ما 5858 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ناڵە حەسەن

لێکچوواندنی دایک لەگەڵ دەریا هاوکێشەیەکی شیعری پڕ لە جوانکاری نەخشاندووە، لە هەمانکات، وێنەیەکی قووڵی پڕ لە مانا ..! لێرەدا مەبەستمان نییە دووبارە لەسەر ناوەڕۆکی شیعرەکە قسە بکەینەوە بەڵام، ئایا لەم دەقە شیعرییە خوێنەر لەبەرامبەر ناوەڕۆکێکی بەرز و گەورەی ئینسانییە یان گێندەر؟

 

شیعر و گێندەر

ناڵە حەسەن

 

بۆ نووسینی ئەو بابەتەم، یان دیاریکردنی پەیوەندییەکانی (شیعر و شاعیر و گێندەر _ ڕەگەز) بەوەوە دەست پێدەکەم، زۆرجاران لە دیمانەکان یان قسەکردن لەبارەی شیعر و شاعیران دەڵێن، ژنە شاعیر (کەژاڵ ئەحمەد) یان خانمە شاعیر (ئاوێزان نووری  یان  هێرۆ کوردە) یان هەر کەسایەتییەکی ژن یان کچ، ئەوانەی کە شاعیرن . بەڵام / هەرگیز نەمان بیستووە و نەمان بینیوە بڵێن / پیاوە شاعیر (سەباح ڕەنجدەر یان کەریم دەشتی)، زێتر دەڵێن /  (سەباح رەنجدەر)ی شاعیر یان (کەریم دەشتی) شاعیر ، بۆ شاعیرەکانیتریش بە هەمان شێوە .. ئێمە لەنێو ڕووبەری ئەم باسەمان کە ڕاناوی کەسی دووەم بۆ شاعیرەکە بەکاردەهێنین ، مەبەستمان خودی کەسەکە یان کەسایەتییەکە نییە هێندەی / مەبەستمان (ئەوی شاعیرە)، بۆ ڕاناوی کەسی یەکەمیش (مەبەستم خۆم نییە، بەڵکو مەبەستم (منی شاعیرە). بۆیە / کە باس لە (کەژاڵ ئەحمەد) دەکەین / مەبەستمان لە ( کەژاڵ ئەحمەد سەعید) نییە بەڵکو، مەبەستمان لە (کەژاڵ ئەحمەد)ی شاعیرە ، واتە (ئەوی شاعیر)، یان بۆ (سەباح ڕەنجدەر) مەبەستمان لە، (سەباح سابیر حەسەن ) نییە بەڵکو، مەبەستمان لە (سەباح ڕەنجدەر )ی شاعیرە . لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری دەکەین ، ئایا دەکرێت بڵێین / (ژنە شاعیر تەرزە جاف  یان  پیاوە شاعیر شێرکۆ بێکەس؟). یان (خانمە شاعیرەکان و پیاوە شاعیرەکان ...!)، لێرەدا وەڵامی ئەم پرسیارە نادەینەوە، دواتر لە سیاقی قسە لەبارە کردن و ڕوونکردنەوە و باسکردن لە نموونە و فاکتەکان، وەڵامەکە بەشێوەیەکی ڕۆشن و ڕوون خۆی دەدات بە دەستەوە و منیش وەک نووسەری ئەم بابەتە / وەڵامی کۆنکرێتی خۆم دەخەمەڕوو، هێندە هەیە لێرەدا تەنها ئەو تێبینیە دەخەمە ڕوو یان بیرتان دەهێنمەوە کاتێک دەڵێن / خانمە شاعیرەکان، یان پیاوە شاعیرەکان ئەوە باس لە کەسایەتییەکان دەکەن، نەک ئەوانی شاعیر! چونکە بەبڕوای ئێمە خودی کەسەکان و کاراکتەرەکانییان جیاوازە لەگەڵ ئەوانی شاعیر،  بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە و بۆ شۆڕبوونەوە بۆ نێو قووڵایی مەبەستەکانم، لێرەدا لە ئەزموونی شیعر و (منی شاعیر) دەستپێدەکەم و چەند نموونەیەک لە شیعرەکانم دەهێنمەوەو باسیان دەکەم. لە کۆپلەی یەکەمی (سروودی بەرەو یەکسانی) دا دەڵێم.

لەو ڕۆژەوەی نرخی مرۆڤ بۆتە کاڵا

پشتم لەژێر قوڕسایی کار کۆم بۆتەوە

مۆری زەعیفە و کۆیلەتی بەناو چاوم لکێندراوە

هەوری ڕەشی پیاو سالاری

بە قووڵایی ڕۆحی گەشم شۆڕبۆتەوە...!

ئەم شیعرە لە ناوەڕاستی نەوەدەکان نووسیومە، کراوەتە سروود و لەلایەن مۆسیقاژەن (پایەدار بەرزنجی) ئاوازی بۆ دانراوە، دوو سێ ساڵ لە مەراسیمی (هەشتی مارس) لە هەولێر بە کۆرس گوتراوەتەوە، کە ناوەڕۆکەکەی باس لە جێگەو ڕێگەی ژنان و ئازار و ستەمێک لەسەر ژنان دەکات، لەنێو دەقەکەدا. ژنێک باس لەخۆی دەکات و دەڵێت، (لەو ڕۆژەوەی نرخی مرۆڤ بۆتە کاڵا، واتە لەو ڕۆژەوەی موڵکدارێتی لە (گشتییەوە گۆڕاوە بۆ تاک و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کەوتونەتە دەست پیاوان) ، لەو کاتەوە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە دەستی پێکردووە و چینەکان دروست بوونە و یەکەمین قوربانییانی ئەم چەوساندنەوەیەش ژنان بووینە ، لە قۆناغی بێ ڕەحمی سەرمایەداری و لەژێر سایەی سیستەمی پیاوسالاریش ژان و ئازارەکانی ژنان بەوپەڕی گەیشتوون ، بۆیە دەڵێ (هەوری ڕەشی پیاو سالاری بە قووڵایی ڕۆحی گەشم شۆڕبۆتەوە ..! ) ، ئەگەر لەم کۆپلە شیعرە و لە ناوەڕۆکەکەی ورد بینەوە دەبینین ، ئەوە ژنێکە قسە دەکات و باس لە ئازارەکانی خۆی دەکات ، بەڵام ( منی شاعیر) ئەم شیعرەی نووسیوە، واتە دەنگێکی مێییینە لەنێو منی شاعیردا هاتۆتە قسە، (منی شاعیر) لەنێو ئەم دەقە شیعرییە کەسێکی مێینەم یان دەنگێکی مێینەم لە خۆمدا بەرجەستە کردووە ، بەدەر لەوەی خۆم وەک کەسایەتی چیم و چ گێندەرێکم هەیە ، من باس لە (منی شاعیر) دەکەم لەنیو ئەو دەقەدا .. لە شیعرێکی ترم بەناوی (شەباهەنگی بەفر)، لە شوێنێکی شیعرەکەدا دەڵێم ،

خۆم دەخزێنمە نێو باوەشی هەڵمی ڕووبارە شەرمنەکان

لەگەڵ کازێوەی عەشق پێکەوە سەفەر دەکەین

دەمەوێ لە ئاهەنگی لە دایکبوونی خۆر سەما بکەم

تا لە بەهەشتی خەونە سک پڕەکانی بەهار

دەسکە گوڵێک بۆ تەمەنی کچێنی خۆم و بۆ گەڵا پایزییەکانی

ئەم دەڤەرە بە دیاری بهێنم ...!

