فەڕۆخ نێعمەتپوور

زۆر نامێنێتەوە. تەنانەت نایەتەوە بۆ ماڵەوە. هەرچی پێ دەڵێم بێسوودە. دەڵێ کارێکی بە پەلەی هەیە و دوواتر حەتمەن سەردانمان دەکاتەوە. کە دەڕوا لە دوواوە لێ ورددەبمەوە. ئەو شەوەم دێتەوە بیر کە کاتێک لەبەر چاوی ئێمەدا فەرماندەی برای لە ماشینەکە دایبەزاند و پشتی بە دارچراکەوە نا تا تەقەی لێبکا و بیکوژێ، لە جیاتی ترس، بزەی لەسەر لێو بوو.

 

بزەی ئەو شەوە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هێزی سەربازیی دەوڵەت کە چەند رۆژێک بوو بە دەوری شارەوە بوون و هێشتا نەیاندەوێرا بە تەواوی بێنە ناویەوە، لە دوێ شەوەوە لە دوو قۆڵەوە کشانە ناو شەقامە سەرەکییەکان و لەوێوە بۆ ناو پادگان. لەمێژبوو کارەبا نەبوو، بەڵام ئاو بەردەوام هەبوو و نەبڕابوو. تاک و تەرا نەبێ کەس لە خەڵکی لە ناو شاردا نەمابوونەوە. دانە دانە لێرە و لەوێ لە پشت پەردە ئەستوور و رەشەکانەوە چرا لامپا کزەکان دەئایسان. ئەرتەش کە لە دوواشەڕدا چەندین تانگ و زیل و بە دەیان سەربازی لە دەستدابوو، ئێستاکە بە دڵنیاییەکی زیاترەوە دەجووڵا. وەک بڵێی ئەوەی بە سەریا دەبا بهاتایە، هاتبوو و ئیتر رێگایان بۆ چۆڵ ببوو! بە گوێرەی پلان ئەمەشیان لا ئاسایی بوو، هێزی میلیشیا لە درێژەپێدانی شەڕی بەرەیی زۆر سەرکەوتو نین. راستییەکەی ئەوە بوو دوژمن ئەو هێز و توانایەی جارانی نەمابوو و لەوەیش نەدەچوو بەو شێوەیە لە شاردا مابن. دوژمنیش کەس نەبوو جگە لەو هێزە میلیشیا کوردەی کە چل رۆژێک دەبوو دەوری پادگانیان گرتبوو و دەیانویست وەک دووا پێگەی دەوڵەتی ناوەندی، داگیری بکەن و، ئیتر لە وڵات پاکیان بکەنەوە. بەڵام سەربازخانە سەرەکییەکەی شار، خۆیان سەرەڕای هەموو هێرش و گوشارە سەربازییەکان راگرتبوو و هەتا ئەم چرکەساتە مقاومەتیان کردبوو.

ئەو هێزەی لە رۆژهەڵاتەوە دزەی کردبووە ناو شار، پلانی ئەوە بوو سەرەتا دەست بە سەر هەموو بینا حکومەتییەکان هەر لە ئیدارە ئاساییەکانەوە بگرە هەتا بنکەی پۆلیس بگرێتەوە، لەوێ دامەزرێن و ئەوسا هێزەکانی خۆی بە سەر هەموو شەقام و شوێنە گرینگ و ستراتیژییەکاندا بڵاوبکاتەوە. بەشەکەی تریش بەرەو پادگان لە باکوورەوە بکشێ و بە پەیوەستبوونیان بە سەربازخانەی سەرەکیی شار، سەرئەنجام ئەوان لە ئابڵۆقەی چل شەوە رزگاربکەن.

هێزەکەی قۆلی رۆژهەڵات کە هێزە سەربازی ـ ئایدیۆلۆژییەکەی سەر بەحکومەت دەبن و لە هێزی یەکجار باوەڕمەند و بێ بەزەیی پێکهاتبوون، لە یەکەم مەئموریەتی خۆیاندا خۆ بە بینای ئیدارەی کشت و کاڵ دا دەکەن کە لە چاو ساختمانەکانی تر نوێ تر و ئەمڕۆی تر دەبێ و لەوێ بە سەرسوڕمانەوە و بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی خۆیاندا بەتووش کۆمەڵێکی زۆر ژن و منداڵەوە دەبن کە لەوێ لە ژێرزەمینییەکەیدا خۆیان حەشاردابوو. دەستبەجێ بە دەرکەوتنیان، دەبێ بە قاو و قیژ و هەراوهوریایەکی زۆر و سەرئەنجام لە دووای جیاکردنەوەی پیاو و ژن و منداڵ لە یەکتر، بۆیان دەردەکەوێ کە تەنیا چوار پیاویان تیادەبێ و ئەوی تریان هەر هەمووی ژن و منداڵن کە ژمارەیان خۆی لە زیاتر لە بیست کەس دەدا. فەرماندەی چەکدارەکان لە دووای ئەوەی بۆی دەردەکەوێ کە لەو چوار پیاوە یەکیان سەرۆکی ئیدارەی کشت و کاڵ و ئەوی تریان مامۆستای قوتابخانە و سێهەمیان سەرۆکی پۆلیس و چوارەمیان پیاوێکی بەتەمەناچووی هیچ کارەیە، هەر چواریان، سەرەڕای گریان و پاڕانەوەی زۆری ژن و منداڵەکان، پێش خۆی دەدا و دەیانبا. هەر لەوێیش دەمودەست لێدانێکی باشی سەرۆک پۆلیسش دەکا و بەسەریا دەنەڕێنێ کە "خوێڕی تۆ لەجیاتی ئەوەی لە نیزام دیفاع بکەیت، هاتوویت و ترسنۆکانە خۆت لە ناو ژن و منداڵەدا حەشارداوە!" دیارە سەرۆکی پۆلیس وەڵام ناداتەوە و لێدەگەڕێ وەها بڕوات کە دەبێ بڕوات، واتە بە بێ هیچ چەشنە کاردانەوە و خۆگیڤ کردنەوەیەک. وەک بڵێی لەبەر ئەوەی دڵنیا بوو گەر بچووکترین جوابیشی تەنانەت بە موحتەرەمانە بدایەتەوە، ئەوا دەستبەجێ کاکی فەرماندە چەکی لێدەکیشا و هەر لەوێدا دەیکوشت. تەنانەت کاتێک هێزەکە بەرەو پادگان دەبزوێتەوە، دیسان جارێکی تر فەرماندەکە کە یەکجار رقی لە جەنابی سەرۆکی پۆلیس هەستابوو و هەتا دەهات رقەکەی ئەستوور و ئەستوورتر دەبوو، لە بەر ئیدارەی شارەوانی لەسەر شەقامەکە لە زیلەکە دایدەبەزێنێ و پشتی بە دارچرایەکەوە دەنێ و بە مەبەستی تەقە لێکردن و ئیعدامکردنی میلی لێ دێنێتەوە کە دیسان کەس نازانێ بۆچی کتوپڕ سەرەڕای هەموو تووڕەیی و کەف پژانەکانی دەستی بە سەر پەلاپیتکەکەدا نەهێنابوو و نەیکوشتبوو. دیسان هەر لەوێیش کاکی سەرۆک پۆلیسیش مڕ و بێدەنگ مابووەوە و سرتە چییە لێوەی نەهاتبوو. بە تەواوی خۆی دابووە دەست قەدەر. بەڵام وەک خۆی ساڵانی ساڵ دوواتر گوتبووی "هەر بۆ خۆم دەزانم بۆ وای دەکرد! جگە لەمە لەو نموونەیەم زۆر لە تاران بینیبوو، لە لاتەکانی بەر سینەماکانی زەمانی شا بوون، ئەمەی دەکرد بۆ ئەوەیش خۆی لەبەر چاوی سەربازەکانیدا فش کردبێتەوە، وەک چۆن ئەو کاتیش سینگیان فش دەکردەوە و نەعرەتەیان لێدەدا بۆ سەلماندنی نێرەکەربوونی خۆیان!" هەرچەند من پێم وایە هەڵە دەکا و لە راستیدا نەکووشتنەکەی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە ئیعدام کردنی کەسێکی پۆلیس کە بەشێکی سەربازیی وڵاتن، پێویستی بە دادگای تایبەتی خۆی هەبوو کە تیایا دەبوو بەڵگەی پێویست هەبووایە. جگە لەمە دۆخەکە لەوە ئاڵۆزتر بوو کە چاوەڕووانیی ئەوە لە هێزی پۆلیس لە شارێکی پڕ لە هێزی بەرهەڵستکاری چەکداری دژ بە حکوومەت بکرێ بتوانێ لە دژی بەرهەڵستکاراندا راوەستن، ئەویش لە کاتێکدا کاری ئەوان پارێزگاری لە ئاسایش و ئەمنیەتی شار بوو، نەک خۆهاویشتنە ناو کێشە سیاسییەکانەوە. بەتایبەت ئەوەی کە هێشتا دەسەڵاتی ناوەندی، لە دووای شۆڕش، دەستی بە هەموو وڵاتدا رانەدەگەیشت و بە تەواوی خۆی زاڵ نەکردبوو. من چونکە بۆ خۆم مودیری ئیدارەی کشت و کاڵ بووم تا رادەیەک لە یاساکانم دەزانی. وەک دەیشبینن لە درێژەی بەسەرهاتەکەدا ئەم قسانەی من لە لایەن سەرۆکی پۆلیسیشەوە دەسەلمێندرێ.

