لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

جیا لە گەرموگوڕی و هوشیاری و چاودێری چاوەڕوانکراو، زمان و چۆنیەتی و چەندایەتی زمان  فاکتورێکی گرینگ و مانادارە لە گەشەی مناڵدا. مێشکی مناڵ مەکینەیێکی فێربوونە، ئەم مەکینە پێویستی بە بڕێک هاندەر و جۆشخەرە، بۆ ئەوەی کاری فێربوون بە شێوەی کاریگەر ئەنجام بدات.

 

  دەروونناسیی مناڵان (١)

لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

 

دەقی بەردەست وەرگێڕانی کتێبی "دەرووناسی مناڵان"ی پرۆفسۆر یوشا گاسۆامی (USHA GAOSWAMY) خەڵکی وڵاتی بەریتانیایە کە لە زانکۆی کامبریجی لەندەن وەک پرۆفسۆر و لێکۆڵەر لە بواری گەشەی هزریدا ئیش دەکات. ئەم بەشە تەنیا پێشەکی ئەو کتێبەیە. من هەوڵ ئەدەم کە تەواوی کتێبەکە لێرە لە سایتی قەڵەم و هەروەها لە کاناڵی "چۆمی بڕوا" لە تێلگرام دابنێم. هیوادارم بۆ خوازیارانی ئەم بابەتە بەسود بێت.

 

پێشەکی

 

دونیای دەروونناسی مندالان ئەمڕۆ لەسەردەمێکی سەرنجراکێشدایە. کەرەسە و تەکنیکی نوێ بۆ کێشانەوەی وێنەی مێشکی و ژنێتیکی، دونیایێکی نوێی پڕ لە روانگە و روانینی  تازە و گرینگی دەربارەی چۆنیەتی گەشە  و بیرکردنەوە و شت فێربوونی مناڵان بە ئێمە بەخشیوە. لەم کتێبەدا کورتکراوەیێک لە دوالێکۆڵینەوەکان لەسەر چۆنییەتی گەشەی هزری و هەستی کۆمەڵایەتی، بە تایبەت لەسەر مناڵانی تەمەن ژێر ١٠ساڵ دەخرێتە بەرچاو. گەشەی هزری واتە چۆنیەتی بیرکردنەوە، فێربوون و دەلیل هێنانەوەی منال لە کاتی قسەکردندا. گەشەی هەستی کۆمەڵایەتی باس لەوەدەکات کە چۆن مناڵ لەباری پێوەندیەکانیەوە گەشەدەکات. چۆن هەست بە خۆ و توانای کۆنترۆڵی هەستەکانی خۆی تێدا گەشە دەکات. گەشەی هزری مناڵ بناخەی پێوەندیێکی تەندروستی کۆمەڵایەتی لە باری ئێحساس و هەستیارییەوەیە. بۆ گەشەی کامڵی هزریش پێویستە مناڵ لە نێو بنەـاڵە و کۆمەڵی هاورێیان و هەروەها لە دونیای گەورەتری دەوروبەریدا،  واتە کۆمەلگا، هەست بە شادی و دڵنیایی بکات. مناڵێک ئەمەی ببێت ئەوە یانی  هەل و مەرجەکەی لەبارە بۆ گەیشتن بە گەشەی کاملی هزری و عەقلی. بە عەکسەوە ئەو مناڵەی  وا لە ژینگەی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژی تەندروست بوونی زەحمەتە و ناکرێت چاوەڕوانی گەشەی پێویستی هزری و هەستی لەو مناڵەدا بکەیت.