ئەم شیعرە بەروارەکەی لە ( ئازاری ١٩٩٦ ) نووسراوە و دواتر لە ساڵی ( ١٩٩٩ ) لەگەڵ کۆمەڵە شیعرێکی تر لە کتێبی (عەشق و بەرائەتی ئاو) بڵاوبۆتەوە  ، شیعرێکە باس لە عەشق و نائومێدییەکی گەورە دەکات ، لەبارەی خەمی کچێنی و خەمی گەورە کچان دەدوێت ، لە شوێنێک بە ڕۆشنی دەڵێت ،( ئەمشەو هەردوو مەمکی تەمەنی کچێنی عەشق بەسەر شانم شۆڕبۆتەوە ، لە قووڵایی دڵە خەمناکەکانییان ، تف لە ئاوێزانبوونی هەوری ئافات و خەونە کابووسییەکانی قەدەر دەکەن ..!) لێرەدا مەبەستمان نییە خوێندنەوەیەک بۆ دەق و ناوەڕۆکی ( شەباهەنگی بەفر) بخەینەڕوو ، هێندەی مەبەستمان ئەو کۆپلە شیعرەی سەرەوەیە کە شاعیر / باس لە کچێنی خۆی دەکات و دەڵێ ( دەمەوێت ، دەسکە گوڵێک بۆ تەمەنی ( کچێنی خۆم ) و بۆ گەڵا پاییزییەکانی ئەم دەڤەرە بە دیاری بهێنم ...! ) ئیتر چی لەمە ڕۆشنتر و ڕوونتر هەیە کە شاعیر ، لەنێو ئەم دەقە شیعرییە باس لە کچێنی خۆی و خەمێکی قووڵی کچانە دەکات ، واتە دەنگێکی مێینەی لەنێو خۆیدا بەرجەستە کردووە و کچێک یان گەورە کچێک لەنێو ئەودا هاتۆتە قسە ..! یان لە قەسیدەی ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) کە قەسیدەیەکی درێژە ، لەساڵی ( ١٩٩٥ ) نووسراوە ، لەشوێنێکی ئەم قەسیدەیە دەڵێم ،

ئێستا

ڕووباری نێوان مەمکەکانم ئاوێکی شێلووی

 پێدا دەڕوات ..!

ئێستا من لەناو گێژاوی سەرگەردانی ، هاژەی

تاڤگەیەکی دڵ تەنگم ....

دەی گوڵە گیان دەی ،

دەوەرە / لەسەر نینۆکەکانم

لەسەر پشتی هەردوو دەستم

لەسەر پەڕەکانی لێوم بڕوێ

تا بەتۆوە بئاخڤم و بە تۆوەش هەناسە بدەم

تا بە تۆوە بمناسنەوە و لەم غەریبییەدا

ڕەنگی ڕۆیشتووم بێتەوەبەر

دەی گوڵەگیان

دەماچم کە

دەبم گوشە

دەبۆنم کە

دەی گوڵەکەی خۆم دەی ..!

دەقی ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) قەسیدەیەکی درێژە ، یەکێکە لە ئەزموونە سەرەتاییەکانی من لەگەڵ هەناسە درێژیم لەنێو دەقی شیعریدا ، قەسیدەیەکە ناوەڕۆکێکی پڕ لە بەرز و نزمی و پڕ کێشمەکێشی هەیە ، بەزمانێکی تەڕ و ناسکی شیعری .. ئێمە مەبەستمان ئەو کۆپلەیە کە شاعیر باس لە  (مەمکەکانی ) خۆی دەکات ، وەک کەسایەتی و دەنگێکی مێیینە دەردەکەوێ ، ئەگەر ناوی شاعیری بەسەرەوە نەبێت ، خوێنەران وا دەزانن خانمێک ئەم شیعرەی نووسیوە ، لەنێو شیعرەکانم نموونەیتری لەم بابەتە بەرچاو دەکەون ، با دیوێکیتر و چەند وێنەیەکی تری شیعری بخەمە ڕوو کە لەوێدا / شاعیر ئەمجارەیان وەک دەنگێکی نێرینە دەردەکەوێت ، بۆ نموونە لە شیعری ( بۆ چاوە گەشەکانی ڕەها ) ئەو شیعرەش شیعرێکی درێژە بەڵام تەنها یەکدوو کۆپلەی دەخەینەڕوو ،

_ کچم ڕەها

چەند ڕۆژێکە هاتییە دنیا

چەند بە جوانی و چەند بە نەرمی

لە ناخەوە پێدەکەنی ...!

_ کچم ڕەها

کە گەورە بووی بیرت نەچێت

لە ڕۆژانی کۆچەریما هاتییە دنیا

......................

ڕۆحی بابەی

ڕۆڵە نەکەی کە گەورە بووی

خوێنی ناو دەمارەکانی

پەنجە ناسکە شووشەییەکەت شەختە بکا

گوڵە هێرۆی بەرسێبەری

چاوی گەشی ئەفسووناویت ئازار بدا

لەژێر کەپری مەزارەکان چۆک دابدەی

لەپی دەستت سەیری ئەستێرە و مانگ بکا ...!

ئەم شیعرە لە سەرەتای مانگەکانی ساڵی ١٩٩٤ نووسراوە و دواتر لە کتێبی ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) بڵاوبۆتەوە ، ئەوکاتە ڕەهای کچم تەمەنی سێ چوار مانگ بوو .. لەبار و زروفێکی سەخت و وەزع و گوزەرانێکی دژوار .. بێ خانەو لانەیی و هەرجارەی لە کونج و کۆڵانێک ژوورێکمان بە کرێ دەگرت .. ڕۆژێک لەسەر سیسەمەکە ڕەها لەسەر پشت ڕاکشابوو منیش یاریم لەگەڵدا دەکرد ، ڕەهاش بەشێوەیەک پێدەکەنی ، منیش لە هەموو ژیانم ئەو پێکەنینە ئەفسوناوییەم لەمنداڵێکی ئەو تەمەنە نەبینیبوو ، دوای یاریکردن خەواندم . ئیتر پێکەنینەکەی لە خەیاڵما مایەوەو بوو بەسەرەتای شیعرێکی درێژ و نووسیم ، ( کچم ڕەها چەند ڕۆژێکە هاتییە دنیا دە پێمبڵێ ئارەزووی ئەم هەموو پێکەنینەت لە کوێ هێنا ..؟ ! ) ئیتر ئەم خەیاڵە تێکەڵ بە ژیان و گوزەران و ئاسۆ و ئومێد و خەونەکان و زۆرشتیتر بوو .. وەکو باوکێکی دڵسۆز ئومێد خواستن بۆ ڕەها کە لە داهاتوو چۆن مرۆڤێک و کەسایەتییەک بێت یان ژیانی چۆن بێت و بە چ ئاراستەیەک دا بڕوات ، زۆر بە ڕۆشنی هاتووە کە دەڵێ / ( کاتێک پەنجە ناسکە شووشەییەکەت شەختە دەکات ، گوڵە هێرۆی بەر سێبەری چاوی گەشی ئەفسووناویت ئازار دەدات ..! ) واتە دەخوازێ کە کەسێکی بەهێز و بەتوانا بێت لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێت ، لە کاتە ناخۆشەکان و ڕووبەڕوو بە کێشە و میحنەتەکان ، نەچێت لەژێر کەپری مەزارەکان چۆک دا بدات و لەپی دەستەکانی سەیری ئەستێرە و مانگ بکەن ، واتە دەست پان نەکاتەوە لەبەر هیچ کەسێک و تەنانەت هێزە ئاسمانییەکانیش ...! لێرەدا دەبینین شاعیر وەک باوکێک قسە بۆ کچەکەی دەکات واتە ، دەنگێکی نێرینەی لەخۆی بەرجەستە کردووە ...! نموونەیەکیتر . لە قەسیدەی ( من ) کە وەکو ئەزموونێکی نوێ ناومان ناوە ( دەقی تەمەن ) لە بەشی یەکەم لە کۆپلەی پێنجەم دا دەڵێم ..

لەنێو خەڵوەتگەی ژینی من

ژنێک سەرسامە بە پەنجەکانم

ژنێک سەرسامە بە قژی خاوم

ژنێک سەرسامە بە سمێڵی سوورم

ژنێک سەرسامە بە نیگاکانم

ژنێک سەرسامە بە شیعرەکانم

سەیرەکە لەوە دایە

لەنێو ئەو هەموو ژنە سەرسامانەم

منیش سەرسامم بەخۆم

هەرخۆم و هەرخۆم و هەرخۆم

خۆمی تاک و تەنیا

 خۆم تا ئەبەد خۆم ...!