با بگەڕێینەوە سەر چیرۆکەکەمان! سەرئەنجام بەشێکی هێزەکە دەگەنە ناو سەربازخانەکە و هەر چوار کەسەکە دەخەنە ژوورێکەوە و زیندانیان دەکەن. لەوێ تێدەگەن کە هەر ئەو چوارە نین و لە شوێنی تر نێزیک بە دە نەفەری تریان گرتبوو کە هەر هەموویان پیاوی بەتەمەن و گەڕاوە بوون. ئەو پیاوانەی بۆ پارێزگاری کردن لە ماڵەکانیان لە شار نەچووبوونە دەر، یاخود لەبەر ئەوەی تاقەتی دێهاتیان هەر لە بنەڕەتەوە نەبوو.

لە هەموو شوێنێکەوە هاڕە هاڕی تانگ، زیلی گەورەی عەسکەری و تەقەی جاربەجارە دەهات. هەتا هێز دامەزرا، چەندین رۆژی پێچوو.

ئەگەرچی کاکی فەرماندە کاری یەکجار زۆر بوو و سەری نەدەپڕژایە سەر شتی لاوەکی (هێشتا بە وتەی خۆی دژەشۆرش بە دەوری شارەوە مابوون و بگرە جاروبارە خۆیان بە ناو شاردا دەکرد، چالاکیی سەبازیان ئەنجام دەدا و زەبریان لە هێزەکانی ئەمان دەوەشاند)، بەڵام سەرۆکی پۆلیس لەبیرنەکردبوو. هەڵبەت بەرنامەی هەبوو بینێرێ بۆ مەرکەز و بەتەمابوو بە سازکردنی پەروەندەیەکی زل و زەبەلاح سەرئەنجام بە ئیعدامکردنی بدات.

هەتا رۆژی بەڕێکردن، هەر کە دەرفەتی گیردەهێنا، دەیبردە ژوورەکەی خۆی و لێکٶلینەوەی لێدەکرد. بەڵام سەیر ئەوە بوو کە سەرۆکی پۆلیسیش ترسی لێی شکابوو و ئیستاکە ئیتر وەک ئەو شەوە بێدەنگیی لێنەدەکرد. وەک بڵێی، تازە دەیزانی لە تۆڵەسەندنەوە بێ سەرەوبەرەکانی دووای شەڕ رزگاری بووە و بێ منەتانە، بەڵام وشیار وەڵامی دەدایەوە. جگە لەمە هەستت دەکرد لە نێوانیاندا جۆرێک لە رق و هەستی تۆڵەی شەخسی سازببوو کە بە جوانی لە چاوی هەر دووکیاندا دەخوێندرایەوە. فەرماندە دەیزانی کە سەرۆکی پۆلیس وەک خەڵکەکەی تر نیە و لە دەروونەوە ترسی لێی نیە (کە ئەمە زۆر ئازاری دەدا)، سەرۆکی پۆلیسیش بە شێوازی خۆی خەریکی تۆڵەسەندنەوەی هەموو ئەو سووکایەتی و بێ حورمەتیانە بوو وا هەر لە یەکەم چرکەوە، بە بێ هیچ چەشنە هۆکارێک، لێی کرابوو.

فەرماندە لەو ماوەیەدا دوو جار لێکۆڵینەوەی لێکرد.

جاری یەکەم:

فەرماندە ئەمردەکا لە سەر کورسییەکەی بەردەمی مێزەکەی داینیشێنن. سەرۆکی پۆلیس (لەمە بەدووا سەرۆک) دادەنیشێ. جل و بەرگەکەی پیس و ئارەقاوین و، بۆنێکی ناخۆشیان لێدێت. ریشی هاتووە و قژی تەنکی ئاڵۆزکاوە. فەرماندە چاوێک بەو پەروەندەیەدا دەخشێنێتەوە وا بە دەستیەوەیەتی. دەڵێ:

ـ دەرچووی دانشکەدەی ئەفسەری، تەمەن ٢٧ ساڵ، رەبەن، خەڵکی سەقز،... پێش وەرگرتنی مەئمورییەت دانیشتووی تاران، لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی، وا دیارە لە کارەکەیشتدا زۆر خراپ نەبووی، پێدەچێ باوکت چاکت پیا راگەیشتووە!

سەرۆک درێژەی پێدەدا:

ـ بە باشترین نمرە لە کالێجی ئەفسەری دەرچووم،... باوکم زۆر حەزی کرد و هەوڵی زۆریشی دا بە براکەی ترم کە لە من گەورەتر بوو رابگا، بەڵام بێسوود بوو! حکومەت بەتایبەت منیان ناردووە بۆ ئەم شارە، لە ماوەی مەئموریەتی مندا سەرەڕای دۆخی تایبەتی ئەم شارە کەمترین ئاستی جورم و یاساشکێنی هەبووە، توانیوومە...

فەرماندە: توانیووتە وەک پیاوێکی خوێڕێ، خۆ لەناو ژن و منداڵدا بشاریتەوە و دڵیشت بەوە خۆش بێ کە باشترین نمرەت هێناوە! ها، وانیە؟! (لێرەدا پووشەی پەروەندەکەی فڕێدایە سەر مێزەکە) خۆشە خەڵکی خوێن بدەن و بەرگری لە نیشتمان بکەن و جوداخوازان و دوژمنانی نیزام راماڵن و جەنابیشت وەک سەگی خوێڕی، کلک لە ناو گەڵ خۆ لە ژێر چارشێوی ژناندا بشاریتەوە؟

سەرۆک رێک سەیری ناو چاوانی فەرماندە دەکا، بە بێ ئەوەی نیگای لێ هەڵگرێ، دەڵێ:

ـ وادیارە جەنابت ئاگات لە دۆخی وڵات نیە. هەر ئەو کاتەی بە قەولی تۆ دوژمنانی نیزام لەناو شاردا بوون و دەسەڵاتی وڵاتیان بەدەستەوە بوو، ئێمە وەک پۆلیس لە بنکەی سەرەکی خۆماندا بووین و هاوکاریمان لەگەڵیاندا هەبوو. لە مەرکەزیشەوە ئەمەیان بە جوانی دەزانی و بگرە ئێمە هەر ئەو کاتانە بەردوام ئەمەمان راپۆرت دەدا و ئەوانیش کیشەیان نەبوو، نە پێیان دەگوتین لەگەڵیان بە شەڕ بێین و نە گوتیان هاوکاریان مەکەن. تەنیا پێیان لەسەر ئەوە دادەگرت کە ئاگامان لە بنکەی پۆلیس و کەل و پەلەکانی بێت، هەوڵ بدەین خۆمان رابگرین و یارمەتی هاووڵاتیان بدەین. ئێمە هیچ کاتێک دەستووری شەڕمان پێ نەدرا. جگە لەمە ئەوانیش رێزیان دەگرتین و قەت رۆژێک لە رۆژان نە لەگەڵمان بە کێشە هاتن و نە بە بێ ئیزنیش خۆیان بە بنکەی پۆلیسدا کرد، تازە لە پاراستنی نەزم و ئاسایشی شاریشدا یارمەتیان دەداین و بەگشتی وەزع خراپ نەبوو.

