ناچارین بە هەڵبژاردن

پێوەندی خەڵک لە گەڵ دەسەڵات لە دۆخە ئاساییەکاندا لە دوو حاڵەت بەدەر نیە: یان دەسەڵاتی قەبوڵە، یان قەبوڵی نیە. کە بە گوێرەیان یان لە رێگای دەنگ و پشتیوانییەوە دەسەڵاتەکە بەرهەم دێنێتەوە، یان لە دژی رادەوەستێ و هەوڵی گۆڕینی دەدا.

بەڵام دەکرێ حاڵەتێکی تر هەبێ ئەویش ئەوەیە خەڵک دەسەڵاتی ناوێ بەڵام لە هەمان کاتدا یان نایەوێ یاخود توانای گۆڕینی نیە. لێرەدا جۆرێک لە ملکەج بوونی داسەپاو بەرامبەر بە دەسەڵات دروستدەبێ کە نە قەبوڵکردنیەتی و نە رەدکردنەوەی.

ئەم دۆخە دەکرێ خراپترین دۆخی مومکین بێت. لەبەر ئەوەی کۆمەڵگا خۆی لە مافی هەڵبژاردن بێ بەری کردووە و لە باری کەسایەتییەوە کەسایەتییەکی دەستەوەستانە.

دیارە مەرج نیە دۆخیکی لەم چەشنە ئەبەدی بیت، بەڵام هەتا زیاتر درێژە بکێشێ، کەسایەتی کۆمەڵگا زیاتر دەشێوێ. هەڵبژاردن ئەو بڕیارەیە وا دەتوانێ رزگاردەر بێت.

سایتی قەڵەم

٢٩ مانگی چواری ٢٠٢١