دەبینین لەم کۆپلە شیعرەش / شاعیر لەنێو نەرجسیەتێکی تۆخ دایە ، خۆشەویستی بۆ خود لە ئاستێکی زۆر بڵند دایە ، بە دیدێگی (نێچە)ییانە و لە ئاستی باڵا لە من و بوونی خۆی دەڕوانێت  کە / ئەو بیرکردنەوەیە بۆخود بیرکردنەوەیەکە لە تەواوی ( دەقی تەمەن ) ئیشی لەسەر کراوە ، بەڵام ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە ، ئەو دێرەیە کە دەڵێت ( ژنێک سەرسامە بە سمێڵی سوورم ...! ) ، سمێڵ هێمایە بۆ پیاو ، واتە لێرەشدا شاعیر دەنگێکی نێرینەیە .. لەم نموونانە بینیمان منی شاعیر لەیەککاتدا لەنێو ڕووبەری شیعرەکاندا ، هەم دەنگی مێیینە و هەم دەنگی نێرینەی لەخۆیدا بەرجەستە کردووە ، هۆکارەکەش ئەوە بووە / هەر لەسەرەتای ئەزموونی نووسینی شیعریم ، ویستوومە جیاواز بیربکەمەوە و جیاواز بنووسم ، چونکە ئەوە بیرکردنەوەی جیاوازە فۆرم و ناوەڕۆکی جیاواز بەدوای خۆیدا دەهێنێت ، نوێخوازیش هەر لەنێو ئەم هاوکێشەدا مانا پەیدا دەکات ..! تا ئێرە چەند دیمەنێکمان پێشان داوە ، هێشتا هۆکار و وەڵامی پرسیارە جەوهەرییەکەمان نەداوەتەوە و بەڵام زۆرباشم لەبیرە / لەناوەڕاستی ساڵی نەوەدەکان ، ئەوکات بە ئێمەیان دەگوت ( شاعیرە لاوەکان ) ، لە گازینۆی ( مەچکۆ ) ڕۆژنامەنووسێکی برادەرم پرسیارێکی لێکردم و گوتی / ( ناڵە حەسەن ) تۆ لەنێو شیعرەکانتدا زۆر باسی ( مەمک ) دەکەیت و وەکو ( کچێک ) دەردەکەویت ، ئەگەر ناوت لەسەر شیعرەکانت نەبێت و یان وێنەت لەگەڵیان نەبێت کەس نازانێت تۆ کوڕیت یان پیاویت ..؟! منیش لەناخی ناخەوەم پرسیارەکەم زۆر پێخۆش بوو ، لە وەڵامدا گوتم / ئاخر من کە دەچمە نێو جەوی شیعری و بەنێو دنیای خەیاڵ ڕۆدەچم و قووڵ دەبمەوە لەوێدا ، لە واقیع و لەخۆم دادەبڕێم ، لەوێدا من نازانم نێرم یان مێ ، منداڵم یان پیر ، تەنها مرۆڤێکم هیچیتر ..! برادەرەکەشم سەرسام بوو بەوەڵامەکەم و قەناعەتی بە قسەکانم هات . ئیتر لەمبارەوە ، ( نوکتە و سەرگوزشتە و باسی خۆش خۆشیش هەن ...! ) . ئیتر ئەم حاڵەتە لە نێو خەیاڵ و باری دەروونیم مایەوە ، تا ئەزموونم بەرەو سەرووتر دەچوو کاریگەری ئەم بارە دەروونییەم لەنێو ڕووبەری شیعر و خەیاڵە شیعرییەکانم تۆختر دەبوو ، بەڵام نەمدەتوانی بەشێوەیەکی گونجاو تەعبیری لێبکەم و یان لەنێو پانتیایی لێکۆڵینەوەیەک تیۆریزەی بکەم . زەمەن هات و ڕۆیشت ، چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ( یوتوب )  گوێم لە دیمانەیەکی( ئەدۆنیس ) ی شاعیر ڕاگرت ، زۆر جەریئانە لە وەڵامی پرسیارێک کە باسی خۆی دەکرد گوتی ، ( کەسایەتییەکی مێینە ، یان دەنگێکی مێینە لەنێو منی شاعیردا هەیە ..! ) ، دڵخۆش بووم بەو قسەیەی ( ئەدۆنیس ) ، شیعرەکانی خۆم و پرسیارەکەی ئەو ڕۆژنامەنووسە و وەڵامەکەی خۆمم بیر کەوتەوە ، گوتم نا من هەڵەنیم ، شاعیر ( بەدەر لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکەی خۆی ) ، دەتوانێ هەم دەنگی مێینە و هەستەکانی مێینە و / هەم دەنگی نێرینە و هەستەکانی نێرینە لە خۆیدا بەرجەستە بکات ، چونکە لە دواجاردا شاعیر مرۆڤێکە بە هەموو هەستە جیاوازەکانەوە ..! لێرەدا بینیمان / شاعیر لەنێو ڕووبەری شیعر دەتوانێ دەنگی مێینە و دەنگی نێرینە لە شیعر و دیمەنە جیاوازەکان لە خۆیدا بەرجەستە بکات ، ئێستا باس لە دەقی ( بەیان ) دەکەین کە یەکێکە لە قەسیدەکانی ( شیرکۆ بێکەس )ی شاعیر ، پوختە و ناوەڕۆکی دەقی ( بەیان ) بەو شێوەیەیە ، بەیان کچی دێیەکە سەر بە ناوچەی مەریوان ، کچێکە لەگەڵ موعاناتی خۆی و کۆمەڵگە چەوساوەکەی دەژی ، ئەم ژیانە نابەرابەرەی بۆ قەبووڵ ناکرێک ، چ وەک کچێک چ وەک کەسایەتییەکی کوردی ژێردەستە ، شەوانان تا درەنگی شەو سەدان پرسیار بەخەیاڵی دادێت ، ( شێرکۆ بێکەس ) لە بەشێکی قەسیدەکەی دەڵێت ،

ئێستا کەنیشکی ئەم دێیە

دێت و ئەڕوا و قسەی پێیە

قسەکانی لەلای هەندێ

وەک شەمامە هەڵئەگیرێ  ....

ئەم کیژەمان وەکوو

 چاوی بیری زیت بوو

گشت شەوگارێ

 لەژێر لێفەی کون کونەوە

بە قەد ژمارەی ئەستێرەی

شەوی هاوینانی ناودێ

هەنگی پرسیار لەناو سەریا

ئەو ڕۆژان و

تا بەربەیان

نەیان ئەهێشت چاو لێک بنێ

ئەم بۆ ئەژی ؟ ئەو بۆ ئەمرێ

ڕەنج بۆ ئەخورێ ؟

ئەم بۆ دیلە ؟ چۆن ڕاپەڕێ ؟

بەیان /  هۆشیارییەکەی دەگاتە ئەو ئاستە بڕیار دەدات چەک هەڵگرێ و ببێ بە پێشمەرگە . ئەم بڕیارەی لەلای پیاوانی ئایینی و هەندێ لە کەسەکانی دێکەی دەبێتە مایەی ڕەخنە و توانج بەڵام ، بۆ کیژۆڵان و زۆرێک لە کەسانی هاودەمی خۆی مایەی دەستخۆشانە دەبێت ، بەیان پێشمەرگەیەکی ئازا و چالاک دەبێت ، دەبێتە سەردەستەی گرووپەکەیان ، دوای ماوەیەک نامەیەک بۆ ماڵەوەیان دەنێرێ ، چونکە بەیان ئێستا هێندە کەسایەتییەکی خۆشەویستە نامەکە ئەودەست و ئەو دەست دەکات ، لەماوەی یەکدووڕۆژا نامەکە گەچراو و کۆن دەردەکەوێ ، لە ترسی دڕان و لەناوچوون دەیبەن لەمزگەوت بە مەکەبەرە دەیخوێننەوە ..! دواتر بەیان شەهید دەبێ ، شاعیر لە کۆتایی قەسیدەکە ، دەڵێت ،

بەیان بەیان بەیان

ئیتر بەیان هەر بە تەنها

دار گێلاسی مەریوان و ئێران نییە

کانی سنە و بۆکان نییە

ئەمڕۆ و سبەینێ و داهاتووش

ئیتر بەیان کیژۆڵەکەی دایە گەورەی کوردستانە

ئیتر بەیان لە ئێستەوە

ئەستێرە سوورە گەشەکەی هەژارانی گشت جیهانە ..!

تا ئێرە وەکو بەبیر هێنانەوەیەک پوختەیەکی کورتمان لە ناوەڕۆکی دەقەکە باسکرد ، بەڵام مەبەستی ئێمە لە باسکردنی ئەم دەقە ئەوەیە کە شاعیر ، لە شوێنێکی دەقەکە ، ڕوو لە ژنان دەکات و وەک پەیامبەرێک ، پەیامبەر بە مانا ئایینیەکە نا ، بەمانای وەکو مرۆڤێک پەیامی پێیە ، یان وەکو قسەکەرێک قسەی پێیە ، چونکە دواجار شاعیر لەنێو شیعرەکانیدا قسەکانی خۆی دەکات .. جا ئەو شاعیرە یان ئەو پەیامبەرە دەکرێ کەسایەتییەکی مێینە بێت ، چونکە لەسەر سەکۆیەک رووی دەمی لە ژنانە و قسە بۆ ژنان دەکات و دەڵێت ،

ئەی ژنانی وڵاتە قژ سووتاوەکەم

بەیان زەنگە

گوێی لێبگرن !

