و: نه‌ژاد عزیز سورمێ
لوبنانی ئێوه تایه‌فه و حزبه
لوبنانی من ئه‌و كچه جحێڵانه‌ن به گابه‌ردان هه‌ڵده‌گه‌ڕێن و
له‌گه‌ڵ جوێباران ڕا ده‌كه‌ن و
تۆپ له گۆڕهپانان هه‌ڵداوێن
ئێوه (لوبنان)ی خۆتان هه‌یه، منیش (لوبنان)ی خۆم
جوبڕان خه‌لیل جوبڕان
و: نه‌ژاد عزیز سورمێ
ئێوه لوبنانی خۆتان هه‌یه به هه‌رچی به‌رژه‌وه‌ندی و
ناكۆكییه‌كانی تێیدایه
منیش لوبنانی خۆم به هیوا و خه‌ونه‌كانییه‌وه
لوبنانی ئێوه گرێیه‌كی سیاسییه ڕۆژگار ده‌كۆشێ بیكاته‌وه
لێ لوبنانی من
چه‌ند گردۆڵكه‌یه‌كن به شكۆ و مه‌زنییه‌وه ڕووه‌و شینایی ئاسمان
به‌رز ده‌بنه‌وه
لوبنانی ئێوه كێشه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه شه‌و هه‌ڵیان ده‌دا
به‌ڵام لوبنانی من دۆڵی هێمن و ئه‌فسوناوین
زایه‌ڵه‌ی ستران و زه‌نگی له كه‌ناره‌كاندا شه‌پۆل ده‌ده‌ن
لوبنانی ئێوه ململانێی پیاوێكه له ڕۆژئاواوه هاتووه
له‌گه‌ڵ یه‌كێكی دی له باشوور
به‌ڵام لوبنانی من نوێژێكی باڵداره
به‌یانییان كه شوان مێگه‌ل به‌ره‌و مێرگان ده‌به‌ن له شه‌ققه‌ی باڵ ده‌ده‌ن، ئێوارانیش كه جووتیار له كێڵگه و ڕه‌زان دێنه‌وه هه‌ڵده‌كشێن
لوبنانی ئێوه حكوومه‌تێكه سه‌ره‌كانی له ئه‌ژمار نایه‌ن
لوبنانی من
چیایه‌كی سامناكی ئارامه له نێوان ده‌ریا و پێده‌شته‌كاندا ڕوونیشتووه
ڕوونشتنی شاعیر له نێوان ئه‌به‌دییه‌ت و ئه‌به‌دییه‌تدا
لبنانی ئێوه فێڵێكه، ڕێوی كه له‌گه‌ڵ كهمتیاردا كۆ ده‌بێته‌وه ده‌یكا و
كه‌متیار له كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گورگ دا
لوبنانی من ئه‌و یادگارییانه‌ن
سترانی كچان له ههویهشهواندا و گۆرانی كیژانم له ناو خه‌رمان و
گوشینگهكان به گوێدا ده‌ده‌نه‌وه
لوبنانی ئێوه چوارگۆشه‌ی شه‌تره‌نجن له نێوان سه‌رۆكی دین و فه‌رمانده‌ی سوپا
لوبنانی من په‌رستگه‌یه‌كه به ڕۆح ده‌چمه ناوی
كاتێ وه‌ڕس ده‌بم له ته‌ماشای ئه‌و شاره‌ی
به‌سه‌ر ڕه‌وڕه‌وه‌دا ڕێ ده‌كا
لوبنانی ئێوه تایه‌فه و حزبه
لوبنانی من ئه‌و كچه جحێڵانه‌ن به گابه‌ردان هه‌ڵده‌گه‌ڕێن و
له‌گه‌ڵ جوێباران ڕا ده‌كه‌ن و
تۆپ له گۆڕهپانان هه‌ڵداوێن
لوبنانی ئێوه وتار و وانه‌دان و مشتومڕه
لوبنانی من خوێندنی قومریانه
لوبنانی ئێوه درۆیه‌كه له ژێر ڕووپۆشێك له زیره‌كیی خوازراو و
دووڕووییه‌ك له به‌رگی داب و نه‌ریت و خۆنواندندا
لوبنانی من ڕاستییه‌كی ساده و ڕووته
لوبنانی ئێوه چه‌ند قانوون و چه‌ند بڕگه‌یه‌كی سه‌ر كاغه‌ز و
چه‌ند به‌ڵێن و په‌یماننامه‌ی ناو ده‌فته‌رانن
لوبنانی من خۆڕسكایهتیی
نهێنییه‌كانی ژیانه و نازانێ كه ده‌زانێ
لوبنانی ئێوه پیرهمێردێكه ده‌ستی به ڕدێنه‌وه گرتووه و
برۆی وێك هێناونه‌ته‌وه و بیر له‌خۆی نه‌بێ له هیچی دی ناكاته‌وه
لوبنانی من تۆلازێكه وه‌ك قولله به‌رز ڕاده‌وه‌ستێ و وه‌ك سپێده زه‌رده‌مسكه ده‌بێته‌وه و
چوون هه‌ست به‌خۆی ده‌كا هه‌ست به‌وانی دیكه‌ش ده‌كا ..
لوبنانی ئێوه هه‌ندێ جار له سوریا جیا ده‌بێته‌وه ، جاریش هه‌یه
پێیه‌وه په‌یوه‌ند
هه‌ندێ جاریش فێڵ له هه‌ر دوو لا ده‌كا
تا له ناوه‌ندی گرێ‌دراو و پچڕاودا بێ
لوبنانی من نه په‌یوه‌نده، نه جیا ده‌بێته‌وه
نه خۆی به گه‌وره و نه به بچووك داده‌نێ
ئێوه لوبنانی خۆتان و ڕۆڵه‌كانی
منیش لوبنانی خۆم و ڕۆڵه‌كانی
گه‌لۆ داخۆ ڕۆڵه‌كانی لوبنانی ئێوه كێن؟
ئه‌وانه‌ن ڕۆحیان له نه‌خۆشخانه‌كانی ڕۆژئاوا له دایك بووه.
