و: نەژاد عزیز سورمێ
مروارییه‌كانی ئه‌م گه‌ردانه‌یه‌م داڕشتن
پێشكێشی تۆی بكه‌م
مروارییه‌كان دڵی منن
ده‌زوویه‌كه‌یش خه‌مه‌كانمه.
چوارینه‌كانی شاعیری پورتووگالی ناسراو
ـ فێرناندۆ پێسووا –(*)
و: نه‌ژاد عزیز سورمێ
-1-
وه‌ك چه‌ند قایه‌خێك به‌سه‌ر ده‌ریاوه‌یه
سترانی پورتووگالییان
له ڕۆحێكه‌وه بۆ ئه‌ویدی ده‌چێ .
به‌ره‌نگاری نقووم بوون ده‌بنه‌وه .
-2-
مروارییه‌كانی ئه‌م گه‌ردانه‌یه‌م داڕشتن
پێشكێشی تۆی بكه‌م
مروارییه‌كان دڵی منن
ده‌زوویه‌كه‌یش خه‌مه‌كانمه.
-3-
خاك بێ گیانه
شتێكی دی بێجگه له دڵ ناژی
زه‌وی ساردوسڕ ده‌تخوولێنێته‌وه
نه‌ك سۆزی من .
-4-
بۆ ساتۆكه‌یه‌ك لێمگه‌ڕێ
بڕوام به‌وه بێ تۆ هێشتا لێم نزیكی
خه‌مباره ئه‌وه‌ی پێی وایه
پێویستی به‌وه‌یه خۆی خۆی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنێ.
-5-
به مردووی له ته‌كتدا ده‌مێنمه‌وه
بێ ئه‌وه‌ی شتێ بزانم، یا هه‌ست به شتێ بكه‌م
ئه‌وه به‌سه
تا مه‌رگ چاكه‌ی به‌سه‌رمانه‌وه بێ.
-6-
نازانم داخۆ ڕۆح له‌و دیو سرووشتدا ده‌مێنێ
ئه‌گه‌ر مردم مردم ، یا ئاره‌زووی مه‌رگم كرد
ئه‌گه‌ر زیندوو بام ، ئاره‌زووم ده‌كرد بتبینم
چونكه به مردن نه‌بێ ناتوانم له‌بیرت بكه‌م .
-7-
به‌ڵێ ، كه‌شی دوێنێ به‌دتر بوو
به‌به‌ر ده‌رگه‌ی تۆشدا ڕابرد
گوێی لێ بگره : هه‌ناسه‌یه‌كی پێیه
باش ده‌زانی كێ بۆی ناردی .
-8-
دڵی خۆمم پێ دای
سه‌یری چۆنت ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ كرد
تا ئێستا بۆت نه‌گه‌ڕاندوومه‌ته‌وه
له‌وانه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێكشكابێ .
-9-
ئه‌و قووتوویه‌ی سه‌رپۆشی نییه
هه‌میشه كراوه‌یه
ته‌نێ بزه‌یه‌كتم پێ بده
هیوا بۆ چیدی ناخوازم .
-10-
دوو سه‌عاتانت چاوه‌ڕێ بووم
دوو ساڵانیشت چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م
چیتر چاوه‌ڕێ بم ؟ وا دێته به‌ر چاو نه‌یه‌ی
چوون ڕۆژ هێشتا پڕشنگان ده‌دا ؟
-11-
به درێژایی شه‌وێ گوێم له ئاوێ بوو له ئه‌ستێركێ
دڵۆپ دڵۆپ دێته خوار
به درێژایی شه‌وێ ، له ڕۆحمدا بیستم :
تۆ ناتوانی خۆشت بوێم .
-12-
ڕۆژ ڕۆژه و شه‌و شه‌و
هه‌رگیز نانووم
چونكه به ڕۆژێ ناتبینم و
شه‌ویش بیر له تۆ ده‌كه‌مه‌وه .
-13-
گوڵێت له ده‌ست گرتووه
له بێئاگاییدا چنیوته
به‌ڵام وا دیاره دڵمت
به ئاگادارییه‌وه .