دەستڕێژی ئازادیی

ناو ئێوەیە

سەر هەڵبڕن

بەیان دەمی ئەو پاچەیە

شەوە زەنگتان ئەڕوخێنێ

دەنگ هەڵبڕن

بەیان ئەو دارو خشتەیە

دنیای تازە پێکدەهێنێ

چاو هەڵبڕن

بەیان لوولەی ئەو چەکەیە

مەرگ ئەمرێنێ

کوان ؟ ! ڕاپەڕن ..!

لە وردبوونەوە لەم دیمەنە شیعرییە ، هاوکات دەکرێ خوێندنەوەی ئەوەشی بۆ بکەین کە شاعیر ، دەنگێکی مێینە نەبێت ، دەکرێت دەنگێکی نێرینەی ئازادیخواز بێت ، واتە پیاوێکی ئازادیخواز بێت ، هیچ لەناوەڕۆکی قسەکان و پەیامەکە ناگۆڕێت ، واتە لەنێو ئەو پەیامە شیعرییەی ( شێرکۆ بێکەس ) ئەو هاوکێشەیە دەبینین کە / ( ئەوی شاعیر ) لە یەککاتدا ، توانیویەتی هەم مێ بێت یان نێر ، دواجار مرۆڤێکە لە قووڵایی هەستێکی ئینسانی باسی لە نابەرابەری و جەور و ستەمی سەر کۆمەڵگایەکی ژێردەستە کردووە ، واتە( ئەوی شاعیر ) بەدەر لەوەی لە گێندەرەکەی هەرچییەکە ، وەکو مرۆڤێک هەستەکانی خۆی لە ڕوانگەی مرۆڤبوونەوە ، بەرامبەر بە کەسێک و کێشەیەک خستۆتە ڕوو . لێرەدا دەمانەوێت باس لە دیمەنێکیتر ، یان دیوێکیتری ئەم باسەمان بکەین و چەند نموونە و فاکتێک بخەیەڕوو ئەویش ، ( ژن و مەسەلەی ژنان )ە یان کێشەی ژنان لەنێو ڕووبەری شیعری دا ، لە کۆمەڵگەی تەقلیدی و دواکەوتووەکان ، ( ژن بوون ) کێشەیەکە و ژنان هەمیشە ڕووبەرووی ستەم و چەوسانەدنەوە دەبنەوە ، بۆیە هەوڵدان و خەباتکردن بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکان ، هەم لەلایەن ژنانی وشیار و بەشێک لە پیاوانی ئازادیخوازیش ئامادەیی هەیە ، بۆیە دەبینین زۆرێک لە ژنان ، ئەوانەی شیعر دەنووسن و شاعیرن ، لەنێو ڕووبەری شیعرەکانییان باس لە هەستی ژنانەی خۆیان دەکەن و وەک دەنگێکی مێینە دەنگ هەڵدەبڕن ، تا ئەو ئاستەی شانازی بە ژنبوونی خۆیان دەکەن ، کە ئەمەش خاڵێکی پۆزەتیف و شکۆدارە ، یان لە پەنا ئەو دەنگهەڵبڕینە و دەربڕینەی هەستە مێینەییەی خۆیان باس لە کێشەکان و پەیوەندییەکان و خەمە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کلتوورییەکان دەکەن ، بەڵام با بزانین دەربڕینی ئەم دەنگە مێینە و هەستە ژنانەییە ، دەبێتە هۆی ئەوەی کە / چەمکی گێندەر ئەو کاریگەرییەی هەبێت لەنێو ڕووبەری دەق و تا ئەو ئاستەی مۆری گێندەری پێوە دیار بێت ..! لێرەدا باس لە شیعرێکی ( کەژاڵ ئەحمەد )ی شاعیر دەکەین ، بەناوی ( باخەوان ماندووترە لە ئاو ) ، شاعیر لە سەرەتای شیعرەکە دەڵێت ،

پێت سەیرە نانووشتێمەوە

بە تەنیا بۆ

 بۆنکردنی گوڵێک نەبێت

یان بۆ ماچکردنی ڕوومەتی منداڵێک

سینگ و بەرۆک ناکەمەوە

بۆ شیردان بە شیعرێک نەبێت

یان ئەوینی لەبیرکراوی شەماڵێک ..

( کەژاڵ ئەحمەد ) لە بەشێکیتری شیعرەکەیدا دەڵێت ،

پێناکەنم بەدەم کەڕووی

جەستەی نیشتیمانێکەوە

بۆگەنی کردووە

ناشگریم لەبەردەم قەوزەیەکدا بەهۆیەوە

حەوزی ژیانی ئەم خەڵکە لیقبووە !!

دیوارێک باشتر گوێ دەگرێت

بەردێک باشتر هەست دەکات

باڵندەیەک سەیر لەبەر من

خەمبار دەبێت و

سبەی دەمکات بە جریوەی چیڕۆکێک ...!

بەشێوەیەکی گشتی / شیعرەکە لە ڕووی زمان و شیعرییەتەوە ، شیعرێکی جوان و نایابە ، ناوەڕۆکێکی قووڵی هەیە ، بەخێرایی لە دەرگای زۆر کێشە و ململانێی داوە ، هەستێکی ژنانەی ڕۆشنی دەربڕیوە بەتایبەت بەرامبەر بەوەی کە ، پێیان وایە ژنام زەعیفە و لاواز و بێهێزن ، ، یان خەمەکانی نیشتیمان و کێشەکانی ڕۆژ و زۆر شتیتر ، وە رەخنەیەکی تۆخ لە ئەوی بەرامبەری دەگرێت جا هەرکەسێ بێت ، لێرەدا نامانەوێت بە قووڵی باس لە ناوەڕۆکی دەقەکە بکەین ، بەڵام هەر بە خوێندنەوەیەکی خێرا ، دوو شت دەبینین / شاعیر دەیەوێت کەسایەتیەکی بەهێز و متمانە بەخۆبوو بەمانای کەسایەتییەکی ئازا بەرجەستە بکات ، کە بە بەرامبەرەکەی دەڵێت / پێت سەیرە نانووشتێمەوە ..! یان دەڵێ / پێناکەنم بەدەم کەڕووی جەستەی نیشتیمانێکەوە ، یان / ناشگریم لەبەردەم قەوزەیەکدا ..! ئەمانە هەمووی هێما و نیشانەی بەرجەستەکردنی کەسایەتییەکی بەهێزن ، هاوکات باس لەهەندێ شت دەکات کەلای ئەو گەورەو پیرۆزن ، بۆ نموونە / نانووشتێتەوە بە تەنیا بۆ بۆنکردنی گوڵێک یان ماچکردنی ڕوومەتی منداڵێک نەبێت ، یان سینگ و بەرۆکی خۆی ناکاتەوە بۆ شیردانی شیعر نەبێت ، دیارە شیردان لە ڕێی مەمکەوە هێمایە بۆ ڕەگەزی مێینە ، بەڵام ئەو لەو هەستە ژنانەیەوە دەیەوێت ( گەورەیی و گەردوونیەتی شیعر )مان پێشان بدات ..! کە ئەوەش چ لە نەنووشتانەوەکەی بە تەنیا بۆ بۆنکردنی گوڵێک و ماچکردنی منداڵێک / یان سینگ و بەرۆک نەکردنەوە بۆ شیردان بە شیعر نەبێت ..! لێرەدا دیمەنێکی ناوازەی پڕ لە شیعرییەت و جوانکاری نەخشاندووە ، ئەگەر زێتر ورد بینەوە و بپرسین ، ئایا چەند کاریگەری گێندەر لە پشتی هەستەکانی نێو ئەم دەقە دەبینین ..! شاعیر لە پشتی هەست و خەیاڵەکانی خۆی باسی کەسایەتییەکی بەهێزمان بۆ دەکات ، باسی پیرۆزی گوڵ و منداڵ و گەورەیی شیعرمان بۆ دەکات ، باسی خەمەکانی نیشتیمان و ئەزمەکانی ڕۆژ دەکات ..! کاریگەری گێندەر لەکوێی ناوەڕۆک و هاوکێشەکانی ئەم دەقە دایە ..؟ ئایا ئەگەر ئەم دەقە لە جیاتی ناوی کەژاڵ ئەحمەد ، ناوی ( سەباح ڕەنجدەر )ی بە سەرەوە با یان هەر شاعیرێکی تر ، چی لە ناوەڕۆک و مانا و هاوکێشەکان دەگۆڕی ..؟! دواجار هەستی ژنانەش هەستێکی مرۆڤانەیە و پەیوەندی بەوەوە نییە شاعیرەکە چ جۆرە رەگەز و گێندەرێکی هەیە ، مەبەستمان ( ئەوی شاعیر )ە  نەک کەسەکە خۆی ، بینیمان تەنانەت دەربڕینی هەستی ژنانە و دەنگی مێینەییش لەنێو ڕووبەری دەقی شیعریدا ، گێندەری نووسەرەکە گرینگییەک و کاریگەرییەکی ئەوتۆی بەسەر دەقەکەدا نابێت ، هاوکات / بۆ مەسەلەی کێشەی ژنان و ڕزگاربوون لەم کێشەیە ئەمە کاری شیعر و ئەدەب نییە ، دەکرێ شیعر و ئەدەب یارمەتیدەر بن بەڵام ، وا پێویست دەکات لە رێگای هۆشیاری کۆمەڵگا و لە ڕوانگەیەکی ئینسانی و لە چوارچێوەی یاساو دەستوورێکی مۆدێرن ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن ..! لەم بارەیەوە ، باس لە شاعیرێکی تر و شیعرێکیتر دەکەین ، ئەویش ( تەرزە جاف )ی شاعیرە ، ( تەرزە جاف ) شاعیرێکە لەنێو شیعرەکانی بە زمانی شیعری و بە ڕۆشنی باس لە خۆیی و هەستەکانی و هاوکات / پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆیی و دەوروبەری دەکات ، ڕاستگۆیانە و ڕاشکاوانە تەعبیر لە خۆی دەکات و خۆی دەنووسێتەوە ، واتە ( تەرزە جاف ) هەوڵ دەدات لەنێو شیعرەکانی خۆی بێت و شاعیرێکە لەنێو ڕووبەری داهێنان و شیعر هەوڵی جوانی هەیە ، شیعرێکی ئەم شاعیرەمان بەناوی ( جوانترین ) دەخەینە ڕوو ، شاعیر لە شیعرەکەیدا دەڵێت ،

