فەڕۆخ نێعمەتپوور

بێگومان پاشگەزبوونەوە لە ئایدیۆلۆژیا ئازادە و کەس هەتا دەژی مەرج نیە هەمان روانگەی هەبێ، بەڵام پشتکردن لەو روانگە ئینسانیانەی وا دەقی لە سەر دامەزراوە، یەکجار غەریب دەنوێنێ. ئەگەر داگیرکردنی وڵاتان لە لایەن ئاڵمانی فاشییەوە کردەیەکی دزێو و نەشیاوە، هەمان فەلسەفە بۆ هەر داگیرکەرێکی تر دەخوا کە بە بێ ئیزنی خەڵکەکەی لە هێزی سەربازی بۆ سەپاندنی ئایدیا و هەیمەنەی خۆی کەڵک وەردەگرێ.

 

'جان شتاین بەک' و شەوێکی بێ مانگ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

جان شتاین بەک نووسەری چەوساوەکان بوو. رۆمانی 'هێشووەکانی تووڕەیی' و 'مشکەکان و بنیادەمەکان' کە باس لە چینی کرێکار و زەحمەتکێشی ئامریکا لە کاتی قەیرانی گەورەی ئابووری لە ساڵی ١٩٢٩، دەکەن بە جوانی ئەم راستیە دەردەخەن.

دیارە جان شتاین بەک تەنیا دەربڕی جیهانی چەوساوەکان نەبوو، بەڵکو ئەو وەک نووسەرێکی دژە شەڕیش دەردەکەوێ. لە رۆمانی 'شەوێکی بێ مانگ'، ئەوەی ئەم رۆمانەی خوێندبێتەوە، بەتایبەت لە رێگای دیالۆگی نێوان کاراکتێرەکانەوە بۆی دەردەکەوێ کە نووسەر چەندە شەڕ وەک دیاردەیەکی نائەقڵانی وەسف دەکا و چلۆن ئەو تراژێدیایەی وا شەڕکەرەکان دەیخوڵقێنن و بکەرانی تێی دەکەون دوواجار لە خۆیاندا نوقمیان دەکا و دەیانسڕێتەوە. بە تایبەت ئەو بەشەی کە یەکێک لە ئەفسەرەکان خۆبەزلزانانە دەڵێ ئێمە ئیستا نیوەی دونیامان داگیرکردووە و، ئەفسەرێکی هاوڕێی لە پرسیارێکی شۆک هێنەردا رووی تێدەکا و دەڵێ ئەی نیوەکەی تر چی!

بەڵام شتاین بەک بەمە رانەوەستا و سەرئەنجام لە کۆتایی تەمەنیدا لە ئایدیای رەخنەگرانە و چەپگەرایانەی خۆی پاشگەز بووەوە و لەشەڕی ئامریکا لە دژی ڤیتنامیەکان پشتیوانی کرد و بە وتەی خۆی لە سەر شەڕی قارەمانانەی سەربازە ئامریکاییەکان لە دژی ڤیت کۆنگەکان راپۆرتی نووسی.

بەم شێوەیە جان شتاین بەک لە دژی ئەو روانگە و فەلسەفەیە راوەستا وا لە رۆمانی شەوێکی بێ مانگدا وێنای کردبوو.

بێگومان پاشگەزبوونەوە لە ئایدیۆلۆژیا ئازادە و کەس هەتا دەژی مەرج نیە هەمان روانگەی هەبێ، بەڵام پشتکردن لەو روانگە ئینسانیانەی وا دەقی لە سەر دامەزراوە، یەکجار غەریب دەنوێنێ. ئەگەر داگیرکردنی وڵاتان لە لایەن ئاڵمانی فاشییەوە کردەیەکی دزێو و نەشیاوە، هەمان فەلسەفە بۆ هەر داگیرکەرێکی تر دەخوا کە بە بێ ئیزنی خەڵکەکەی لە هێزی سەربازی بۆ سەپاندنی ئایدیا و هەیمەنەی خۆی کەڵک وەردەگرێ. داگیرکارییەک کە هیچ داهاتوویەکی نیە.

بەڵام جان شتاین بەک لە دەقەکانیدا کاری خۆی کرد و، جیهانی ئیمڕۆ زیاتر ئەو لە روانگەی بەرهەمەکانیەوە دەناسێ تا ئەوەی لە کۆتایی تەمەنیدا کردی و باوەڕی پێ هێنا.

دق لە تەمەن بە بڕشت ترە و توانای مانەوەی یەکجار بە هێزترە! ئەوە دەقەکانن دەمێننەوە نەک مرۆڤەکان.