چیرۆک، دەروازەی مەعریفە

دەگوترێ چیرۆک یەکەمین فۆڕمی تەعبیری مرۆڤە لە بوون. مرۆڤ سەرەتا بۆ ئەوەی بزانێ چی لە دەورووبەری دەگوزەرێ وەک چیرۆک دەیگێڕایەوە. تەنانەت کاتێک کەسەکانی دەمردن و لە ژیان ماڵئاواییان دەکرد، ئەوە تەنیا لە قەوارەی چیرۆکدا بوو هەوڵیدەدا لە مردنەکەیان بگا و پاشان هەر لە چیرۆکدا بوو سەر لە نوێ دەیهێنانەوە ناو ژیانی راستەقینە.

بەم شێوەیە چیرۆک بنەمای هەموو شیوازەکانی تری تەعبیری مرۆڤە لە بوون و لە جیهان. بۆ وێنە فەلسەفە و کۆمەڵناسی و دەروونناسی و هتد، هەر هەموویان دەکرێ رەگیان لە چیرۆکدا بێت، هەرچەند دوواتر بوونێکی سەربەخۆ پەیدادەکەن و دەتوانن بە گوێرەی یاسا و رێساکانی خۆیان بڕواننە دەورووبەر.

کەواتە هەموو چیرۆکێک رەگێکی مەعریفیی قووڵی تیایە. تەنیا ئەوەندەی دەبێ کاتی بۆ تەرخان بکەین و بە وردی بیخوێنینەوە تا بیگەینێ.

چیرۆک دەتوانێ توانای لێکدانەوە و هێزی فەنتازیا لە ئێمەدا بجووڵێنێ و بەم شێوەیە لەگەڵ خۆی بمانباتە دونیای شرۆڤەی ئەبستراکتی.

چیرۆک دەروازەی مەعریفەیە.

سایتی قەڵەم

٨مانگی چواری ٢٠٢١

بازدید: 1581