تۆ چەند جوانی

کاتێک لە باڵا و سینە و

نیگای کچێکەوە

شیعرێک دەخوڵقێنی !

تۆ چەند زانای

ئەو کاتانەی لە کۆڕێکدا

یان بەرامبەر ژنێکی جوان

باس لە مافی ئافرەت و

مافی ئازادی ئاو دەکەی !

تۆ چەند بەرزی

ئەو کاتانەی لە ڤیستیڤاڵێک

یان لە سەنتەرێکی گەنجان

بەسەر ئازادیی دەربڕین و

سەربەخۆییدا هەڵدەدەی!

تۆ چەنێک جوانیت ،

چەنێک زانا ،

چەنێک بەرز !

کەچی ئەو ڕۆژەی کچۆڵەکەت دەکەوێتە عەشقەوە:

تۆ

چەند درۆزنیت

چەنێکیش گوناح ...!

ناوەڕۆکی شیعرەکە زۆر ڕۆشنە .. باسی دوو ڕوویی و درۆزنی کەسێک یان کەسەکان دەکات ، ئەوانەی لە پشتی میکرۆفۆنەکانەوە ، لە کۆڕ و ڤیستیڤاڵ و گۆڕەپانەکان و شوێنە گشتییەکان ، باس لە ئازادی و مافی ئافرەت و ئازادی تاک دەکەن و لەماڵەوەش بۆ کچۆڵەکەی خۆیان زیدانێکیان خوڵقاندووە یان ناتوانن بەرگەی ئەوە بگرن کە کچۆڵەکەیان عاشق بێ ، ئەوکات ئەوەی باوەڕیان پێی نەبێت ، قسە بریقەدار و بێناوەڕۆکەکانی خۆیانە ...! یان شاعێرێک کاتێک لە ڕوانینی قەد و باڵا و نیگای کچێکی شۆخەوە ، شیعرێک دەخولقێنێ .. . دیارە دەقەکە ناوەڕۆکێکی جوانی هەیە ، شاعیر ڕاستگۆیانە باسی لە زۆربەی ( کەسەکانی ) دەوروبەر و کۆمەڵگاکەی کردووە بەڵام ، ئێمە مەبەستمان لە کاریگەری ( گێندەر و پەیوەندی گێندەرە  لەنێو  شیعرەکە و خودی گێندەری شاعیرەکەش ) ، با بزانین لەنێو شیعرەکەدا ئەو ( تۆ )یە کێیە ؟ کە دەڵێت ( تۆ چەند جوانی ، کاتێک لە باڵا و سینەی ، نیگای کچێکەوە ، شیعرێک دەخوڵقێنی ! ) ، ئەو ( تۆ )یەی نێو ئەو وێنە شیعرییە لە ڕووی رەگەزەوە (تۆ)یەکی نادیارە چونکە  دەکرێت / پیاوێک بێت لە قەد و باڵا و نیگای کچێکەوە ، شیعرێک بنووسێت ، یان دەکرێت ژنێکی لەزبیان بێت ، یان هەر ژنێک ، بەهەمان شێوە ، لە قەد و باڵا و نیگای کچێکەوە شیعرێک بنووسێت و جوانی ژنێک ببێتە ئیلهام بۆ نووسینی شیعرێک ..! بۆیە ( تۆ )یەکە گێندەری نادیارە لە هەمانکات ، دیاربوونیشی گرینگییەکی ئەوتۆی نییە ، چونکە کەسی لەو بابەتە زۆرن لە نێو هەردوو ڕەگەزەکە ، دەکرێت ژنێک بێت چالاکوانی نێو مەیدانی مافەکانی ژنان بێت و باس لە ئازادی ژنان و ماف و ئازادی تاک بکات بەڵام ، لەماڵەوە پێچەوانەی ئەو قسانەی خۆی ڕەفتار بکات و بەتایبەت ئەو ڕۆژەی کە کچۆڵەکەی دەکەوێتە عەشقەوە ، لە نێو کۆمەڵگە دواکەوتووەکان بە هەزاران ژن و پیاوی لەمجۆرە هەن ، بۆیە لە سەرتاپای شیعرەکە / هەموو ( تۆ )یەکان گێندەرو ڕەگەزیان نادیارە و دەکرێ مێ بن یان نێر ..! هاوکات گێندەری شاعیریش هیچ لە ناوەڕۆک و بەهای شیعرەکە ناگۆڕێت ، با ناوی ( تەرزە جاف )ی شاعیری بەسەرەوە نەبێت یان ناوی هەر شاعیرێکی تر بێت ، هیچ لە بابەتەکە و لە ناوەڕۆکی شیعرەکە ناگۆڕێت ...!  تا ئێرە زێتر فۆکەسمان لەسەر گێندەری شاعیر بوو ، ئێستا چەند کورتە شیعرێکی تر بە نموونە دەهێنینەوە کە فۆکەس دەخەینە سەر ناوەڕۆکی دەقەکان و گاریگەری گێندەر لەنێو دەقەکاندا .. هاوکات مەبەستمان لە گێندەری شاعیرەکە و ئەو کەسایەتی و کاراکتەرانەش کە لەنێو دەقەکان ئاماژەیان پێدەکرێت . ( سەباح ڕەنجدەری ) شاعیر ، لە کتێبی ( حەزدەکەم ئەوەندە بژیم ) لە شیعری ( باوک و دایکم ) لە دوا کۆپلەدا دەڵێت ،

