ئەحمەد رەسوڵ

ئێستا دوای ئەوەی لە کێشەکە ئاگادارین پێویستە بگەڕێینەوە هەمان جێگا کە لێیدابڕاین لە پێناو باسکردنی کێشەکە. لە کەنار کەناڵە ئاویەکە و بە پاڵ قەدی درەختێکەوە دانیشتبوو، دوای ماوەیەک تێڕامان لە نەوڕەس و مراویەکان، دیسانەوە کەوتەوە بیرکردنەوە لە کێشەکە.

 

ونبوون لە سەرمای پاییزێکدا

ئەحمەد ڕەسوڵ

 

ئەو بەیانییە کە بێداربووەوە و هێشتا لەنێو جێخەوەکەیدا لەسەر پشت ڕاکشابوو، ڕاستەوخۆ بەو مێشکسافییەی کە هەر مرۆڤێک لە ساتی یەکەمی بێداربوونەوەی بەیانیاندا هەیەتی، بۆ ماوەیەکی درێژ بیری لەو دۆخە تازەیە کردەوە کە بۆی هاتبووە پێش. ئەو کێشەیەی نزیک بە دوو هەفتە دەبوو تەواوی بیر و خەیاڵی داگیرکردبوو، ڕۆژی پێشتر گەیشتبووە کۆتاییەکی بێگەڕانەوە.

ئێستا بە دەم خەیاڵ و بیرکردنەوە چڕەکانیەوە، هەستا و ڕۆیشت بەرەو پەنجەرەکە کە لە نهۆمی یانزەیەمی باڵەخانەیەکەوە بەسەر پارکێکدا و لایەکی فراوانی شارۆچکەکەدا دەیڕوانیی. پەردەکەی لادا و دیمەنەکە بەجێی ئەوەی دڵگیر و شادیهێن بێت، دیمەنێکی خەمهێن و ئازاردەر بوو. تەماشایەکی پارکەکە و شارەکەی کرد کە لە سەرەتای پاییزێکی کەمێک سارد و غەمگیندا بوو. درەختەکان تاک و تەرا هەندێ گەڵایان لێوەریبوو، وەک ئەوەی لە درەختی ڕۆحی ئەو گەڵاڕێزان دەستیپێکردبێ وەها بوو.

تەزوویەکی سارد کە نابڕێتەوە

ئەو بەیانییە هەور و تەم ئاسمانی داگرتبوو، لەگەڵ ئەوەی کە چەند ڕۆژی پێشتر خۆرێکی گەش و کەشوهەوایەکی تا ڕاددەیەک ساف و گەرمی هەبوو بەراورد بە هەفتەی پێشتر بەڵام ئەو لە دوێنێ شەوەوە هەستی بە سەرمایەکی نامۆ دەکرد. هەر ڕێک لەو ساتی بەپێوەوەستانەدا هەستی بە تەزوویەکی سارد سارد کرد، تەزوویەک کە سەرتاپای گیانی گرتەوە. وەکئەوە بوو لە دەرەوە خۆی بکات بە ناو لەشیدا و هەم وەکئەوە بوو لە قووڵترین شوێنی هەناویەوە لە ناکاو هەڵقوڵێت و تەواوی لەشی بگرێتەوە. بە ووردی گوێی هەڵخست بۆ هەستەکانی بۆ تێگەیشتن لە دۆخی جەستەیی خۆی. تەزووە ساردەکە وەک هیچ جارێکی دیکە نەبوو کە لە ژیانیدا هەستیپێکردبێت. تەزووەکە بەجێی ئەوەی بەخێرایی بڵاوببێتەوە و تەواوی جەستەی بگرێتەوە، هێواش و لەسەر خۆ بوو، لە پنتێکەوە لە نێو قووڵایی جەستەیەوە کە بە تەواوی نەیدەزانی کوێیە و بە ووردی بۆی دیارینەدەکرا، هەستیکرد پنتێک لە نێوسنگیدا سەرچاوەی تەزووەکەیە و لەوێوە بە هەموو لەشیدا پەخشدەبێت. دوای ماوەیەک  زۆر بە ووردیی و بە لەجووڵەخستنی هەر ئەندامێکی جەستەی لەگەڵ هەناسەڕاگرتنیشدا، هەستیکرد لە لای چەپی سنگییەوە لە قوڵاییدا، تەزوویەکی سارد بە تەوژمێکەوە بەرەو تەواوی ئەندام و بەشەکانی دیکەی جەستەی دەچێت و تەنانەت هەستیکرد تا خانە بە خانەی لەشی دەڕوات. تەزووە ساردەکە بەردەوام وەک کانییەک لە پنتێکەوە هەڵدەقوڵا و بە شێوەی شەپۆلێکی نەرم بە تەواوی لەشییدا بڵاودەبووەوە  و سەرماکەی تا قوڵترین بەشەکان و شوێنەکانی لەشیی دەبرد و تەنانەت لە بێهەستترین و دوورترین بەشەکانی جەستەیدا هەستی بە تەزووە ساردەکە دەکرد. هەستی بە کوژانەوە و هەڵبوونەوەی تەزووە ساردەکە دەکرد لە نێو تاک بە تاکی خانەکانی لەشیدا.

تەزوویەک لەو بەیانییەوە دەبێتە سەرمایەکی قووڵ و ناوەکیی کە هەم جەستە و ڕۆحی، هەم دەروون، خەیاڵ و ئاوەزی دادەگرێت و تا کۆتایی ژیانی بەردەوام دەبێت. سەرمایەک لە هەموو کات و شوێنێکدا لە ناخیدایە و وەکو ئەوەی خوێنێکی سارد بە لەشیدا بگەڕێ، یان وەکئەوەی دڵی بووبێتە پارچەیەک سەهۆڵ و لەگەڵ هەر ترپەیەکدا خوێنەکە فێنک و سارد بکاتەوە، وەهابوو.

دوای ئەوەی بە دەم تەماشاکردنی شارەکەوە وەکو بروسکەیەک پانۆرامای چەند ساڵی ڕابردووی ژیانی کە لەو شارە بەسەری بردبوو هاتەوە بەر دیدەی خەیاڵی، سەرمای تازە سەرهەڵداوی نێو ناخی نائاگایانە وایلێکرد دابنەوێتەوە بۆ ئامێری گەرمکەرەوەکە تا ڤۆلیۆمەکە بابدا و گەرمییەکەی زیاتر بکات.

دواتر چوو دەموچاوی شت و ماوەیەک لە ئاوێنەکەدا لە ڕووخساری خۆی ڕاما کە ماوەیەکی زۆر بوو هێندە بە ووردیی سەرنجی لە خەتی چرچەکانی ڕوخساری، بەشە ڕووتاوەکەی پێشی سەری کە تا دەهات زیاتر دەبوو، مووی سپیی سەر، ڕیش و سمێڵی کە تەنگیان بە تاڵە ڕەشەکان هەڵچنیبوو، نەدابوو. ئێستا هەستیکرد لە سێ ساڵی ڕابردووی ژیانیدا لەو شارە هێندەی نزیکەی دە ساڵ و بگرە زیاتریش پیر بوو بوو.

بیریکردەوە، لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی لەو شارە دەژی، چەند خێرا بە شارەکە ئاشنابوو وەکو ئەوەی لە سەردەمانێکی دێرینەوە لێی ژیابێت، بەڵام وا ئێستا بەخێراییەکی زۆر زیاتر و سەرسوڕهێنەر بە شارەکە نامۆ بووە. لە سەرمادا، بەتانییەکی لە خۆیەوە پێچا و بەبێ ئیشتیاییەوە پارچە سەمونێکی بە کەمێک پەنیرەوە خوارد. دواتر بە جگەرەیەک و قاوەیەک و بەتانییەکەوە چووە بەردەم پەنجەرەکە و دووبارە لە ئاسۆی فراوان و دووری شارەکە ڕاما. ناوە ناوە قومێکی لە قاوەکە و چەند مژێکی لە جگەرەکە دەدا. لەو کاتەوەی لەم ئاپارتمانە نیشتەجێبووە، ڕۆژانە وەکو سروت "ڕیتوال" ی لێهاتبوو بۆی کە لەبەردەم پەنجەرە فراوانەکە بوەستێت و لەپارکەکە، لە شارەکە و ئاسۆ بەرینە زۆربەی کات هەور و تەماویەکەی بڕوانێت و بە نێو خەیاڵ و بیرکردنەوەکانیدا ڕۆبچێت.

پیربوون کەی یان چۆن دەستپێدەکات؟! هەروەها ئێدگار ئالەن پۆو

چاوێکی بەژوورەکەدا گێڕا و چاوی لەسەر ئەو چەند پەڕتوکەی هێندەی پەنجەکانی هەردوو دەست دەبوون گیرسایەوە کە لەسەر مێزێکی ڕەفەداری گۆشەیی دانرابوون و نیگای چووە سەر یەکێک لەو پەڕتوکانەی کە لە ڕەفەی خوارەوەدا دانرابوو. پەڕتوکەکە ئەو ڕۆژە پڕ لە بێزاریی و غەمگینییەی بەیاد هێنایەوە کە بۆ مەی کڕین ڕووی لە کۆگای مەیفرۆشییەکە کرد و لە هاتنە دەرەوەیدا چاوێکی بە پەڕتوکە نمایشکراوەکانی سەر ڕەفەکانی ئەودیو جامخانەی کۆگای پەڕتوکفرۆشییەکەدا گێڕا، کە لە تەنیشت  مەیفرۆشییەکە بوو، و نیگای لەسەر پەڕتوکێک گیرسایەوە کە کۆمەڵە چیرۆکێکی ئێدگار ئالەن پۆو بوو. ڕاستەوخۆ چووە ژوورەوە بۆ ناو پەڕتوکفرۆشییەکە و پەڕتوکەکەی کڕی. پێشتر هەندێ چیرۆکی پۆوی خوێندبووەوە و دوای کڕینی پەڕتوکەکەش کەوتبووە خوێندنەوەی و تا تەواوی نەکردبوو دەستی لێ هەڵنەگرتبوو. تەنانەت چەند چیرۆکێکی دووبارە خوێندنەوە ، بۆ نمونە یەکێکیان چیرۆکی "دڵە چیرۆک گێڕەرەوەکە The Tell-Tale Heart" کابرای بەتەمەنیی چاو تانە لەسەری شێوە چاو داڵەکەرخۆرەیی "vulture eye" کە هەم کابرا خۆی و هەم ڕووداوی کوژرانەکەی لەلایەن گێڕەرەوەوە زۆر لا سەرنجڕاکێش بوو "لە واژەی سەرنجڕاکێش هێندەی مانای ترسناک و تراژیدیی هەڵدەگۆزیی هێندە لە هیچ مانایەکی دیکەوە پێی نزیک نەبوو" چونکە بە مەرگێکی سەیری "هەروەک دیسانەوە واژەی سەیر هێندەی مانای ئازارهێن، غەمهێن و ترسهێنی دەدا هێندە هیچ مانایەکی دیکەی نەدەدا بۆی" دەزانی. هەروەها ئەوەی کە باسی ترپەی دڵی کابرا دەکات لە ساتەکانی بەر لە کوژرانی، لە ترسدا بەشێوەیەک لێدەدات کە دەنگەکەی هێندە بەرزە لەوانەیە لەو دیو دیوارەکەوە دراوسێکەی گوێی لێبێت  لەگەڵ ئەو چیرۆکەی کە باس لە "ڕووباری زایرێ-کۆن" ڕوباری کۆنگۆ دەکات کە پڕە لە وێنەی گێڕانەوەیی ترسهێن و شڵەژانی دەروونیی کە چیرۆکی "بێدەنگیی-چیرۆکی داستانیی یان ئەفسانەیی Silence-Fable" ە لەگەڵ چەند چیرۆکێکیتر. هەڵبەت کە هێندەی سەرسام بوو بە چیرۆکەکانی پۆو هێندەش بە شیعرەکانی، بۆ نمونە شیعرەکانی "بە تەنیاA lone "، "قەلەڕەشەکەThe Raven "، "خەونێک لە خەونداA dream within a dream "، "سەرزەمینی خەونDream-Land "، "دۆڵی نائارامییThe valley of unrest " و "ڕۆحەکانی مردووەکەSpirits of the dead ". تەنانەت لە ئاست پۆو خۆشییدا سەرسام بوو بەوەی کە ژیانێکی سەیر و مەرگێکی تەماویی و گوماناویی هەبوو. سەرەڕای ئەوەی لەمێژبوو هەندێ کاری کەمی پۆوی خوێندبووەوە و هەم شتێکی کەمی لەبارەی ژیانییەوە دەزانی و بەلایەوە ئەدیبێکی مەزن بوو، بەڵام کاتێک هاتە ئەم شارۆچکەیەی وڵاتێکی باکوری ئەوروپا و ماوەیەک لە ئاپارتمانێکدا نیشتەجێبوو کە لە باڵکۆنەکەیەوە بەسەر چۆڵەوانییەکی سەیردا دەیڕوانی لەگەڵ سەرما و کەشە بەفراوییە بەردەوام و ئاسمانە زۆربەی کات هەوراویی و تەماوییەکەی، ئارەزووی زیاتری بۆ خوێندنەوەی کارەکانی پۆو تێدا سەوز بوو. جاران لە سەرسامییەکی قووڵدا بوو بە دۆستۆیڤسکی، کە زۆرینەی کارەکانی ئەو ئەدیبە مەزن و پڕبەرهەمەی خوێندبووەوە. بەڵام ئەوە چەند ساڵێک بوو پۆویش هاتبووە هاوتای دۆستۆیڤسکی لە سەرسامبوونیدا پێیان.

