لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

هەر وەک پێشتریش باسمانکرد تەنیا پەرستاری (مراقبت) باش لە لایەن دایبابی (والدین) بایولۆژیکییەوە بەس نییە کە بتوانێت کاریگەر بێت، بەڵکو باشبوونی ژینگەگەلی وەک باخچەی مناڵان و مەدرەسە و ژینگەکانی تریش کە پەیوەندییان بە راهێنانی مناڵەوە هەیە، دەوریان هەیە.

دەروونناسیی مناڵان (٧)

لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

 

مێشکی کۆمەڵایەتی

ئەم تاقیکردنەوە جۆراوجۆرانە لە سەر بابەتی تەقلید و سەرنج گۆڕانەوە و چاوەڕوانییەکانی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، وای پیشاندەدات کە گەشەی دەروونی مناڵ هەر لە تەمەنێکی زۆر زووەوە دەست پێدەکات. ئێستا دەزانن کە مناڵ زۆر زووتر لەوەی پێشتر بیریان لێدەکردەوە، لە بارودۆخی رەوانی مرۆڤەکانی تر بە ئاگا دەبێت. بۆ نمونە فرۆید لایوابوو کە مناڵ بە ئاگا نییە لە جیاوازی نێوان "خود" و ئەویتر. ئەو دەیوت کە لەدایکبوونی فیزیکی هاوکات نییە لەگەڵ لەدایکبوونی دەروونی (روانی). بڕێ جۆری تاقیکردنەوەکان وادیارە تەئیدی ئەو ئیدە کلاسیکیە دەکەن کە دەڵێت "مناڵ بە نیسبەت وەزعیەتی دەروونی مرۆڤەکانی ترەوە کوێرن". تاقیکردنەوەی رەفتاری بە یارمەتی ئاوێنەکان وای پیشانداوە کە وانییە کە مناڵ هەمیشە بە ئاگا بێت لەوەی ئەوە خۆیەتی کە لە ئاوێنەکەدا دەیبینێت. لە لایێکەوە مناڵانی سێ تا پێنج مانگ لە تاقیکردنەوەی ئاوێنەکاندا وایان پیشانداوە کە بڕێ لە ئەندامەکانی لەشیان لەبەر ئاوێنەکەدا دەجوڵێنن بۆ ئەوەی بزانن چی روودەدات. لە لایێکی تریشەوە مناڵ تا پێش ١٨ مانگ نەیتوانیوە لەو تاقیکردنەوەدا سەرکەوتو بێت کە بە نێشانکرنی روومەت ناسراوە. لەم تاقیکردنەوەدا بەبێ ئەوە مناڵەکە خۆی ئاگای لێبێت پەڵەیێک یان خاڵێکی سور لە رومەتی دەدەن. پاشان دەیانەوێت بزانن مناڵەکە دەست ئەدات لە خاڵەکە کاتێ لە ئاوێنەکەدا خۆی دەبینێت. تاقیکردنەوەکە وای پیشانداوە کە زۆریان دەستی لێنادەن. ئەم تاقیکردنەوە ئاماژە بەوە دەدات کە بەئاگابوون لە سەر خود بە شێوەی پلەیی گەشە دەکات، یان لەوانەیە پەیوەندی بە بارودۆخی تاقیکردنەوەکەیشەوە بێت، هێشتا ئەمە بە تەواوەتی نازانین.

ئەوەی کە وەک فاکتۆرێکی گرینگ لە زووتر گەشەکردنی هۆشیاری رەوانناسیانەی مناڵدا سەیردەکرێت، ئەوەیە کە دەوروبەر و نزیکەکانی مناڵ دەبێت وەک شەریک و "هاوڕێی کۆمەڵایەتی" لەگەڵ مناڵەکە هەڵسوکەوت بکەن. لە راستیدا ئەمە مومکینە  پێش ئەوەی مناڵ گەیشتبێتە ئاستێکی بەئاگابوون لە خود، وەها لە گەڵی هەلسوکەوت بکەین کە ئەڵێی مناڵەکە هەر تەواو ئاگاهانە  و ئیجتماعی رەفتاری کردووە. یانی وەک کەسێکی گەورە و ئاگادار لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان سەیرمان کردووە. لەبەر ئەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵژییە تەبعەن مێشکیشی مێشکێکی کۆمەڵژیانەیە. مناڵیش بە دڵنیایەوە ئەو بەهرەی تێدایە کە لەگەڵ مرۆڤەکانی تر پێکەوە بێت و ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە لەگەڵ نزیکەکانی پێک بێنێت.