-14-
چاوه‌كانت خه‌مبار ، وێڵ
پشتیان به هیچ شتێكه‌وه نه‌داوه
ئای خۆشه‌ویستم ، خۆشه‌ویستم
بریا لانی كه‌م من ئه‌و هیچ شته بام .
-15-
شه‌و دوای ڕۆژ دێ
ڕۆژ دوای شه‌و
پاش سۆزیش
ئه‌و سۆزه دێ سته‌ممان لێ ده‌كا .
-16-
داخۆ ئه‌وه‌نده ده‌هێنێ سه‌نگین بم ؟
نازانم گه‌ر ئه‌و هه‌موو هیلاكییه بهێنێ
چاكتر وایه به خامۆشی بمێنمه‌وه
له‌وه‌ی ته‌ماشای سیمایه‌كی دڵنیا بكه‌م .
-17-
سۆلێكت له پێیه
بنیان له زه‌وی ده‌كوتن
مردن بۆ من خۆشتره
له‌وه‌ی یه‌ك چركه له بیستنیان بوه‌ستم .
-18-
سه‌رت ده‌سوڕێنیه‌وه پرسیار بكه‌ی
گواره‌كانت وه‌ك دوو په‌ڕه‌سێلكه‌ی وه‌ڕس
كه هێشتا فڕین نازانن
ده‌ست به سه‌ما ده‌كه‌ن .
-19-
گوڵێكت به ده‌سته‌وه‌یه
نازانم ده‌مده‌یتێ یان نا .
به‌ڵام ئه‌و گوڵانه‌ی سه‌ر ڕووت
ئه‌وا ده‌زانی چۆنیان بپارێزی .
-20-
ئای خانمه كه‌ژاڵه‌كه‌م
ئه‌ی كه‌ژاڵه گه‌نجه‌كه
به‌وه بڵێ كه لێره‌وه ده‌تبینێ
تۆ هێشتا زۆر بچووكی .
-21-
كتێبێكت هه‌یه نایخوێنیته‌وه
گوڵێكت هه‌یه په‌لك په‌لكی ده‌كه‌ی
دڵێكت به پێیه‌كانته‌وه‌یه
هه‌رگیز چاوی لێ ناكه‌ی.
-22-
شتێكت قه‌ت نه‌وتووه خۆشت ویستووه
ئه‌گه‌ر من پێم نه‌گوتبی
ده‌زانم پێشبینی ئه‌وه‌ت كردووه
لێ نازانم بیرت له‌چی ده‌كرده‌وه .
-23-
گوڵێكم هه‌بوو بیكه‌مه دیاری
بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ساره‌تی ئه‌وه‌م نه‌بوو پێی بڵێم :
پێم خۆشه قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م
هه‌ر ئێستا گوڵه‌كه سیس بوو.
-24-
كه ئاوڕ ده‌ده‌یه‌وه
باوه‌ڕ ناكه‌م بۆ من بێ
به‌ڵام تۆ ته‌ماشا ده‌كه‌ی، ته‌ماشا ده‌كه‌ی
ئه‌مه‌شیان باشتره .
-25-
هه‌موو ڕۆژێ
بیر له‌و بزاوته ئازایانه ده‌كه‌مه‌وه:
ملپێچی فه‌رامۆشكراو
له نزیك ئێره‌دا هه‌ڵده‌گرییه‌وه .
-26-
گوێم لێته ڕۆژان گۆرانی ده‌ڵێی
شه‌وانیش گوێم لێته گۆرانی ده‌ڵێی
داخ له من ، ئه‌گه‌ر له خۆشیان بێ
داخ له من، ئه‌گه‌ر له خه‌مان بێ .
-27-
ڕیحانه كێویله‌ی ده‌كڕدرێ
باشتر نییه له‌وه‌ی ده‌یدزین
له ڕیحانه كێویله گه‌ڕێ
دڵتم بدێ .
-28-
ئه‌و گوڵه‌ی ده‌ڕندرێ
زۆر ناژی
كه‌س سه‌یری تۆ ناكا
كه‌س نایه‌وێ بتڕنێ .