فەرماندە کە بۆ ئەوەی هەیبەتی بە سەر سەرۆکدا بێ، لەسەر مێزەکە دانیشتبوو، سەری لە سەرۆک نزیک کردەوە و لێی مۆڕ بووەوە:

ـ ئەو گەوادەی وا لە تاران و لە مەرکەزی ئوستانەوە ئەمەی پێ گوتووی وەک جەنابت شەکریان شکاندووە، هەر ئەم خایینانەن ئاوایان لە وڵات کردووە و بوونەتە هۆی رووداری و چاونەترسی دوژمنان،... چارت دەکەم خائینی خوێڕی،... چارت دەکەم. بە خزمەتی ئەوانەی سەرەوەیش دەگەین، پەلەمان نیە...!

سەرۆک کە هەر لە سەرەتاوە هەستی بە دوو بەرەکایەتی لە ناو کاربەدەستانی تازەدا کردبوو و ئەمەی بۆ ئاڵۆزبوونی دۆخەکە دەگێڕایەو، کەمێک ترسا. لەبەر خۆیەوە بە خۆی گوت وادیارە کەس لە کەسە، گەر ئاگام لە خۆم نەبێ وەک تڕی بن گۆمم لێدێ! بەڵام هاوکات ئاستی بێ ئەدەبی و شەقاوەیی فەرماندە بە بێ ئەوەی بە دەستی خۆی بێ زیاتر هانی دەدا کە زۆر ئاگای لە خۆی نەبێ. دیسان لە دڵەوە بە خۆی گوت چی دەبێ با ببێ، بەس لووتی ئەم خوێڕییە لە عەرز بدەم!

ـ ئیستا راپۆرتم بدەرێ کە چۆن بنکەی پۆلیست چۆڵ کرد و چۆنت بە دەستەوە دا و هاوکارەکانت چییان لێهات، هەروەها پێم بڵێ بۆچی هەر کە شەڕ دەستی پێکرد ئێوەیش دەستتان نەدایە چەکەکانتان تا لە پاڵ سەربازخانەکە لە دژی دژەشۆڕش بجەنگەن؟

ـ من راپۆرتی خۆم نووسیوە و تەحویلم داوە، داخۆ دەبێ جارێکی تریش راپۆرت بدەمەوە؟ جگە لەمە من لە ئاست بەرپرسی سەرەوەی خۆم بەرپرسیارم!

ـ تۆ ئەوەی دەکەی وا من ئەمرت پێدەکەم!

ـ بە کورتی ئەوەت بۆ دەلێمەوە وا نووسیومە، راستییەکەی ئەوە بوو رۆژی دووی مانگی گوڵان کاتێک هلیکۆپتەرەکان بۆ یارمەتی سەربازخانەکە هاتنە سەر شار، کۆمەڵێک چەکداری بێ پرنسیپ، بە پێچەوانەی ئەو رێکەوتنەی لەگەڵ بەرپرسە سەرەکییەکانیان هەبوو (ئاخر وەک دەزانی ئەوانیش لە ناو خۆیاندا ناکۆکن و چەند حیزب و تاقمن)، تەقەیان لە هلیکۆپتەرەکان کرد و بەم شێوەیە شەڕ دەستی پێکرد. ئێمە کە چاوەڕوانی وەها دۆخێک نەبووین، وەک هەموو خەڵکی تر کەوتینە ناو شەڕێکەوە کە خۆمانمان بۆ ئامادە نەکردبوو. پادگان دەستی کرد بە تۆپ و خومپارەبارانکردنی شار و ئیتر بە تەواوی دۆخ شڵەژا. ئەو رۆژە دەستبەجێ من لەگەڵ فەرماندەی پادگان لە رێگای ئەو بێ تەلەوەی وا هەمانبوو تەماسم گرت و داوام لێکرد باسی چۆنیەتی دۆخەکەم بۆ بکا. فەرماندەی پادگان گوتی کە تازە شەڕ دەستی پێکردووە و بڕواناکا دامرکێتەوە. واتە ئەوەی لێی دەترسان روویدابوو، رێک وەک شارەکانی تر و بۆیە هەر هەوڵێکی تری لا بێسوود دەهاتە بەرچاو. داوایشی لە ئێمە کرد کە بەو ژمارە کەمە پۆلیسەوە وا هەمانە و لە ناو شار رێک لە ناو خەڵک و چەکدارەکانداین هەر چەشنە کاردانەوەیەک مانای خۆکوژییە و وا چاکە هیچ نەکەین و پۆلیسەکان بنێرینەوە ماڵەوە و تەنیا یەک دو کەسێک بهێڵینەوە بۆ ئاگالێبوونی کەلوپەل و شمەکەکانی ناو پۆلیسخانەکە. دیارە ئەوەیشی گوت کە بڕیار بە خۆتانە و دوواجار خۆتانن تەسمیم دەگرن. هێشتا تەماسەکە کۆتایی نەهاتبوو کە چەند چەکدار خۆیان بە بنکەکەدا کرد و داوایان لێکردن چۆڵی کەین و چەک و چۆڵەکانمان تەسلیم کەین و کارمان بەم بەزمە نەبێ. گوتیان وەک دەبینن شار بێ بەزەییانە تۆپباران دەکرێ و وا باشە ئێوەیش وەک خەڵکی خۆتان بشارنەوە.

ـ ئیتر تۆی بوودەڵەیش زاتی ئەوەت نەبوو دەست بەری بۆ دەمانچەکەت و دوو فیشەکیان بە سەرەوە بنێی،.. ها!؟ ئیتر زۆر بە ئاسانی بنکە و چەک و کەل و پەل و خۆتان دایە دەست و،... یاڵڵا بۆ ماڵەوە!

ـ ئێمە لە پادگان دوور بووین و لە ناو شار بنکەمان هەبوو. بە چەند پۆلیسەوە، ئەویش ئەو پۆلیسانەی وا هەموویان جگە لە من خەڵکی ئەم شارە بوون و کەسوکاریان لێرە دەژیان، چۆن دەمتوانی شەڕی دژە شۆرش بکەم.

ـ ئەوەی ئێوەی لووسکەڵەی پاشماوەی رژێمی پاشایەتی تێی ناگەن شەهادەتە،... ئێوەی گەنیوو و فاسد کە زیاتر لە ناو گەڵتان بیر لە شتی تر ناکەنەوە، دەزانی ئەو شەوەی گرتمی چەندە سەروسیمات لووسکەڵە و تاشراو بوو! باشە خوێڕی لە کاتێکا سەربازەکانی ئێمە گیانبازییان دەکرد و خۆیان بە کوشت دەدا تۆ لە ناو ئەو ژن و منداڵانەدا خەریکی فیق و فاقی خۆت بوویت و هەموو بەیانییەک لە تاشینی ریش و سمێڵت نەدەکەوتی، خوا دەزانی چەندە چاو بە ئەشقەڵیش بوویت! بەڵایەکت بەسەردا بێنم، باڵندەکانی ئاسمان هەتا هەن بۆت بگرین!