دەستی دایە پەڕتوکەکە و بە ووردیی بۆ ماوەیەکی درێژ لە بەرگەکەی ڕاما، دواتر دیسانەوە لە ئاسۆی هەوراویی و تەماویی شارەکەی ڕوانیی کە هێندە بیرکردنەوەکانی تێکچڕژاو بوون بە تەواوی نەیدەزانی بیر لە چی دەکاتەوە و خەیاڵی لای چییە. تەماشای یەکەم لاپەڕەی کرد و ڕۆژ و ڕێکەوتی کڕینی پەڕتوکەکە و ئەم چەند دێڕەی خوارەوەی چاوپێکەوت کە هەمان ئەو ڕۆژەی پەڕتوکەکەی کڕی لە لاپەڕەی یەکەمدا نوسیبووی:

 "نازانم، من پیربووم یان زەوی.

ئاشکرایە کە زەوی ئەبەدییە، لە ئەبەدییەتیشدا شتێک بەنێوی گەنجیی و پیرییەوە نییە،

کەواتە ئەوە منم پیر بووم.

پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بەڕاستی پیربووم یان هەست دەکەم کە پیر بووم؟!

لەوەش گرنگتر ئەوەیە، پیریی لە چییەوە دێت؟! لە کەیەوە دەستپێدەکات؟!"

لە ناکاو هەستی بە فشارێکی زۆر کرد و وەک ئەوەی تازە بێدار بووبێتەوە و هەستی بە دواکەوتنێکی گەورە لە هەموو شتێک و بەجێمانێکی دڵگوشەر کرد کە نەیدەزانی دواکەوتن لە چی و بەجێمان لە کێ، یان وەکئەوەی ئیتر هیچ هەلێکی بۆ نەمابێتەوە و گەیشتبێتە خاڵی کۆتایی یان دواهەمین خاڵی بێهێوایی کە هیچیدی بەدوادا نەیات، هەستی بە سستبوونی دڵی دەکرد و هەستیدەکرد وەکئەوەی کەسێک بە توندی دڵی بگوشێت وەها بوو. پەڕتوکەکەی لەسەر تاقی پەنجەرەکە دانا و بە بەتانییەکەوە چووەوە سەر جێخەوەکەی و لەسەر پشت ڕاکشا. هێندە ماندوو بوو لە دەست بیرکردنەوەکانی و هێندەی ئازار چەشتبوو بەهۆی خەیاڵە دوورودرێژ، لەبڕانەوە نەهاتوو، بێمانا و بێسەمەرەکانییەوە، حەزیدەکرد ئیتر بۆ هەتاهەتایە بیرکردنەوە و خەیاڵەکانی بوەستن و چیدی ئەو بەشەی مێشکی کە لە بیرکردنەوە و تێڕامان وە ئەو بەشەش کە لە یادەوەری و بیرهێنانەوە بەرپرسن لەکار بکەون، بەڵام ئایا لەکارکەوتنی بیرکردنەوە و لەدەستدانی یادەوەری هیچ مانایەکیان هەیە جگە لە کۆتایی، کۆتایی بۆ کات و کۆتایی بۆ هەموو شتێک!. سەرباری بێزاریی و غەمگینییەکەی کە بەدیاریکراوی نەیدەزانی لە چییەوە دێن، سەرماکەشی کە لە تەزووەکەوە سەریهەڵدابوو، هەر بەردەوام بوو. هەستی بە سەرمایەکی بەردەوام و نەبڕاوە  دەکرد. ماوەیەکی باش ڕاکشا و وەک دەرئەنجامی بیرکردنەوەکانی لە زۆر جاری تریشدا، گەیشت بە بێمانایی، بێمانایی لە هەموو شتێکدا، بێمانایی بۆ هەموو شتێک و بێمانایی لە کۆتاییەکاندا، ئاخر هیچ کۆتاییەک نییە سەرشار نەبێت لە بێمانایی، ئەفسوونیی هەموو شتێک ئەوەیە ناهێڵێت بێماناییەکەی دەربکەوێت تەنها لە کۆتاییدا نەبێت.

بەبێ بیرلێکردنەوە لە ناکاو هەستا و بلوزێکی خوری ئەستوری لەسەروو هەموو جلەکانی ترەوە لەبەرکرد و بەسەر ئەویشدا پاڵتۆکەی لەبەرکرد و پێڵاوەکانی لەپێکرد و لە ئاپارتمانەکەی بەدەرکەوت. نەیدەزانی بۆ کوێ دەچێت. وەک چەند جاری دیکەش بە جێی بەکارهێنانی ئەسانسۆرەکە بە قادرمەکاندا چووە خوارەوە، هەم بۆ ئەوەی جەستەی هێندە هیلاک ببێت  ئاگای لە مێشک و دەروونی نەمێنێت و هەم وەک خۆئەشکەنجەدانێکیش وەها بوو. لە دەروازەی باڵەخانەکە بەدەرکەوت و بەرەوڕووی خانمە بەتەمەنە تەنهاکەی ئاپارتمانەکەی هاوسێی بووەوە و سڵاویان بە خەندەوە لە یەکتر کرد. بە دڵ حەزی دەکرد بیتوانیبایە خۆی هەڵداتە نێو باوەشیەوە و بە کامی دڵ بگری. بیریکەوتەوە لەمێژە نەگریاوە، لەمێژە هەستی ئەوەی کە فرمێسک بڕێژیت و دواتر ئارامییەک هەناوی دابگرێی ئەزموننەکردووە و نزیک بوو لەوەی هەر بیرینەمابێ چۆن هەستێکە، بەڵام بەو هۆکارە نا کە خەمێک یان ئازارێکی نەبووبێت، بەڵکو لەبەرئەوەی چەندین ساڵ بوو هێندە لە غەمگینییەکی قووڵ و لە ئازارێکی هێندە سەخت و توندی دەروونییدا دەژیا هی ئەوە نەبوو بە فرمێسک ڕشتن هێورببێتەوە یان بتوانێ بگری، ئاخر غەمگینیی و ئازار تا سنورێک مرۆڤ دەخەنە گریان و لە ئاکامدا هێمن بوونەوە لە قووڵاییدا هەستپێدەکات، کە غەمگینیی و ئازار لەو سنوورەیان تێپەڕاند و هێندەش درێژ ماوە بوون چیدی نە مرۆڤ دەگریێنن و نە گریانیش وەکو میکانیزمێکی دەروونیی بۆ خۆ ڕزگارکردن لە باری قورسی ئازار و غەمگینیی دەتوانێ وەڵامدەرەوە و خامۆشکەرەوەی هەڵچوونەکان بێ. واتا نائاگا ئیتر لەو دۆخەدا مرۆڤ نە دەتوانێت بگری وە نە گریانیشی بۆ دێت.

دواتر بەنێو پارکەکەدا ڕۆیشت و نەوەستا تا کەنار ئەو کەناڵە ئاویەی کە بەرێکی بریتی بوو لە پارکەکە و بەرەکەیتری هەندێ باڵەخانەی نیشتەجێبوونی سەنتەری شارەکە و دوو شەقامی پڕ لە فرۆشگا و کۆگای جۆراوجۆر، قاوەخانە و کۆگای پۆشاک بوو بە پەڕتوکفرۆشییەکە و مەیفرۆشییەکەوە کە پێشتر پەڕتوک و مەی لێکڕیبوون. لە پاڵ درەختێک دانیشت و پشتیدا بە قەدی درەختەکەوە ڕووبەڕووی کەناڵە ئاویەکە و باڵەخانەکان. کەوتە تەماشاکردنی ئەو نەوڕەسانەی لە نێو کەناڵە ئاوییەکەدا لە هەڵفڕین و نیشتنەوەی بەردەوامدا بوون و ئەو مراویانەش کە لە ئەمبەر و ئەوبەر کردندا بوون. وەک خووی زۆر جاریتری کە بهاتایە پارکەکە بەشێکی کاتەکەی لە تەماشاکردنی نەوڕەس و مراویەکاندا بەسەردەبرد. ئەو وەکو خەڵکیتر خواردنی بۆ نەدەهێنان و ئارەزووی ئەوەی نەبوو لە ڕێگای خواردنپێدانەوە باڵندەکان لێی نزیکببنەوە. ئارەزوویەکی نەبوو بۆ نزیکبوونەوەی زۆر نەک تەنها لە باڵندە و ئاژەڵان بە ڵکو لە مرۆڤیش. پێیوابوو، هەموو نزیکبوونەوەیەک، دوورکەوتنەوەی لەنێو خۆیدا هەڵگرتووە یان هەر نزیکبوونەوەیەکی زۆر، دوورکەوتنەوەیە خۆی لە خۆیدا. واتا تا ئەو کاتە نزیکبوونەوە لەگۆڕێیە کە لێکدوورین، کە نزیکبووینەوە ئیدی شتێک بەنێوی نزیکبوونەوە نامێنێت و ئەوەی لەجێگایدا دروستدەبێت دوورکەوتنەوەیە.

