ویست و ئیرادە

ویست و ئیرادە دوو لایەنی گرینگی ژیانن کە بوونەوەرەکان دەجووڵێنن و مانا بە ژیانیان دەبەخشن. بە بێ ویست و ئیرادە، دەستەوەستان دەمێنینەوە و شتێک بە ناوی جووڵە و هەوڵدان تیاماندا نامێنێ. هەموو شتێک لەم حاڵەتدا لە راوەستان یاخود دووپاتبوونەوە نزیک دەکەوێتەوە.

ویست، بریتییە لە داوا و لەو ئارەزووانە لە ئێمەدا هەن و، ئیرادەیش بریتییە لەو هێزە دەروونییەی وا دەیەوێ داوا یاخود ئارەزووەکە جێبەجێ بکات.

ویستەکان دەتوانن تاکەکەسی بن و گشتی. هەر لە ژیانی تاکەکەسییەوە بگرێتەوە تا کۆ. لێرەوە دەتوانین بگەیەنە ویست و ئیرادەی تاکەکەسی و گشتی، کە بێگومان جیاوازن.

ئەو کەس و کۆمەڵگایانەی ویست و ئیرادە تیایانا بەهێزە و لە کرادار و ژیانی رۆژانەدا ئەمانە رەنگ دەدەنەوە، زیندووتر و پڕ جووڵەترن و خاوەن کاریگەریی زیاتر. جا چ بە ئامانجەکانیان بگەن یان نەگەن. خودی ویست و ئیرادە، هێز دەبەخشن.

کەواتە گەر بمانەوێ بەڕاستی ژیان بکەین، دەبێ خاوەن ویست و ئیرادە بین. بەدەر لەمە ئەوەی هەیە نزمترین ئاستەکانی ژیانە کە تەنیا خۆی لە بەردەوامیی ژیانی رۆژانەدا دەبینێتەوە.

سایتی قەڵەم

٢٠ مانگی ئۆگۆستی ٢٠٢١

بازدید: 295