سەلاح شوان

من وام دەزانى ئەگەر بێی 

چاوە شینەكانت وەكو 

غه‌مەكانى من قووڵ دیارن 

قژە زەردەكەت غەریبی ئێوارانمە 

لەبەر تاڤگەی تەنیاییا 

دەمخواتەوە

 

هەزار ساڵ چاوەڕوانى 

 

            سه‌ڵاح شوان                

            

هەزار ساڵ بوو چاوەڕوان بووم 

هەر دەهاتى و نەدەهاتی. 

كاتێ هاتى نە تۆ تۆ بووی 

نە من خۆم بووم! 

نە تۆ لەیلە پڕ مەیلەكەی جارانم بووی 

نە من فەرهادە گێلەكەی ئاشقت مام

كاتێ هاتى 

نە سیمرخێك لەم ناوە مابوو نە منیش 

ئیتر ئەژدیهاى ڕۆژگارم پێ دەكوژرا

نە بەهار بووی ئەشقی ڕەنگاوڕەنگت پێ بێ 

نە پایز بووی تەنكە غه‌می بڵاو و بێدەنگت پێ بێ 

نە هاوین بووی لە بڵاچەی ئارەزووتا بمخنكێنی

نە زستان بووی تێر تێر بەسەرما بگریت و 

مەشخەڵانی گڕكانى دڵم داكەوێ 

بڵێم ئیتر لەسەر سینەی خۆرنەدیدەی 

تۆدا خەوم لێ دەكەوێ 

من وام دەزانى ئەگەر بێی 

چاوە شینەكانت وەكو 

غه‌مەكانى من قووڵ دیارن 

قژە زەردەكەت غەریبی ئێوارانمە 

لەبەر تاڤگەی تەنیاییا 

دەمخواتەوە

كڵپەی باڵا داگیرساوەكەت بەیانییان 

خومارشكێنی شەوانى تاڵیم دەكا

من نەمزانى؟ 

تەرمی بەفرەكەت قەڵەمی 

دەستوپێی شیعرم دەشكێنێ

غەریبییەكی لە ئازار بەئازارترم 

بۆ دێنێ 

هەزار ساڵ بوو 

بەدیار شووشەی مەرەكەب و 

شەرابی وەك 

شەو و ڕۆژەوە دامابووم 

كاتێ هاتی 

نە شیعر بووی بمنووسیت 

نە مەستی بووی بمخۆیتەوە

ئەی گەر وا نەبووی بۆچی پێت نەگوتم 

تاكو بچم پەیمانێكی ناپاكانە 

لەگەڵ سۆزانییە مەرگەكەی 

ئۆرۆكی ژەهرا ببەستم. 

هەزار ساڵ بوو 

چاوەڕوانیم درەختێكی باڵابەرز بوو

لق و پۆپی شۆڕی بۆ تۆ 

درێژ دەكرد 

تۆش بارانێكی وشك بووی 

چرۆكانى شەوگارمت 

دەوەراند و نەدەهاتی. 

كاتێ هاتى 

گڕەیەك بووی لە زستانا

چووزەرەی بن بەفرەكانمت 

هەڵپڕووكان 

زریانێك بووی لە هاوینا 

هەر دەمودەست توایتەوە 

بوویتە گریان 

هەزار ساڵ بوو چاوەڕێت بووم

كاتێ هاتى 

شەوێكی تاریك و دوور و 

پەنگاوى تەنیایی بووم من 

تۆش ڕۆژێكی سەر بەرەو خوار 

من وا مزانى گەر بێی ئیتر 

گەشكە و خۆركوێریم تووش دەكەی 

كەچی ئێستا تەنیاترم 

لە كانییەكی دڵتەنگی 

نزیك بارەگا و ئۆردووگاكانى جاران! 

تەنیاترم لە ئەستێرەی بەجێماوى بەرەبەیان. 

تەنیاترم 

لە شوانە هەرزەكارێكی 

شەو بەكێوی دەشتی گەرمیان 

وێرانترم لەكێوی شەوێكی ڕووخاو 

نە ئەمە تۆی

ئەستێرە باڵابەرزەكەی 

جارانم بی

نە ئەمەش سۆزە سەوزەكەی منە ئەمشەو 

كوانێ ئەمە زەماوەندە 

كەی تۆ بووكی وڵاتەكەی

بەفر و خوێنی ناو شیعرەكەی گۆرانی

كوا من ئاشقە شێتەكەی باڵاكەتم 

ئەم هەموو كۆترە باریكە و 

بەرخۆڵانەی خەونەكانم 

بۆ لەبەر پێتا كوژراون 

بۆ ئەم گورگە برسییانە

ئەوها دەورەیان لێ داوى 

خۆ بەفر ئەمشەو هیچ گوێی لێت نەگرتووە!

هەزار ساڵ بوو 

حەزم دڵۆپ دڵۆپ دەڕژا و 

بەردی شەوی لەبەر پێما كون دەكرد و دەتوایەوە 

من وام دەزانى ئەگەر بێی 

پڕ كۆشت وردە ئەستێرەی 

ڕەنگاوڕەنگم بۆ دەهێنی 

دارستانێكی پڕ ڕەنگم بۆ دەهێنی 

مژدەی مردنی خواى جەنگم بۆ دەهێنی 

ئەم داڵ و گەنخۆرانەت كەی بوونە یاوەر 

ئەم گۆشتخۆری هەژارانەت كەی بوونە دۆست 

كوانێ دڵەكەی گەرمیانت 

بۆ بەجێتهێشت و بێ گریان 

خستتە بەردەست دڵخۆرەكان 

خۆ لانەكەی من لەوێ بوو

پڕ بوو لە هێلكە كۆتر و مرواریی حەز و ئارەزوو 

تۆ غەریبی 

هەرگیز بە گیانى من ئاشنا 

نەبوویت و نیت 

من غەریبم 

هەرگیز بەڵا گەردانى باڵا جوانەكەت نەبوومە من 

تۆ خەونێ بووی هەزار ساڵ بوو

دەتمبینی و نەتمەبینی 

تۆ مەیێ بووی 

بە یەكەم بادە مەستت بووم 

تا ئێستاكەش

نامەوێ بێمەوە سەرخۆ 

وەرە با بچینەوە كوێستان 

كوێستانە بەفرینەكەی سەری من و 

شەو كراسە تەنكەكانى تەمی بەر تۆ 

هەزار ساڵ بوو چاوەڕێت بووم

ئێستاكە بۆ 

بۆ هەرزە ئەشقبازەكان 

پێدەكەنی 

هەر منم سۆفیی خانەقای

ئەشقە پاك و خودایییەكەی تۆ 

هەر منم مەستی مەیخانەى 

باڵا لەخۆبایییەكەی تۆ 

سەد ئەوەندەش بێوەفابی 

هەر خۆشمدەوێی

ئەمە منم 

ئەمەم 

ئەمە. 

 

1993 هەولێر