ـ پێویست ناکا کاسەی لە ئاش داغتر بیت! زۆر ئاسانە، ئەو بنەماڵەی داڵدەی منیان دا و پیاوەکەیتان لە هیچ و خۆڕایی گرتووە و ئیستاکە لێرەیە، بچن لە سەر من پرسیاری لێ بکەن. بەڵام دەربارەی پۆلیسەکانی تر، هەر ئەو رۆژە هەر هەموویان رۆیشتنەوە ماڵەوە، یەعنی دەبووایە بچوونایەتەوە. منیش کە خەڵکی ئیڕە نیم و هیچ خزم و قەومێکم نیە، یەکێک لە بەرپرسەکانی ئەوان گوتی لە بەر ئەوەی لە هەموو شوێنێ شەڕە، ناتوانی جارێکە بگەڕێیتەوە بۆ شارەکەی خۆت و بۆیە ناردمیە لای ئەو ماڵەی وا ئێوە ئەو شەوە هاتن. وەک بزانم لەم شارەدا هەر ئەوان مابوونەوە.

ـ دەزانی بە تاوانی دیفاع نەکردن لە بنکەی پۆلیس و بەدەستەوەدانی چەک و چۆل و ئەموالی دەوڵەتی کە تۆ بەرپرسیان بووی، ئیعدام دەکرێی و جەستەی بۆگەنت لە خاکی پیرۆزی نیشتمان دەنێژن! ئاخ گەر بە من دەبوو هەر ئیستاکە دەمدایتە دەست سەگە بەڕەڵاکانی ئەم ناوە تا لەت و پەتت بکەن و ئاسەواری نەحست نەهێڵن!

ـ هەر ئێمە نەبووین لەگەڵیان سازابووین. خودی سەربازخانەکەیش چەند جارێک لەگەڵیان دانیشتنیان کردبوو و لەسەر چەند خاڵ رێکەوتبوون، کە ئەوەندەی لە بیرم مابێ چەند دانەیەکیان ئەمانە بوون: کەسیان دەستپێشخەری بۆ شەڕ ناکا، بەردەوام لە پیوەندیدا دەبن، سەربازەکان ئەو ئیزنەیان دەبێ بۆ کاروباری شەخسیی خۆیان وەک حەمام کردن و کڕینی شمەک، هاتووچۆی ناو شار بکەن،... بگرە چەند مانگێکیش هەتا دەستپێکردنی شەڕەکە وەها بوو. من ئەگەرچی لەو کۆبوونەوانەدا راستەوخۆ بەشدار نەبووم، بەڵام لێیان بەئاگا دەکرامەوە. هەم لە لایەن پادگانەوە و هەم لە لایەن ئەوانەوە. بە گشتی بەڕای من دۆخەکە خراپ نەبوو وەک دەزانن لە دووای هەموو شارەکانی تر شەڕ لێرە دەستی پێکرد. تازە من لام وایە ئەگەر ئەو تاقمە نەبوونایە لێرە هەر شەڕ دانەدەمەزرا. مەبەستم ئەوانەیە وا تەقەیان لە هلیکۆپتەرەکان کرد.

ـ دەمی پیست داخە، بە کەیفی خۆت تەبلیغاتیان بۆ دەکەی، عاقیبەت دەردەکەوێ کە جەنابیشت یەک لەوانی، بێگومانیش وەهایە، ئاخر مەگەر تۆیش کورد نیت! تازە لەو شارەوەی کە رێک ناوەندەی ئەوانە!

سەرۆک بزەیەکی هاتێ. گوتی:

ـ بەڵێ من کوردم، زۆر کەسی تریش لە بنەڕەتدا کوردن و کەچی وەک بڵێی لە بیریان چووەتەوە! کوردبوون تاوان نیە و قەتیش هەتا ئیستا لەم وڵاتە بە تاوان نەنووسراوە. من ئەرکی خۆم وەک پۆلیسێک کە راگرتنی ئاسایشی شارەکە و وڵات بوو بەجێ هێنا و نەمهێشت، یەعنی نەمانهێشت، یەک قەترە خوێن چییە لە لووتی کەسێک بێت. کاری من بەرگرتن بە تاوان و دزی و حیزیە و وەک پۆلیس کارم بە سەر سیاسەتەوە نیە، پادگانیش کاری پێی نەبوو و تێیانەوە گلاند. چەند جار فەرماندەی سەربازخانەکە لە کۆبوونەوەکاندا بەوانی رایگەیاندبوو کە کاری ئەوان پارێزگاری لە سنوورە کە هەتا ئێرە دە کیلومتر مەودای هەیە. نە ئێمە و نە پادگان ئەرکی ساخکردنەوەی سیاسەتی وڵاتمان لە ئەستۆ نیە.

ـ یەعنی جەنابت نازانی کە دژەشۆڕش لە گەڵ ئەو دیوی سنوور لە پەیوەندیدان و لەوێوە چەک و چۆڵیان بۆ دێت؟ مەگەر نازانی ئەوانە هەر لە کۆنەوە، واتە لە پێش شۆڕشیشەوە لەو دیو بوون و لە بەغدا دانیشتبوون؟ وادیارە جەنابت لە گوێی گادا نووستوی! مەگەر پێیان نەگوتووی کە دوژمنان لە ناوچەکە کۆبوونەتەوە و خەریکی پیلانگێڕان لە دژی ئێمەن و ئەم جەریانە جودایی خوازانەشیان لە دەوری خۆیان کۆکردووەتەوە؟

ـ من ئەمرم لە بەرپرسەکانی خۆمەوە وەرگرتووە و هیچ کارێکم بە بێ ئاگاداری ئەوان نەکردووە. بۆ ئەوەی ئەمەیش بزانی، ئاسانە. تەلەفۆنەکەت هەڵگرە و لێیان پرسە.

فەرماندە پیشی دەخواردەوە. یەک دوو جارێک روخساری لێ نزیک کردەوە و بە تووڕەییەکەی سەیرەوە لێی رووانی. سەرۆکیش چاوی لێ هەڵنەدەگرت. لە دەرەوە دەنگی هات و هاوار دەهات. وەک بڵێی سەربازەکان خەریکی بارکردنی شتێک بن.

لەم کاتەدا دانەیەک خۆی بە ژوورەوەدا کرد کە سەرۆکی پۆلیس لەوە پێش بینیبووی. پیاوێکی رەشتاڵەی دەمانچە لە قەد، بە ریشێکی زۆرەوە. هەر دەرگاکەی کردەوە، بێ ئەوەی گوێ بداتە ئەوەی کێ لە ژوورەوە دانیشتووە، گوتی:

ـ بەرادەر! هەواڵمان بۆ هاتووە کە یەکێک لە بەرادەرانمان لە کاتی عەکسگرتن لە یەکێک لە وێنەگرەکانی ناو شاردا، کوژراوە!

بە بیستنی ئەم هەواڵە فەرماندە دەستووری دا سەرۆک پۆلیس راگوازنەوە بۆ زیندان و، خۆی بە پەلە رۆیشت.

راستییەکەی ئەوە بوو لەو کاتەدا فەرماندە لێپرسینەوەی لە سەرۆک دەکرد، لەناو شار، یەکێک لە سەربازەکان کە 'ئار بی جی' پێدەبێ، خۆی بە وێنەگرییەکدا دەکا و داوادەکا بە 'ئار بی جی'یەکەیەوە وێنەیەکی بگرن بۆ ئەوەی بینێرێتەوە بۆ بنەماڵەکەی. بێ ئاگا لەوەی 'ئار بی جی'یەکەی لەسەر پێیە و هەر کە کاکی وێنەگر یەک دوو سێ دەژمێرێ بۆ ئەوەی کامێراکە بچرکێنێ، هاوکات کاکی 'ئار بی جی' لە شانیش دەست بە پەلەپیتکەی چەکەکەیدا دێنێ و ئیتر ناو هۆڵی وێنەگرییەکە دەبێ بە جەهەننەم. لەم رووداوەدا کابرا بۆ خۆی دەکوژرێ و بەڵام عەککاسەکە بە سەروچاو و جل و بەرگی تەپ و تۆزاوییەوە دەردەپەرێدە دەرەوە و هاواری یارمەتی دەکا.