ئه‌وانه‌ن ئاوه‌زیان له باوه‌شی چاوچنۆكێك بێ‌دار بووه‌ته‌وه
ده‌وری دڵفراوانان ده‌گێڕێ.
ئه‌و شووڵانه‌ن بێ خواستی خۆیان به ڕاست و چه‌پ لار ده‌بنه‌وه
ئه‌وان ئه‌و كهشتییهن بێ سوكان و بێ چارۆگه به گژ شه‌پۆلاندا ده‌چێ
كهشتییوانهكانی دوودڵ
به‌نده‌ریان ئه‌شكه‌وتێكه دێوودرنجی تێدایه
ئه‌ی باشه هه‌ر پێته‌ختێكی ئه‌ورووپا
ئه‌شكه‌وتێك نییه بۆ دێ‌و و درنجان؟
ئه‌وان بۆ یه‌كدی میرغه‌زه‌ب و زمانڕه‌وان و ڕه‌وانبێژ
له به‌رابه‌ر فه‌ڕه‌نگانیش، لاڵ و بووده‌ڵه
ئه‌وان ئازادیخواز و چاكسازی شێلگیر
لێ به ته‌نیا له ڕۆژنامه و له‌سه‌ر ستێجهكان
كۆنه‌په‌رست و ملكه‌چ له به‌رامبه‌ر ڕۆژئاواییه‌كان
ئه‌وانه‌ی برسیه‌تی ناناسن ئه‌گه‌ر نه‌گاته گیرفانیان
ئه‌وان ئه‌و كۆیلانهن ڕۆژگار كۆتی ژه‌نگاوی گۆڕیون
به كۆتی بریقه‌دار
خه‌یاڵ ده‌كه‌ن ئیتر ده‌ست كراوه و ئازاد بوون .
ئه‌وانه‌ن ڕۆڵه‌ی لوبنانهكهتان
هه‌یه زاتی ئه‌وه بكا و بڵێ:
ئه‌گه‌ر مردم نیشتمانم نه‌ختێ باشتر به‌جێهێشت
له‌و كاته‌ی له دایك بووم؟
ئای چه‌ند له چاوی ئێوه‌دا گه‌وره‌ن و له چاوی مندا بچووك
به‌ڵام نه‌ختێ بوه‌ستن، با منیش ڕۆڵه‌كانی لوبنانی خۆمتان پیشان بده‌م:
ئه‌وان ئه‌و جووتكارانهن به‌رده‌ڵانان ده‌كه‌نه باخچه و بێستان
ئه‌وان شوانن
ڕه‌زه‌وانن
دایكن... باوكن...
وه‌ستاكار و گۆزه‌ساز و تهونكهرن...
ئه‌وان ئه‌و شاعیرانه‌ن ڕۆحیان له پیاڵه‌ی نوێ‌دا ده‌كه‌ن
ئه‌و شاعیره خۆڕسكانه‌ی (عه‌تابه و معه‌ننا و زه‌جه‌ل)(*) ده‌چڕن
ئه‌وانه‌ی كه لوبنان جێده‌هێڵن چیدییان پێ نییه
به‌ده‌ر له خوێنگه‌رمیی دڵیان و پشت ئه‌ستووری به بازوویان
كه ده‌شگه‌ڕێنه‌وه بۆی
به‌خششی خاكیان له له‌پی ده‌ست و تاجی غاڕیان به‌سه‌ره‌وه‌یه
ئه‌وانه‌ی بۆ هه‌ر كوێ چوون به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ریاندا زاڵ ده‌بن
له هه‌ر كوێیش بن، دڵان به لای خۆیاندا ڕاده‌كێشن
ئه‌وانه‌ی له كۆڵیتان له دایك ده‌بن و له كۆشكه‌كانی زانست‌دا ده‌مرن
ئه‌وانه‌ی به بڕوای پته‌وه‌وه به‌ره‌و حه‌قیقه‌ت و جوانی و كه‌ماڵ
وه‌ڕێ كه‌وتوون
داخۆ دوای سه‌ت ساڵ چی له لوبنان و ڕۆڵه‌كانی لوبنانتان ده‌مێنێته‌وه؟
ئایا وای لێك ده‌ده‌نه‌وه ڕۆژگار له یاداوه‌ری خۆیدا
ڕواڵه‌تی چاوبه‌ستیی و فریودان و مه‌رایی ده‌پارێزێ؟
پێتان ده‌ڵێم له‌سه‌ر چ دینان نین، ئه‌گه‌ر بتانزانیبووایه له‌سه‌ر هیچ نین
ئه‌وه بێزلێكردنهوهم شێوه‌یه‌ك له به‌زه‌یی و سۆزی وه‌رده‌گرت
به‌ڵام ئێوه نایزانن.
(*)مه‌به‌ستی ئه‌و شیعر و گۆرانییه لیریكیه میللیانه‌ن كه به تایبه‌تی له كه‌له‌پووری میللی
شامێ دا باون به‌تایبه‌تی له لوبنان .
** له كتێبی (جبران خلیل جبران بایجاز) ئاماده‌كردنی وه‌زحاء فه‌خری تاڵب - بڵاو كردنه‌وه‌ی ده‌زگای به‌یسان – بێرووت – چاپی دووه‌م 2002 ل 133 .