گرینگیی بەردەوامبوون

کردەی سیاسی وەک کار و تێکۆشان لە پێناوی ژیانی رۆژانەدایە. گەر بەردەوام نەبێ، ئەوا سەرەڕای هەر چەشنە هەڵوێستێکی کۆ و بە تەوژم، ناتوانرێ کەڵکی پێویستی لێ وەربگیردرێ. وەک چۆن تاک یان بنەماڵە بە هۆی کاری بەردەوامەوە درێژە بە بوونی خۆی دەدا، گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانیش هەر لەم چەشنەن.

بەم پێیە کردەی سیاسی کردەیەکی کۆمەڵایەتییە کە تەنیا لە بەکۆمەڵایەتی بوونی خۆیدا، ئەویش بە مەرجی بەردەوامبوون لە کات و لە شوێندا، شوێندانەرە. کردەیەک نەتوانێ هەڵبداتە ئەم ئاستە ئەوا لە پێکانی ئامانجەکانی خۆی دەستەوەستانە.

کەواتە لە نێوان و ویست و ئامانجدا دیاردەیەک هەیە بەناوی بەردەوامبوون. دیارە مەرج نیە ئەم بەردەوامییە هەمیشە لە ترۆپکدا بێت، بەڵام گرینگە بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی بنوێنێتەوە. لەراستیدا تەنیا ئەوانە بە هەدەف گەیشتوون کە توانیوویانە خەسڵەتی بەردەوامبوون لە خۆیاندا بەرجەستە بکەن.

بەردەوامبوون تەنانەت گەر بە ئامانجیشمان نەگەیەنێ، بەڵام دەبێتە هۆی هەست بەخۆکردن. دیاردەیەک کە مەرجە بۆ ژیانێکی شیاو

سایتی قەڵەم

٩ مانگی حەوتی ٢٠٢١

بازدید: 289