ئێستا دوای ماوەیەک لە تێرامان لە باڵندەکان، دیسانەوە کەوتەوە سەر بیرکردنەوە لە کێشەکە. ئێستا دەبێت بەکورتی باس لە کێشەکە بکەین. کێشەکە لە دوای ئەو هەفتەیەوە کە وەکو مۆڵەت لە ڕێگای بەرپرسی یەکەی فرۆشتن لە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ووزەی کارەباوە وەریگرتبوو کە کارمەندێکی ئەو بەشە بوو، دەستپێدەکات. باشترە ئەوەش بزانین کە هەفتە مۆڵەتەکەی بۆ ئەوە بوو کە سەرقاڵی گواستنەوە بوو لە ئاپارتمانێکی نهۆمی هەشتەمی باڵەخانەیەکەوە بۆ ئاپارتمانێکیتری نهۆمی یانزەیەمی هەمان باڵەخانە ئەمەش بەهۆی هەستکردنییەوە بە دارووخانی دەروونیی و تێکشکانییەوە لە پەیوەندییەکی ئەڤیندارییدا لەگەڵ خانمێکی چاوشینی پێست کاڵی قژ زەرد و بە هۆکاری سەفەرێکی کتوپڕی خانمی سیوپێنج ساڵ بۆ پایتەخت و بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک. یەکەم ڕۆژی ئەو هەفتەیەی دوای هەفتە مۆڵەتەکەی کە دەبوایە بچێتەوە سەر کارەکەی هێندە نائومێد و بێزار بوو بەڕاددەیەک تەواوی جەستەی داهێزرابوو، کە نەیتوانی یان ڕاستتر بڵێین خۆی تاقەتی نەبوو بچێتەوە بۆ سەر کارەکەی و بۆ ئەمەش زەنگی بۆ بەرپرسی یەکەی فرۆشتن لێدا تا پێی بڵێت کە ئەگەر بتوانێت ئەمڕۆ وەکو هاوکاری ڕێگای بدات لە ماڵەوە بمێنێتەوە بەهۆی ئەوەی کە بارودۆخی دەروونیی تەواو نییە، بەڵام وەڵامی نەبوو. یەکەم جار کاتژمێر دەی ڕێک بوو کە زەنگی بۆ لێدا و هەڵینەگرت، دووەم جار کاتژمێر دە و بیست و دوو خولەک بوو و دیسانەوە هەڵینەگرت. ئەو ڕۆژە هەر لە ماڵەوە مایەوە تا لە کاتژمێر یانزە و چل و سێ خولەکدا بەرپرسەکەی زەنگی بۆ لێدا و دەستییان بە قسەکرد و بەڵام لەبەر ئەوەی پێشتر ئاگای لە مۆبایلەکەی نەبوو بوو کاتێک زەنگی بۆ لێدرا بوو و هەتا ئەو کاتە، بۆیە بە نەهاتنی ڕۆژێکی دوای هەفتەیەک لە مۆڵەت هەژمارکرابوو و کاتێکیش لە قسەکانیدا بارودۆخەکەی بۆ بەرپرسی بەشەکەی ڕوونکردەوە، نوسراوی نەهاتنەکەی گەیێنرابووە بەردەستی بەڕێوەبەری کۆمپانیا و ئەویش واژۆی لەسەر کردبوو و گەڕابووەوە بۆ ژوورەکەی هەڵبەت لە دوای زنجیرەی ڕێکارە کارگێڕییەکان. لەو پەیوەندیە تەلەفۆنییەدا گرژییەکی زۆری دروستکرد لەگەڵ بەرپرسی یەکەی فرۆشتندا. ئەوە بوو ڕۆژی دواتریش هەم لە ڕق و توڕەییدا و هەم لەبەر بێزاری و نائومێدییەکەی نەیتوانی بچێتەوە بۆ سەر کار بەبێئەوەی تەلەفۆنیش بکات. نائومێدی و بێزاریی بوو بوو بە ڕەوتی ئاسایی ژیانیی، واتا بە هێندەی دۆخی ئاسایی لە بێزاریی و نائومێدیدا ژیانی بەڕێکردبوو. بێزاریی و نائومێدییەک هەم بێهۆکار و هەم بێسەرچاوە. نە دەیزانی هۆکاری نائومێدیی و بێزارییەکەی چییە و نە سەرچاوەکەی دەزانیی. تەنانەت بۆی ڕوون نەبوو لە چی بێزارە و لە چی نائومێدە. تەنها شتێک کە لە قووڵاییدا و بە توندی هەستیپێدەکرد و تێیدا دەژیا، بێزارییەکی زۆر و نائومێدییەکی زۆر. زۆر جار هەستی بە فشارێکی زۆر لەسەر مێشکیی دەکرد و ئەمەش تووشی سەرئێشەی دەکرد و لەگەڵیدا هەستی بە دلگوشرانێکی بەهێز دەکرد کە ناوە ناوە خاو دەبووەوە و دواتر دڵگوشرانەکەی بەهێز دەبووەوە. لەگەڵ ئەمانەشدا بەردەوام هەستی بە داهێزرانی جەستە و گرژبوونی ماسولکەکانی دەکرد. هەروەها لە بێزاری و نائومێدییەکییشدا دەژیا، هەروەکچۆن کە دوو ئەڤیندار بەهەر هۆکارێک بێت لێکجیادەبنەوە کە ئیتر تازە نائومێدن لەوەی جارێکیتر یەکبگرنەوە و بێزارن لەوەی کە گەیشتنە ئەم ساتەی کە تیاییدا هەست بە بۆشاییەکی کوشندە دەکەن و پووچییەک دەوریاندەدا و هێندە بێزارییان بۆ دێنێ، نازانن چۆن لێی ڕابکەن چونکە توانای بەرگەگرتنییان نییە.

بۆ ڕۆژی سێیەمی هەفتەی دوای هەفتە مۆڵەتەکەی چووەوە بۆ سەر کار، هەڵبەت باشترە ئەوە بزانین کە زۆر جاریتر ئەو بێزاری و نائومێدیەی تووشبووە و ئاسایی چووەتەوە بۆ سەر کار. دوای ئەوەی چووە ژوورەکەی و جانتاکەی لەسەر مێزەکە دانا، چوو بۆ ژووری بەرپرسی بەش، بەبێ لەدەرگادان خۆی کرد بە ژووردا و دوای کەمێک قسەکردن، دەمە بۆڵە کەوتە نێوانیان، دواتر کە دەنگی بەسەر بەرپرسی بەشدا بەرز کردەوە، بەرپرسی بەش ژوورەکەی جێهێشت و چوو بۆ لای بەڕێوەبەری کۆمپانیا. ئیتر کاتێک هاتەوە ژوورەکەی تەماشای کرد کەسێکیتر لەسەر مێزەکەی کە جێی کارکردنی ئەو بوو دانیشتووە و سەرقاڵە. پێشتر ئەو کارمەندەی بینیبوو لە کۆمپانیا بەڵام نەیدەزانی لە کام بەش کاردەکات، تەنها ئەوەی دەزانی کە لە بەشەکەی ئەو نەبووە. دواتر چوو بۆ لای بەڕێوەبەری کۆمپانیا کە لەو کاتەدا بەرپرسی بەش هاتە دەرەوە لە ژووری بەڕێوەبەر و بەرەو ژوورەکەی خۆی ملینا بەبێئەوەی سەرهەڵبڕێت تەنانەت بۆ نیگایەکیش. دوای ئەوەی چووە لای بەڕێوەبەر و ویستی کێشەکەی بۆ باسبکات و مەغدووریی خۆی بۆ بەیانبکات بەڵام بەڕێوەبەر پێی گوت کە بۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ پێویستە بڕوات و ئەویش ئەمڕۆ دەتوانێت بچێتەوە بۆ ماڵ و پشووی زیاتر بدات. بۆ ڕۆژی دواتر کە چووبووەوە بۆ کۆمپانیا بڕیاری گواستەوەیان دابوویە دەست لە بەشەکەی خۆیەوە بۆ یەکەی چاککردنەوە "صیانە – Maintenance Unit" کە قەرەباڵغترین و پڕئیشترین بەش بوو لە دوای بەشی بەرهەمهێنانەوە. ئەویش کە بەدرێژایی ژیانی لە شوێنە قەرەباڵغەکان ڕایکردبوو و بێزارییەکی زۆری هەبوو لە کارکردن، کاتبەسەربردن یان نیشتەجێبوون لە شوێنی قەرەباڵغ و پڕژاوەژاو. بۆیە تاقەتی نەبوو پەیوەندی بە بەشە تازەکەیەوە بکات و بەو هەموو خەمباریی و لەشداگیراوییەوە بچێت قسە لەگەڵ بەرپرسی بەشە تازەکەی بکات تا نوسراوی پەیوەندیکردنی بۆ بکات و شوێنی کارکردن و جۆرەکەی بۆ دیاریبکات. ڕاستەوخۆ ڕۆیشتەوە بۆ ئاپارتمانەکەی و دوای ماوەیەک ڕاکشان بەبێدەنگی، کە ویستی کەمێک ئارامیی بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام نائارامییەکەی هیچی لێ کەم نەبووەوە، چووە بەر پەنجەرەکە بۆ تێڕامان لە ئاسۆی هەوراویی و تەماویی شارۆچکەکە بە دەم گوێگرتن لە چەند پارچە مۆسیقایەکی شۆبێرت و شۆپانەوە کە پێشتر لە کاتە ئاساییەکانیدا ئارامییەکی زۆری لێوە بەدەستدەهێنان بەڵام ئێستا وەک بڵێی مۆسیقاکانیش لەسەر ڕیتمی نائارامیی و بێزارییەکەی ئەو نۆتەکانیان داڕشتووەتەوە وەهابوو، چونکە مۆسیقاکان هاوئاهەنگییەکی سەیریان هەبوو لەگەڵ نائارامییە دەروونی و بێزارییە ڕۆحییە قووڵەکەیدا.

کار نەخۆشیی و بێکارییش هەم نەخۆشیی!

بۆ ڕۆژی دواتر کە دەکاتە چوارەم ڕۆژی ئەو هەفتەیەی کە دەکەوتە دوای هەفتە مۆڵەتەکەیەوە، بەیانییەکەی نەک هەر تاقەتی نەبوو بچێتەوە بۆ دەوام بەهۆی هەم خەمباریی و نیگەرانییە لە بڕانەوە نەهاتووەکەیەوە و هەم توڕەیی زۆری لە بەرپرسی بەش و بەڕێوەبەری کۆمپانیا، بەڵکو تاقەتی هاتنە دەرەوەشی نەبوو لە نێو جێخەوەکەی، بۆیە تا نزیکەی کاتژمێر یانزە بە ئەمدیو و ئەودیوکردن لە نێو جێخەوەکەیدا مایەوە لە کاتێکدا لە کاتژمێر حەوتەوە بێدار بوو بووەوە. بۆ ڕۆژی پێنجەمی ئەو هەفتەیەی کە دەبایە بچێتەوە سەر کارەکەی دوای هەفتەیەک مۆڵەتوەرگرتن کە دەیکردە ڕۆژی هەینی وەک زۆربەی ڕۆژەکانیتری نزیک بە دوو دەیەی ژیانی، بێزاریی و غەمگینیی دایگرتبوو، وا ئێستا و چەند ڕۆژێکە ڕقێکی زۆریشی لە نێو دەروونییدا بۆ دروستبووە لە بەرپرسی بەش بە تایبەتی و بەڕێوەبەری کۆمپانیاشی تا ڕاددەیک هاتۆتە سەربار، ڕقێک کە دەروونی ماندووی زیاتر ماندوو دەکرد و هێز و ووزەی هەناویی لێ کەمتر دەکردەوە، بۆیە تاقەتی نەبوو بچێت بۆ دەوام و تا نزیکەی کاتژمێر دوانزە لە نێو جێگەکەیدا مایەوە بەبێ ئەوەی بۆ چرکەیەکیش لە بیرکردنەوە چڕ و خەیاڵە بەردەوامەکانی داببڕێت کە هەموویان بیرکردنەوەی نێگەتیڤ و خەیاڵی ترسناک بوون لە کاتێکدا لە بەشێکی زۆری کاتەکەدا تەنانەت نەیدەزانی خەیاڵ و بیرکردنەوەی لەسەر چییە! تەنها شتێک کە دەیزانی و هەستیپێدەکرد ئاسمانێکی پڕ لە هەوریی چڕ و تاریک کە مرۆڤێک بە ژێریدا بەرەو نادیار دەڕوات یان ئەو هەستەی هەبوو کە مرۆڤێک لە ناکاو وا هەست بکات لەو ساتەدایە کە هەر شتێک لە ژیانیدا گرنگ بێت خەریکە لەدەستیدەدات، یان ساتی کەوتنە خوارەوەی مرۆڤێک لە لوتکەی شاخێکەوە بۆ نێو خەرەندێک و کاتێک لە بۆشاییدایە و بێئەوەی هیچ ئازارێک بە لەشی گەیشتبێت هێندە بە توندی و سەختیی ئازاری کەوتنە خوارەوەی و بەرکەوتنی بە ڕەوەزە بەردە گەورەکان لە ناخەوە و لە دەرووندا هەستپێدەکات و ئەو ساتە پڕ لە نیگەرانیی و دڵەڕاوکێ کوشندەیەی هێندە بۆ قورسە، ئارەزوو دەکات دەستبەجێ هەموو شتێک ڕووبدات و تەواو ببێت تا لەدەست ئەو دۆخە بەرگەنەگیراوە دەروونییە ڕزگاریی ببێت.

