ما 9287 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

هاوکار ئیبراهیم

تۆ بەو ڕێگایانەدا مەڕۆ

 خۆ تۆ نەخشەی ڕێگاکانت لا نییە

خۆ تۆ نازانی، لەکوێ‌ ئەبیت دا ببەزی و

لەکوێش سەرکەویتەوە

نازانی رێگاکانی ئەو باشووەر چ جەهەنەمێکن 

نازانی سەفەرکردن پێیاندا هەمووی پەشیمانییە 

 

 

رێگاکان تۆ ناناسن

 

لیباسم ماتەمە، شینە ، لە شیندام

سوروشکم سورە، ڕەنگم زەردە بێ تۆ

- نالى -

 

ڕٍێگاکان دوورن

ڕٍێگاکان دڵڕەقن

ڕٍێگاکان پڕن لە سەراب

پڕن لە چەتە       

پڕن لە پیاو خراپ

ڕٍێگاکان دۆست و دوژمن لێک جیا ناکەنەوە

ڕیگاکان هیچ غەریبێک بۆ ماڵ نابەنەوە

ڕیگاکان خویان بە دووریەوە گرتووە

تۆ چەند دوورتر بڕۆی

ئەوان دوور و دوورتر دەکەونەوە

 

ڕٍێگاکان تۆ ناناسن

ڕٍێگاکان هاوڕێیەتی پەلکە زێڕینە ناکەن

ڕٍێگاکان ڕوحمیان لەدڵدا نییە

ڕٍێگاکان لەگەڵ باراندا ئاشنایەتیان نییە

 

بەو ڕێگایانەدا مەڕۆ

خۆ تۆ ڕٍێگاکان ناناسی

تۆ نازانی

لە سەر لمی ڕیگاکانی ئەو باشوورە، چەند ئاه و ناڵینی ئێمە بەجێماوە

نازانی

لەسەر ڕێگاکانی ئەو باشوورە، تەرمی چەند نازداری ئێمە بە ژێرگڵدا کراوە

نازانی

لە لمی ئەو باشوورەدا

چەند پەپولەی ئێمە خنکاوە

چەند گۆزەی ئێمە بە ئاوەوە شکاوە و

چەند رۆحی پڕ هیوای ئێمە

لە هەتاودا زیندە بە چاڵ کراوە

 

تۆ بەو ڕێگایانەدا مەڕۆ

 خۆ تۆ نەخشەی ڕێگاکانت لا نییە

خۆ تۆ نازانی، لەکوێ‌ ئەبیت دا ببەزی و

لەکوێش سەرکەویتەوە

نازانی رێگاکانی ئەو باشووەر چ جەهەنەمێکن 

نازانی سەفەرکردن پێیاندا هەمووی پەشیمانییە و

ناشزانی سەفەری ئەو ڕیگایانە سەفەرێکە چوونە و هاتنەوەی نییە

 

مەڕۆ بەو ڕێگایانەدا مەڕۆ

کە هەر ئەڕۆی، با منیش بیم لە گەڵتا

هەر هیچ نەبیت ،شتێک لە تەنیایت بۆ هەڵدەگرم

هەر هیچ نەبیت، ناهێڵم تاقەتت بچێت و

بە قسەی ترش و شیرینەوە دەتخافڵینم

باسی کەروێشکت بۆ دەکەم لە ساتی بینیی گێزەردا

باسی دەستت بۆ دەکەم لە دەمی وەرگرتنی مژدانەدا

باسی لەماڵ دەرکەوتنی باپیرەت بۆ ئەکەم لەساتی بیستنی الله اکبر ی بانگی ئیوارەدا

حەیف تۆ هەر ئەرۆیت و ناشهێڵی من بیم لەگەڵتا

 

