سێکوچکەی پێویست

دروشمی ئازادی و دیمۆکراسی هی ئەوانەن وا واوەتر لە ژیانی رۆژانە بیردەکەنەوە. ئەوانەی وا ژیان بۆ ئەوان تەنیا بریتی نیە لە بژیوی و لە سەرپەنایەک بۆ خۆپاراستن و لە کەڵەکەکردنی پارە بۆ گرنتی کردنی داهاتوو. ئازادی و دیمۆکراسی پێوەندی بە وشیاری رۆشنبیری و سیاسیەوە هەیە.

جگە لەمە بۆ ئەوەی ئەم دوو چەمکە رەگ داکوتن و لە ناو جەماوەردا پەل و پۆ بهاون، دەبێ مانایەک بە ناوی تاک سەرهەڵبدا و جێ بگرێ. تاک وەک بوونەوەرێک کە لە ناو ئازادیدا تاکایەتی خۆی پێدەگەیەنێ و لەناو دیمۆکراسیدا هەوڵدەدا گوێ لە بۆچوونەکانی تری بەرامبەر بە خۆی بگرێ و لە بوونیان پەرێشان نەبێ. ئازادی و دیمۆکراسی خۆ دەهاوێتە ناو پانتایی کۆوە و لێرەوە دوو چەمکی ئازادی کۆمەڵایەتی و دیمۆکراسیی کۆمەڵایەتیش شکڵ دەگرن.

دیارە نان و بژیوی دەوری سەرەکی لە کردار و خواستی مرۆڤەکاندا دەگێڕن، بەڵام بە بێ ئەو دوو چەمکەی تر مرۆڤایەتیی مرۆڤ کەم دەهێنی.

کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان ئەوانەن وا هەمووی ئەمانە پێکەوە تیایا هەن و، رۆژانە لە ژیانی تاک و کۆمەڵگادا دەور دەگێڕن.

سایتی قەڵەم

١٨ مانگی شەشی ٢٠٢١

بازدید: 281