دیسان ژیانەوە

چیرۆک دیلکردن و دەستەمۆکردنی کاتەکانی ژیانە لە دوو توێی لاپەڕەکاندا. لە سەر قەفەسی رووبەرێکی دیجیتالی. هەوڵدانە بۆ راوەستاندنی کاتە تیژتێپەڕەکانی ژیان لە رێگای وشەو رستەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆمان بە سەر کاتدا بسەپێنین و بیسەلمێنین. وە لەم بە بەڵگەکردنانەدایە کە مێژوو، ئەویش لە چەشنی ئەدەبییەکەی بۆ خۆمان دروستدەکەین.

لە رێگای چیرۆکەوە دەتوانین کاتە ژیاوەکان، دیسان بژینەوە. هەر دیسان ژیانەوەیەکیش بە هۆی ئەوەوە کە خۆمان کاتمان بە سەردا تێپەڕیوە دەتوانێ دیسان ژیانەوەیەکی تر بێت. بەم شێوەیە چیرۆک دەبێ بە لێک کەوتنی ژیانە جۆراوجۆرەکان. وشەکان و رستەکان هەر جارەی دەتوانن مانایەکی تر وەرگرن.

بەڵام چیرۆک تەنیا رابردووگەرایی نیە. لە دیسان ژیانەوەیەکی تردا خوێنەر مانایەکی تر بە ئیستا و داهاتووی خۆیشی دەبەخشێ. بەم شێوەیە چیرۆک دەتوانێ هەموو پانتایی ژیان داگیربکا... وەک سەرەتای خۆی: لە دوو توێی لاپەڕەکاندا، یاخود لە سەر قەفەسی رووبەرێکی دەیجیتاڵیدا.

سایتی قەڵەم

٢٩ مانگی سێپتەمبری ٢٠٢١

بازدید: 243