هەڵبەت کاکی وێنەگریان گرت و، بۆ ماوەیەکی باش هێنایان و بردیان. بەڵام رووداوەکە لەوە روونتر بوو کە بتوانن هیچ چەشنە تاوانێکی بخەنە پاڵ. کەس بۆ کوشتنی دوژمنی خۆی لە هەمان ژووردا 'ئار بی جی' ناتەقێنێ!

جاری دووهەمی لێکۆڵینەوە:

شەوی پێشوو، دژەشۆرش دزەی کردووەتە ناو شار، لە پایگایەکیان داوە و چەندین سەربازیان کوشتووە و بریندار کردووە. جگە لەمە لە حەوشەی سەربازخانەکە، هاوڕێیانی فەرماندە سێ کەسیان بە تاوانی هاوکاری لە گەڵ دوژمن، بە بێ هیچ چەشنە دادگایی کردنێکی یاسایی، ئیعدام کردووە کە تەمەنیان لە نێوان ٢٥ تا چل ساڵدا بووە. یەکیشیان لەگەڵ ئەو سیانە ئیعدامی درۆینە کردووە. نیوە شەو کاتێک دەیگێڕنەوە بۆ ناو ژوورەکە، لە گۆشەیەکدا خۆی گرمۆڵە دەکا و هەتا درەنگان دەگری. سەرۆک، دوێ شەو گوێی لە تەقەی تفەنگەکان بووە. زیاتر لەوانەی تر وا لە ناو ژوورەکەدان بە دەم کەسەکەوە دەچێ، هەرچەند زۆر سوودی نیە. لە ناو زیندانییەکان، چەند دانەیەکی دیکەیان دەستدەکەن بە گریان. سەرۆک لەبەر خۆیەوە جوێن دەدا. لای وایە حکوومەت و بەرهەڵستکاران لە خۆوە دۆخەکەیان ئاوەها ئاڵۆز کردووە. لە لای ئەو ئاسانترین کار، لەگەڵ یەکتر سازانە و دژوارترین کاریش بەگژ یەکتردا چوونەوەیە. بۆ بەگژ یەکتردا چوونەویش تەنیا دڵ و دەروونێکی خراپ و لێک تێنەگەیشتن بەسە و، ئیتر مرۆڤ پێویستی بە هیچ شتێکی تر نیە! سەرۆک کە دەزانێ بە یەکێک لەم هلیکۆپتەرانەی وا هەموو رۆژێک لە سەربازخانەکە دەنیشنەوە، دەینێرنەوە بۆ ناوەند، لە مانەوەی زیاتری لێرە کەمێک دەترسێ، "نەکا ئەم خوێڕییە خەیاڵی خراپی هەبێ و بیەوێ بەڕاستی بمکوژێ!... نەکا لای وابێ ئیستا باشترین کاتی تۆڵەسەندنەوەیە!" لەم خەیاڵانەدا دەبێ کە دیسان دەیبەنەوە بۆ ژووری فەرماندە.

فەرماندە ئەمڕۆ کەیف خۆشترە. سەرۆک لای خۆی هۆکاری ئەمە بۆ ئیعدامەکانی دوێ شەو دەگیڕێتەوە. ئەمجارە فەرماندە لەسەر کورسییەکەی خۆی لە پشت مێزەکە دانیشتووە و دۆلکەیەک ئاو و دوو لێوانیش لەسەر مێزەکەی بەر دەمیدان. کەمێک ماندووتر دیارە و، ریشی درێژتر و بە گشتی هەیکەلی چڵکنتر دەنوێنێ.

ـ دوێنێکە هەواڵمان بۆ هاتووە کودەتایەکیان ئاشكرا کردووە و هەموو سەرکردە و بن کردەی گیراون! هەواڵەکە هێشتا بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام رەنگە بیانناسی!

سەرۆک هەر وا چاو لە ناو چوانی فەرماندە دەبرێ. لەبەر خۆیەوە بیردەکاتەوە "مەبەستی چییە؟"

ـ ئاغای یونس ئەلی نەسەب،... خۆ دەیناسی؟

ـ نا، نایناسم، چۆنی بناسم؟! ئەوەی کە من لە بەشی پۆلیسی نیشتمان کاردەکەم، بە مانای ئەوە نیە هەرچی بەرپرس و سەرکردەی بەشی نیزامی و ئاسایشە بیانناسم.

ـ خەڵکی هەمان شاری تۆیە، وەک بشزانم شارەکەتان زۆر گەورە نیە و هەموو بە جۆرێک یەکتر دەناسن، جگە لەمە لە بنەماڵەیەکی سەرەکیی شارەکەتانە،... ها! ئیستایش هەر نایناسی؟

سەرۆک زۆر بە خێرایی و بە دڵنیاییەوە وەڵام دەداتەوە:

ـ وەک عەرزم کردن نایناسم، جگە لەمە من ماوەیەکی زۆری ژیانم لە پایتەخت بەسەربردووە، باوکم هەر زوو گواستییەوە بۆ ئەوێ، من وەک گوترا لە راستیدا لە تاران گەورە بووم.

فەرماندە وەک بڵێی ئەم بەشەی بەدڵ نەبێ، کەمێک بە دژواری خۆی لە سەر کورسییەکەی دجووڵێنێ، سەیری لە سەقفەکە دەکات و دەڵێ:

ـ ئەمەیش روون دەکەینەوە. ئیستا بەردەوام بە، رێک لە شوێنی جاری پێشووەوە وا بچڕانمان!

ـ لە بیرم نەماوە، جگە لەمە ئەوە تۆیت پرسیاردەکەیت و منم دەبێ جواب بدەمەوە، پێم وابێ شوێنەکەمان هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە.

ـ حەزدەکەم لەسەر دژە شۆرش بۆم باسبکەی، تۆ ئەو دەرفەتەت بۆ رەخسا لەگەڵیان بژی، ئەگەرچی مەئموری حکومەت بوویت و ئەوانیش لە بەرەی دژ و لە کافرەکان. باسم بۆ بکە.

سەرۆک جوان لە فەرماندە ورددەبێتەوە. هەستدەکا ئەویش حەزی دەکرد وەک ئەم، نەیارانی دەسەڵاتی نوێ لە نزیکەوە بناسێ و بیانبینێ،... ئا، رووبەڕوویان بێتەوە. هەمیشە رازێک لەو کەسانەدا هەیە کە تۆ قەت بە تووشیانەوە نابیت و بەڵام لە هەمان کاتدا هەموو ژیانت داگیردەکەن. رازێک کە تەنیا بە بینین دەڕەوێتەوە. دەڵێ:

ـ هەستدەکەم حەزتدەکرد وەک من لە نزیکەوە بیانبینی و بیانناسی. بەڵام ئەوەندە بزانە کە گێڕانەوەکانی من لەگەڵ ئەوەی دەتوانن زۆر شتت بدەنێ، بەڵام نابنە ئەوەی بۆ خۆت لە نزیکەوە بیانبینی.

ـ چووزانی لە نزیکەوە نەمبینیون، من بینیوومن، بەڵام نەک لەم شارە، لە شارەکانی تر. تۆ لات وایە حکومەت ئەوەندە گێلە کە تەنیا لەم رێگای هەواڵەکان و دوو خائینی وەک تۆوە ئاگای لە وەزعەکە بێت!؟

ـ نا، دڵنیام لە نزیکەوە بینیوتن!

سەرۆک باوەڕی بەم قسەی خۆی نیە. لای وایە رەنگە کەسێکی نزیکی فەرماندە هاتووە و دوواتر رووداوەکانی خۆی بۆ گێڕاوەتەوە.