بۆ ڕۆژی دواتر و ڕۆژی دوای ئەویش، دوو ڕۆژی پشووی کۆتایی هەفتە بوون و دەوامی نەبوو ئەمە بەبێئەوەی ئەو هەفتەیە بچێتە دەوام و تا لە دوای پێنج ڕۆژ کارکردنی هەفتەیەکەوە ماندووییەکەی وەهایلێکردبێت پێویستی بە دوو ڕۆژە پشووەکەی کۆتایی هەفتە ببێت، بەڵام هەستیدەکرد هێندە ماندووە نەک دوو ڕۆژ بەڵکو بە دەیان دوو ڕۆژیی ناتوانن پشوو و ئارامیی پێببەخشن ئەمە لە حاڵێکدا کە تەنانەت لەوانەیە نەک پشوو و ئارامیی پێببەخشن بەڵکو ماندوویی زیاتر و نائارامیی زیاتری پێببەخشن. ڕۆژی یەکەمی هەفتەی دواتر چووەوە بۆ سەر کار و پەیوەندی بە بەشە نوێیەکەیەوە کرد و چووە لای بەرپرسی بەش، لەوێ دوای سڵاوکردنێکی ڕۆتینی کە لەوەش تووشی بێزاریی هاتبوو، یەکەم شتێک کە بەرپرسی بەش پێیڕاگەیاند ئەو ئاگادارکردنەوە توندە بوو لەبەرامبەر خەمساردیی و نەهاتنی چەند ڕۆژەی بۆ دەوام بەبێ هیچ هۆکارێک و بەبێ ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیا، بۆی دەرکرابوو لەلایەن دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیاوە، دواتریش بەشێوازی فەرمانپێکردن هەم کارە نوێیەکەی و شوێنەکەی پێگوت و هەروەها پرسیارکردنیش لەبارەی ئەوەی کە پەیوەندیکردنیی بەبەشە نوێیەکەیەوە درەنگ خستووە و ڕاستەوخۆ لە کاتی خۆیدا نەهاتووە بەشێوازی نیمچە سەرزەنشتکردن. بەبێئەوەی هیچ کاردانەوەیەک بنوێنێت لە ژووری بەرپرسی بەش چووە دەرەوە و بەبێئەوەی بچێت بۆ ئەو ژوورەی کە دەبایە کاریلێبکردایە ڕۆیشتەوە بۆ ماڵەوە. تا ڕۆژی چوارەمی ئەو هەفتەیە نەهاتە دەرەوە و تەنانەت سێ ژەمەکەی کردبوو بە دوو ژەم و یان ژەم و نیویکێش، لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆربەی کاتەکانی لەنێو جێخەوەکەیدا یان لەبەر پەنجەرەکە و تێڕامان لە ئاسۆ دوورە زۆربەی کات هەوراویەکانی شار بەسەر دەبرد. لە ڕۆژی چوارەمدا بوو لە نیوەڕۆدا کە لە نێو ڕیکلامی کۆمپانیاکاندا نامەیەکی لە پۆستەوە بۆ هاتبوو، نامەی کۆمپانیا بوو، کە نوسراوی  دەرکردنیی بوو لە کارەکەی. لەو ساتەدا کە نامەکەی کردەوە هەستیکرد، شتێکی خراپ بێت، بەڵام هەستێکی واینەبوو هێندە خراپ بێت تا ئاستی کۆتاییهێنان بە ڕاژەکەی لە کارکردن لە کۆمپانیا. لە دوای هەڵپچڕینی نامەکە، کە لە درێژایی ژیانییدا لە ئەوروپا هەرگیز نەیتوانیبوو یان نەیزانییبوو نامەیەک بە جوانی و لە شوێنی لەزگەکەیەوە بکاتەوە و هەمیشە زەرفی نامەکەی بەشێوەیەکی خراپ دەدڕاند کە جار هەبووە نامەکەشی پێوە دڕاوە، نوسینەکەی خوێندەوە بەڵام هێندە شۆک نەبوو یان هێندە غەمگیین نەبوو، بەڵکو هەروا کەمێک بە بیرکردنەوە و ناوچەوان چرچکردنەوە، خەیاڵی بۆ دوور ڕۆیشت و مێشکی کەمێک جەنجاڵتر بوو لەپێشتر. بەڵام هەرگیز نەیزانی بیرکردنەوە یان دوور ڕۆیشتنی خەیاڵی وە یان مێشک جەنجاڵبوونە زیاترەکەی بۆچی و لەبارەی چییەوە بوو. بەڵام پێدەچێت دۆخی وەک دۆخی خواردنەوەی پیاڵەیەک ژەهر بووبێت کە سەرەتا کاریگەری نییە یان کاریگەریی زۆر کەمە و تەنها لە خەیاڵ و بیرکردنەوەدا کاریگەرە، بەڵام دواتر ووردە ووردە بە جەستەدا بڵاودەبێتەوە و تابێت کاریگەرییەکەی زیاتر و قورستر دەبێت تا دواجار کەسەکە دەکوژێت.

دەرکرانیی لە کارەکەی زۆر ئاسان وەرگرت بەبێئەوەی بچێتەوە بۆ کۆمپانیا لەگەڵ بەرپرسی یەکەی فرۆشتن بیکاتە شەڕ کە بە پلەی یەکەم و سەرەکیی بووەتە هۆی ئەوەی کە کارەکەی لەدەستبدات، یان بچێت بۆ لای بەڕێوەبەر و داوای پوچەڵکردنەوەی بڕیاری دەرکردنەکەی بکات یان هەرشتێکیدی لەو جۆرە. بەڵکو لە ماڵەوە مایەوە و وەک ئەوەی هەرگیز لەو کۆمپانیایە کارینەکردبێت وەها وەریگرت. تەنها ئەو ڕۆژە توانی کەمێک نیگەران بێت لەو بارەیەوە و ئیتر لە شەوەوە ووردە ووردە هێرشی نیگەرانییە توندەکان و هێرشی غەمگینییە قووڵ و قورسەکان دەستیانپێکرد.  نەیدەزانی غەمگین و نیگەرانیی چییە. پارەی بەشی ژیانیی بە ئاسانیی تا نزیکەی ساڵێک لە ئەکاونتە بانکیەکەیدا هەبوو، ناوماڵێکی هاکەزایی نە باش نە خراپیشی هەبوو کە بەدرێژایی ژیانی لە ئەوروپا هەروا بوو بوو، ئوتومبیلێکی باشی تا ڕاددەیەک نوێی هەبوو، هەرچەندە ئارەزووی بۆ ئاژوتنیی کەمبوو و زۆربەی کات یان پاسکیلەکەی بەکاردەهێنا یان بەپێ دەڕۆیشت. ئەوەشی دەزانیی کە ئەگەر بییەوێت لە ماوەی ئەو ساڵەدا بە دڵنییایەوە ئیشێکی دیکەی دەستدەکەوێت ئەگەر باشتر نەبێت لە ئیشەکەی پێشتری خراپتر نابێت. خۆ ئەگەر لە ساڵەکەش تێپەڕی و ئیشێکی بۆ نەدۆزرایەوە ئەوا فەرمانگەی سۆشیال خەرجیی ژیانیی دەگرێتە ئەستۆ. بە کورتییەکەی نیگەرانیی و غەمگیینیە تازەکانی کە لەبارەی لەدەستدانی کارەکەیەوە بوون، بۆ ئەوە نەبوون کە بێپارە دەبێت یان ژیان و گوزەرانیی دژوار دەبێت وە یان لە داهاتوودا ڕۆژانێکی تاریک چاوەڕێی دەکەن لە پەیوەند بە کار و بژێویی ژیانەوە، بەڵکو بۆ ئەوە بوون کە ئیتر دەبێت لە ماڵەوە هەموو جەستەی خۆی بکات بە گوێ بۆ گوێگرتن لە خەیاڵە درێژ و ترسناکەکانی لە هەمانکاتدا پووچ و بێماناکانی کە هەندێک جار دەهاتنە قسە و بەدەنگی بەرز خۆیان بەرجەستە دەکرد. نیگەرانییەکانی بۆ ئەوە بوون کە ئیتر دەبێت لەگەڵ خۆیدا بێبڕانەوە لە مۆنۆلۆگێکدا بێت کە پایەکانی لەسەر زەمینی بێئومێدیی چەقیون لەبارەی خەونە ترسناکەکانیەوە، لەبارەی بیرکردنەوە ئازارهێنەکانیەوە کە لەمێژبوو جگە لە مەرگ، تراژیدیا، وێنەی تاریکیی ژیانیی و هەزاران کابووسی چەند بارە بووەوە چیدیکە نەبوون. ئەو بیرکردنەوانەی هەر ووزەیەکی زیندەگیی و ئارەزوویەکی ژیان و هێزێکی ناوەکیی  تێدا لەنێو دەبرد و هەر شادیی و ئارامییەکی لە بنەوە هەڵدەتەکاند و تاروماری دەکرد.

دوای ئەوەی کە تا ڕاددەیەک بە ووردیی و لە هەمانکاتدا دەتوانین بڵێین بە بەشێوەیەکی درشت، باسی کێشەکەمان کرد، بۆیە دەڵێم بە ووردیی چونکە دەکرا بە دەستەواژەیەکی وەک دەرکرانی لە کارەکەی باسکردنی کێشەکە بەسبکەین هەروەها دەکرێت بڵێین ئەوەی لە بارەی چۆنێتی لەدەستدانی کارەکەیەوە باسکرا بەشێوەیەکی درشت بوو چونکە زۆر ڕووداو و گفتوگۆی دیکە لە ناواخنی ئەو ڕۆژانەی کۆتاییەکانی چوونەوەی بۆ کۆمپانیا و ئەو هەڵبەز و دابەزە دەروونی و ڕوحییانەی کە هەم لە کۆمپانیا و لە کاتی مشتومڕەکانیدا و هەم لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ئاپارتمانەکەی تێیانکەوتووە، بە فەرامۆشیی سپێردراون و هێندە گێڕانەوەکە وورد نەکراوەتەوە کە ببێتە فیلمێک و وێنەی دۆخیی دەرونیی و ڕەوانیی ئەو لەو چەند ڕۆژەدا بە ووردیی بگرێت و پیشانیبدا. بەڵکو ئەوەی پێویستە بۆ تێگەیشتن هەم لە ڕاددەی خەتاباریی لە پەیوەند بە خۆی، بەرپرسی بەشەکەی و بەڕێوەبەری کۆمپانیا لە لەدەستدانیی کارەکەی و هەم لە ڕاددەی کاریگەربوونی بڕیاری دەرکردنەکەی لەسەر ژیان، بیر و خەیاڵی، باسکراوە. واتا لە گێرانەوەی ئەو چەند ڕۆژەی کێشەکانی لە کۆمپانیا تەنها هێندەی بە گرنگ وەرگیراوە و باسکراوە کە لەنێوکۆیی چیرۆکەکەدا پێویست و گرنگە.

ئێستا دوای ئەوەی لە کێشەکە ئاگادارین پێویستە بگەڕێینەوە هەمان جێگا کە لێیدابڕاین لە پێناو باسکردنی کێشەکە. لە کەنار کەناڵە ئاویەکە و بە پاڵ قەدی درەختێکەوە دانیشتبوو، دوای ماوەیەک تێڕامان لە نەوڕەس و مراویەکان، دیسانەوە کەوتەوە بیرکردنەوە لە کێشەکە. بەلایەوە کێشەکەی نە هێندە گەورە بوو بۆی غەمگین بێت و خۆی بە دەردەدار بزانێت یان بهێنێت هێندە بیرکردنەوە و خەیاڵی خۆتی تێدا بەخەرج بدەیت، نە هێندەش بچووک بوو کە بتوانی فەرامۆشی بکەیت و لە نێو پانتایی خەیاڵ و بیرکردنەوەدا هیچی بۆ تەرخان نەکەیت. بە سروشتی ناوازەی خۆی لەوەتای بە خۆی ئاشنا بوو بوو، ئەمە ئەگەر بشێت بڵێین بە خۆی ئاشنا بوو بوو چونکە چ شێک هەیە لە ئاشنا بوون بە خود یان خۆناسین سەختتر و ئەستەمتر بێت!، لە بەشێکی هەرە گەورەی کێشەکانی ژیانیدا و لە ڕێژەی هەرە زۆری ڕووداوەکاندا لە نێوان بە گرنگ و گەورە هەژماربۆکردن یان بە بچووک و ناچیز حساب بۆ کردنی کێشەکانیدا بیر و خەیاڵی لە جۆلانێدا بوو، لە یادی نەبوو ئەوەی بۆ یەکلایی کرابێتەوە کە کێشەیەکی بە تەواوی بە بچووک یان بە تەواوی بە گەورە زانیبێت. هەندێکجار هەم لە دیدی خۆیەوە و هەم خەڵکیتریش ئەوەیان هەستپێکردبوو و تەنانەت پێشیان ووتبوو کە کێشەگەلێک کە هاتوونەتە سەر ڕێگای ژیانیی خەمساردانە و بێباکانە مامەڵەی کردوون و گرنگییەکی ئەوتۆ و شایان بە کێشەکەی پێنەداون، بە پێچەوانەشەوە کێشەگەلێک هاتوونەتە بەردەمی کە زۆر بچووک و ناچیز بوون و تەنانەت زۆر ڕۆتینی و ڕۆژانەیی بوون، بەڵام ئەو بە بایەخێکی زۆرەوە و بە نیگەرانییەکی لە ڕاددەبەدەرەوە بەرخوردی لەگەڵ کردوون و بەشێوەیەکی بێمانا ووزە و کاتی ژیانی خۆی پێوە سەرفکردوون و تەنانەت تا ماوەیەکی زۆریش لە مێشک و دەروونیدا هێشتوونیەتەوە بۆ پێوە سەرقاڵبوونی شەوانە و ڕۆژانەی بیر و خەیاڵی.

