چیرۆک و کۆمەڵگا

رووداو یەکێک لە پنتە سەرەکییەکانی چیرۆکە. چیرۆکنووس کاتێک دەیەوێ چیرۆک بنووسێ پێش لە هەر شتێک زەینی دەچێتە سەر گێڕانەوەی بەسەرهاتێک، جا یان بەسەرهاتێکی دەرەکی یان دەروونی، یاخود ئاوێتەیەک لە هەر دووکیان. دیارە بەو مەرجەی چیرۆک لە چوارچێوەی تایبەتمەندیی مودێڕندا خۆی پێشکەش بکات.

کۆمەڵگای کوردی وەک هەموو کۆمەڵگاکانی تر تەژی لە رووداوە. بگرە رەنگە بە گوێرەی ئەو دۆخە تایبەتەی تێیدایە، تەژی تریش. بەڵام چەندە چیرۆکی کوردی توانیویەتی ئاوێنەی باڵانوێنی ئەم رووداوانە بێت؟ داخۆ چیرۆک و رۆمانی کوردی دەرەقەتی نوواندنەوەی ناخ و بەرینایی ئەم تایبەتەندییە بوونە؟

دیارە رووداوی هونەری جیاوازە تا رووداوی راستەقینە، بۆیە لێرەوە هەر چیرۆکێک دەتوانێ (گەر چیرۆک بێت)، لەگەڵ ئەوەی رووداوێک دەگێڕێتەوە، بەڵام دەربڕی بەریناییەکی تر بێت. لێرەوە بەو ئەنجامە دەگەین رەنگە چیرۆکەکان بە ژمارە بە قەدەر چیرۆکەکانی ناو کۆمەڵگا نەبن، بەڵام بە هۆی هونەری بوونیانەوە دەتوانن کەمتر نەبن.

هەمووی ئەمانە بەو مەرجە روودەدەن کە چیرۆکنووس بتوانێ خۆی لە رووداو نەدزێتەوە و، زیاتر لەمە، بتوانێ بە شێوەی هونەریانە بیگێڕێتەوە.

لەوە دەچێ هەتا ئیستا چیرۆکی کوردی لە ئاست رووداوەکانی خودی کۆمەڵگادا کەمێک کورتی هێنابێ.

سایتی قەڵەم

٢١ مەی ٢٠٢١

 

بازدید: 288