چیرۆک و زەمەن

چیرۆک، گەڕانە بە ناو زەمەندا بە شوێن رووداوەکاندا. جا چ رووداوە واقعییەکان، چ رووداوە خەیاڵییەکان و چ ئاوێتەیەک لە هەر دووکیان. هەڵبەت بەو تێبینییەوە کە چیرۆکی هونەری، چیرۆکی رووداوە واقعییەکان نیە.

مەبەست لێرەدا چەق بەستنە لەسەر زەمەن. چیرۆکنووس وەک قولاپی ماسیگرتن دەهاویژرێتە ناو ئاوەوە بە مەبەستی ماسیگرتن. زەمەن پاناتاییەکی فراوانە بۆ راوی رووداو. پڕی ماسیی رووداو. جاری وایە ماسیگر دەبێ یەکجار راوەستێ و جاری وایشە خێرا بە دەستییەوە دێت. واتە بەشێکیشی دەتوانێ پێوەندیی بە بەختەوە هەبێ. رووداو جاری وایە خۆی لە تۆ نزیک دەکەوێتەوە و، بە داوەوە دەبێت!

بەڵام ئەسڵ لێرەدا بوونی بەردەوامە لە ناو زەمەندا. بوونێکی چالاک بە زەینێکی تەژی لە گەڕان و لە حەزی دۆزینەوەی دەگمەنەکان. ئەو حەزەی هانت دەدات زیاتر بە قووڵاییەکاندا شۆڕبیتەوە و، زیاتر بە بەریناییەکانیشدا خۆت لە چاو ونکەی.

سایتی قەڵەم

١٦ مانگی حەوتی ٢٠٢١

بازدید: 318