بە خۆشییەوە ئەمڕۆکە هەر کەسێک دەتوانێت باشترین ژینگەی پێویست بۆ مناڵانی ورد ئامادە بکات. تەنیا پێویستی ئەم کارە "کات و تەحەمول و خۆشەویستییە". لێکۆڵینەوەکان لەسەر دەروونناسی مناڵان پیشانیداوە کە گەرموگوڕی و گوێڕاگرتنی بەرپرسانە (Responsive Contingency) کلیلی گەشەی بەسود و گونجاوە بۆ مناڵان. گوێ تیژی و کاردانەوەی پێشبینیکراو یانی ئەوەی کە مرۆڤ لە بەرانبەر سیگناڵەکانی مناڵەکەدا کاردانەوەی راستەو خۆی ببێت و تەرکیز و فوکوسی بخاتە سەر ئەوەی وا مناڵەکە حەز و خولیای بۆ نیشان دەدات. بۆ ئەوەی مناڵ بە شێوەی کاریگەر  گەشەی فێربوونی ببێت پێویستە گوێ لە سیگناڵەکانی بگیردرێت. تەنانەت مناڵی کۆرپەی تازەلەدایکبووش بە شێوەی پاسیڤ فێر نابێت. ئەوانیش بە شێوەی چالاک فێربوونیان دەبێت. ئەوان چالاکی بەم شێوە دەنوێنن کە سەرنجیان دەخەنە سەر ئەوەی کە دەیانەوێت و هەوڵیش دەدەن سەرنجی کەسانیتر رابکێشن بۆ خواستەکەیان. کاتێ مناڵێکی بچوک داوای کەرەسەیێکی یاری (ئەسباب بازی) تایبەت دەکات و گەورەیێکیش  جوابی دەداتەوە و شتەکەی پێدەدات، ئەمە چالاکیێکە کە پێوەندیێکی دوولایەنەی دروست کردووە. پاشان ئەم پیوەندییە دوولایەنە بەم شێوە بەردەوام دەبێت کە گەورەکە دەڵێت (ئەوە"نالە"یە، پێموابێت برسییەتی"). ئەم کارە یاریدەری گەشەی هزرییە لە لای مناڵەکە. گەورەساڵێک کە بەردەوام (نەک جاروبار) مناڵەکە ئێهمال دەکات یان کاردانەوەکەی ئەوەیە کە دەڵێت، "بێدەنگ بە، تۆ ئەوەت ئێستا پێویست نییە،". ئەم رەفتارانە بەعەکسەوە نابنە یارمەتیدەری گەشەی هزری مناڵ. مناڵێک کە بەردەوام بێموبالات دەکرێت، پاشگوێ دەخرێت یان بە بێ گەرموگوری گەورە دەبێت، مەترسیەکانی خراپ گەشەکردنی هزری و کۆمەڵایەتی و توانای ئاکادێمیکی تێدا گەورەتر دەبێت.

جیا لە گەرموگوڕی و هوشیاری و چاودێری چاوەڕوانکراو، زمان و چۆنیەتی و چەندایەتی زمان  فاکتورێکی گرینگ و مانادارە  لە گەشەی مناڵدا. مێشکی مناڵ مەکینەیێکی فێربوونە، ئەم مەکینە پێویستی بە بڕێک هاندەر و جۆشخەرە، بۆ ئەوەی کاری فێربوون بە شێوەی موئەسێر ئەنجام بدات. خوێندنەوەکان لەسەر مناڵانی بچوک، پیشاندەدات کە ئەم مناڵانە ئەتوانن رۆژانە پتر لە ٥٠٠٠ بەیان و وتراوەیان گوێلێبێت. خوێندنەوەیێکی ئەمریکایی هەیە کە پیشانیداوە کە مناڵانێ نێو خێزانی داهات بەرز بە شێوەی مامناوەندی هەر کاژێرێک گوێان لە پتر لە ٤٨٧ بەیان دەبێت. بەڵام ماناڵانی نێو خێزانێ کە داهاتیان نزمترە، مامناوەندی بەیانێک کە گوێیان لێی دەبێت تەنیا دەگاتە ١٧٨ لە کاژێردا. نوسەرەکان حیسابیان کردووە کە مناڵانی خێزانی داهاتبەرز لە تەمەنی چوار ساڵیدا گوییان لە ٤٤ ملوێن بەیان و بۆچوون بووە بەڵام مناڵانی خێزانی کەمداهاتی هاوتەمەنیان تەنیا ١٢ ملوێن رایان بیستوە. جیاوازییە ژینگەییەکانی لەم چەشنە دەتوانن تەسیراتی ماناداری لەسەر مناڵ ببێت. هەر وەک دواتر دەیبینین گەشەی دڵخواز(مطلوب)ی توانای فێربوونی رێزمان و فنولۆژی (دەنگ ناسی) بەشی مێشک بەستراوەتەوە بە هاندەری زمانیەوە (محرک زبانی). چەندایەتی زبانی هەمیشە زۆر مانادارە لەم بەشەدا.