خونچە ئیسماعیل عومەر لە ٦/١٢/١٩٥٦ دا

بە جلی ڕەشەوە چووە پەردەی بووکێنی و ئاهەنگی خامۆشەییەوە

جلی ڕەش

جلی ڕەش

جلی ڕەش

جلی ڕەش

جلی ڕەش

جلی ڕەش

جلی ڕەش

جلی ڕەش

ئێمە کاتی خۆی خوێندنەوەیەکمان بۆ ئەم کتێبەی ( سەباح ڕەنجدەر )  کردووە بە ناوی ، ( شیعر و چەمکەکانی / ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ، لەنێو خوێندنەوەکەمان ئەوکاتیش باسی ئەم کۆپلە شیعرەمان کردووە ، بەڵام ئێستا بۆ مەبەستێکیتر خوێندنەوەی بۆ دەکەین ، بەر لەهەر شتێک لەنێو ئەم وێنە شیعرییە پارادۆکسێکی ناوازە دەبینین ، لەنێوان ( جلی ڕەش و پەردەی بووکێنی ) کە بڕشتێکی جوانی بە شیعرەکە بەخشیوە . ( خونجە ئیسماعیل ) واتە دایکی شاعیر ، بە جلی ڕەشەوە چۆتە پەردەی بووکێنی و لە ئاهەنگێکی خامۆشدا ، لە پشتی جلی ڕەشەوە وێنەی هەموو زەحمەتی و مەینەتی و ژیانی قوڕسی ژنانی کوردەواریمان بۆ ڕەسم دەکات ، ( جلێکی ڕەش ڕەش ڕەش ڕەش ڕەش ...! ) ، هێمایە بۆ ژیانێکی ئێجگار سەخت و نالەبار ، خەمێکی ئێجگار گەورە ، دیمەنێک تا ئاستی تراژیدیا غەمگین ، کێشەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە ، ئاستی فەرهەنگی و کلتووری کۆمەڵگایەک دەردەخات ، ئەمانە هەمووی لە دوو دێری شیعری تەعبیری  لێکراوە ، هاوکات ئەلبوومێکی پڕ لە وێنە و یادەوەریش ، هەستێکی مرۆیی گەورە ..! ڕاستە( خونچە ئیسماعیل ) ژنێکە و دایکی شاعیرە ، بەڵام خوێنەر لەبەردەم ناوەڕۆکێکی گەورە و پارادۆکسێکی گەورە دایە ، خوێنەر لەبەردەم دیمەنێکی هێندە خەمناک دایە تا ئاستی کارەسات ، بۆیە ئەوەی بیر دەچێتەوە ( خونچە ) کێیە ، گێندەر و ڕەگەزی چییە ، گرینگ ئەوەیە کەسێکی زەحمەتکێش بووە ، بە جلێکی ڕەشەوە گرینگترین شەوی ژیانی خۆی بەڕێکردووە ، گێندەری کەسەکە هیچ گاریگەرییەکی لەئاست گەورەیی و کاریگەری ناوەڕۆکەدا نییە . تەنانەت گێندەری شاعیرەکەش ، ئەگەر هەر شاعیرێکی تر / ئەو دوو دێرەی نووسیبا هەمان ناوەڕۆک و هەمان کێشە و تراژیدیای بەرجەستە دەکرد ...! واتە لەم دیمەنە شیعرییە ، ناوەڕۆکەکە ڕەنگەکانی گێندەری هێندە کاڵ کردۆتەوە تا ئاستی نادیار یان ڕەشبوونەوە . نموونەیەکی تر / ( جوول کێلچێر ) شاعیرێکی ئەمریکییە ، کەسایەتییەکی ژنە ، لەهەمانکات گۆرانی دەڵێ و شیعری لیریکیش دەنووسێ ، لە کتێبێکی شیعری بەناوی ( شەوێک بەبێ زریپۆش ) ، لە شیعرێکی نێو کتێبەکە بە ناوی ( خۆت کۆکەرەوە ) ، هەرخۆم شیعرەکەم کردووە بە کوردی و وا لەخوارەوە دەینووسمەوە و قسەی لەسەر دەکەین ، ( جوول ) لەم شیعرەدا دەڵێت ،

لە کەنار دەریا خۆت کۆکەرەوە

منیش دێم و لەوێدا خۆشم دەوێی

خۆت کۆکەرەوە لەگەڵ شتە کوێیەکاندا

لەگەڵ گۆرانییەکانی چۆڵەکە و کەفی دەریا

لێگەڕێ / با جوانییەکی شێتانەش خۆی کۆبکاتەوە

لەنێو چاوەکانت بدرەوشێتەوە و بانگم بکا

چونکە من ئارەزووی پیاوێک دەکەم

لەنێو قژیدا بۆ شتە کێوییەکان هێلانە چێبکا

ئەو پیاوەی بڵێسە و گڕ ماچ دەکا ...! 

شیعرێکی ناسک و جوان ، ناوەڕۆکێکی قووڵ و پڕ مانا ، ئەوە دەبینین / ژنێک واتە دەنگێکی مێ داوایەک لە پیاوێک دەکات ، کە خۆی کۆبکاتەوە ، لە سەرەتا هەردوو ڕەگەزی ( نێر و مێ ) دیارن ، ژنەکە بەردەوام دەبێ لەداواکەی کە پیاوەکە خۆی کۆبکاتەوە ، تاکو ئەویش خۆشی بوێت ، لێرەدا خۆ کۆکردنەوە ، وەک هێمایەک زۆر شتی لە پشتە ، وا دیارە پیاوەکە کەسێکی هێندە نائومێدە تا ئاستی ڕەشبینی ، دەستی لە خۆیی و ژیان و ئومێدەکانی بەرداوە ، ژنەکە داوای لێدەکات خۆی کۆبکاتەوە و بگەڕێتەوە نێو ژیان و دەست بە ئومێدەکانیی بگرێتەوە ، خۆی کۆکاتەوە / لەگەڵ شتە کێوییەکان ، دەکرێ شتە کێوییەکان هێما بێت بۆ شتە یاخییەکان ، گورانییەکانی چۆڵەکە هێمابێ بۆ شتە جوانەکان ، کەفی دەریاش هێمابێ بۆ جووڵە و هەوڵدان ، کەواتە دەخوازێ پیاوەکە لەم نائومێدییە گەورەیە خۆی ڕزگار بکات و بگەڕێتەوە نیو ژیان و لەگەڵ شتەجوانەکان بژی ، بەم شێوەیە دەبێتەوە بەو کەسەی کە ئەویش خۆشی بوێت ، تا ئێرە ئاساییە ، ناوەڕۆکێکی جوان و پڕ مانا و گێندەرەکانیش دەبینرێن بەڵام ، کاتێک دەگەینە دوادێری شیعرەکە ، کە دەڵێت ،( ئەو پیاوەی گڕ و بڵێسە ماچ دەکا ...! )  ، ئەم دێرە هێندە پڕ ماناو هێندە دێرە شیعرێکی ناسک و ناوازەیە ، ناوەڕۆکەکە قووڵتر پێشان دەدات ، ژیان و عەشق جوانتر پێشان دەدات ، لە بەرامبەریشدا / نائومێدی و پەرتبوونەکان گەورەتر دەردەکەون ، خوێنەر لەبەرامبەر ناوەڕۆکێکی قووڵ قەرار دەگرێت ، گێندەرەکانی بیردەچێتەوە و دەکەوێتە نێو بیرکردنەوەیەکی قووڵ ، کەسێک گڕو بڵێسە ماچ بکات دەبێ / کەسێک لێونلێو بێت لە خەونی جوان لە هیواو ئومێدی جوان ، نەک کەسێکی پەرت و لاکەوتە و نائومێد ، بۆیە لەژێر کاریگەری ناوەڕۆکێکی پڕ لە جووڵەی ئیستاتیکی ، گێندەرەکان لە مێشکی خوێنەر وندەبن کاریگەرییان نامێنێ ، تەنانەت خودی شاعیرەکەش گەر ( جوول ) نەبێت هەر کەسێکیتر بێت هیچ لە مانا و ناوەڕۆکی شیعرەکە ناگۆڕێت ...! نموونەیەکی تر / شیعرێکی ( خولیا حسێن )ی شاعیر ، بەناوی ( دایکم و دەریا لەیەکدەچن ) ، ماوەیەک لەمەوبەر خوێندنەوەیەکیشمان بۆ ئەم شیعرە کردووە ، بەناوی ( شیعر و دایک و میهرەبانی ) ، بەڵام ، لێرەدا بۆ ئەم وتارەمان دیسان قسە لەسەر دیوێکی تری ئەم شیعرە دەکەینەوە ، خولیا لە سەرەتای شیعرەکەیدا دەڵێت ،

دەریا و دایکم لە یەک دەچن
کە غەریبیی دایکم دەکەم 
دەچمە کەنارێکی دەریا 
نیگاکانم نوقمی قووڵاییەکەی دەکەم

لە جوانی و 
لە فراوانی و 
لە هێمنی دەریادا
جوانی و 
هێمنی و 
دڵ گەورەیی دایکم دەبینم

یان لە شوێنێکی تری شیعرەکەدا دەڵێت ،

هێندە دڵخۆش و هێندە ئارام و 
منداڵ دەبمەوە 
وادەزانم لە ژێر ئاسمانی چارۆکە شینە
ئەفسووناویەکەی دایکم
خۆم شاردۆتەوە 
نە عەشق دەمسووتێنێ
نە خۆشەویستی ئازارم دەدا
نە خەم زەفەرم پێ دەبا 
نە شەکەتی پێم دەزانێ 
نە تەمەن لەگەڵ خۆی دەمبا 
نە دۆڕان تێکم دەشکێنێ 
نە غوربەتیش دەمگریێنێ ..!