هەر وەک پێشتریش باسمانکرد تەنیا پەرستاری (مراقبت) باش لە لایەن دایبابی (والدین) بایولۆژیکییەوە بەس نییە کە بتوانێت کاریگەر بێت، بەڵکو باشبوونی ژینگەگەلی وەک باخچەی مناڵان و مەدرەسە و ژینگەکانی تریش کە پەیوەندییان بە راهێنانی مناڵەوە هەیە، دەوریان هەیە. خوێندنەوەکانیش ئەم ئیدعایان سەلماندوە. لە یەکێک لەم لێکۆڵینەوانەدا ئاستی سترێسی مناڵانیان لە رێگەی پێوانەی هۆرمۆنی کۆرتیزولیان لە مناڵانی وردی باخچەی مناڵان کە هێشتا زبان نازانن و لە چالاکییەکانی ئەوێدا بەشدارن، قیاس کردووە. بەرزی ئاستی هۆرمۆنی کۆرتیزۆل نیشانەی سترێسی بەرزە. لەم تاقیکرنەوەدا لە لیکی دەمی مناڵەکان بۆ وەدەسهێنانی ئاستی کۆرتیزۆڵ  کەلکیان وەرگرتووە. نەتیجەکە پیشانیداوە کە ئەو ژینگەی فێرگانەی کە فێرکارییەکەیان لەباری چۆنایەتییەوە لە ئاستێکی بەرزدایە، مناڵەکانیان لە سترێسێکی کەمتردا دەژین، جا چ ئەم ژینگە نێو ماڵ بێت یان نێو باخچەی مناڵان یان هەر ژینگەیێکی تربێت.

لە باخچەی مناڵان، یان هەر شوێنێکی تری بەخێوکردن و راهێنانی مناڵانەدا کە گەرموو گوڕی و دڵسۆزیێکی وەک دایبابیان تێدا بێت (نیشانەی دایبابی وەک وتمان، سەرنج و دڵسۆزی و گوێگرتن و کاردانەوەی پێشبینیکراوانە)، ئەوا سترێسی مناڵ کەمتر دەبێت. بەڵام لەو ژینگانەی کە جەوێکی گەورەحاکمانەی تێدایە و گەرموگوڕی لەگەڵ مناڵ نابیندرێت، مناڵ هەست بە دڵنیایی ناکات و ئاستی کورتیزۆلی مناڵەکان بەرزە و ئەمەش یانی مناڵەکان تووشی سترێسی زۆر دەبن. جا ئەمە هیچ فەرقی نییە کە دایک و بابی بایولۆژی مناڵەکە بن، یان گەورەکان مامۆستا و راهێنەرەکان، لە ماڵۆ بن یان لە باخچەی مناڵان بن.

مامۆستای چاک یان کەسانی لێهاتووی بەشی چاودێری و بەخێوکاری مناڵان ئەتوانن دەوری کەسانی پەیوەستی دڵنیاییدەریان ببێت بۆ مناڵان. ئەوانەی کە مناڵان هەر زوو لە ژینگەیێکی فێرکارانەی وەک مەدرەسە و باخچەی مناڵان پەیوەندیان لەگەڵ دروست دەکەن لە باشترین حاڵەتدا هەستی ماڵەوە بوون لە فێرگەکەیان بۆ مناڵەکە دروست دەکات. لێکۆڵینەوەکان پیشانیداوە کە لە شوێنانەی مناڵەکە دەچێتە مەدرەسە و باخچەی مناڵان بە باشی بەڕێوە دەچێت، هەموو شتێک باشە و مناڵەکە خاوەن پەیوەستیێکی هۆگرانە و دڵسۆزانەیە لە گەڵ بنەماڵەکەی و کارمەندەکانی فێرگەکانی، ئەوا ئاستی کۆرتیزۆلی لەشیان لە ئاستێکی دڵخوازدایە.

درێژەی هەیە...