چۆنایەتی ئەو زبانەش وا لەگەڵ مناڵی بچوک بۆ قسەکردن بەکار دەهێندرێت زۆر گرینگە، بۆ باشترکردنی چۆنایەتی ئەم زبانە وا باشە کە لەگەڵ کتێب جۆش بدرێت. هەر ئەوەی کە پێکەوە سەیری وێنەکانی نێو کتێبەکە بکەن و لەسەریان قسەبکەن دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ چەمکی نوێ بەکار بێنێت کە ئەنجامەکەی سەرخستنی رادەی رێزمان و باشتر بوونی توانای فێربوونی زبانە. زبانێک کە بۆ چاودێری بەخێوکردنی مناڵ بەکار دەبردرێت خۆی لە خۆیدا زۆر ئاستبەرز و چڕ نییە، هەرچەند بۆ دەربازکردنی ئیش و کاری رۆژانە گرینگە. بەڵام لە رێگەی بەکارهێنانی کتێبەوە دەتوانین ئاستێکی بەرزتر و چڕوپڕتر لە زمان لەگەڵ مناڵ بەرهەم بێنین کە ئەمە خۆی دەبێتە هاندەرێکی گەورە بۆ گەشەی هزری مناڵ. خوێندنەوەکان وای پیشانداوە کە کاتێ مناڵ لە تەمەنی بچوکییەوە بۆی رەخسابێت کە بەشداربێت لە سامانی زمانی، نەک هەر کاریگەری ئەرێنی دەبێت لە توانا هزری و عەقلییەکانی داهاتوی مناڵەکەدا، بەڵکو تەنانەت بە شێوەی ئەرێنی کاردەکاتە سەرتوانا هەستییەکانی وەک سەرکەوتن لە چارەسەری کێشەکانی نێوان خۆی و هاوڕێیانی لە داهاتودا.

ئەمانە ئەو وتووێژە سروشتیانەن کە سەرنجی لەسەر ئەو روداوە راستەقینانەیە کە لە ئێستادا زۆر دیاریکەرن بۆ گەشەیێکی دڵخواز. سەرەرای ئەو نمونانە زۆر حاڵەت و بوار هەیە کە زۆر گرینگی بە قسەکردن لەگەڵ مناڵ نادات. خوێندنەوەگەڵێک هەن کە پیشانی داوە کە "زمانی بەتاڵ" زیاتر لە ٦٠ لە سەدی ئاخافتنەکانی روو لە مناڵانی بچوک پێک دێنێت. رستەی وەک "وامەکە"، "مەڕۆ ئەویا" و "دەس مەدە لەوە"و "لەوە بگەڕێ". ئەم جۆرە رستانە لەوانەیە بەشێکی زەروور و پێویست لە ئاخافتنی رۆژانە لەگەڵ مناڵانی بچوک  بێت، بەڵام خوێندنەوە لەسەر مناڵانێک کە زۆر بە وەها زمانێک "زمانی بەستنەوە" قسەیان لەگەڵ کراوە پیشانی داوە کە زۆربەکاربردنی ئەم جۆرە زمانە، کاریگری نەرێنی دەبێت لە سەرباری هزری و گەشەی کۆمەڵایەتی و ئاکادێمیکی ئەومناڵانە لەداهاتوودا. بەکارهێنانی زمان بە شێوەی کاریگەر لە لایەن گەورەکانەوە پشتگیری و ئاسانکاری دەکات بۆ چالاکییەکانی مناڵان.

 

کاتێ ئەتەوێ ئەم کتێبە بخوێنیتەوە باش وایە لەبیرت بێت کە مناڵ لە چاڵاکی و ئەکتیڤیدا فێری شت دەبێت نەک لە ناچاڵاکی و پاسیڤیدا. ئەگەر مناڵێک کە هەر زوو دەخرێتە فێرگە، چ لە ماڵەوە یان لە باخچەی مناڵان و مەدرەسە، شوێنەکەی گەرم و گوڕ و گوێگر و خاوەن وەڵامی پێشبینیکراو و ژینگەیێکی دەوڵەمەند لە باری زمانیەوە بێت ئەوا مێشکی مناڵەکانیان باشترینەکانیان بۆ رەخساوە و دەتوانێت باشترین گەشەی چاوەڕوانکراویان تێدا رووبدات. فێرگەگەلی وەها رێگا بۆ باشترین و بەرزترین گەشەی توانا هزری و کۆمەڵایەتیەکان لە مناڵانی بچوکدا خۆش دەکات. لە کۆتایی کتێبەکەدا بڕێک لەم توانانە دەخەینە بەر باس.

درێژەی هەیە...