ناوەڕۆکی شیعرەکە باسکردنە لە ڕۆڵی دایک و گەورەیی و میهرەبانی دایک ، وەک کەسێکی ئازیز و پیرۆزترین و خۆشەویسترین کەس ، باوەشی دایک ئارامیترین کونج و جێگایە بۆ منداڵەکانی ، پەناگەیەکە پڕ لە میهر و خۆشەویستیی .. لێکچوواندنی دایک لەگەڵ دەریا هاوکێشەیەکی شیعری پڕ لە جوانکاری نەخشاندووە ، لە هەمانکات ، وێنەیەکی قووڵی پڕ لە مانا ..! لێرەدا مەبەستمان نییە دووبارە لەسەر ناوەڕۆکی شیعرەکە قسە بکەینەوە بەڵام ، ئایا لەم دەقە شیعرییە خوێنەر لەبەرامبەر ناوەڕۆکێکی بەرز و گەورەی ئینسانییە یان گێندەر ؟ خۆ ئەگەر خولیا بیگوتبا / باوکم و دەریا لەیەکدەچن ، خوێنەر لەبەرامبەر هەمان مانا و هەمان ناوەڕۆک قەراری دەگرت ، چونکە باوکیش هەمان ئەو کەسە گرینگە و گەورەیەیە بۆ منداڵەکانی ، هەمان پاڵپشت و باوەشی باوکیش هەمان ئەوکەنارە ئارامە و هەمان ئەو کونجەیە کە پڕاوپرە لە میهر و خۆشەویستی ، بۆیە لەم دەقە شیعرییەش گێندەر ئەو ڕووبەرە فراوانەی نییە ، چونکە لەوکاتەدا مێشکی خوێنەر سەرقاڵە بە بیرکردنەوە لە میهرەبانی و گەورەیی کەسێک ئەو کەسەش ( دایک )ە ، خۆ لەجیاتی خولیا گەر هەر شاعیرێکی تر ئەم دەقە شیعرییەی نووسیبا هەمان ناوەڕۆک و مانای دەبوو ، چونکە گێندەری شاعیریش هیچ کاریگەری بەسەر دەق و ناوەڕۆکەکەدا نییە و نابیندرێ . ئێستا دوای ئەم هەموو نموونە و فاکتانە ، دەمانەوێت باس لە هۆکارەکان بکەین / بۆچی گێندەری شاعیرەکان لەنێو ڕووبەری دەق ئەو کاریگەرییەیان نییە ، یان شاعیرێک بەدەر لە کەسایەتی خۆی و گێندەری خۆی ، دەتوانێت وەک ( ئەوی شاعیر ) گێندەری ( مێینە و نێرینە ) لەخۆی بەرجەستە بکات و یان کەسێک بێت ڕەگەزی نادیار بێت و تەنها وەکو مرۆڤێک دەرکەوێت . یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە / شاعیر لەنێو رووبەری دەق ، بەهۆی زمانەوە دەتوانێت توخمەکانی سروشت وەک ( با ، درەخت ، ئاو ، ئاگر ، هەور ، ئەستێرە ، مانگ ، بەرد ، ڕووناکی ، هەتادوایی .. ) ، بەکاراکتەر بکات و بەقسەیان بهێنێت ، کاتێک دەڵێت / من ڕەشەبام کە هەڵدەکەم ..... . ئیتر لێرەدا شاعیر ڕەشەبا وەقسە دەهێنێت ، گێندەر هیچ ڕۆلێکی نابێت ، گێندەری شاعیرەکە خۆی لە پەیوەند بە توخمەکان ( چ مێ بێت یان نێر ) هیچ لە بابەت و ناوەڕۆکی دەقەکە ناگۆڕێت ، خاڵێکی تر / شاعیر دوای بیرکردنەوە دەچێتە نێو قووڵایی خەیاڵ ، هێندە قووڵ دەبێتەوە تا گەیشتن بە ڕووبەری ناخودئاگایی .. ڕووبەری ناخودئاگاییش بەمانای ( دابڕان  لە ئاگایی و هۆشمەدی خود ، هاوکات دابڕان لە واقیعی مەوجودیش واتە واقیعی هەبوو )  هەروەها لە واقیعی خۆیشی دادەبڕیت ...! ،  بۆیە لێرەدا ئەگەر باسی کردەی ( کوشتنی باوک ) بکەین لەلای ( فرۆید ) و لەو سەرچاوانەش بکۆڵینەوە کە هاوکاری بوون بۆ نووسینەوەی ئەم تیۆرە ، دەبینین چ لە ( ئۆدیبی  ( سۆفۆکلیس ) و هاملێتی ( شکسپیر ) و برایانی کارامازۆفی ( دەستۆفسکی ) لەوێدا ، ئەوە دەخوێنینەوە کە / نووسەرەکان و پاڵەوانەکان لەوکاتەدا لەژێر کاریگەری پاڵنەرە ( ناخودئاگاییەکان ) بوون ، یان تەقاندنەوەی پاڵنەرێکی دەرەکی کە هەمیشە لەنێو رووبەری ناخودئاگاییان کاریگەرییەکی تۆخی هەبووە ، ئەم پاڵنەرە دەرەکییەش ( ململانێی سێکسی یە لەبارەی ڕەگەزی مێ وە ) ، لەوکاتەدا چونکە لەنیو رووبەری ( ناخودئاگایی )دا بوون ، دواتریش کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ باری ( خودئاگایی ) یان باری ئاسایی خۆیان ، ئەوکات پەشیمان دەبنەوە  لێرەدا مەبەستم لە تاوانبار و توانبار نەبوونی کەسەکان و کردەکە نییە ، مەبەستمە باری ئەو ( دابڕانە )ە پێشان بدەم ، کاتێک دەڵێین کەسەکان لەباری ( ناخودئاگایی ) گەڕانەوە بۆ باری ( خودئاگایی ) و باری ئاسایی خۆیان واتە ( دابڕابوون ) لە واقیعی خۆیان و دەرەوەی خۆیان ...! بۆیە بە دیوێکیتر دەتوانین بڵێین / شیعر نووسینەوەی چرکە ساتەکانی وڕێنەیە ، واتە چرکە ساتەکانی دابران لە هۆشمەندی و ئاگایی خود ..! چونکە شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە ، لێرەدا  شاعیریش دەبێتە گەریدەیەکی گەردوونی ...! کاری بەسەر ئەوەوە نییە خۆی لەدنیای واقیع چ ڕەگەز و گێندەرێکی هەیە ، شاعیر لەنێو ڕووبەری خەیاڵ و لەنێو پانتایی زمان بوونێکی جیاوازی هەیە واتە تەنها مرۆڤە و هیچی تر ...! ، بۆیە گەر لێرەدا باسی ( شیعری ژنانە و ئەدەبی ژنانە ) بکەینەوە ئێمە زۆرجاران ئەم پۆلینکردنەمان بەناوی ئەدەبی ( ژنانە و پیاوانە ) و یان ( شیعری ژنانە و پیاوانە ) ڕەتکردۆتەوە ، لە کتێبی ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا )ش بە ڕۆشنی قسەمان لەسەر پۆلینکردنی شیعر و ئەدەب کردووە و ڕەتمان کردۆتەوە بەو هۆکارەی ، کە ئەدەب یان شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە و لەنێو کایەی ( مرۆڤ و بەها مرۆییەکان ) ئیش دەکات ، بە هەر هۆکارێک بێ / ناتوانین ئەدەب یان شیعر پۆلین بکەین و ڕووبەرە فروانەکەی بچووک و بەرتەسک بکەینەوە ، بەڵام لێرەدا ئەو خاڵەش زیاد دەکەین کە / ئەگەر بڵێین ئەدەبی ژنانە یان شیعری ژنانە بەمانای ، ( ئەوی شاعیر ) لەنێو رووبەری بیرکردنەوە و خەیاڵ هێندە قووڵ نەبۆتەوە تا لە واقیعی دەرەوە و لە واقیعی خۆی داببڕێت ، یان نەگەیشتۆتە ڕووبەری ناخودئاگایی و سنووری دابڕان ، واتە