فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

سەبارەت بە ئاشنابوون بە کلتوری وڵاتانی تر دەبێ بڵێم کە لەو دەورانەدا بە هۆی کەمیی سەفەر و چەقبەستوویی ئینسان بە شوێنی ژیان و زێدی خۆیەوە، هەمیشە ناسینی کلتورەکانی تر و ئەوەی لە شوێنانی تر دەگوزەرا، مەراقی گەورەی هەموومان بوو. وە رۆمانیش یەکێک لەو کەرەسانە بوو کە دەیتوانی ئاگری ئەم حەزە دامرکێنێتەوە و، مرۆڤ خەنی بکا.

 

خوێندنەوەی رۆمان لە دوو چاخی جیاوازدا

 

لە بیرمە لە تەمەنی پانزدە ساڵییەوە دەستم بە خوێندنەوەی رۆمان کرد. زستانی ساڵی پەنجاو نۆ، واتە یەکەم زستانی دووای شەڕی دوو مانگەی بەهار لە ناو شار (بانە)، ئەو کاتەی کتێبخانەی گشتیی شار لە خانوویەکی ئاسایی دا بوو و شار بە هۆی دۆخی تازەوە، واتە گرتنەوەی لە لایەن دەوڵەتەوە، جۆرێکی تر لە کەش و هەوا بە سەریدا باڵی کێشابوو کە جگە لە تازەبوونی، خۆی لەو دۆخە دژوارەیشدا دەبینییەوە کە بە هۆی بەردەوامی شەڕ و لە سێدارەدانەکان هاتبوونە ئاراوە. لەو کاتانەدا کتێب و کتێبخانە شوێنێکی گرینگ بوون بۆ هەست بە خۆکردن و، هەوڵدان بۆ خوێندنەوەی بنەڕەتیانەی ئەوەی وا لە دەورووبەرماندا دەگوزەرا، هەرچەند بە رواڵەت بە شێوەی ناڕاستەوخۆ.

ئەو دەورانە بە خوێندنەوەی ڤیکتۆر هۆگۆ دەستپێکرا، نووسەرێکی بە شێواز رۆمانتیست و بە دەروون مۆڕالیست و هیومانیست. دوواتر بە نزیکبوونەوەم لە بیری چەپ، رۆمانەکانی رووسیا و سۆڤیەت هاتنە ئاراوە. واتە شێوازی رئالیزم، رئالیزمی رەخنەیی و رئالیزمی سوسیالیستی، کە بە تایبەت لەمەی دوواییاندا ئیرادەی مرۆڤ بۆ گۆڕانی جیهان بەرجەستە دەبووەوە.

سەرەڕای جۆراوجۆریی شێوازی خوێندنەوەکان، ئەوەی هۆکار و ناوەڕۆک و کرۆکی گشتیی هەوڵدانەکانی منیان بۆ خوێندنەوەی رۆمان پێکدەهێنا، چەند شت بوون: یەکەم، ئاشنا بوون بە کلتوری وڵاتانی تر، دووهەم ناسینی کەسایەتی مرۆڤ و سێهەم، خەونی ئەگەری چاکتر کردنی ژیان.

سەبارەت بە ئاشنابوون بە کلتوری وڵاتانی تر دەبێ بڵێم کە لەو دەورانەدا بە هۆی کەمیی سەفەر و چەقبەستوویی ئینسان بە شوێنی ژیان و زێدی خۆیەوە، هەمیشە ناسینی کلتورەکانی تر و ئەوەی لە شوێنانی تر دەگوزەرا، مەراقی گەورەی هەموومان بوو. وە رۆمانیش یەکێک لەو کەرەسانە بوو کە دەیتوانی ئاگری ئەم حەزە دامرکێنێتەوە و، مرۆڤ خەنی بکا.

سەبارەت بە ناسینی کەسایەتی مرۆڤیش دەتوانم بڵێم کە رۆمان دەیتوانی قوڵاییەکانی دەروونی ئینسانەکان بە شێوازی هونەری دەربخا و، لەم رووەوە لە پاش تەواوکردنی هەر کتێبێک، هەستت دەکرد کە توانیووتە بە شێوازێکی قووڵ لە ژیانی چەندین و چەندین کەسایەتییەوە رابووری و بەم شێوەیە لە باری دەروونناسییەوە دەوڵەمەند و دەوڵەمەندتر بیت.

خەونی چاکتر کردنی ژیان یاخود کەسایەتی مرۆڤیش ئەو شتە بوو کە تەنیا لە شێوازی رئالیزمی سۆسیالیستییەوە نەدەهات (ئەم شێوازە زۆرتر راستەوخۆ باسی ئەمەی دەکرد)، بەڵکوو ئەمە شتێک بوو کە لە هەموو بەرهەمەکانی هۆگۆ و بەرهەمەکانی تریشەوە دەدەڵا و، دەبوو بە بەشێک لە خەون و کەسایەتی خوێنەر.

بەڵام ئیستاکە چی؟ داخۆ لەم دونیایەی هەنووکەدا کە یەکجار گۆڕاوە، داخۆ خوێندنەوەی رۆمان دەکرێ لە چ سوچێکەوە بێت؟ لە دۆخێکدا کە توانیوومە بە هۆی پەرتەوازەیی، ناسینی کلتورە جۆربەجۆرەکان لە نزیکەوە لە چەندین وڵاتی جیاواز، بە هۆی سەفەرەوە دەرفەتی ناسینی جۆرەها مرۆڤی تر و هەروەها بە هۆی ئەزموونی پترەوە، دەرچوونی خەونی گۆڕان لە ساویلکەییەوە بەرەو قۆناخێکی جددیتر (خەونەکە بزرنەبووە)، داخۆ دەکرێ بە هەمان هۆکارانەی جارانەوە روو لە رۆمان خوێندن بکرێ؟

ئیستاکە هەست دەکەم لەبەر ئەم شتانە رۆمان دەخوێنمەوە:

ـ گەڕان بە شوێن دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارە گشتییەکانی ژیان، بۆ وێنە مەرگ و خودی ژیان و کاکڵە سەرەکییەکانی شتێک بە ناوی "بوون"،

ـ دۆزینەوەی ئارامش و ئۆقرەی مرۆڤێک کە دەکرێ لەم جیهانە گەڕۆک و پڕ لە جوڵەی ئێمەدا هێشتا لە ژیاندا بێت،

ـ دۆزینەوەی لۆژیکی سەفەرە پێچەوانەکان.

وەک دەبینرێ ئیتر خەونی چاککردنی ژیان، مەرجێکی سەرەکیی (لانیکەم بە مانا راستەوخۆکەی)، خوێندنەوەکان بۆ رۆمان نین.

رەنگە هۆکارەکەیشی ئەمە بێت: خەونێک کە لە کۆتاییدا منی بە هەموو پێناسەکانمەوە گۆڕی و بەڵام نەیتوانی خودی جیهان بگۆڕێ، دەیەوێ "ناسین" زیاتر لە هەر شتێکی تر بخاتە ناو فوکوسی خۆیەوە.

 

 

 

بازدید: 1107