ـ بەڵام ئەم جۆرە لە نزیکەوە بینینانەیش شتێکی وا بە دەستەوە نادەن. لە بیرمە زەمانی حکومەتی پێشوو، خزمێکی نزیکمان کە زۆر دەوڵەمەند بوو و هاتووچۆی ئۆرووپای دەکرد، هەمیشە باسی ئەوەی بۆ دەکردین کە راستە لەو سەفەرانەدا زۆر شتی بەچاو دەبینی، بەڵام لە ناوەڕۆکی و کاکڵی خەڵک و کۆمەلگای ئەو وڵاتانە نەدەگەیشت. ئەو لای وابوو بۆ ئەمە هەم دەبێ زمانیان بزانی و هەم لەگەڵیان بژی.

ـ وە تۆ لە زمانی دژە شۆرش دەزانی، ئا لە راستیدا تۆلە گەڵیان هاوزمانیت و لەگەڵیشیان ژیاوی. ئیستا بۆم باس بکە!

سەرۆک بە خۆی دەڵێ ئەم خوێڕییە لای وایە زۆر زیرەکە، پێی وایە من ئەوەندە گەمژەم کە... نا نا، یان دەیەوێ بە خەیاڵی خۆی پێوەندیی شاراوەی من بەوانەوە بدۆزێتەوە، شتێکم بۆ سازبکا بۆ ئەوەی ئاسانتر بتوانێ راپۆرتەکەی خۆی لەسەر من وەها ساخ بکاتەوە کە بە ئیعدام کردنم بدات، جا من چ باکم هەیە، خۆ بە بێ پرسی مەرکەز نەجووڵاومەتەوە. جا هەرچی دەبێ با ببێ، دەبێ لووتی ئەم بێ ئەخلاقە لە زەوی بدەم! بە نیگایەکی تەوساوییەوە لە فەرماندە دەڕوانێ و، دەڵێ:

ـ پێش هەموو شتێک دەبێ بڵێم کە کەس ناتوانێ زمانی دایکی لە بیری بچێتەوە، جگە لەمە رێبەری شۆڕش کاتی خۆی باسی لە مەزلوومیەتی ئەم خەڵکە کردووە و رژێمی پێشووی بە زوڵم کردن لە دژیان تاوانبار کردووە، ئەمە بەدەر لەو حیزب و گروهانەی وا چەکدارن و بوونەتە بەرهەڵستکار. جگە لەمە حکومەتی تازە لەگەڵیان دانیشتووە و چەند جارێک هەوڵی سازانی داوە، وەک دەیشزانی وەفدەکە هاتووەتە ئێرە و ئێمەیش لە پاراستنی گیانیان لەگەڵ ئەوان هاوکاریمان هەبووە. ئەمانیش هەر خەڵکی ئەم شارە و ئەم وڵاتەن و وەک من و تۆ باوەڕیان بە شۆڕش هەبووە و کاریان بۆ کردووە، ئیستا کە دووبەرەکایەتی دروست بووە و لەگەڵ حکومەت ناسازێن یان حکومەت لە گەڵیان پێک نایەت، من زۆر سەر لەمە دەرناهێنم، ئیتر ئەوە فڕی بە سەر کاری پۆلیسەوە نیە کە ئەرکی بریتییە لە دابینکردنی ئەمن و ئاسایشی وڵات. خۆتان لە گەڵ خۆتان پێک بێن و ئەمە لە خەڵکی و لە ئێمەی پۆلیس و هەروەها سەربازخانەکەی شار دووربخەنەوە. تۆ دەزانی چەندە سەربازی ئەو پادگانە بە ناحەق لە ماوەی ئەم چل و ئەوەندە رۆژەدا کوژراون و ئیتر قەت قەت بنەماڵەکانیان نابیننەوە!؟

فەرماندە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر ئارام بوو، هەڵنەدەچوو. هەموو گیانی گوێ بوو! سەرۆک بەم عادەتەیشی ئاشنا بوو.

ـ ئەمانیش خەڵکی باش و خەڵکی تووندڕەویان تیا بوو. تیایا بوو خوازیاری شەڕ بوو و وەک باسم کرد بە رۆژی روون تەقەی لە هلیکۆپترەکان کرد بۆ ئەوەی شەڕ داگیرسێنێ و هەشیان بوو هێزی سەربازیی حکومەتی بە گوێرەی پەیماننامەکەی نێوانیان هەتا دەرەوەی شار و لەوێوە بۆ نزیک شارێکی تر ئێسکۆرت کردووە. ئەوان زۆر باش لەگەڵ ئێمە هاوکاریان هەبوو و هیچمان جگە لە راگرتنی هێمنی شار لە بەیندا نەبووە. دیارە بەشێکی گرینگی خەڵکیش کە لە نەبوونی دەوڵەت و هەبوونی ئەم هەموو حیزب و سازمانەدا هەستیان بە بێ سەروبەرەیی و بێ قانوونی دەکرد، ئەو کاتیش لە دۆخەکە زۆر رازی نەبوون.

ـ باسی ژیانی رۆژانەی شارم بۆ بکە، باسی بازاڕ و مەدرەسە و...

ـ بازاڕیش وەک خۆی و مەدرەسەیش وەک خۆی، هەموو شتێک لە دووای شۆرش وەک جاران بەردەوام بوو جگە لە کێشمەکێشی نێوان حکومەت و ئەوان. ئەوەندەی وەک من بزانم جیاوازی هەبێ، هێنانی جنس و کالا لەو دیوەوەیە، وەک دەزانی ئێرە شارێکی مەرزییە و هەر لە قەدیمەوە قاچاخ هەبووە، بەڵام لەم یەک دوو ساڵەی دووایی دا بە هۆی نەمانی حکومەتەوە لە ناوچەکە بێگومان قاچاخ زۆر زۆرتر ببوو،...

ـ هەر وەها جاسووسی و دەست تێکەڵکردنی ئەم خائینانە لە گەڵ دوژمنانمان...

ـ بێگومان لە بێ سەرەوبەرەییدا هەموو شتێک دەشێ و دەکرێ...

ـ نەک دەکرێ، بەڵکو بە پلانیش دەیکەن، ئێمە لەم بارەیەوە بەڵگە و راپۆرتمان یەکجار زۆر هەیە.

سەرۆک بێدەنگ لێی رووانی. فەرماندە گوتی:

ـ چییە دەڵێی زۆر ئەم بەشەی چیرۆکەکەت زۆر بەدڵ نیە!؟

ـ وەک گوتم ئەمە کاری ئێمە نەبوو، کاری پۆلیسی نهێنیە، وەک دەیشزانی پۆلیسی نهێنیی پێشوو هەڵوەشاوە و هەتا ئیستایش هی حکومەتی نوێ لێرە سەقامگیر نەبووە، ئێمە لەم بارەوە هیچ راپۆرتێکمان بەدەست نەگەیشتووە.

فەرماندە لێی وردبووەوە:

ـ وەزعی فەساد، ئەی وەزعی سوئیستیفادە کردن لە دەسەڵات،... لە هێزی خۆیان، ئەی ئەمە چی؟

ـ بێگومان فەساد بە جۆرێک بەردەوام بووە، مەگەر فەساد لە کوێ بەردەوام نەبووە و لە کوێ بە تەواوی ریشەکێش کراوە تا لێرە نەبێ؟ من لام وایە سوئیستیفادەشیان لە دەسەڵاتی خۆیان کردووە. وەک دەزانی ئەمەیش زەمانێک ئێمە دەتوانین بۆ بەرگری کردن رۆڵی تیا بگێڕین کە بەشەکانی تر یارەتیمان بدەن. ئێمە تەنیا بووین.

ـ پۆلیسەکان، ئەوانەی وا بە دەورتەوە بوون، چی؟ کەسیان دەستیان لەگەڵ دژەشۆرش تێکەڵ نەکردبوو؟

ـ هەموویان خزمیان لە ناویاندا هەبوو، لە سەرەوە هیچ دیار نەبوو و هەستم بە هیچ نەکرد، لە ژێرەوەیش نازانم.

