ئا: عەلی حەمەڕەشید

هەوڵدان و جێبەجێکردنی بەشێک لە ماف و پێداویستییەکانی منداڵ وا لە منداڵ دەکات کە هەست بەبوونی خۆی بکات و چێژ لە چالاکی و یاری و خوێندن وەربگرێت و ڕێگەی پەروەردەیەکی باشیش بگرێت بەهاوکاری خێزان و قوتابخانە.

 

جەژنانەی منداڵان

ئا:عەلی حەمەڕەشید

 

منداڵان ئەو توێژە گرنگ و ناسکەن کە بنیاتنانی کۆمەڵگەیان لەسەر بەندە، هیوای گەش و پرشنگداری دواڕۆژی نەتەوەن. هەوێنی شادیی و خۆشی و ئاسودەیی نێو خێزانن، بۆ شانۆی ژیانیش لەگەڵ ئەوەی کە ڕوناکیی و وزە و جوانیین، هەڵسوڕێنەری کارەکانن.جا کە منداڵ بەو شێوەیە بێت پێویست بەوە دەکات کە ئاگاداری کاروانی ژیانیان بین و پەروەردەیەکی دروستیان بکەین و وایان لێبکەین کەوەکو منداڵیی خۆیان بژین و بەپێی توانا پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەین تا ئەوان چێژ لە منداڵیی خۆیان وەربگرن، وەک زانا پەروەردەیی و دەرون ناسەکانیش ئەو ڕاستییەمان بۆ دووپات دەکەنەوە کە کەسێتی منداڵ لەسەرەتاوە دروست دەبێت بەتایبەتی ئەو کاتەی کەدەچێتە باخچەی منداڵان و قوتابخانە بۆیە گرنگی دان بە منداڵ و پەروەردەکردنیان کارێکی گرنگە و بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی خێزان و تایبەتی تریش دایک و باوک، دواتریش مامۆستا و قوتابخانە. دابین کردنی ژینگەیەکی ئارام و خۆش وا لە منداڵ دەکات کە پەرە بە بەهرەو خولیاکانی بدات و تواناکانی گەشە بکەن. بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا زۆر هۆکار هەن کە خێزان و قوتابخانەش نەتوانن بەو کارە گرنگە وەکو پێویست هەستن لە پێناو بنیاتنانی کەسێتی منداڵ بۆ کۆمەڵگەیەکی دروست. بەڵام خۆ ناکرێت دەستەوەستان دابنیشین و چاوەڕوان بکەین، بۆیە هەوڵدان و جێبەجێکردنی بەشێک لە ماف و پێداویستییەکانی منداڵ وا لە منداڵ دەکات کە هەست بەبوونی خۆی بکات و چێژ لە چالاکی و یاری و خوێندن وەربگرێت و ڕێگەی پەروەردەیەکی باشیش بگرێت بەهاوکاری خێزان و قوتابخانە.یەکێک لەو کارانەی کە خۆشییەکی زۆر بە منداڵان دەبەخشێت گۆرانی و سەماو یاریکردن و نواندنی چالاکییە،کە لە ئێستادا و ساڵانە لە یەکی حوزەیراندا کە ڕۆژی جیهانی منداڵانە لە کوردستان کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر لەلایەن تیپە هونەریی و ڕێکخراوە تایبەتەکانی منداڵانەوە ساز دەکرێت کە دەبێتە مایەی خۆشحاڵی و زیاتر ئاسودەکردنی منداڵان کە پێویستە دەستخۆشییان لێبکەین و کارەکانیان بەرز بنرخێنین. هەرچەندە هەندێک جار کە دیارە چالاکییەکە بۆ منداڵانە، بەڵام بەداخەوە منداڵان وەکو پێویست چێژ لەو چالاکییانە وەرناگرن و بگرە بێزاریش دەبن بەهۆی ئەوەی کە کەشێکی گونجاو و لەباریان بۆ ناڕەخسێنرێت کە بەئارەزووی خۆیان بەشداری ئەو خۆشییە تایبەتەیان ببن و چێژی لێوەربگرن،کە زۆرجار دایک و باوک خۆیان دادەنیشن و ئەوانیش هێندە بەپێوە دەوەستن بێزار دەبن، جاری واش هەیە بەهۆی جوڵەی زۆرەوە قسەیان پێدەوترێت، نازانن کە منداڵ واتا جوڵە، یان ئەوەندەیان پێدەڵێن دانیشن، بێدەنگ بن، وامەکەن.