ما 4961 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

دیلی لە پێناوی مانەوەدا

لە رۆمانی 'سەفەر بەرەو کۆتایی شەو'، لە نووسینی 'لویس فێردیناند سێلینە'، نووسەر باس لە دوو کەسایەتی ناو رۆمانەکەی خۆی دەکا، دوو سەربازی سوپای فەڕەنسە کە وەڕەز لە شەڕی یەکەمی جیهان و لە نەهامەتییەکانی، دەیانەوێ خۆیان رادەستی سوپای ئاڵمان بکەن. ئیستا ئەوان تەنیا دەیانەوێ گیان دەربەرن و رزگاریان بێت. ئیتر هیچی تر نا. تەنیا، کۆتایی ئەو شێتیەتیەتی وا لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە ناوی لێنراوە شەڕ لە پێناوی نیشتماندا.

کارمان بەوە نیە ئەو دوو کاراکتێرەی ناو رۆمانەکە دەگەنە مەبەستیان یان نا، بەڵام گرینگ ئەو حاڵەتەیە لەم دووانەدا روودەدات. جاری وایە دووپاتبوونەوەی بێهوودەی شەڕەکان مرۆڤ بەرەو بڕیارێک دەبا کە رەنگە کاتی خۆی هەر بە خەیاڵیشیدا نەهاتبێ. دیلیەتی تەنیا لە پێناوی مانەوەی ژیاندا،... تەنیا بۆ ئەوەی ئەو ساڵانەی وا وەک ژیان پێمان بەخشراوە، بژین.

بەڵام هەر ئەمەیش نیە. خۆبەدەستەوەدان لە داخی درۆ گەورەکان،... لە داخی ئەوەی ئەوەی گوترا راست نەبوو و تەنیا خواستی کەسانێک بوو لە پێناوی هەموو شتێکدا جگە لەو شتانەی وا باسیان لێدەکرد.

دەکرێ ئەم حاڵەتە لە کاتی ئاشتیشدا دووپات بکرێتەوە. کاتێک درۆکان دەردەکەون و ئیتر هیچ شتێک مانای نامێنێ. کاتێک بوونەکان لە ئاست و قەوارەی گوتەکان و بەڵێنەکاندا نین.

ئەمە ئەو کاتانەیە ژیان تەنیا دەبێ بە خۆی، داماڵدراو لە هەر تایبەتمەنییەکی تر. تەنانەت لای کەسەکە دیلیش مانای نامێنێ.

سایتی قەڵەم

١٤ مانی مەی ٢٠٢١

گەڕان بۆ بابەت