ما 3790 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

وەڵام، چەمکێکی بێ سنور

دۆزینەوەی وەڵام لە بواری پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کلتورییەکان زۆر ئاسان نیە. لەم پرسانەدا چونکە مرۆڤەکان بە روانگە و بەرژەوەندی جۆراوجۆر و تایبەتەوە حوزوریان هەیە هەمیشە لەسەر دۆزینەوەی وەڵامی راستەقینە کێشە هەیە و رەنگە قەت هەموو مرۆڤەکان پێکەوە نەگەنە ئەنجامێک.

بەڵام داخۆ ئێمە هەمیشە پێویستیمان بە دۆزینەوە وەڵامی راستەقینە یاخود تەواو هەیە؟ داخۆ ناکرێ وەڵام وەک رەوتێک بێنینە بەرچاوی خۆمان کە بەردەوام لە ئارادایە و دەکرێ هەمیشە جێگای مشت و مڕ بێت؟

بەشێکی ئەوەی مرۆڤ بە شوێن وەڵامی تەواودا دەگەرێ ئەوەیە کە دەیەوێ بە دڵنیایی بگات. وەڵام، دڵنیایی دەخوڵقێنێ. بەڵام هاوکات دەبێ بڵێین دڵنیایی، هۆکاری سرەوتنە و خاڵی کۆتایی گەڕانە. جا بۆیە لەم سۆنگەوە پەیدانەکردنی وەڵامی تەواو دەبێتە هۆکاری پشکنین و تەرخانکردنی زیاتری وزە و جوولەی پتر.

بۆیە لەگەڵ ئەوەی خەریکی دۆزینەوەی وەڵامین، گرینگە خەریکی قووڵایی بەخشین و بەرینکردنەوەی چەمکی وەڵامیش بین. روانگە و بەرژەوەندییە جۆراجۆرەکان ئەم بوارە بەجوانی دەخوڵقێنن.

سایتی قەڵەم

٧ی مانگی ئۆگۆستی ٢٠٢١

گەڕان بۆ بابەت