یان شوێنەکە نەگونجاوە و خەڵکێکی زۆری لێیە ،کە سەرنج دەدەیت بۆنە تایبەتەکە کە ڕۆژی منداڵانە و ئاهەنگی گۆرانی و مۆزیکە، ون دەبێت و منداڵ نازانێت چییە و بۆچی هاتووە.دڵنیام کە لەمەبەستم دەگەن و دەزانن بەتایبەتی ئەوانەی کە منداڵەکانیان لەو ڕۆژەدا بردووە بۆ ئەو ئاهەنگ و کۆنسێرتانەو بە چاوی خۆیان بینیویانە.دەزانن منداڵ زۆر حەزی لە جەژنانەیە و چەند ڕۆژێک پێش جەژن خۆی بۆ ئامادە دەکات و چاوەڕوانی هاتنی جەژنە تا لە کەسە ئازیز و خۆشەویستەکانیانی وەربگرن، ئێمەی گەورەش هەرگیز ئەو کەسانەمان بیر ناچێتەوە کە منداڵ بووین و جەژنانەیان داوینێ، چونکە خۆشییان پێبەخشیوین. چەندە خۆشە ئەو جەژنانەیە لە ڕۆژێکی تایبەت بە منداڵاندا بێت و گۆرانی منداڵانیش بێت کە دڵنیام لەیادەوەری منداڵاندا دەمێنێتەوە و بەپەرۆش و خۆشییەکی زۆرەوە گوێی لێدەگرن.هونەرمەندی ئازیز (ئاسۆ مەحمود) کە زۆر جار لە بۆنە تایبەتەکانی منداڵاندا بەگۆرانی و بەدەنگی خۆی بەشداری کردووە و دڵی منداڵانی خۆشکردووە. ساڵی ١٩٩٩ یەکەم گۆرانی بۆ منداڵان وتووە،هەروەها لە ساڵی (٢٠٠٩) ئەلبومێکی کردە دیاری بەناوی (دیاری) بۆ منداڵان و ئەمساڵیش بە دیارییەکی جوان کە ناوی ناوە (جەژنانەی منداڵان ) و (پێنج) گۆرانی لەخۆ گرتووە بۆ منداڵان دێتەوە خزمەت منداڵان و پێیان دەڵێت من هەمیشە ئێوەم خۆشدەوێت و تا بتوانم گۆرانی خۆشتان بۆ دەڵێم .ئەم ئەلبومەی هونەرمەند ئاسۆ مەحمود  ئەم گۆرانییانەی گرتۆتەخۆ ( ڕۆژی شادی،سەری ساڵ، ڕۆژی منداڵان، ئاهەنگ، منداڵی کورد) کە سێ گۆرانییان ئاواز و هۆنراوەی مامۆستای هونەرمەند (ئاسۆ ئیبراهیم)ە، گۆرانییەکیشیان ئاوازی هونەرمەند (هێرش عبدالرحمان) و هۆنراوەی (جەبار سابیر)ە گۆرانییەکیشیان هۆنراوە و ئاوازی هونەرمەند خۆیەتی.دەستخۆشیمان بۆ ئەم هونەرمەندە ئازیزە و هیوای سەرکەوتن و کاری جوانتری بۆ دەخوازین بۆ منداڵان.شایانی باسە ناساندن و بڵاوکردنەوەی ئەلبومی (جەژنانەی منداڵان) بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە هونەرمەند و نوسەران و کۆمەڵێک منداڵ و کەسوکاریان  لە باخچەی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت (CDO) سازکرا کاتژمێر پێنجی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٧/٦/٢٠٢١. کەتیایدا هونەرمەند ئاسۆ مەحمود بەهاوکاری تیپی هونەری منداڵانی مەڵکەندی چەند گۆرانییەکی پێشکەش کرد کە بووە مایەی دڵخۆشی منداڵانی ئامادە بوو، خاتو (فریشتە مستەفا) ئاهەنگەکەی بەڕێوە دەبرد کە چەند هۆنراوەیەکی ناسکی منداڵانی خوێندەوە، ئەلبومەکە بەهاوکاری کەسایەتی (مەریوان حاجی جەمال) ئامادەکرابوو، تۆمارکردنی مۆزیک و ماسترین لە ستودیۆ لاوە هونەرمەند عومەر عەبدوڵا کرابوو، فۆتوش لەلایەن پێشەوا حەمەسەعیدەوە کرابوو. لەکۆتاییدا ئەلبومەکە بەدیاری پێشکەش بە ئامادەبووان کراو دیاری تایبەتیش لەگەڵ ئەلبومەکە پێشکەش بە منداڵانی ئامادەبوو کرا.