بۆ ماوەیەک بێدەنگی ژوورەکەی گرتە خۆ. لە دەرەوە دەنگی سەیارەی سەربازی و قسە دەهات. سەرۆک بە خۆی گوت وادیارە تەواو تەواو ئارام بووەتەوە، لەوەی جاران ناچێت. بڵێی چی بووبێت.

فەرماندە هەستا و لەناو ژوورەکە دەستی کرد بە هاتووچۆ. ئەوسا لای مێزەکە وەستا و گوتی:

ـ خەڵکی خەریکن هەر هەموویان دەگەڕێنەوە، شار تەواو ئاوەدان بووەتەوە. کێشەی ئێمە ئەوەیە ئەو خەڵکە ناناسین. من بۆ خۆم جاری وایە لە ماشینەکەم دادەبەزم و دەچمە ناو دووکانەکان و ئەو شوێنانەی وا تیایا کۆدەبنەوە. خەتەرە، بەڵام چارمان نیە. دەبێ هەم بیانناسین و هەم لێیان جەزب کەین. پێویستمان بە کەسی ناو خۆیانە تا بۆمان باسبکەن کە ئەمانە کێن و چۆن بیردەکەنەوە.

ـ بیر! گەر تووڕە نەبی و لات وانەبێ من دژەشۆڕشم پێت دەڵێم ئەوان چۆن بیردەکەنەوە!

فەرماندە بێدەنگ لێی رووانی.

ـ ئاغای فەرماندە! گەر دەتەوێ بزانی ئەوان چۆن بیردەکەنەوە سەرەتا دەبێ زمانەکەیان فێربی. بەو زمانەی دەیزانی قسەیان لەگەڵ بکە (لێرەدا تەوسێک لە قسەکانی سەرۆک هەیە، فەرماندە چاو لە زەوی دەبڕێ)، دوواتر شتەکانیان بخوێنیتەوە و گوێیان لێ بگرە. هەموو ئەمانە هەر کامیان بە شێوەیەک لەوانت نزیک دەکاتەوە و ئیتر دەتوانی تێیان بگەیت. بە خۆشییەوە ئەم خەڵکە فارسی دەزانێ، بەڵام فارسی قسەکردن بۆ ئەوە بەس نیە بتوانن خۆیان وا لێبکەن کە تۆ لێیان تێبگەی. چار نیە، خۆتان فێری زمانی ئەم خەڵکە بکەن. دڵنیا بە زەرەر ناکەن. پێش هەموو شتێک ئەم شەڕ و شۆڕ و کوشت و کوشتارە نابەجێ و ناڕەوایەتان لە کۆڵ دەبێتەوە. لەمەدا پێش هەمووان خۆتان قازانج دەکەن! بەرادەر فەرماندە! ئەمانیش بەشێک لە هاونیشتمانانن! دڵنیات دەکەم هەر ئەوەندەی بیانبینی و گوێیان لێ بگری و کەمێک بە دەمیانەوە بچی، جوانتر لە خۆت ئاگایان لەم وڵاتە دەبێ.

ـ وا دیارە جەنابی سەرۆک پۆلیس زۆر زوو رووداوەکانی ئەم شارە لەبیردەکا، هەر چەند مانگ لەوە پێش بوو بە هەزاران کەسیان لە باشترین سەربازەکانی ئەم وڵاتە کوشت و لە ناو ئەم شارەدا یەک ستوونی دوورودرێژیان تەفروتونا کرد! من چوومەتە شوێنەکەی، ئیستایش هەر بۆنی خوێنی لێدێت!

ـ جەنابی فەرماندە! ئەمەیش ئاکامی ئەو گوێ لێ نەگرتنەیە، تکایە لە ئیستاتان بەردەوام بن بزانە چەندە خێری تری لێ دەبینن. لەعنەت لە بکوژانی کوڕی خەڵکی،... هەزار لەعنەت!

فەرماندە دەستی بە ریشیدا هێنا و بە پەنجەی دەست بۆ چەند ساتێک سەر مێزەکەی بە ئاستەم کوتا. دەنگی ویزەویزی مێشی سەر شووشەی پەنجەرەکان دەگەییە گوێ.

ـ پێش لەهەر شتێک دەبێ لێیان چەکداربکەین، ئەوەندەیش من تێگەیشتبم خەڵکی هەژاریان زۆر تیایە، بێگومان خەڵکی وەڕەز لە دۆخی جارانیشیان تیایە. هەر لە ئیستاوە جەماعەتێک روویان لە مەققەڕەکانمان کردووە، بەڵام دەبێ بە وشیارییەوە بجووڵێین، دوژمن ئەوەندەمان لێ دوور نیە، هێشتا بە دەورمانەوەن.

سەرۆک کە لە ئارامی و ئاقڵیی فەرماندە سەری سوڕمابوو و بەڵام بە رووی خۆیدا نەدەهێنا، جارێکی تر لە دەروونەوە لە گەڵ خۆی کەوتە گفتوگۆ. بە خۆی گوت "وادیارە زیرەکترە لەوەی بیرم لێدەکردەوە، وادیارە فێرکراوە کەی تووڕە بێت و کەی نەرم و هێمن." هاوکات هەستێک لە دەروونەوە پێی دەگوت دەبێ وشیار بێت، ئەم جۆرە کەسانە وەک دووپشک وان، لێیان کەوی پێتەوە دەدەن. جا کاری بە تووڕە بوون و تووڕە نەبوونەوە نیە.

فەرماندە، کە وا دەردەکەوت لە بیرێکی قووڵدایە، هەستایە سەر پێ و گوتی:

ـ دەرفەتێکت دەدەمێ بۆ ئەوەی بتوانی رابردووی خۆت قەرەبوو بکەیتەوە. بۆ ئەوەی بیسەلمێنی لەگەڵ دوژمن دەستت تێکەڵ نەکردووە و پیاوی ئەوان نیت، بۆ ئەوەی خیانەت و مل شۆڕیت جوبران بکەیتەوە، ئەرکێکت دەدەمێ، ئەرکێکی گرینگ!

سەرۆک چاوەکانی لە فەرماندە بڕی.

ـ تۆ ماوەیەکی زۆر لەم شارە بوویت و بێگومان خەڵکی جوان دەناسی، لانیکەم بەشێکی گرینگیان، جا هەر ئەمەیش بۆ ئێمە بەسە. تۆ هەم دەبێ ئەوانەی وا لە گەڵ دوژمن هاوکاریان کردووە و لەوانن و هێشتا لە ناو شاردا دەسوڕێنەوە پێمان بناسێنێ و، هەم لەو خەڵکەی کە روومان تێدەکەن وەک چەکدار ناونووس بکەن. لەبەر ئەمە من هەتا ماوەیەکی تر تۆ لێرە دەهێڵمەوە. وەک دەیشزانی ئەمە لە تاوانەکانت دەتوانێ کەم بکاتەوە و، لانیکەم مەترسی ئیعدامت لەسەر لاببات!

سەرۆک کە بەم قسانە جووڵابوو و قەت لای خۆی تەسەوری وەها شتێکی نەدەکرد، گوتی:

ـ گەر نەمکرد؟!

ـ زۆر سادە بە دەستی خۆم ئەمشەو ئێعدامت دەکەم. بۆ خۆیشت بە باشی دەزانی کە ئەم کارەم لە دەست دێت.

ـ بە چ تاوانێ؟

ـ تاوانەکانم چەند جار پێ گوتووی، جگە لەمە لەم وەزعەدا زۆر پێویست بە سەلماندنیان ناکا. لانیکەم لەو کاتەوە بنکەی پۆلیست تەحویلی ئەوان داوە و لە ناو ژن و منداڵدا خۆت شاردەوە، دەتوانێ لە سەرت ببێ بە تاوانێکی گەورە.