هەر ( خۆیەتی ) نەک ( ئەوی شاعیر ) ، ئیمە لەسەرەتای ئەو باسە گوتمان / ئێمە لەم وتارەمان مەبەستمان خودی کەسەکە نییە بەڵکو ، مەبەستمان ئەوی شاعیرە ، بۆیە هەڵەیەکی گەورە دەکەین گەر بڵێین ( ئەدەبی ژنانە یان شیعری ژنانە ) ، چونکە من بیستوومە هەندێک لە خانمەکان ، ئەوانەی شاعیرن و شیعر دەنووسن ، لە دیمانەکان دەڵێن / بۆیە باوەڕمان بە  ( شیعری ژنانە یان ئەدەبی ژنانە ) هەیە چونکە ، شاعیرەکە ( خۆی ) ژنە و لەنێو شیعرەکەیدا هەستی ژنانەی خۆی دەردەبڕیت ، یان لەنێو ئەدەبەکەیدا دەیەوێت بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی خۆی بکات ...! ئێمەش بە دیاریکراوی / ڕێک  مەبەستمانە ئەوە ڕەت کەینەوە ، چونکە شاعیر بەدەر لەوەی چ گێندەرێکی هەیە دەتوانێت هەردوو هەستەکان  ( چ ژنانە یان پیاوانە ) لەنێو رووبەری دەق بەرجەستە بکات و بەرگریش لە ماف و ئازادییەکانی تاک بکات ...! ، چونکە دواجار ( هەستی ژنانە یان پیاوانە ) هەستەکانی مرۆڤن ، ئامانجی شیعریش بەرهەمهێنانی جوانی و ئیشکردنە لەسەر جوانی بۆیە / شاعیریش لەنێو ڕووبەری دەق بوونێکی ئیستەتیکی هەیە و  ( مرۆڤێکە گێندەری نادیارە واتە تەنها مرۆڤە و بەس ...! ) ، ئەو خاڵەش کە دەڵێن چونکە ( خۆیان ژنن ) ، واتە ئەو شاعیرانە باس لە ( خودی خۆیان دەکەن ) وەک ئەوەی کە هەن ، نەک وەک ئەوەی کە ( شاعیرن ) و بوونێکی ناجێگیری توخم ئامێزییان هەیە ...! ، خاڵێکی تر لە پەیوەند بە ( شیعر و شاعیر و گێندەر ) / مرۆڤ چ ( نێر بێت یان مێ ) کە دێتە نێو ژیان ، لەسەرەتا بوونێکی ناتەواوی هەیە ، مرۆڤەکان لە ڕیگەی داهێنانەوە هەوڵ دەدەن بوونی خۆیان تەواو بکەن یان مانا و شوناسێک بە بوونی خۆیان ببەخشن ، جا ئەگەر شاعیر گێندەرەکەی هەر جۆرێک بێت ، هەوڵدەدات لە ڕێگەی داهێنانەوە بوونی خۆی تەواو بکات ، بۆیە شاعیر بۆ ئەوەی داهێنانی گەورە بکات ، دەبێت وەک شاعیرێک مامەڵە لەگەڵ خۆی بکات ، وەک مرۆڤێک بتوانێ لە یەککاتدا هەردوو گێندەر لەخۆی کۆبکاتەوە ، چونکە شاعیری داهێنەر دەبێ بوونەوەرێک یان گەریدەیەکی گەردوونی بێت ، مرۆڤێک بێت خاوەن بوونێکی باڵا بێت . هەر بۆیە دەبینین ( ئەلبێر کامۆ ) لە کتێبی ( ئەفسانەی سیزێف )  لە شوێنێکدا دەڵێت . ( داهێنان واتە دووجار ژیانکردن ..! ) ، ئەگەر لەو وتەیەی کامۆ ورد بینەوە لە پەیوەند بە شاعیر ، ئەو مەبەستی لە شاعیرێکی داهێنەرە ، شاعیرێک کە لەڕێگەی داهێنانە گەورەکانی بتوانی دووجار بژیی ، واتە ببێتە موڵکی مێژوو ، دوای مردنیش هەر بە زیندوویی بمێنێتەوە ، وەک ( شکسپیر و دانتی و بۆدلێر و ناڵی و سەدان گەورە شاعیری تر . ) بە مانای / شاعیرێک وەک مرۆڤێکی گەردوونی بتوانێ لەڕێگەی زمانەوە قسە لەبارەی هەموو شتێکەوە بکات ، بە دەربڕینی هەستی پیاوانە و ژنانەشەوە ...! هەر خودی ( ئەلبێر کامۆ ) لە هەمان سەرچاوە لە پەیوەند بە داهێنانەوە قسەیەکی ( نێچە ) بە نموونە دەهێنێتەوە کە دەڵێت / ( هونەر بە تەنها هونەر ، ئێمە هونەر شک دەبەین ، تا حەقیقەت نەبێتە مایەی مردنمان ...! ) ، ئەگەر لە ناوەڕۆکی ئەم قسەیەی ( نێچە ) ورد بینەوە یان لە پشتی دیوە نادیارەکەی ئەم قسەیە ، گرینگی داهێنانمان بۆ دەردەکەوێت بەرامبەر بە بوون و ژیان ، مەبەستییەتی بڵێت / ئەوکەسانەی داهێنانیان نییە ، حەقیقەتیان وەک نەبوو وایە واتە بوونێکی ( بێبەها و مردوو ) یان ( ناتەواو و بێ هێز ..! ) ئەوەی کە( مارتن هایدگەر ) بە بوونێکی ( نامۆ یان ناڕەسەن ) ناوی دەبات  ، جا بۆیە ئەگەر لە خاڵی کۆتایی وەڵامی پرسیارە جەوهەرییەکەی سەرەتا بدەینە ، دەڵێین ( نەخیر ) من بە دروستی نابینم بڵێین  ( ژنە شاعیر چنوور نامیق ) ، یان ( خانمە شاعیر ڤینۆس فایەق ) ، وا دروستترە بڵێین / ( چنوور نامیق )ی شاعیر ، یان ( ڤینۆس فایەق )ی شاعیر .. بە پێویستی دەزانم ئەوەش بڵێم کە من لە کتێبی / ( سارا تیسدەیل ژنە شاعیری ئەمریکی ) ، بێئاگا کەوتوومەتە نێو هەمان هەڵەوە ، بە دڵنیاییەوە گەر جارێکیتر ئەم کتێبە چاپ بکەمەوە هەڵەکەم راست دەکەمەوە و لە بەرگەکەی دەنووسم / ( سارا تیسدەیل شاعیرێکی ئەمریکی ) ، چونکە هەروەک گوتمان / شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە و شاعیریش ئەو بوونەوەرە گەردوونیەیە ، ئامانجی بەرز ڕاگرتنی مرۆڤ و بەها مرۆییەکانە و بۆیە دواجار شاعیر تەنها مرۆڤێکە و هیچیتر ...!

 

                                                             ٢٠ی ئەپریلی ٢٠٢١

سەرچاوەکان :

_ کتێبی ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) .. ناڵە حەسەن

_ کتێبی ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح  ) .. ناڵە حەسەن

_ کتێبی ( دەقی تەمەن ) .. ناڵە حەسەن

_ کتێبی ( حەز دەکەم ئەوەندە بژیم ) سەباح رەنجدەر

:_ کتێبی ( دیوانی شێرکۆ بێکەس ) .. بەرگی دووەم

_ کتێبی ( من هەبم یاخود نا .. ئەمەیە مەهزەلەکە ) .. تەرزە جاف

_ کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف ) .. ئەلبێر کامۆ .. و/ ئازاد بەرزنجی

_ کتێبی ( a night without armor  ) ..  Jewel Kilcher

_ شیعری ( باخەوان ماندووترە لە ئاو ) .. فەیسبووکی ( کەژاڵ ئەحمەد ) .

_ شیعری ( دایکم و دەریا لەیەک دەچن ) فەیسبووکی ( خولیا حسێن ) .

 

 

 

 

 

  

 

 

گەڕان بۆ بابەت