چیرۆک و رۆبۆت

چیرۆک هەروەها رەوتێکی هەستییە و کەم تا کورت دەبێ ئەم تایبەتمەندییەی تیا بێت. دیارە ئاستی رەنگدانەوەکەیشی لە خوێنەرەوە بۆ خوێنەری تر جیاوازە. بەڵام بە گشتی نابێ لەم خەسڵەتە بێ بەری بێت. چیرۆک لە دوواجاردا کاریگەرییەکی حیسسی لای خوێنەر جێدێڵێ، کە لەدوا پێناسەدا پێی دەگوترێ ناسینی هەستی.

بۆیە گرینگە نووسەر پێش نووسین، رووداو یاخود بە گشتی چیرۆکەکەی لە دەروونی خۆیەوە گوزەردابێ و بەم شێوەیە وشە و رستە و وێنەکان و... ئاوێتەی دونیای ئەو بن و بەم شێوەیە بە هەستی ئەو ئاوس بکرێن، بۆ ئەوەی گەر منداڵی دەق لە دایک بوو، مندالێک بێت زیندوو، بزوێنەری سەرنج و سۆز و جیهانی خوێنەر.

دیارە بە بێ ئەمەیش دەکرێ چیرۆک بنووسرێ، بەڵام لەم حاڵەتەدا ئەوە رۆبۆتە دەینووسێ نەک مرۆڤ. رۆبۆتێک کە لە رەمز و راز و تکنیکەکانی چیرۆک دەزانێ، بەڵام بە بێ هیچ چەشنە ئەزموونکردنێکی دەروونیی چیرۆکەکە.

کەواتە بەس تکنیک ناتوانێ خوڵقێنەر بێت. تکنیک بە بێ هەستی نووسەر دەبێ بە کەرەسەیەکی بێ کەڵک کە هەڵگر و دەربڕی هیچ دەقێکی چیرۆک ئاسا نابێت.

سایتی قەلەم

 ١٩ مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢١  

بازدید: 270