ما 4614 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

مورسو، کاراکتێری سەردەم

"ئەمڕۆ دایکم مرد. یان رەنگە دوێنێ بوو، نازانم." ئەمە یەکەم رستەکانی رۆمانی 'بێگانە'ی 'ئاڵبێرت کامۆ'یە کە لە دەمی کاراکتێری سەرەکیی رۆمانەکەوە دێتە دەرەوە. ئەو رستانەی دەربڕی ساردی و سڕی، یاخود پووچگەراییەکە کە سەرتاپایای دەگرێتە خۆ.

کامۆ، بە دەیان ساڵ لەوە پێش بە نووسینی ئەم دەقە و بە خوڵقاندنی کەسایەتییەکی وەک 'مورسو'، باس لە سەرهەڵدانی دیاردەیەک دەکا کە تیایا مرۆڤەکان دەتوانن وەها بە لەخۆنامۆیی، دوورکەوتەیی، ساردوسڕی و پووچگەرایی بگەن کە مەرگی نزیکترین کەسەکانیش تیایاندا هەستێکی ئەوتۆ هەڵنەخڕێنێ و، ژیان لەناو دوورەپەرێزییەکی سەیر درێژەی هەبێ.

بێگومان ئەو رستانەی کامۆ دەتوانین لەم سەردەمی ئێمەدا بۆ زۆر شتی تریش بگوازینەوە. بێ خەیاڵی، یاخود گوێنەدانی ئەنقەست کە رەگی لە خودوشیارییەکی ترسناکدا هەیە، ئەم سەردەمەی ئێمەی گرتووەتە خۆ. دەکرێ وەها لە ئاست هەواڵەکاندا نامۆ بین کە نازانین داخۆ ئەمڕۆ روویانداوە، دوێنێ، یان ئەو کاتەی کە نازانین کەیە!

بەم شێوەیە مورسو دەتوانێ بە شێوازێک بێتە ناو ژیانەوە و ببێ بە کەسایەتی سەرەکیی هەموومان.

سایتی قەلەم

٤ مانگی شەشی ٢٠٢١

گەڕان بۆ بابەت