-29-
ئه‌ی ئه‌و په‌ڕه‌سێلكه‌یه‌ی تێده‌په‌ڕی
كێ چاوه‌ڕوانته ؟
ته‌نیایه ئه‌وه‌ی ده‌تبینێ تێده‌په‌ڕی
متمانه‌ی به سبه‌ی نوێ ده‌كاته‌وه .
-30-
شانه‌یه‌كی ئیسپانیاییت
بۆ قژه پورتوگالیایه‌كه‌ت هه‌یه
كاتێ خۆریش ده‌تپێچێته‌وه
ده‌چیته ئه‌و باره‌ی خوا خه‌ڵقی كردووی.
-31-
دوو جارانم تكا لێ كردی
ئه‌مه‌م دوو جاران زانی
دوا جار وه‌ڵامی ئه‌وه‌ت دامه‌وه
لێم نه‌پرسیبووی .
-32-
كه به دڵنیاییه‌وه ده‌ئاخڤێی
نازانم بیر له چی ده‌كه‌یه‌وه
ڕه‌نگه به‌و ڕیسواكردنانه بێ
به بێده‌نگیت دروستی ده‌كه‌ی.
-33-
نه‌وره‌سه‌كان دووباره و دووباره
له ڕووباره‌وه به‌ره‌و ده‌ریا ده‌فڕن
بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستت بێ، ئه‌فسووناوی ده‌رده‌كه‌وی
چوون ئه‌وه‌نده پێویست نییه بفڕی.
-34-
له گۆزه‌یه‌كی گڵین
ئاوێكی سازگارتر ده‌خۆینه‌وه
خه‌مگین، نانوێ
بێ‌دار ده‌بێ تا به شادیێ ڕا ده‌گا.
-35-
چه‌ند ڕاستییه‌ك هه‌ن ده‌گوترێن
هه‌ندێكیش كه‌س نایانڵێ
شتێكم هه‌یه پێتی ده‌ڵێم
به‌ڵام ونم كرد.
-36-
هه‌ورێك له ئاسمانه
به هه‌موو ئه‌وانه ده‌چێ خۆشمان ده‌وێن
گه‌ر تۆ لانی كه‌م ئه‌وه‌م بده‌یتێ
ئه‌وه‌ی پێدانی، به‌ربه‌ستی تێ ناكه‌وێ .
-37-
ئه‌و هه‌وره‌ی تیده‌په‌ڕێ
به‌رز ده‌ڕوا
بیری منیش دیلی ئومێده‌كانته به‌رز ده‌ڕوا
وه‌ك هه‌ور كه دیلی بایه .
-38-
مه‌ریه‌م ، كه بانگت ده‌كه‌م وه‌ره ئێره
مه‌ریه‌م بڵێ كه تۆ ناتوانی بێی
ئا به‌و شێوه‌یه
ده‌توانم بتبینم.
-39-
مۆمێكم له‌به‌ر ئه‌و سۆزه‌ی
خوداوه‌ند پێی دای داگیرسان
شه‌و به‌سه‌ر گوند و
ئاسمانانیشدا نه‌ما.
-40-
كتێبێكی بچكۆله‌م پێیه
كه تۆم له‌بیر ده‌چێته‌وه لێی ده‌نووسم
كتێبێكی به‌رگ ڕه‌شه
هێشتا وشه‌یه‌كم تیا نه‌نووسیوه.
-41 –
هه‌ندێ جار ژیان چه‌ند شتێكی كه‌مه
خۆشه‌ویستی، ژیانێكه هه‌ڵیده‌گرین
به هه‌ردوو لایا‌ندا بڕوانه
كه‌س نایێ له‌گه‌ڵم بئاخڤێ.
-42-
به ئاسپایی، به ئاسپایی بۆشایی ده‌گوزه‌رێ
یاخی ده‌بێ تاكو بنوێ
به كورتی ، بۆشایی ده‌گوزه‌رێ
به كورتی فێری له‌بیركردنمان ده‌كا.
