ما 6314 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

دڵی رۆژهەڵات

من و تۆ

لە مەرکانەى ئاوازێ و

جوانى مێخەکبەندان و

بۆنى قەنەفڵ

شێتبوون تا ئاڵوودەبوون، تا توانەوە

تا گەیشتنە ماڵى چێژ

 

تۆ مایسترۆى دڵى منیت

دڵى ڕۆژهەڵات

 

پیاوێک مایسترۆى دڵى منە

پیاوێ بە هەموو وجوودییەوە

خەونم دەدزێ و

شێتانە مەستم دەکات

شێتانە ئالوودەى خەیاڵى خۆیم دەکات

پیاوێ زاڵمانە لە دواى باران

شەبەنکى چاوى

گەرمى هەناسەى

قژى ئاڵۆسکاوم شانە دەکات

من و تۆ لە پێکێک پێکەنین و

میلۆدییەکى مەردان١ ئاوێتە

من و تۆ

لە مەرکانەى ئاوازێ و

جوانى مێخەکبەندان و

بۆنى قەنەفڵ

شێتبوون تا ئاڵوودەبوون، تا توانەوە

تا گەیشتنە ماڵى چێژ

پیاوێک ماسترۆى خەیاڵ و

جووتە شەمامەى باخچەیەکى بێناز و

ئارەقى هەڵگۆفینى ئەو چاوانەیە تا گەیشتن بە دواهەمین تاریکى شەو

پیاوێک نەناسراوانە و شێتانە

منى ئاوێزان کرد

ئەى جونتر لە باخچەکانى عەددەن ئاشتم کەوە و

ڕاپەڕینێکت لە نێو دڵى منا هەڵگیرساندووە و

دەروازیەکت چێکردووە بەناوى ئازادى و

وڵاتێکت لە سەر سینەى من نەخشاندووە بێناو وەک دڵى نەوڕەسێکى وێڵ

پیاوێ خەیاڵتر لە تیشکى هەتاو

پیاوێ مایسترۆى خەیاڵى منە. 

 

 

 

 

١ـ عەلى مەردان

گەڕان بۆ بابەت