سەرۆک بێدەنگ بوو. وەک بڵێی هەر دووکیان هەناسەشیان کپ کردبێ، جوانتر لە تاوێک لەوە پێش دەنگی مێشەکان دەگەیشتنە گوێ. لە ناو شارەوە دەنگی بانگی عەسر دەهات. چەندین مزگەوت پێکەوە رستە عەرەبییەکانیان بە گوێی ئاسماندا دەچرپاند. چاوەڕوانی بەردەوام بوو. سەرئەنجام سەرۆک کەوتە قسە:

ـ باوەڕناکەم بتوانی ئەفسەرێکی پۆلیس ناچاربکەی لە بەشی سەربازیدا کاربکا، ئەمە لە دژی یاسای وڵاتە. جگە لەمە من دەتوانم داواکەت رەدبکەمەوە تەنیا بەو هۆکارەوە کە لە ژێر دەستی تۆدا کارناکەم.

فەرماندە هەر دوو لەپی دەستی خستە سەر مێزەکە، چاوەکانی لێ وردکردەوە و بە دەنگێکی نەوی و قایم کە لە قووڵایی قوڕگییەوە دەهاتە دەرەوە، گوتی:

ـ پێش بینی ئەمەم دەکرد، بۆیە بەم قسانەت سەرم لێ ناشێوێ. حەز دەکەم ئەوەت پێ بڵێم وێنەی تۆمان بەر دەست کەوتووە کە لەگەڵ دوژمن گرتووتە و لەوە دەچێ زیاتر لە وێنەیش بێت. وا دەردەکەوێ دۆستایەتییەکە زۆر لەوە قووڵترە پیاو بۆی دەردەکەوێ!

ئەمەی گوت و هاواری کرد بیبەن.

***

سی ساڵ بە سەر ئەو ساڵەدا تێدەپەرێ. لە دووکان دانیشتووم و خەریکی گوێ گرتن لە هەواڵەکانم کە لە رادیۆیەکی بچووکەوە دەخوێندرێتەوە. نیوەڕۆیەکی گەرمی هاوینە رێک وەک هاوینەکەی ئەوساڵ. خیابان چۆڵە. جریوەی شێتانەی پۆلێک چۆلەکە کە دەڵێی لەسەر شتێک شەڕیانە دەگاتە گوێ. کتوپڕ ئۆتۆمبیلێک لەبەر دووکاندا راوستاو کەسێک لێی دابەزی و خۆی بە ژوورەوەدا دەکا. شۆفیرەکەی دانابەزێ. ئەوەی دێتە ناو دووکانەکە خاوەن سەرێکی کەچڵ و جەستەیکی خڕ و تێکسمڕاوە. تەمەن نزیکەی هەفتا، یان رەنگە کەمتر. سورکەلەکان خۆ بۆ تەمەن بە دەستەوە نادەن. سڵاوێکی گەرم بە عەرزدا دەدا و چاوەکانیشی لەگەڵ لێوەکانی هاوکات پێدەکەنن. شتێک لە قیافەیدا ئاشنایە. سەرئەنجام خۆی دەناسێنێ. لەگەڵ ئەوەی زۆر گۆڕاوە، بەڵام دەیناسمەوە! باوەڕناکەم. باوەش بە یەکتردا دەکەین. باوەڕناکەم لە ژیاندا ماوە و، تازە، پیریش بووبیت. فرمێسک چاوەکانی دەتەنێ. پێم سەیرە. ئەوەندەم بە ورە دەبینی کە باوەڕناکەم، بەڵام هەڵەم. گریان فڕی بە سەر ورەوە نیە. دادەنیشێ و باسی کۆن دەکەینەوە. دەڵێ ئەو رۆژانە زۆر خەمی منی بووە، دەڵێ تۆ ژن و منداڵت هەبوو و جیاواز بوویت. لە خۆوە گرتبوویانیت.

دەڵێم لەوە گەڕێ، ئەو شەوە تۆیان برد بۆ ئیعدام و ئیتر نەهاتیتەوە. وتیان ئیعدامیان کردووی و مەیتەکەیان بۆ شارەکەی خۆت ناردووەتەوە. بزەیەکی دێ و دەڵێ ئا، ئەو خوێڕییە ئیعدامی کردم بەڵام دیسان ئیعدامی قولابی، بۆ خۆی بە تفەنگ بەو نیوە شەوە بەرامبەرم دانیشت. چواری تریان لە تەنیشتمدا کوشت و کەچی هەر فیشەکی بە سەر مندا هەڵتۆقاند. نەیکوشتم. دەلێم سەیرە چۆن شتی وادەبێ. یەکجار رقی لێت بوو. بزەیەکی دێتێ و دەڵێ برام بوو! چاوم لێ بزدەبێتەوە. برا!؟ ئا، برام بوو، براگەورە، لە منداڵییەوە نەدەسازاین. یەعنی لە گەڵ بنەماڵەکەمان نەدەسازا. کە گەورە بوو رێی خۆی لە بنەماڵە جیاکردەوە و ئیتر رووی تێنەکردینەوە. لە تاران بە شیوازی خۆی دەژیا، خۆ تێدەگەی! خوویەکی ناسازی هەبوو لەگەڵ هەموو کەسێکدا. باوکم و ئەوان قەت نەیانتوانی چارەسەری بکەن. گوناح بوو. باوەڕبکە من رقم لێی نەبوو، بەڵام ئەو یەکجار بە من حەساس بوو. زۆر جار بیری لێ دەکەمەوە بۆ وای لێهات، بەڵام بە هیچ شوێنێک ناگەم. دڵنیام تاوانی باوکم و ئەوانیشی تیابووە، هەڵبەت چۆن، نازانم. ئەو شەوە لە دووای ساڵانی ساڵ بە تووشی بوومەوە. دەڵێ هەر لە یەکەم چرکەوە هەر چاومان بە یەکتر کەوت، یەکمان ناسییەوە.

دەلێم خۆ دوو جار خەریک بوو بتکوژێ. دەڵێ دەمزانی نامکوژێ، هەر چەند جاری وابوو بە هۆی بیروباوەڕەکەیەوە گومانم تیا دروست دەبوو. ئەو تەنیا، یاخود زۆرتر رقی کۆنی هەڵدەڕشت. ئەوەندە خوێڕی نەبوو کارێکی وەها بکا. لەوەیش تووڕە بوو کە دەیزانی دەزانم ناتوانێ بمکوژێ. دەڵێم ئەی چی لێت دەویست؟ دەڵێ دەیویست بەو شیوازە براگەورەیی خۆی بسەلمێنێتەوە، بەڵام ئەو لەمێژبوو لە بیری چووبووەوە کە ساڵانی ساڵ بوو چیتر براگەورە نەمابوو. ئەو تەنیا برایەکی فەرامۆشکراو بوو و بەس.

زۆر نامێنێتەوە. تەنانەت نایەتەوە بۆ ماڵەوە. هەرچی پێ دەڵێم بێسوودە. دەڵێ کارێکی بە پەلەی هەیە و دوواتر حەتمەن سەردانمان دەکاتەوە. کە دەڕوا لە دوواوە لێ ورددەبمەوە. ئەو شەوەم دێتەوە بیر کە کاتێک لەبەر چاوی ئێمەدا فەرماندەی برای لە ماشینەکە دایبەزاند و پشتی بە دارچراکەوە نا تا تەقەی لێبکا و بیکوژێ، لە جیاتی ترس، بزەی لەسەر لێو بوو.

هاواری لێدەکەم و دەڵێم لە یەکەم ساتەوە دەمزانی زۆر لە یەک دەچن. پێم نەگوتی، وتم نەکا پێت ناخۆش بێت،... راستی چی لێ بەسەرهات، عاقیبەتی بە کوێ گەیشت؟ بە دەم سواربوونییەوە هاوار دەکا "کوژرا، سێ یان چوار ساڵ دووای ئەوە لە شوێنێک لە جنووب کوژرا، مەیتەکەیشی نەدۆزرایەوە... راستی، نەیکوشتم چونکە هەستی دەکرد بووە بە شتێک و چیتر وەک جاران نەماوە."