ئەگەر لە خۆمان وەکو منداڵێک نە مرۆڤێکی پێگەیشتوو بیربکەینەوە، چی؟!

هێندە بەنێو خەیاڵی پووچییدا ڕۆچووبوو ئاگای لە دەوروبەری نەمابوو تا کاتێک بە دەنگەدەنگ و جۆشوخرۆشی دوو منداڵ وەئاگا هاتەوە کە لەگەڵ دایک و باوکیان لە کەنار کەناڵە ئاویەکە خواردنیان دەدا بە مراویەکان و نەوڕەسەکان. دوو منداڵەکە تەمەنیان لە دەوروبەری حەوت ساڵان و پێنج ساڵاندا بوو کە دایک و باوکیشیان لە دەوروبەری تەمەنی سیوپێنج ساڵ و چل ساڵیدا بوون. ئێستا بیریکەوتەوە چەند بێباکانە تەمەنی خۆی بەڕێکرد و چەند بێهوودە ژیانیی بەفیڕۆچوو. بیریکردەوە، ئێستا تەمەنی وا خەریکە لە پەنجا و سێ ساڵیی تێپەڕ دەبێت و هێشتا نە ژنی هەیە و نە منداڵ. لەپڕ بیر و خەیاڵی بەلایەکیتردا لاسەنگ بوو کە منداڵێتیی خۆی بوو. بیرکردنەوە لە خۆی وەک مرۆڤێکی پێگەیشتوو و یان لە تەمەندا هەڵکشاو، لە پڕ گۆڕا بۆ بیرکردنەوە لە خۆی کاتێک کە منداڵ بوو، بۆیە لەم کاتەدا خۆبەخۆ زنجیرەی خەیاڵەکانی چوونەوە سەر دایکی. لە منداڵییدا هەر کێشەیەک یان دڵتەنگییەکی هەبووایە، خێرا ڕایدەکرد بۆ لای دایکی و بە گوێیدا دەچرپاند، یان هەندێ جار خۆی دەخزاندە نێو باوەشیەوە و یان هەندێ جاریتر دەچووە سەر کۆڵی و بەمەش یان دڵتەنگییەکەی نەدەما یان دایکی کێشەکەی بۆ چارە دەکرد. بەڵام ئێستا چی؟! نە دایکی ماوە و نە کەسێک هەیە تا نەوەکو کێشەکەی بۆ چارە بکا یان دڵتەنگییەکەی بڕەوێنێتەوە، بەڵکو تەنها گوێی بۆ بگرێ بۆیە تێگەیشت یەکێک لە کێشە گەورەکانی مرۆڤ، کێشەی بێدەنگییە، واتا کێشەی قسەنەکردن و ئەوەی کە کەسێک نەبێت گوێتلێبگرێت و لێت تێبگات.

لە دوای ئەوەی نزیک بە شانزە ساڵ پێشتر کە ووڵاتی خۆی بەجیهێشتبوو، تەنها جارێک سەردانی ووڵات، شار، خێزان و کەسوکاریی کردبووەوە، ئەویش دوای دە ساڵ. بەڵام گەڕانەوەی بۆ ووڵات هیچ جیاواز نەبوو لە سەردانیکردنی بێگانەیەک. چونکە دوای لە ووڵات وەدەرکەوتنی بە چەند ساڵێک باوک و دایکی مردبوون و دوو خوشک و دوو براکەشی ژیانی خێزانییان پێکەوەنابوو. گەڕانەوەی بۆ ووڵات دوای دە ساڵ، بە دڵشکاویی و نامۆبوونێکی هێندە گەورە دواییهات، کە ئیتر بەبێئەوەی ڕاستەوخۆ بیریلێبکاتەوە و بە زمان، مێشک و دەروونیدا گوزەر بکات، هەر لە قووڵایی وجودیەوە بڕیاریدا هەرگیز نەگەڕێتەوە بۆ ووڵات و ئەوە یەکەمین و دواهەمین جاری بێت. نەک هەر خێزان و کەسوکاریی، بەڵکو هاوڕێکانی و تەنانەت شار بە شەقام، باڵەخانە تازە دروستکراوەکان، ئۆتۆمبێلە مۆدێل تازەکان کە شەقامەکانیان داپۆشیبوو، بازاڕ و خەڵکەکەشیەوە بەسەریەکەوە بووبوونە تۆپەڵێکی گەورەی نامۆیی بۆی. هیچ یادەوەرییەکی کە لە قووڵایی بوونی خۆیدا بە درێژایی ئەو هەموو غەمباری و تەنهاییەی لە غەریبییدا هەڵیگرتبوون و پاراستبوونی، بە خێزان، کەسوکار، شار و خەڵکەکەیەوە پەیوەندییان نەمابوو، وەک ئەوەی ئەو یادەوەریانە هی شارێکیتر و خەڵکێکیتر بن کە ئەم لە نێو قووڵایی بوونی خۆیدا هەڵیگرتوون، شارێکی خەیاڵی و خەڵکێکی خەیاڵی یان ڕاستتر شار و خەڵکی نێو خەیاڵی خۆی. لەم ساتەدا بەجێی ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە دەبایە ئەویش ژن و منداڵی هەبووایە و ئێستا لەگەڵ منداڵەکانی بە دیار کەناڵە ئاویەکە، مراویەکان و نەوڕەسەکانەوە بوونایە، بیری لەوە کردەوە کە ئێستا دایکی بمابایە و بە تەنیشتیەوە بووایە و وەکو خووی منداڵیی، دڵتەنگیی خۆی بە گوێی دایکیدا بچرپاندایە یان بەبێدەنگی خۆی بخزاندایەتە نێو باوەشیی گەرمیی تا لەم سەرما بەردەوامەی تەنهایی و لەم تەزووە ساردەی ئازار ڕزگاری بووبووایە.

ساڵی ١٩٩٦ کە خێزان و شارەکەی بەجێهێشت، تەمەنی سیوحەوت ساڵ بوو، هیچ هاوڕێیەکی نەمابوو بە پورزاکانیشیەوە، هەرچەندە بەدرێژایی ژیانی لە هەستی بێهاوڕێییدا ژیابوو. هاوڕێکانی بەشێکیان لە جەنگی نێوان دوو حزبخێڵە دەسەڵاتخوازەکەی کوردستان هەم لە شاخ دژ بە دیکتاتۆر و هەم لە شار دوای ڕاپەڕین دژ بەیەکتر لەسەر پارە، هەژموون و دەستبەسەرداگرتنی پایتەخت، هەندێ شارۆچکە و چەند تەپۆڵکەیەک گیانیان لەدەستدابوو، بەشێکیان هاوسەرگیریان کردبوو و لەو سەردەمەی گەمارۆ خنکێنەرەی ئابوورییشدا نەک ئاگایان لە هاوڕێکانیان نەمابوو بەڵکو ئاگایان لە خودی خۆشییان نەمابوو بەهۆی ڕاکەڕاکەیانەوە بەدوای قووتی ژیاندا، کە لە هیچ سەردەمێکدا هێندەی ئەو سەردەمە بەدەستخستنی نانی ڕووتی ڕۆژانە سەخت نەبوو، هەندێکیشیان لەو چەند ساڵەی دوای ڕاپەڕین کۆچیان کردبوو بۆ هەندەران کە دواتر ئەویش هەمان ڕێگای گرتە بەر. ئەو کاتە دایک و باوکی هێندە سەرحاڵ بوون کە نەک مەرگ خۆی، بەڵکو بۆنەکەشی بە چەندین فرسەخ لێیانەوە دوور بوو. دوو خوشکەکەی کە دووانە بوون لە قۆناغی کۆتایی زانکۆ بوون و دوو براکەشی یەکێکیان زیاتر لە پێنج ساڵ بوو پەیمانگای تەکنیکی تەواو کردبوو و دوکانێکی وەرشەی چاککردنەوەی ئامێرە کارەباییەکانی دانابوو و ئەویتریش دوو ساڵ بوو زانکۆی تەواو کردبوو و بە مووچەیەکی مەمرەومەژی لە فەرمانگەیەکدا کاریدەکرد. خۆی ماوەی نزیکەی پانزە ساڵ بوو زانکۆی موسڵ کۆلێژی ئەدەبیات بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی تەواو کردبوو، بەڵام لە سەردەمی ڕژێمی دیکتاتۆرییدا هەر خەریکی خۆشاردنەوە بوو ماوەیەک لە ناوشار و ماوەیەکیش لە چەند گوندێکی سەرسنووریی کە لە هەموو ئەو ماوەیەدا باوکی خەرجی ژیانیی دابیندەکرد و بێئیش مایەوە تا دوای ڕاپەڕین، دوای ڕاپەڕین ماوەیەک لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکی بیانییدا وەکو وەرگێڕ کاریکرد و دواتریش کاتێک ڕێکخراوەکان ووڵاتەکەیان بەجێهێشت لە ئەنجامی بڕیاری نەوت بەرامبەر بە خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان و تاڕاددەیەک سووکبوونی گەمارۆی ئابووری و داگیرکردنەوەی پایتەختی هەرێم لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆرییەوە بە پێشلەشکریی بۆ سوپای دیکتاتۆر و لەسەر داوای یەکێک لە دوو حزبخێڵەکەی کوردایەتیی، ڕێکخراوەکان بڕیاری جێهێشتنی ووڵاتەکەیاندا، لەگەڵ ئەوەی کە ئەو ڕێکخراوە گوایا خێرخوازیەی سەر بە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەگەڵیدا کاریدەکرد بڕیاریدابوو بە وەرگرتنی ڤیزای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئەو و هەموو ئەو کوردانەی دیکە کە کاریان لەگەڵ دەکردن هەروەک تەواوی ڕێکخراوەکانیتریش، بەڵام ئەو بەهۆی ئەو تێگەیشتنەی بۆ ئەمریکیەکان هەیبوو لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی کارکردن لەگەڵیان، ڕقێکی گەورەی لێیان بوو، ئەوەش وایکرد ڤیزاکەیان ڕەتبکاتەوە و دواتر خۆی بەڕێگەی قاچاغی تورکیا و یۆنانەوە و دواتر ئیتالیا، خۆی گەیاندە ئەڵمانیا و دوای نزیکەی کەمتر لە ساڵێک مافی مانەوەی هەمیشەیی بەدەستهێنا.

