فەڕۆخ نێعمەتپوور

رەنگە هەر ئەم دوو جار مردنە بێت کە ئەوەندە هێزی ژیان دەدەن بە پرۆژەی نووسین لە ژیانی نووسەردا. بێگومان نووسەرەکەی ئامریکای لاتین بە بیستنی ئەم بۆچوونەی رۆڵان بارت، گڕ و تینێکی زیاتری تێکەوتووە. وەها کە کاتی بە کات داگیرساندووە! بە بێ پسانەوە. جگەرەیەک کە هەر مژێکی دەکرێ دونیایەک دوکەڵی مانای لێبکەوێتەوە. 

 

تەنیا نووسەر دوو جار دەمرێ

 

کاتێک "رۆڵان بارت" تیۆری مەرگی نووسەری راگەیاند، رەنگە کەس بیری لەوە نەکردبێتەوە کە بەمە رۆڵان بارت خەریکی غەدرێکی تر لە نووسەر بوو، غەدرێک کە بە مەبەستی بەرجەستەکردنی دەق لە غیابی خودی نووسەردا بوو بە مەبەستی تیشکی زیاتر خستنە سەر خودی دەق و دانی سەربەخۆیی زیاتر پێی. بارت، بە کوشتنی نووسەر دەیویست ژیانی نووسەر وەک چۆن نووسەر لە کاتی نووسینی دەقدا کردبووی، زیاتر بۆ ناو بابەت رابکێشێ و بەم شێوەیە نووسین ئەبەدیتر و بەرجەستەتر بکات. بوونێک وەک خۆی و نەک وەک کەسی تر. لە راستیدا ئەوەی بارت کردی غەدرێکی خاوەن دوو سەری دژ بەیەک بوو، لە لایەکەوە ئەو تەئکیدەی لە نووسەر کردەوە کە ژیانت هی خۆت نیە و، لە لایەکی ترەوە پێی گوت گەر دەتەوێ رێزت بۆ ئەندێشەکانت هەبێ، وازیان لێ بێنە و لێیان گەڕێ ئەوان بۆ خۆیان لە نەبوونی تۆدا خەریکی رێکردن و خۆ دۆزینەوە بن.

کاتی خۆی یەکێک لە چیرۆکنووسانی ئەمریکای لاتینیش کاتێک باسی لە پێویستیی نووسین دەکرد، نووسەری بۆ کورتی و خێرایی ژیان دەگێڕایەوە. واتە نووسەر دەبێ بنووسێ چونکە کات زۆر بە دەستەوە نیە و ژیانی مرۆڤ زۆر خێرا تێدەپەڕێ. هەر بۆیە دەبێ تا کاتی بە دەستەوە ماوە، بنووسێ بۆ ئەوەی لە رێگای نووسینەوە بەردەوامیی ژیان و پێویستی دووانی مرۆڤی لە سەر دەستەبەر بکات. هەڵبەت ئەم بۆچوونە بە تەواوی دیار نیە کە چلۆن دەتوانرێ بە بۆچوونەکەی رۆڵان بارتەوە گرێ بدرێ. بەڵام دەتوانین بڵێین کە کاکڵی هەر دووکیان بە جۆرێک یەکێکن. بەو جیاوازییەوە کە بارت، نووسەر لەو کاتەیدا دەمرێنێ وا هێشتا لە ژیاندا ماوە و، کەچی ئەو نووسەرەی ئامریکای لاتین چاوی لەو مەرگەیە دوواتر دێت.

هەڵبەت گەرچی ناوی ئەم دوو مەرگە، مەرگە، بەڵام لە باری جنس و رەگەزەوە جیاوازن. یەکیان مەرگی پەیوەندییە و ئەوی تریان مەرگی جەستەیی. یاخود یەکیان مەرگی مەجازییە و ئەوی تریان مەرگی مەتریاڵی. بەڵام بڵێی داخۆ جیاوازییەکی زۆر سەیریان لە نێواندا بێت کاتێک باس لە ماڵئاوایی لە خودی بەرهەمە؟

نووسەر دوو جار ماڵئاوایی لە گەڵ دەق دەکا، کاتێک وەک منداڵێکی پێگرتوو وازی لێدێنێ تا بە گەڕەكدا شۆڕبێتەوە و ئاودیوی کۆڵانەکان بکەوێ و، دووهەم جاریش ئەو کاتەی بۆ خۆی لە ناو پێخەفی مەرگدایە و بەڵام لە ئەندێشەیدا خەریکی بە سەرکردنەویەتی. هەڵبەت رەنگە کەس لە دڵەڕاوکێکانی تێنەگا، وەک چۆن هیچ دراوسێیەک بە تەواوی لە دڵەڕاوکێی ئەو جیرانەی تێناگا وا منداڵەکەی سەری خۆی هەڵگرتووە و رۆیشتووەو دەشێ لە هەموو رێگاکان و شوێنەکان لە هەر دۆخێکی خوازراو و نەخوازراو ببیندرێتەوە. ئەو دڵەڕاوکێیە هەر هی ئەوەو بەس.

بەڵام، رەنگە هەر ئەم دوو جار مردنە بێت کە ئەوەندە هێزی ژیان دەدەن بە پرۆژەی نووسین لە ژیانی نووسەردا. بێگومان نووسەرەکەی ئامریکای لاتین بە بیستنی ئەم بۆچوونەی رۆڵان بارت، گڕ و تینێکی زیاتری تێکەوتووە. وەها کە کاتی بە کات داگیرساندووە! بە بێ پسانەوە. جگەرەیەک کە دەکرێ هەر مژێکی دونیایەک دوکەڵی مانای لێبکەوێتەوە.

با نووسەر دوو جار بمرێت، یەکیان بە دەستی مرۆڤ و ئەوی تریان بە دەستی سروشت. ئەو دوو مردنەی دەقیان لێدەکەوێتەوە، ئەگەرچی رەنگە دەقەکەیش سەرئەنجام لە سەر رەفەی ژێرزەمینی کتێبخانەکان فەرامۆش بکرێت. بەڵام لە دوو توێی کتێب دا هەر لەوێیە.

   

 

 

بازدید: 1167