چیرۆک حەزە

دەگوترێ چیرۆک ئەوە نیە روویداوە، بەڵکو ئەوەیە وا حەزدەکەین رووبدات. لێرەوە چیرۆک هاوپێچی دیاردەیەک دەبێ بەناوی حەز. حەز، سەرتاپای رووداو دەستکاری دەکاتەوە، پیایا دەچێتەوە و وەهای دادەڕێژێتەوە کە گۆشەنیگای نووسەری بە سەرەوە زاڵە. حەز زیادکردنی رووداوی ترە بە رووداو.

بەم پێیە چیرۆک دەستکاریکردنی مێژووە. نوواندنەوەیەتی بە شێوازی تایبەت بە خۆی کە ئیتر فڕی بە سەر مێژووەوە نیە. تەنانەت ئەو دەقانەی وا رووداوە مێژووییەکانیش دەکەن بە دەقی چیرۆک، لە مێژوو دەریدەهاوێن و شتێکی ترمان پێشکەش دەکەن. مێژوو شوێن خەیاڵ دەکەوێ و بەم شێوەیە ئەویش سەر لەنوێ خۆی دادەرێژێتەوە.

دەتوانین بڵێین گەر حەز نەبێ، چیرۆک لە دایک نابێ. حەز ئەو شوێنەیە ئیرادە بەدوور لە هێزە دەرەکییەکان هەوڵدەدا ژیان دابڕێژێتەوە و لە گۆشەنیگایەکی ترەوە بیخوێنێتەوە.

چیرۆک بریتییە لە زیادکردنی ئارەزووەکانمان بە رووداوەکان. بەم شێوەیە دەق لە رابردوو رزگار دەبێ و بەرگی هەنووکە و داهاتوو لەبەر دەکا.

سایتی قەڵەم

١١ مانگی شەشی ٢٠٢١

بازدید: 268