لە ئەڵمانیا نزیکەی دە ساڵی بەسەر برد کە لەو ماوەیەدا لە سێ شاری ئەو ووڵاتە ژیا کە لە هەر یەکێکیان سێ جار ئاپارتمانی گۆڕی. تەنها جاری یەکەم کە چووە ناو ئاپارتمانی یەکەم هیچ گرفتێکی نەبوو، ئیتر لە دوای ئەوەوە هەموو ئاپارتمان گۆڕینێک و شار گۆڕینێکی بەهۆی کێشەی داڕووخانی دەروونی و تێکچوونی پەیوەندی سۆزداریی و تێکشکانییەوە بوو لە پەیوەندیی خۆشەویستییدا، تەنانەت لە دوای دە ساڵ بڕیاریدا ووڵاتەکەش بگۆڕێت، ئەمەش دوای ئەوەی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە هەلێکی کاری لە یەکێک لە ووڵاتە سکاندناڤییەکان بەدەستهێنا لە پایتەختی ووڵاتەکە و لەوێش سێ ئاپارتمانی گۆڕی هەمانشێوە دوای ئەوەی دەکەوتە نێو چەند پەیوەندیی ڕواڵەتییانەی خۆشەویستییەوە و بە تێکشکانی هەر جار زیاتری و دارووخانی دەروونیی هەر جار زیاتری لێیدەهاتە دەرەوە، لە دوای سێ ساڵ ژیان لە پایتەخت، لە شارۆچکەیەک لە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ووزەی کارەبا هەلێکی کاری بەدەستهێنا و لە پایتەختەوە گواستیەوە بۆ ئەو شارۆچکەیەی کە بوو بە دواهەمین وێستگەی گەشتی ژیانی. لە ئاپارتمانێکی نهۆمی چوارەمەوە کە باڵکۆنەکەی بەسەر چۆڵەوانییەکدا دەیڕوانیی نیشتەجێبوو و هەر دوای ماوەیەک بێئاگا و بێمەبەست کەوتە نێو پەیوەندی خۆشەویستییەوە لەگەڵ خانمێکی گەنجی پۆڵەندیی کە تەمەنی بیست و پێنج ساڵی تێپەڕنەکردبوو و ماوەی دوو ساڵ بوو هاتبووە ووڵاتەکە و لەو شارۆچکەیە نیشتەجێ بوو بوو و لەو باڵەخانەیە ئاپارتمانێکی بەکرێ گرتبوو. خانمەکە دەرچووی زانکۆی وارشۆ-بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی بوو. لە لقێکی کۆمپانیایەکی تێلێکۆمیونیکەیشن لە شارۆچکەکە کاریدەکرد. لە دوای ساڵێک  و لە پاش سەفەرێکی کچەکە بۆ وارشۆ و گەڕانەوەی، کێشەیەکی لاوەکییان بۆ دروست بوو و ئیتر بە کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکە دواییهات هەڵبەت لەلایەن کچەکەوە، ئاسایی وەکو هەموو پەیوەندیەکانی دیکەی. بۆیە لەو باڵەخانەیەوە گواستیەوە بۆ باڵەخانەیەکی تەنیشت پارکی گەورەی ناوەندی شارۆچکەکە و لە ئاپارتمانێکی نهۆمی هەشتەمدا جێی خۆی گرت و هێندەی نەبرد لەگەڵ خانمێکی چاوشینی پێست کاڵی قژ زەردی تەمەن سیوپێنج ساڵ پەیوەندیەکی بۆ دروست بوو، کە ووردە ووردە پەیوەندیەکە ڕەهەندێکی هەستەوەرانە و سۆزدارانەی وەرگرت، واتا لە سەرەتاوە پەیوەندیەکە کە ئاشکرا نییە چۆن دروست بوو، تەنها پەیوەندییەکی ئاسایی یان هاوڕێیانەی نیمچە ڕەسمیی بوو. دوای نزیکەی سێ مانگ بە تەواوی هەردووکیان بێئاگا و بێمەبەست کەوتنە نێو داوی خۆشەویستی یەکترییەوە. پەیوەندیەکەیان نزیکەی دوو ساڵی خایاند و دواتر لە پڕ خانمی چاوشین دیار نەما. هەموو ئەوەی زانراو بوو، لەگەڵ خانمی پێست کاڵ لە دوای پیاسەیەک بە پارکەکەدا و لەوبەر کەناڵە ئاویەکە و لەو ئێوارە کەمێک سارد و غەمگینە پاییزییەدا لە کافێیەک لە مێزێکی تەنیشت جامخانەکە کە ڕووبەڕووی کەناڵە ئاویەکە و پارکەکە بوو دانیشتن بە دیار دوو قاوەی گەرمەوە و خانمی قژ زەرد پێی ووتبوو کە سەفەرێکی پایتەختی بۆ هاتووەتە پێش و ماوەیەکی پێدەچێت ئەویش هیچ جۆرە هەستێکی لەو بارەیەوە دەرنەبڕیبوو تەنانەت نەیوتبوو کە هیوای سەفەرێکی سەلامەت و خۆشی بۆ دەخوازێت. ماوەیەک بوو هەردووکیان هەندێجار لە نێوکۆیی هەندێ بابەتدا باسی هاوسەرگیرییان دەهێنایە گۆڕێ، بێئەوەی ئاشکرا و ڕاستەوخۆ باسی خۆیان بکەن، بەڵکو ڕووکاری گشتی مەسەلەی هاوسەرگیرییان باسدەکرد بەڵام بە جدییەت و هەندێ ووردەکارییەوە. لە پەیوەندیەکانیتریدا هەرگیز وەهای ڕێکەوت نەکردبوو کە هەردووکیان پێکەوە هەم جدیی بن و هەم بە ووردی باس لە مەسەلەی هاوسەرگیری بکەن و تا ڕاددەیەکی باش لە بۆچوونەکانیان و تێگەیشتنەکانیاندا هاوبەش و لێکنزیک بن.

دوای سەفەری خانمی پێست کاڵ بۆ پایتەخت، وەکئەوەی لە ناکاو کەوتبێتە بۆشاییەکی بێبن، تاریک و ترسناکەوە وەها بوو، یان وەکئەوەی بزانێت کە سەفەری خانم هیچ نییە جگە لە ئاماژەیەکی ڕوون بۆکۆتاییهاتنی هەموو شتێک.

ئازادم چۆن ناسیی! ئەسڵەن ئازادم ناسیی!

"مرۆڤێکی ئازاد"؟!

ئێستا من وەک گێڕەرەوە دەبێت باس لەوە بکەم کە چۆن ئاشنابووم بە چیرۆکی ژیان و یادەوەرییەکانی پیاوێک بە نێوی ئازاد.

ماوەی چەند ساڵێک بوو لەو شارۆچکەیە دەژیام کە بوو بە دواهەمین شار و دواهەمین وێستگەی گەشتی ژیانی ئازاد. ڕۆژێک کە لە پایتەختەوە بە شەمەندەفەر گەڕامەوە، دوای دابەزینم بۆ کڕینی قاوەیەک خۆم کرد بە کافێ بچووکەکەی وێستگەکەدا، لەوێ پیاوێک کە تاکە کەسی دانیشتووی نێو کافێکە بوو، پانزە ساڵێک لە من گەورەتر دیار بوو، ڕوخسار و باڵای هیچ شتێکی سەرنجڕاکێش یان تایبەتیی وای تێدا نەبوو مرۆڤ بۆ خۆی کێش بکات یان پرسیار و گومانێکت لەلا دروست بکات لەسەر کورسییەک دانیشتبوو لە پاڵ مێزێک، وەک ئەوەی چاوەڕوانی کەسێک بێت و وا هەستیش بکات کە نایەت و نزیکە بێئومێد بێت. بەو هۆیەی لەگەڵ چوونە ژوورەوەم تەماشای منی کرد و وەکئەوەی چاوەڕێی سڵاو بێت وەها بوو، منیش ئاسایی سڵاوێکی سادەم کرد. دوای وەڵامدانەوەی نازانم بە چ هۆکارێک بوو جگە لەوەی کە هەستم کرد ئەویش کوردە، بەڵکو هەستمکرد هەردووکمان خەڵکی هەمان شاری کوردستانیشین. دوای قاوە کڕینەکە چووم و ڕاستەوخۆ بە کوردیی خۆمم پێناساند و ئەویش هەر بە کوردیی خۆی پێناساندمەوە. دواتر کەمێک قسەمان کرد و من بەجێمهێشت. لەگفتوگۆکانماندا بۆی باسکردم کە هێشتا ساڵێک نابێت کە هاتووەتە ئەو شارۆچکەیە و زۆر کەم جگە لە مارکێت، شوێنی کارەکەی، جار جارە پەڕتوکخانەی گشتی شارۆچکەکە، قاوەخانەیەک و مەیفرۆشییەک و پارکەکە نەبێت ناچێتە هیچ شوێنێکی دیکە و کەسی کوردیش ناناسێت. دوای ماوەیەک چەند جارێک لە مارکێت و لە ڕاستەشەقامی بازاڕەکەدا بینیمەوە و تەنها سڵاومان لە یەکتر دەکرد. دوای ماوەیەکی دیکە لە قاوەخانەکەی تەنیشت کۆگای پەڕتوکفرۆشییەکە و مەیفرۆشییەکە بینیم. من کە ناوە ناوە دەچوومە قاوەخانەکە و لەوێ دوو ڕۆژنامەی لێبوون دەمخوێندنەوە، یەکێکیان هەفتەنامەیەکی نێوخۆیی شارۆچکەکە بوو کە هەواڵ و چالاکیی و ژیانی ئەو هەفتەیەی شارۆچکەکەی تێدا دەخرایە ڕوو و ئەوەی دیکە هەفتەنامەیەکی نزیکەچەپی بەنێوبانگتری شارێکی دیکەی گەورەتری بە نزیکەی نیو کاتژمێر دوور لە شارۆچکەکە بوو کە هەواڵ و چالاکیی تەواوی ئەو ناوچەیەی تێدا باسدەکرا و هەندێ وتار و نوسینی باشتریشی تێدا بڵاودەکرایەوە. ئەو ڕۆژە کە ئازاد خۆی کرد بە قاوەخانەکەدا بەو هۆکارەی من سەرقاڵی خوێندنەوەی ڕۆژنامەیەک بووم نەمبینی تا هاتە سەر مێزەکەی بەردەمم و دەستی خستە سەر مێزەکەم و منیش سەرم هەڵبڕی. دوای سڵاو و هەواڵپرسینێکی سادە، لەسەر کورسییەک دانیشت. بینیم پەڕتوکێکی چیرۆکەکانی ئێدگار ئالەن پۆوی بەدەستەوە بوو کە ووتی "ئێستا کڕیم" لەگەڵ زەرفێک کە هەندێک بوتڵی شووشەی مەی تێدا بوو، بەدەستییەوە بوو. کەوتینە قسەکردن. دوای ئەوەی کەمێک باسی ئەو شارەی کوردستانی کرد کە هەردووکمان وەکو یادەوەری لە قووڵاییەکانی بوونی خۆماندا هەڵمان گرتبوو، بێئەوەی هیچ شتێکی دیاریکراو و گرنگ بدرکێنێت تێگەیشتم کە تووشی دڵشکانێکی گەورە بووە لێی. دواتر باسی ئەوەی کرد کە ساڵانێک لە ئەڵمانیا ژیاوە و ژیانی ئەوێی بەروارد بە ژیانیی لەم شارۆچکە دوورەدەست و پەڕاوێزییە، مانادارتر و شادمانتر بووە و بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادە نییە جارێکیتر بۆ ژیان بگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا. هەروەها گلەییەکی زۆریشی لە سەرماوسۆڵەی ووڵاتەکە بە گشتی و شارۆچکەکەش بە تایبەتی هەبوو، چونکە ووتی کە ماوەیەک لە پایتەخت ژیاوە بەڵام هێندەی شارۆچکەکە سارد و بەفراوی نەبووە.

