یاشار کەمال لە بەرهەمەکانیدا هەوڵ دەدا دەربڕی دەنگی قوڵاییەکانی کۆمەڵگا بێت، ئەو شوێنانەی وا دەسەڵاتداران هەوڵی لە بیرکردن و لەبیرپێکردنی دەدەن. راوەستان لە پاڵ چەوساوەکان و کەمینە ژێردەستەکان و هەروەها دەرخستنی زوڵمی چەوسێنەران بە جوانی لە بەرهەمەکانیدا رەنگ دەدەنەوە. ئەم نووسەرە بلیمەتە، دڵی، پڕی رێز بۆ گەلان و ژیانی ئاشتیانەی ئەوان پێکەوە بوو. مێشکێک، عەوداڵی بیرە سۆسیالیستییەکان لە پێناوی کۆمەڵگایەکی دادوەرانەتردا.

 

مەرگی نووسەری بە ناوبانگ یاشار کەمال

یاشار کەمال نووسەری کورد کە بە تورکی بۆ کورد و کەمینە نەتەوەییەکان و هەموو ئەوانەی دەنووسی وا دڵیان لای ژێردەستان بوو و، لەسەر ئەوانیش چەندین جار گیرابوو چووبووە زیندانیشەوە، لە نەخۆشخانەیێکی ئیستامبول دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.

"کەمال سادق گوکچلی" ناسراو بە یاشار کەمال، خولقێنەری دەیان رۆمان و یەک لەوان رۆمانی "معمد قرقی" کە بە زبانی فارسی بە "ئینجە ممد" و بە کوردی بە "حەمە دۆک" وەرگێڕدراوە، لە تەمەنی ٩١ ساڵی بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان و لە نووسین کرد. بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە گەورەیە تا ئیستا بە دەیان زمانی زیندووی دونیا وەرگێڕدراون و بوونەتە ئیلهام بەخشی ئەدەبی هەم بۆ نووسەران و هەم بۆ تەواوی ئەوانەی ئەدەب وەک رەنگدانەوەی ژیان و تێکۆشانی مرۆڤ دەبینن.

یاشار لە ساڵی ١٩٢٣ لە گوندی "هامینە" سەر بە قەزای عوسمانییەی تورکیە کە ناوچەیێکی کوردنشینە لە دایک دەبێت. دەورانی منداڵی پڕ لە دژواری و نەهامەتی بووە. لە روداوێکی هاتوچۆدا چاوێکی لە منداڵیدا کوێر دەبێت. تەنیا پێنج ساڵی تەمەن بووە کە لە بەرچاویدا باوکی لە کاتێکدا خەریکی نوێژخوێندن بووە دەکوژرێ.

یاشار بە هۆی هەڵوێستەکانی دەکەوێتە بەر ئەزیەت و ئازار و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانی. هەر بەم هۆیەوە ناچار دەبێ سەردەمانێک وڵات بە جێ بێڵێ و، لە هەندەران لە بیری چاپکردنی کتێبەکانیدا بێت. دوایین کتێبی ئەم نووسەرە بە نێوی "باڵندەیێکی یەک باڵ" لە ساڵی ٢٠١٢ بڵاو دەکرێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم کتێبە ٤٠ ساڵ لەوە پێش نووسراوە.

 یاشار کەمال لە بەرهەمەکانیدا هەوڵ دەدا دەربڕی دەنگی قوڵاییەکانی کۆمەڵگا بێت، ئەو شوێنانەی وا دەسەڵاتداران هەوڵی لە بیرکردن و لەبیرپێکردنی دەدەن. راوەستان لە پاڵ چەوساوەکان و کەمینە ژێردەستەکان و هەروەها دەرخستنی زوڵمی چەوسێنەران بە جوانی لە بەرهەمەکانیدا رەنگ دەدەنەوە. ئەم نووسەرە بلیمەتە، دڵی، پڕی رێز بۆ گەلان و ژیانی ئاشتیانەی ئەوان پێکەوە بوو. مێشکێک، عەوداڵی بیرە سۆسیالیستییەکان لە پێناوی کۆمەڵگایەکی دادوەرانەتردا.

یادی ئەم رۆماننووسە مەزەنە هەمیشە بەرز و پیرۆز بێت.

سایتی قەڵەم

٢٨ فێبرواری ٢٠١٥

 

 

 

 

دسته: هەواڵی هونەری
بازدید: 1424