تۆ ئەڕۆیت و

منیش غەریب غەریب تەنیا دەکەوم

ئیدی کەسێ‌ نابیت لە تەنیشتمەوە دابنیشێت

کەس‌ تاقەتی پیاسەی نابیت لەگەڵما

کەس تەلەفۆنم بۆ ناکات

کەس هەواڵم ناپرسێ‌

کەس سەرم لێ‌ نادات

هیچ کەسێکیش نامە و سڵاوم بۆ نانێرێ

حەیف تۆ بەو ڕیگا دڵڕەقانەدا ئەڕۆیت و

ناشهێڵی من هاو ڕیگات بم

 

تۆ ئەرۆیت و

کەس گرنگیم پێ نادات

کەس ئاگای لێم نابیت

کەس بیرم لێ‌ ناکاتەوە

کەس پڕ بەدڵی خۆم

باوەشی میهرەبانیم بۆ ناکاتەوە

 

تۆ ئەڕۆیت و

لەمەودوا کەس لایەکی جانتاکەم تا گەراج لە گەڵدا هەڵناگرێ‌

کەس سەفەرم لا ئاسان ناکات و

کەسیش دڵم داناتەوە          

کەس پێم ناڵێ‌ ئاگات لە خۆت بیت

کەس پێم ناڵی کە گەیشتی ئاگادارم بکەوە

کەس بە نزای پیاوچاکان نامخاتە ڕێ‌

کەس ماڵئاوایم لێ‌ ناکات و

کەس کەسیش بەدەم بیرکردنەوە لە سەفەری من

خەیاڵ بۆ خۆی نایباتەوە

 

تۆ ئەڕۆیت و

ئێرە بە منیشەوە کاول ئەبیت

بەیانیان کەس پەردەی ژوورەکان لانادات

کەس فەرمووی ڕووناکی ناکات بۆ ژوورێ‌

کەس میهرەبانانە گوڵەکان ئاو نادات

کەس گوێ‌ لە ماریا ناگرێت

کەس بۆنی قاوە ناکات

 

تۆ ئەڕۆیت و

ئیدی بۆ هەتا هەتایی

بەیانیان کەس ناچێتە سەربان

کەس کەسیش دوای تۆ

جورئەتی هەڵخستنی سەرچەفەکان ناکات

 

تۆ ئەڕۆیت و

هەموو شتیکم لێ‌ نیوە دەکەی

نیوەی گۆرانیەکان و نیوەی پێکەنین و نیوەی گوڵەکان

بۆ خۆت دەبەی

تۆ ئەڕۆیت و

وێنەکانی مناڵی و دەفتەری یادگاریەکانی جامیعە و هەموو جوانیەکانی ترم

لێ‌ دوو کەرت دەکەی

 

تۆ ئەڕۆیت و

ئیدی من هەژاری لیم دەدات

ئیدی کەسێک نابێت ئینجانە بۆ نازنازەکانم بکرێ‌

کەسێ‌ نابیت مژدانەی بەیانیەکی پڕ بارانم بداتی

کەسێ‌ نابی سفرەی میهرەبانم بۆ رابخات و

پاروی بەخشندەیم بەدەمەوە بکات

حەیف کە تۆ ئەڕۆێ‌

 

تۆ ئەڕۆیت و

ئیدی منیش ویڵ دەبم

لە شەقامەکاندا زوو زوو بەجێدەمێنم

لە قەرەبالغیەکاندا ئاسان ون دەبم

لەگەرانەوەم بۆ ماڵەوە

سواری پاسیکی هەڵە دەبم و

ڕێگای ماڵەوەم لێ تیک دەچێت

کەسیش لەگەڵ خۆیدا نامباتەوە

 

مەڕۆ، بەو ڕێگایانەدا مەڕۆ

خۆ تۆ ئەزانى

چەند دوور و

دڵڕەق

پڕ سەرابن ڕیگاکان

خۆ تۆ سروشتى ڕێگاکان ئەزانى

ئەزانى کە چۆن خویان بە دووریەوە گرتووە

ئەزانى تا چەند دوورتر بڕوی

ئەوان دوور و دوورتر ئەکەونەوە

مەڕۆ

بەو ڕێگایانەدا

م

   ە

      ڕ

         ۆ

 

 

گەڕان بۆ بابەت