ئەو کەسێک بوو وەکو مەتەڵێک یان پرسیارێک وەها بوو کە وەڵامەکەی نەزانیت و ئەمەش واتلێبکات پرسیارەکەت بەلاوە گرنگ و سەرنجڕاکێش بێت و تامەزرۆی زانینی وەڵامەکەی بیت بەتێگەیشتن لە شیکارییەکەشییەوە. بەڵام کاتێک وەڵامەکە دەزانیت، هەست دەکەیت نەک پرسیارێکی گرنگ نەبوو بەڵکو هەم پرسیارەکە و هەم وەڵامەکەشی بێمانا و بێبەها بوون. واتا وێنای ئەوە ناکەیت وەڵامی پرسیارەکە هێندە هیچ و بێناوەڕۆک بێت. بەجێی ئەوەی وەڵامەکە مانا و ناوەڕۆک بە پرسیارەکە بدات و هێندەیتر سەرنجڕاکێش و ئەفسووناوی بکات وەک هەندێجار مرۆڤ ڕێیدەکەوێتە ئەو جۆرە مەتەڵ و پرسیارانە، بەڵکو ناچیزیی و پووچیی وەڵامەکە، بێمانایی و بێناوەڕۆکیی بە پرسیارەکەش دەدات. لەوانەیە کەم کەس هەبێت لە ژیانییدا ڕێکەوتی وەها کەسێکی نەکردبێت، کاتێک لە دوورەوە ئەفسووناوی دەنوێنێت بەڵام هێندەی لێی نزیک دەبیتەوە و تەم و غوباری چواردەوری دەڕەوێتەوە لە هەر سەرنجڕاکێشیی و ئەفسوونێک بەتاڵ دەبێتەوە و هیچی تێدا نابینیت بتگرێت یان کێشت بکات. بەڵام ئەبێت ئەوەش بڵێین ئاخۆ چ شتێک یان چ کەسێک هەیە لە تەلیسمێک کە لە دوورەوە ڕاماندەکێشێت بە نزیکبوونەوە لێی بەتاڵ نابێتەوە! ئازاد، کەسێکی ئاڵۆز بوو لە یەکەم بینین و دانیشتن لەگەڵییدا. کەسێکی تەماویی بوو لە سەرەتاکانی ناسینیدا، بەڵام دوای ماوەیەک هەستت دەکرد ئەو تەم و ئاڵۆزییە هێندەی ئازار و نەخۆشییە، کەمتر سەرنجڕاکێشیی و ئەفسوون. ئازاد لەو کەسە دەگمەنانە بوو دوای ماوەیەک لە ناسینی نە دەتتوانی خۆشتبوێت و نە دەتتوانی ڕقت لێی بێت. دوای ماوەیەک لە ناسینی لە پێناسەکردنیدا یان دیاریکردنی شوناسییدا تووشی سەرلێشێوان دەبوویت، نەتدەزانی مرۆڤێکی باشە یان خراپ یان دەتوانم بڵێم دەتزانی کە مرۆڤێکە نە باشە و نە خراپ. کەسێکی تا ڕاددەیەک سارد و بێسۆز بوو یان لانیکەم وا دەردەکەوت، هەرچەندە خۆشی دوو جار لە دوو دانیشتنی جیاوازدا لەبارەی خۆیەوە ئەوەی ووت کە هەر لە گەنجییەوە وابووە کەسێکی کەمسۆز و سارد بووە لە هەموو پەیوەندییەکانیدا بە پیاوان و خانمانییشەوە بەڵام نە وەک ڕەخنە و نە وەک ستاییش بەڵکو وەکئەوەی باسی بەردێک یان قاڵبێک سەهۆڵ بکات و هەردوو جارەکەش دواتر ئەو ڕستەیەی دەگووت: "من مرۆڤێکی ئازادم" کە هیچ جارێک تێنەگەیشتم ئایا مەبەستی لە مرۆڤی ئازاد چییە! یان بۆ لە پەیوەند بە سروشتی سارد و بێسۆزانەی خۆیەوە باس لە ئازادیی خۆی دەکات! ئایا مەبەستی ئەوە بوو کە مرۆڤ سارد و بێسۆز بێت دەبێتە مرۆڤێکی ئازاد؟! خۆ لەوانەشە وەکو یاریکردنێک بە ووشە و گرێی زمانیی مەبەستیی ئەوە بووبێت کە ناوی ئازادە.

هەروەها جارێکیش بە ڕێکەوت لە باڕێک لە شارە گەورەترەکەی ئەولاتری شارۆچکەکە ڕێکەوتی یەکتریمان کرد و پێکەوە تا درەنگانێکی شەو دانیشتین و باسی هەندێک پەیوەندی خۆی بۆ کردم و ناونیشانی ئەو ئاپارتمانەی کە لێی دەژیا پێدام و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی ئەگەر بۆ ژەمێک یان هیچ نەبێت بۆ داوەتێکی قاوە سەردانی بکەم. دواتر بە پاسی نیوە شەو گەڕاینەوە بۆ شارۆچکەکە و ئەو لە ڕاستە شەقامەکەی تەنیشت پارکە گەورەکەی ناوەندی شارۆچکەکە و لە نزیک پەڕتوکخانەی گشتیی شارۆچکەکە لە وێستگەیەک دابەزی و دوای ئەوەی کە ووتی شەوێکی خۆش و مانادار بووە بۆی، بۆ ئەوەش سوپاسگوزار بوو، بە خەندەیەکەوە کە تێنەگەیشتم گەرم و بەسۆز یان سارد و بێهەست بوو، ماڵئاوایی لێکردم.

دواهەمین جار: غەمگینیی و پەژموردەیی

هەروەها چەند کۆتەیشنێک* لە تیانووسی* یادەوەرییەکانەوە

دواهەمین جاریش کە بینیم لە ڕاستە شەقامی نێو بازاڕەکە بوو کە ڕێکەوتی یەکتریمان کرد، ئەوەی بۆ باسکردم کە تازە گواستبوویەوە بۆ ئەو ئاپارتمانەی نهۆمی یانزەیەمی باڵەخانەیەک کە لە پەنجەرە فراوانەکەیەوە بەسەر پارکەکەدا و لایەکی فراوانی شارۆچکەکەدا دەیڕوانی و هەروەها لەگەڵ خانمێکی چاوشینی قژ زەردی پێست کاڵدا کە لە پەیوەندییەکی پڕ سۆز و قووڵدا بووە کەوتووەتە کێشەوە و لە شوێنی کارەکەشی کێشەی بۆ هاتووەتە پێش و هەر هێندەی باسکرد و نەچووە نێو ووردەکارییەکانەوە و وەکئەوەی لە باسکردنی کێشەکانی نیگەران و پەشیمان بێت، بە خێرایی ماڵئاوایی لێکردم و ڕۆیشت. وەها دیار بوو، وەکئەوەی زۆری سەرما بێت و لەرزێک هەناو و ناخی گرتبێتەوە، لەرزێک هێندەی جەستەیی بێت هێندەش دەروونیی بێت و تەنانەت ئاوەز و خەیاڵیشی تەزاندبێت، هەرچەندە جێگای پرسیارە بۆ خوێنەر کە بگوترێ ئاوەز و خەیاڵ لەرزیان لێبێت لە سەرمادا یان سەرمایەک هەبێت بتوانێت ئاوەز و خەیاڵ بتەزێنێت. بەشێوازی قسەکردن، نیگا، ڕوخسار، بەرگ و ڕۆیشتنیدا لە کەسێکی دەکرد کە لە سەرەتای کەوتنە نێو تەنگژەیەکی گەورەی دەروونییەوەیە کە وایلێدەکات هێواش هێواش هاوسەنگیی دەروونیی لە دەستبدات و ئەمەش لە ژیان، بەرگ، ڕوخسار، نیگاکان و تەنانەت ڕۆیشتنیشیدا ڕەنگبداتەوە. بەڵام بەو هۆکارەی کە من هەموو جارێک لە بینینیدا کۆمەڵێک کێشە، باس و گرفتی دیکەی ژیانییم لێدەبیست، لەسەر ئەوە ڕاهاتبووم و تا ڕاددەیەکیش لەو جۆرە مرۆڤانەم هەژمار دەکرد کە سەرباری ئەو ئاڵۆزیی و تەمەی کە دەوری ئەم مرۆڤەیان داوە و هێما بۆ ئازار و نەخۆشیی دەکەن، هەمیشەش کە دەم دەکەنەوە گلەیی و گازندەیەکی زۆریان هەیە لە بەرامبەر هەموو ئینسانەکان و تەنانەت لە ئاست ژیانی خۆشیان کە وەکئەوەی بێبەخت بووبن یان ژیان و سروشت غەدرێکی گەورەی لێکردبن. تەنانەت بەجۆرێک کە هەموو ڕێکەوتێکی پەرەسەندنی ژیان و گۆڕانکاریی لە هەلومەرج و شوێنیشدا وە یان ڕۆیشتنی بێپەروای کاتیش بە جۆرێک لە پلان دژ بە خۆیان لێکدەدەنەوە یان وەکئەوەی هەر لە بنەڕەتەوە هەموو شتێک دژ بە  خواست و بەرژەوەندی ئەوان بووبێت.

هەموو ئەوەی کە من ناسیم و لەگەڵی دانیشتبێتم یان کاتم بەسەربردبێت ئەوەندە بوو، بەڵام هەموو جارێک لە دوای بینینی، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە بیرکردنەوە و خەیاڵمدا دەمایەوە.

بەشێکی زۆری چیرۆکی ژیان و یادەوەرییەکانی ئازاد لە دوو تیانووسی یادەوەرییەکانییەوە سەرچاوە دەگرن کە بە ڕێکەوت گەیشتنە دەستی من. لەنێو تیانووسەکانیدا هەندێ ماوەی ژیانی هێندە بە ڕوونیی و ووردەکارییەوە باسکردبوو وەکئەوەی بییەوێت تیشکێکی زیاتر بخاتە سەر ئەو قۆناغانە و لە یادەوەرییدا بە درەوشاوەیی بیانهێڵێتەوە. هەندێ ماوە و ڕۆژگاری ژیانیشی زۆر تەماوی و کەم لەبارەیانەوە نووسیبووی وەکئەوەی بییەوێت هەم لە یادەوەریی خۆیدا و هەم کاتێکیش کە تیانووسەکان دەکەونە دەست هەر کەسێکیتر کەمترین ڕۆشنایی بخرێتە سەر ئەو قۆناغانە و وەکو نهێنی و ژیانێکی پڕ ڕەمز مامەڵەیان لە تەکدا بکرێت و تەنانەت وەکو خەون و سەراب ببینرێن. بە خستنەوەسەریەکی یادەوەرییەکانی نێو دوو تیانووسەکەی لەگەڵ هەموو ئەوەی لە دانیشتن و یەکتربینینەکانماندا بۆی باسکردبووم و لە یادەوەریمدا مابوو ئەم چیرۆکەی ژیان و یادەوەرییەی پیاوێک بەنێوی ئازاد بە ئازار و پووچییەکانییەوە و بە تەم و ئاڵۆزییەکانییەوەی لێ وەبەرهەم هات.

دەمەو عەسرێکی یەکشەممەیەکی پاییزیی بوو بە پێ بە نێو پارکەکەدا دەڕۆیشتم، نیگام کەوتە سەر ئوتومبیلێکی پۆلیس و ئەمبوڵانس لە خوارەوەی هەمان ئەو باڵەخانەیەی کە ئازاد نیشتەجێی بوو، چەند کەسێک لەگەڵ چەند پۆلیسێک و کارمەندی تەندروستی لێبوو، هەر لە خۆڕا دڵم خورپەی کرد و وەکئەوەی دڵنیا بم لەوەی ڕووداوەکە بەسەر ئازاد هاتووە بە خێرایی ڕۆیشتم بەرەو لایان، کە چووم و نزیکبوومەوە، ئازادم بینی کەوتبوو بەبێسۆزیی، بە ساردیی و بێگیانیی. چەند مەترێک لەو لاترەوە پەڕتوکێکی چیرۆکەکانی ئێدگار ئالەن پۆو کەوتبوو کە هەمان ئەو پەڕتوکە بوو کە جارێک لە قاوەخانەکە ڕێکەوتی یەکتریمان کرد و تازە کڕیبووی، هەروەها تیانووسێکی شینی کاڵ کە هێندە کاڵ بووبووەوە نەتدەتوانی ڕاستەوخۆ و لە سەرەتاوە بە یەکەم بینین لە ڕەنگەکەی تێبگەی لەلایەکی دیکەوە کەوتبوو و لە نزیکیشی تیانووسێکی تری ڕەنگ سوور هەبوو کە وێنەی کارتۆنی کچانەی منداڵانە لەسەر بەرگەکەی بوو کە ئەویش کەمێک کاڵ بووبووەوە بەڵام بەروارد بە ئەوی دیکەیان دۆخی باشتر بوو. هەردووکیان تیانووسی یادەوەرییەکانی بوون. بەڵام هەتا ئێستاس نەمزانی تەنها ئەو دوو تیانووسی یادەوەرییەی هەبووە یان هی تریشی هەبووە و نەگەیشتووەتە دەستی من. لە دواهەمین لاپەڕەکانی تیانووسە بەرگ سوورە وێنەی کارتۆنە کچانییە منداڵانە لەسەرەکەدا، لە چەندین شوێنی جودا و بەشێوەیەکی ناڕێک و خەتێکی خوار چەندین نیوە دێر لە شێوەی شیعر و بەشێوەی پچڕپچڕ وەکئەوەی لە خەودا نوسرابن، یان وەکئەوەی گوزارش لە شپرزەیی ڕۆحیی و تەنگژەیەکی قووڵی دەروونیی بکات، یان وەکئەوەی هێزێکی نادیار دەستی کەسێک بگرێت و نائاگا قەدەری خۆی پێبنووسێتەوە، نوسرابوو:

"کۆتایی ...

