، چونکه منداڵه‌که‌ی کوشتوه، هه‌ست ده‌کا که ئه‌و بێدنگی و ماته‌مینه دوژمنی سه‌ره‌کی ئه‌وه و تا ساڵیانی ساڵ ناتوانێ به سه‌ر ناره‌حه‌تی ویژدانی و ده‌ردی خۆیدا زاڵبێ. هێزی ئه‌وه‌شی لێبڕاوه که هاوار بکا و پاکانه بۆ خۆی بکا، که خه‌تای ئه‌و نه‌بووه. ته‌نیا ڕووداوه‌یکی نه‌هاتی بووه و به‌س. ڕه‌نگه ته‌نیا له خه‌وی ئاڵۆزی شه‌وانه‌دا، خه‌ون به‌وه‌وه ببینێ که خۆزیا و بریا بیتوانیایه بگه‌ڕێته‌وه ئه‌وکاته‌ی پێش ڕووداوە دڵته‌زێنه‌که. به ڕوتی ژیان زۆر بێ به‌زه‌ییه. به‌تایبه‌ت بۆ که‌سێک که مندالێک بکوژێ زیاتر بێ به‌زه‌ییه. تازه‌ش هیچ ناکرێ. زۆر دره‌نگه که بتوانێ بە لەونێک تێ هه‌ڵێنێته‌وه.