-43-
ئه‌ی هه‌وری بڵیند، ئه‌ی هه‌ور
بۆچی ئه‌وه‌نده دوور ده‌ڕۆی ؟
ئه‌گه‌ر تۆ خێوی خۆشه‌ویستی كه من نیمه
كه‌مێك دابه‌زه، كه‌مێك.
-44-
ئه‌و هه‌وره‌ی به ئاسماندا تێده‌په‌ڕێ
له‌وه‌ی ده‌پرسێ كه چ پرسیاران ناكا
گه‌ر به سوود بێ بڵێین بیده‌ین به كێ؟
(ئه‌وه‌ی داومه، نایده‌م به تۆ).
-45-
ئه‌ی جۆێباری بچووك، جۆێباری بچووك
ئه‌وه‌ی ئاسان ڕا ده‌كا
به ته‌نیا ڕا ده‌كه‌ی،
وه‌كو من، ئه‌ی جۆگه‌ی بچووك
-46-
له كۆتاییدا
ئاخاوتنه درۆینه‌كانت
به‌خته‌وه‌رم ناكه‌ن
لێ به‌خته‌وری له مندا ئه‌وه‌یه قسه بكه‌ی .
--47-
بۆم بخه‌نده ، خه‌نده‌ی یه‌كشه‌مموان
تا دووشه‌مم به‌بیرم بێته‌وه
تۆ ده‌زانی من هه‌میشه له پشتته‌وه‌م
زۆر پێویست نییه بڕۆی.
-48-
جلی جوان ده‌پۆشم
پێڵاوه‌كانم له پێ ده‌كه‌م
ده‌چمه ناو خه‌ڵكی
تا به دوای ئه‌وه‌دا بگه‌ڕێم نایدۆزمه‌وه.
-49-
له پشت چیا كه‌سكه‌كانه‌وه دێ
برووسكه كه من نایبیسم
زایه‌ڵه‌یه‌كی جوان، بزر
كه ده‌یدوێنێ.
-50-
مسكێن، دڵی بچكۆلانه‌یه
به تین و تاوه‌وه كار ده‌كا
ڕۆژێ ده‌گری و
ئێوارانیش واوه‌یلا.
*(- فێرناندۆ پێسووا - : شاعیری ناسراوی پورتوگالیایی
كه له هه‌مان كاتیش‌دا نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر و وه‌رگێڕ و فه‌یله‌سووفیش بووه .
13ی 6 ی1888 له شاری له‌شبوون له دایك بووه، پێنج ساڵان بووه
كه باوكی مردووه، پاشان به خێزانه‌وه ده‌چنه باشووری ئه‌فریقا ، له‌وێ له قوتابخانه‌یه‌كی ئینگلیزی ده‌خوێنێ .
له 13 ساڵیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه پورتوگال ، ماوه‌یه‌ك له زانكۆی له‌شبونه ده‌خوێنێ .
ساڵی 1914 یه‌كه‌مین قه‌سیده‌ی بڵاو ده‌كاته‌وه.
30ی نۆڤێمبه‌ری 1935 به نه‌خۆشی كۆچی دوای ده‌كا.
پێسووا نزیكه‌ی 25000 ڕه‌شنووسی له دوای خۆی به‌جێ
هێشتووه له شیعر و فه‌لسه‌فه و ڕه‌خنه و وه‌رگێڕان وشانۆیی
له كتێبخانه‌ی نیشتمانی له‌شبونه به ناوی ئارشیڤی پێسووا پارێزراون.
هه‌ندێ له‌و ڕه‌شنووسانه لێیان بڵاو كراوه‌ته‌وه، له‌وانه:
- كتێبی نادڵنیایی
- سرووده‌كانی ڕیكاردۆ دو ڕییس
- ده‌رگا و چیرۆكی تر
- قه‌سیده‌كانی ئالبارۆ دی كامبۆس
- شوانی مێگه‌ل و قه‌سیده‌ی تر
- چوارینه‌كان و ... هی دی.)
** ئه‌م 50 چوارینه‌یه له ماڵپه‌ڕی (القصیده كوم) كراون به كوردی
بڕوانه : https://www.alqasidah.com/epoem.php?ie=2630