ڕۆیشتنی تۆ، ڕۆیشتنی گەرمییە.

بەجێمانی منە لە بەجێمانی سەرمادا."

"پاییز ...

کەمتر وەرین و دڵتەنگیی،

زیاتر سەرمایەکی نامۆیە لە تەنهاییدا."

"مەرگ ...

تەزوویەکی سارد ساردە،

دێت و دەتخاتە نێو سەرمایەکی نەبڕاوەوە."

"مەرگ ...

ونبوونە لە تەزوویەکدا،

تەزوویەکی سارد سارد،

لە سەرمای پاییزێکدا"

هەروەها لە چەند شوێنێکدا باسی لە ئەڤین و هاوسەرگیری کردبوو. لە بارەی ئەڤینەوە نوسیبووی "ئەڤین، تەنها لە خامۆشبوون و ڕۆشنبوونەوەدا دەتوانێت خۆی بەرجەستە بکات، بەردەوام ڕۆشن و بەردەوام خامۆش، چیدی ئەڤین نییە. ئەڤین کاتێک دەتوانێت پارێزراو بێت، کە سپارکی* یەکتر بینین و پەیوەندیی بێت لە نێوان دوو ئەڤینداردا" هەروەها لە شوێنێکیتردا نوسیبووی "ئەوین، فێڵکردنێکی بەردەوام و گەمژانەیە لە جەستە و دەروون، چێژ بە جەستە و سۆز بە دەروون، هەر جارێک بە زوویی فێڵەکە کەشف دەبێت و خۆمان بۆ فێڵێکیتر ئامادە دەکەین." لە باسی هاوسەرگیریشدا کە پێدەچێت هیچ کات بۆچوونێکی ئەرێنیی لەبارەیەوە نەبووبێت، نوسیبووی "هاوسەرگیری زۆر هیچە، مرۆڤە هیچەکانیش دەتوانن بیکەن." ئەم ڕستەیە بەتەواوی لە ڕستەکەی پاڵەوانی ڕۆمانی "کەوتن" ی ئەلبێر کامۆ دەچێت، بەڵام ئاشکرا نییە کە ئەو ڕۆمانەی خوێندووەتەوە و ئەو ڕستەیەی بە درەوشاوەیی لە یادەوەرییدا مابێتەوە و لەوەوە وەریگرتبێت یان نا، لە شوێنێکیتردا نوسیبووی: "هاوسەرگیریی، جگە لەوەی خۆبەستنەوەیەکی ئاگامەندانەیە، بێماناکردنی بوونە" هەروەها لە شوێنێکیتردا نوسیبووی: "هاوسەرگیریی، قورسترکردنی باری سەرشانی زەوی و وێرانکردنی زیاتری".

لە نێو تیانووسەکانیدا جگە لە یادەوەری هەندێ هاوڕێی، هەندێ سەرنج لەبارەی ئەو خانمانەی کەوتبووە نێو پەیوەندییەوە لەگەڵیاندا کە هەموویان زۆر گشتیی بوون و هیچی وا گرنگییان تێدا نەبوو، لەگەڵ چەند پەرەگرافێک لەبارەی خێزانەکەیەوە کە زۆربەی لەبارەی دایک و باوکییەوە بوو بە تایبەتی دایکی، هەروەها لە چەند شوێنێکدا وەکو هەندێ سەرنج و لەگەڵ هەندێ کۆتەیشن، باسی لە چەند ڕۆمانێک کردبوو "لەوانە دادگایی کافکا، بەفری ئۆرهان پامۆک و سەرسام بوو بە کای شاعیر بەتایبەتی لە دوای تێکشکانی لە پەیوەندییە ئەڤیندارییەکەیدا و گەڕانەوەی بۆ ئەڵمانیا و ڕۆژانی تەنهایی و غەمگینییەکەی، دڵێکی لاوازی دۆستۆیڤسکی، ڕاسکۆڵنیکۆڤی تاوان و سزای دۆستۆیڤسکی لە ساتەکانی لێکۆڵینەوەیدا سەبارەت بە تاوانی کوشتنی ژنە سووخۆرەکە لەلایەن لێکۆڵەرەوەی پۆلیسەوە بە شێوەیەکی سایکۆلۆجیی و کەشفکردنی هەڵبەز و دابەزە ڕۆحی و دەروونییەکانی" لەگەڵ چەند پارچە شیعرێک کە لە شوێنی جیا جیا نوسیبوونی لە شیعری "ئێدگار ئالەن پۆو، چارڵز بۆکۆفسکی، بۆدلێر، ڕامبۆ، محمد ماغوت و محمد عمر عوسمان" هەروەها هەندێ سەرنجی لە لاپەڕەیەکدا دەربارەی هەندێ چیرۆکی صادقی هیدایەت نووسیبوو. لە چەند لاپەڕەیەکیشدا کە نوشتێنرابوونەوە هەندێ سەرنج و تێبینی لەگەڵ چەند کۆتەیشنێک لەبارەی شیعری "نیشتمان" و چەند ڕۆمانێک "مەرگی تاقانەی دووەم، ئێوارەی پەروانە و شاری مۆسیقارە سپییەکان" ی بەختیار عەلی، نووسیبوو.

ئازاد بە شێوەیەکی سەیر کەوتبوو کە مەزەندە نەدەکرا چۆن کەوتووەتە خوارەوە. نەتدەزانی بە سەردا کەوتووەتە خوارەوە یان بە پشتدا یان بە چ جۆرێک، ئەوەش ڕوون نەبوو ئاخۆ یەکەم شوێن کوێی بەر زەوییەکە کەوتووە. تەنانەت ئەوەش ڕوون نەبوو ئاخۆ کەوتووەتە خوارەوە بۆ نموونە لە بەرئەنجامی "دڵوەستان" جەڵتەی دڵەوە بووبێت یان هەر شتێکیدی لەو جۆرە، وە یان خۆی فڕێداوەتە خوارەوە. بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین کە ئەو باڵکۆنەی لەبەردەمی پەنجەرە فراوانەکەی ئاپارتمانەکەی ئازاد بوو کە پەنجەرەکە بەسەر پارکەکەدا و لایەکی فراوانی شارەکەدا دەیڕوانیی، بە محاجەرەیەکی بەرز چواردەور درابوو وەکو هەموو باڵکۆنەکانیتری ئاپارتمانەکانی دیکەی باڵەخانەکە کە ئەستەم بوو مرۆڤ بەبێ ئەوەی بییەوێت لێوەی بکەوێتە خوارەوە. ئەو قژە کەم و تەنکەی کە بە پێش، پشتی سەر و تەنیشتەکانییەوە بوو زۆر سپیتر دەردەکەوت بەروارد بە دواهەمین جار کە بینیم. هەروەها دەموچاویشی زۆر چرچتر و پیرتر دیار بوو وەکئەوەی لە ناکاو پانزە ساڵ بەسەر یەکەوە پیر بووبێت. جلوبەرگەکانیشی هەمان ئەو جلوبەرگەی دواهەمین یەکتر بینینمان بوو بەڵام زۆر چڵکن و پستر بوون. هەروەها ڕیش و سمێڵیشی پێدەچوو زۆر خێرا درێژ بووبێتن و زۆر سپیتر بووبن بەراورد بە دواهەمین جار کە بینیم. بە کورتییەکەی لە پاش دواهەمین یەکتر بینینمان ماوەیەکی زۆر تێنەپەڕیبوو، بگرە ماوەیەکی کەم بوو، بەڵام پێدەچوو بۆ دۆخی ڕۆحیی و ڕەوانیی ئەو زەمەنێکی زۆر و ساڵگەلێکی درێژ بووبێت و بۆ دۆخی جەستەییشیی هەروا وادیار بوو ڕۆژگارێکی درێژی تێپەڕاندبێت.

دواهەمین نیگای ئازاد کە لە جەستە بێگیانەکەیەوە و لە دوو چاوە کراوە ترساوەکانییەوە دەردەچوون و بەرمکەوت، وەکو هەمان ئەو نیگایەی شەوی دابەزینی لە پاسەکە بەدەر لە تێگەیشتنی من بوو، نەمزانیی گەرم و سۆزدارە یان سارد و بێڕۆح. هەر لەوێدا نەمزانی چ هەستێکم هەیە بۆی، خەمبارم یان دڵخۆش، خەمبارم بۆ مەرگی ئینسانێک و کەسێک کە ناسیومە یان دڵخۆش بۆ ڕزگار بوونی مرۆڤێک لە بەدبەختیی، ژیانی ئازاراویی و پڕژانی خۆی. نازانم چیرۆکی ئازار و غەمگینیی مرۆڤێک گەیشتە پایان و تەم و ئاڵۆزییەکەی بە پووچیی و بێناوەڕۆکییەکەشییەوە کۆتایی هات یان هەروەکچۆن بۆ ماوەی چەندین ساڵە بەو هەموو ساردیی و بێگیانییەی خۆیەوە لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی مندا ماوەتەوە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژ و ڕەنگە بۆ تاهەتایە لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی خەڵکێکی زۆری دیکەشدا وەکو نهێنییەکی هەرگیز کەشفنەکراو و تەلیسمێکی هەرگیز نەشکاو، نهێنییەک کە تەنها پووچییەکە و زیاتر نا وە تەلیسمێک کە بێماناییەکە و هیچیتر، بمێنێتەوە.

بەڵام پووچیی و بێمانایی بۆ خۆیان نهێنیی و تەلیسمی گەورەی ژیان و بوونی ئینسان نیین؟! جارێک ئازادی مەلیحە چاوجوان، کە بە ناوی دایکییەوە ناسرابوو و باوکیشی بە ڕەحمانی گوڵچین باڵابەرز ناسراو بوو، وەهای گوت.

...

*کۆتەیشن: دێڕێک یان چەند دێڕێک کە لە پەڕتوکێک یان سەرچاوەیەکەوە وەردەگیرێت و لە نوسیندا دەخرێتە نێو دوو جووتە کەوانەی بچووکەوە. لێرەدا مەبەست لەو دێڕانەیە کە  لە دوو تیانووسی یادەوەرییەکانەوە وەرگیراون و خراونەتە نێوان دوو جووتە کەوانەی بچووکەوە.

*تیانووس: دەفتەر

*سپارک: هەڵبوون و کوژانەوەی بەردەوامی ڕۆشناییەک یان پچڕ پچر بوونی تەزوویەک یان ڕووناکییەک. واتا هەر شتێک کە بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ بێت.

 

 

تێبینی/ هێمانەکردن بۆ ڕێکەوت یان ساڵی نوسینی چیرۆکەکە باشترە، چونکە کاتی نوسینی چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە: ناوکەکەی و بەشێکی کەمی لە پاییزی ٢٠١٢، بەشێکیتری و نزیک بە نیوەی لە پاییزی ساڵی ٢٠١٧، بەشێکیتری لە پاییزی ٢٠٢٠ و  تەواوکردنی لە هاوینی ٢٠٢١.