فەزای ئاشنا

چیرۆکنووس دەبێ فەزایەک دروست بکا کە بۆ خوێنەر ئاشنا بێت، یاخود لەو توانایە بەهرەمەند بێت کە بتوانێ هەستی ئاشنایی تیا پێک بێنێ . زۆر جار ئەمە لە رێگای گێڕانەوەی رووداوە بە جۆرێک هاوبەشەکانەوە دەکرێ و زۆر جاریش دەبێ رووداوی نوێ وەها دروست بکرێ کە خوێنەر سەرەڕای تازەبوون خۆی تیا ببینێتەوە.

دیارە ئەزموون و هەگبەی ژیان لای کەسەکان جۆراوجۆرن و مەرج نیە هەموو بە یەک رادە لە گەڵ دەقێک پێوەندی بەرقەراربکەن، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی سڕینەوەی ئەم تایبەتمەندییەی چیرۆک.

ئەوەی گرینگە کاکڵی دیاردەکانە کە چیرۆک دەبێ هەڵگری بێت. هەتا ئەم کاکڵە لە دەقدا بەرجەستەتر بێت، خوێنەر زیاتر سەرنجی بۆ دەچێ. لە راستیدا گێڕانەوە بیانووە بۆ دەربڕینی ئەم کاکڵە.

چیرۆکی باش، پێکهێنەری قووڵاییە لە روانگە و لە هەستی خوێنەردا، وەها کە دەتوانین باس لە دوو کەسایەتی لە هەمان کەسدا بکەین: یەکی پێش و یەکی پاش.

سایتی قەڵەم

١٠ مانگی نۆی ٢٠٢١

بازدید: 290