فەڕۆخ نێعمەتپوور

زیندانبانەکەی یەک هەفتە مۆڵەتی بۆ داناوە. بەڕای من ئەگەرچی یەک هەفتە وەک هەمیشە هەر هیچ نیە و بگرە لە خوێندنەوەی 'کات' بەگشتی وەک هیچیش حسێبی بۆ ناکرێ، بەڵام لەم جۆرە کاتانەدا فورسەتی چاکە. دایکی دەڵێ بەقوربانت بم، لە دەورت گەڕێم فکرێکمان بۆ بکە!

 

لێرە، لەم شارە

هاوڕێکەم لە زینداندایە. لە نامەیەکدا کە دووانامەیە و لە دووای ساڵانی ساڵ ئیزنیان داوە بینووسێ و بۆ کەس و کارەکەی بنێرێ، باس لەوە دەکا زیندانبانەکەی پێی گوتووە گەر بتوانی ببێ بە شارزاد و هەزار و یەک شەو چیرۆکی بەتام و بەلەزەتی بۆ بگێڕیتەوە، ئەوا گەر ئیعدامیشی نەکا لانیکەم هەزار و یەک شەوی تر دەژی. گوتوویەتی هەزار و یەک شەویش یەعنی نزیکەی سێ ساڵ تەمەن.

هاوڕێکەم کە یەکجار ئاشقی ژیانە و بۆ خۆی دەڵێ لە پێناوی ژیاندا وەهای بەسەرهاتووە و کەوتووەتە ناو چاڵە رەشەوە، لە کۆتاییدا نووسیویەتی "فریام کەون!"

منیش دەمەوێ فریای کەوم. سەرەتا سوپاسی کەس و کاری دەکەم منیشیان بە کەسی نزیکی خۆیان زانیوە و ئاگاداریان کردوومەتەوە. دەبێ بڵێم من و هاورێکەم لە یەک رێبازدا بووین. ئەو لە دووای ماوەیەک پێوەبوو و زۆر پیاوانە ناوی منی نەبرد و بە دەرد و مەرگی خۆیەوە لە زینداندا دانیشت. منیش کە سەرەتا نەمدەزانی داخۆ ناوی منی بردووە یان نا، لە دووای ماوەیەک وریابوون و بەشەوانە درەنگ وەردەکەوتن و لەم لاولا خەوتن، زانیم کوڕی رۆژی تەنگانەیە و هیچی نەگوتووە و، بۆیە توانیم بگەڕێمەوە سەر ژیانی ئاساییم.

نامەکە لە کەس و کاری دەستێنم و چەندین جار دەیخوێنمەوە. هەم لەبەر گڵۆپی ژوورەکەدا، هەم لەبەر تیشکی هەتاودا و شەوانەیش تەنانەت لەبەر تیشکی مانگی چواردەدا. رستەکان و داواکە هەر هەمانن. ئەو دەیەوێ سێ ساڵی تر بژی و رەنگە لە دووای دوواچیرۆکیش بتوانێ بۆ هەمیشە بگەڕێتەوە بۆ باوەشی ژیان. هەرچەند نەینووسیوە داخۆ لەمە بەدووایش درێژە بە هەمان رێبازی جارانی دەداتەوە یان نا.

بەڵام کێشەکە لەوەدایە هاوڕێکەم نێرینەیە و مێینە نیە. جگە لەمە قەت لە ژیانیدا نە چیرۆکی خوێندووەتەوە و نە چیرۆکیشی گێڕاوەتەوە. نەک ئەوەیکە رقی لە چیرۆک بێت، نا؛ لەبەر ئەوەی کاتێک دەدوا هەوڵیدەدا شتەکان شی بکاتەوە و وەک دەشزانین شیکردنەوە فڕی بە سەر چیرۆکەوە نیە.

زیندانبانەکەی یەک هەفتە مۆڵەتی بۆ داناوە. بەڕای من ئەگەرچی یەک هەفتە وەک هەمیشە هەر هیچ نیە و بگرە لە خوێندنەوەی 'کات' بەگشتی وەک هیچیش حسێبی بۆ ناکرێ، بەڵام لەم جۆرە کاتانەدا فورسەتی چاکە.

دایکی دەڵێ بەقوربانت بم، لە دەورت گەڕێم فکرێکمان بۆ بکە!

سەرئەنجام لە دووای بیرکردنەوەیەکی زۆر بەو ئەنجامە دەگەم کە یەکەم، دەبێ هاوڕێکەم ببێ بە مێینە، دووهەم، حەزی چیرۆک تیایا سەرهەڵبدات و سێهەم ئامادە بێت لە دووای شەوی هەزار و یەکەم رەنگە ببێ بە هاوسەری زیندانبانەکەی.

بە خۆم دەڵێم داخۆ سێ ساڵی وەها ئەوە دێنێ؟ باوکم کە ئاگای لێیە من غەرقی ئەندێشەم، دەڵێ لە کۆنەوە گوتوویانە کۆڵکەزێڕینە چاری کارەکەیە. بۆ ئەوەی لە پیاوەوە ببی بە ژن و لە ژنەوە بە پیاو دەبێ میزی پیاکەی. بەڵام کێشە ئەوەیە زستانە و لە باران و لە هەورەگرمە خەبەرێک نیە، جگە لەمە من چۆن کۆڵکەزێڕینە ببەمە ناو زیندان رێک بۆ ناو ژوورە تاکەکەسییە بچووکەکەی بۆ ئەوەی ئەو بتوانێ میزی پیاکا. تازە تا ئەو جێگایەی من ئاگادار بم کەس نەیتوانیوە میز بە کۆڵکەزێڕینەدا بکا و رەگەزی خۆی گۆڕیبێ. ئەمە تەنیا چیرۆکە، رێک وەک خودی شارزاد و داستانەکانی.

رۆژەکان بە خێرایی تێدەپەڕن و هەفتەکە خەریکە کۆتایی دێت. دایکی هاوڕێکەم داماوانە دەگری و بە ئەژنۆکانی خۆیدا دەکێشێ. باوکی هەتا دەتوانێ ئێواران درەنگ دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە. خەڵکیش لە کۆڵانەوە تێدەپەڕن و ئەوانەی وا دەیانناسن چەند بەزەییان بەسەریاندا دێتەوە.

ئیستا لە هەفتەکە هەفتەیەکی تر گوزەراوەو و هاوڕێکەی من گواستوویەتییەوە بۆ گۆڕستانەکەی قەراخ شار، ئەو شوێنەی باوەگەورە دەڵێ قەدیم رێگای کاروان لەوێوە بە تەنیشتیدا تێدەپەڕی.

راستی هێشتا کەس دەست ناکەوێ هەزار و یەک چیرۆک بگێڕێتەوە بۆ ئەوەی دایک و باوکی هاوڕێکەم ئەوەندە بیر لە کوڕەکەیان نەکەنەوە؟ گرینگ نیە لە هەزارو یەک شەودا دەیگێڕێتەوە،... زیاتر یاخود کەمتر. تەنیا ئەوەندەی بیگێڕێتەوە.

لێرە،... لەم شارەدا دەڵێم!

 

تێبینی:

لە گۆڤاری وانەر بڵوبووەتەوە