رەسوڵ سەفەریانی

گەزۆ زبانم دەگەزێ

وەک گەزینی دانەکانی تۆ

کاتێک بە ھەوەسەوە ماچم دەکەیت و دەمگەزی

گەزین گەزۆی ژیانی مرۆڤە

کە لەسەر گەڵای زبانی دەنیشێت

 

فڕینی خەیاڵ

 

رەسول سەفەریانی

 

شێعرێک لە خەیاڵم ھەلفری و

لە پەنجەرەی چاوەڕوانیم

روولە ئاسۆ نیشتەوە

خۆم لەم سەری خەیاڵەوە

دانیشتووم

بە چاوێک روولە پشتەوە

شێعر ئەڵێ من ژیانم

قەت لە کۆتایی نایەم و

کورت و درێژم لا نییە

من دەڵێم

ئەونەم نەماوە کە منیش

دەس لە ھەناسە بەر بدەم

شێعر ئەڵی گەر تۆ بڕۆی

ناوت بە باڵم سەردەخەم

دەچمە ناخی یادەکەت و

روو لە ئاسۆ ھەڵیەدەم.

ئەو دەڵێت

من ژیانم

رەنگم

بۆنم

بۆنی خۆڵ لەگەڵ باران

دەڵێت ژیان شێعرە دەنوسرێتەوە

 بە  رەنگی گوڵ

بە دەنگی مەل

بە ھاژەی رووبارێک

کە لە کەلێێێێێێکی بەرز دێتە خوار

ژیان شێعرە و

 لە سیمای جوانیێەکاندا

بە وەزنی شەپۆل

لە دڵی دەریاوە بۆ کەنار

بە قافییەی شنە بایێک  

لەسەر قژی مەزرایێک

 کەروێشکە دەکا بە ھەزار

شێعر ژیانە و

دەچێتە دەمارەکانی

دارێ رەق وتەق و

دەبێتە بۆن و تام وجوانی و

وەک ھەرمێ و سێو و بەی و ھەناری باخەکەی تۆ  

 لە سەر سێوەکەی تۆ بوو رامانیاندا لە بەھەشت

لەسەر تام دەرکراین

تام ژیانە و شێعر تامە

تامی سێوی کوڵم و ھەناری مەمکت

جوانترین شێعرن، ژیانن

مانای ھەمیشە مانن

شێعر گەرمای ئامێزی تۆیە

کە بە سەد بەھەشتی ناگۆڕمەوە

لە دەریای چاوەکانتەوە

شێعر شەپۆل ئەدات و

لە کەناری دەڤتەری شێعری شاعراندا

مرواری ئاسا ریزدەگرن و

دەبنە ملوانکە و

لە گەردنی رووباریت دا دەبریقێنەوە

 

بێ تۆ شێعر بەتاڵە و ژیان ژانە

بمنێژە لە باوشتا

با بە ھەناسەی بەھاریت

دیسان وەک چڵە لاولاوێک ھەستمەوە و

جارێکیتر لە باڵات بئاڵێم

بمکە بە شێعر تەڕ تەڕمکە لە بارانی تامەزرۆیت

با حەزەکانم لە سەر خاکی تاسەتا

چەکەرە بکەن و ژیان نەبێتەوە بەمجار

شێعر وادی داوە ناوم پاش نەمانم  بە باڵی بەرێتە ئاسمان و

یادم ماندگار بکات

بەلام  ئامێزت رەستاخیزە

 مەسیح ئاسا

برینەکانی دابڕانم تیمار دەکات و

ھەر چوارپارچەم

وەک پازلێک یەکدەخات و

بە پەنجەی خودا ئاسا

ئەم خولقێنێت سەر لەنوێ

لەورۆژەوە تۆ دەبیتە نیشتمان و

منیش دەبم بە شاعیرو

رووبار دەکەم بە قەڵەم و

دەریاش دەبێ بە دیوانم

شێعری ژیان بۆ تۆ و

 ژیانی شێعریش دەکەمە چیرۆکە شێعر و

لەسەر گەڵای ھەموو داربەڕوەکان دەینوسمەوە و

لەگەڵ گەزۆی ھاویناندا دەیھارم و

بەسەر ھەموو ماڵەکانتا دابەشی ئەکەم

با مناڵان بە کۆڵانا ھاوار بکەن:

دانەوگەزۆ بە تامی شێعر

شێعر بە تامی دانەوگەزۆ.

شێعر ژیانە ، ژیان  چێژە

گەزۆ چێژی ژیانی دارە لە گەڵاکانی دەنیشێت و

من لە زارمدا تامی دەکەم و

تۆ لەزارتدا تامی دەکەی

گەزۆ زبانم دەگەزێ

وەک گەزینی دانەکانی تۆ

کاتێک بە ھەوەسەوە ماچم دەکەیت و دەمگەزی

گەزین گەزۆی ژیانی مرۆڤە

کە لەسەر گەڵای زبانی دەنیشێت

زبان کانگای قووڵی شێعرە و

شێعر 'رەمز ئەرزێک'ە بە ھەموو کەس دەرنایت

ئەوەی کۆدی زبان بزانێت شاعیرە

شاعیر عەوداڵی کۆدە

کۆد چێژە، چێژ ژیانە

ژیان ئەو شنەیە

کە قژی ئالۆزی حەزەکانتی ئەدەیتە بەر

نمەی ئەو بارانەیە کە تۆ

 ئینجانەی دڵتی پێ ئاوئەدەیت.

تیشکی ئەو چاوانەیە

کە چڵە لاولاوی ئەوینت دێنێتە سەما

ئەوین ژیانە و ژیان ھەرمانە

ھەر ئەویندارە دەسبەرئەدات لە ئەوین و

دەسبەردانیش دابڕانە

وەک گەڵا و دار

دابڕان خاڵی نەمانە

خاڵی ونبوونی زەمانە

زەمان ھێمای ھەرمانە و

شێعر وئەوین  و ژیان

لە رەگەزی زەمانن

من بە باڵای شێعرا دەئاڵم و

ئەوین جەوھەری شێعرەکانمە و

لە لێواری چاوەکانی تۆدا

کە لە رەگەزی دەریان

ئۆقرە دەگرم و روو لە ئاسۆ

دەریا دەنوسم و

چاوە خۆرئاویەکانت دەکەمە ھەوێنی ئەوین و

خەونەکانم و خەیاڵە ھەڵفڕاوەکانم دەھۆنمەوە

خەێاڵی ھەڵفڕاوم ناگەرێتەوە

ھەر تاویێک لە لایێک دەنیشێت و

منیش بە دوای خۆیدا پەلکێش دەکات.