میدیا خۆشناو

هەمیشە لە نووسینەکانی نووسەر و چیڕۆکنووس "دڵشاد کاوانی" هەست بە قووڵییەکی زۆری فکری دەکەیت، هیچ کات مانای شتەکانت وەها بە ئاسانی نادات بە دەستەوە، دەیەوێت خوێنەر، بەشێکی گەورە بێت لە نووسینەکانی و دەتباتە جیهانێک، تا شتەکان نەدۆزیتەوە، ناتوانی بێیتەوە جیهانی حەقیقی.

 

ئازار و مەینەتییەکانی مرۆڤبوون لە

کـــــۆمەڵە چیڕۆک "نـــــۆبەرەی مــــەرگــــم دیـــت" ی دڵشاد کاوانی

 

میدیا خۆشناو

 

کتێبی (نۆبەرەی مەرگم دیت) خۆی لە بیست و سێ چیڕۆکی فانتازی مێژوویی و ئایینی و فەلسەفی و تراژیدی تاک و شیوەنی مرۆڤایەتی دەبینێتەوە .

 

هەڵبەتە خوێندنەوەی هەر کتێبک، بە پێی جیاوازی گۆشەنیگاکان، دەتوانرێ، دەیەها و سەدەها، تێڕوانینی لێ هەڵبهێنجرێت.

هەمیشــــە گوتوومە، بۆ خوێندنەوەی هەر کتێبێک، پێویستە خوێنەر واز لە شتی سادەو بە ئاسانی گەیشتن بەوەی دەیهەوێت بهێنێت، بەڵــکوو، پێویستە لە دیووی دووەمی نووسینەکە بکۆڵێتەوە ماندوو بێت.

 

خۆشبەختانە ( نۆبەرەی مەرگم دیت)، پڕە لە کۆد و

 شتی شاراوە کە خوێنەر پەرۆش و ماندوو دەکات، ماندووبوون بەمانا سستبوون و بێزاربوونی نا، بەڵکوو، بەمانای باڵایی نووسەر و پەرۆشی خوێنەری بە سەلیقەو لێهاتوو.

 

ــ ئەو لایەنە باشانەی کە من لە "نۆبەرەی مەرگم دیت" بینیم.

 

١ - شینی نووسەر بۆمرۆڤایەتی: تۆی خوێنەر کاتێ  نۆبەرەی مەرگم دیت، دەخوێنیتەوە، هەست  بە ژان و ئێشێکی ڕۆحی دەکەیت، کە ڕادەچڵەکێی، بۆ مەینەتەکانی کۆمەڵگە و پیاو سالاری و هەژاری، کوشتن و قڕکردن و پڕکردنەوەی ئازارێک بە ئازارێکیتر بۆ گەیشتن بە خۆشبەختی.

 

٢ ـ فەلسەفەی قووڵ: هەمیشە لە نووسینەکانی نووسەر و چیڕۆکنووس "دڵشاد کاوانی" هەست بە قووڵییەکی زۆری فکری دەکەیت، هیچ کات مانای شتەکانت وەها بە ئاسانی نادات بە دەستەوە، دەیەوێت خوێنەر، بەشێکی گەورە بێت لە نووسینەکانی و دەتباتە جیهانێک، تا شتەکان نەدۆزیتەوە، ناتوانی بێیتەوە جیهانی حەقیقی.

 

٣ - ورووژاندنی بابەتی هەستیار: زۆرجار لە کۆمەڵگەی ئێمە، ناتوانین وەها بە ئاسانی باسی شتگەلێک بکەین، بەتایبەتی لە مەسەلەی ئایین بەڵام نووسەر زۆر لێهاتوانە بە قەڵەمەکەی کۆت و بەندی شکاندووە ئەوەتا، لە چیڕۆکی  هەشتی "ئیمپڕاتۆریای ژن" کە باس لەوە دەکات، ژنان پێویستە بێنەدەر و کۆتایی بە پیاوسالاری بهێنرێت، جیهانەکە دەکات بە هی ژن دوور لە نێرینە، لە دەربڕینێکا دەڵێت" خوداش ناچار بوو یەکێک ڕەوانە بکات پێغەرێکی ژن و بە زمانی ژن بدووێ."!!

 

٤ - ڕۆح بە بەرداکردنی نووسین: بۆ نووسەرێک کە ئازاری کۆمەڵگە دەنووسێتەوە، ڕەنگە شتێکی قوڕس نەبێت ، تۆ و منێکی خوێنەر هەست نەکەین، کە دەربڕین و چیڕۆکەکانی هەتا وشە بە وشەی نێو کتێبەکە بۆ خۆی ڕۆحێکە، ئەوەتا لە چیڕۆکی پانزەی "هەرگیز پاشگەز نابمەوە" لە دێڕەکانی کۆتاییدا دەڵێت" خوێنی سنگ و دڵە بە سۆزەکەی نەورۆز و سەر و مێشکی کاوەی دڵسۆز، لەگەڵ خوێنی دامێنی پاکی نیشتمان بەیەکەوە ڕژانە سەرخاک، لەگەڵ گریانی خاک بوو بە جۆگەڵەیەک و پاشان بوو بە دەریا، سەربازەکانی تێدا خنکاند و دەرگا پۆڵاینەکانی شکاند".

٥ - درووستکردنی خوێنەری باڵا: یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی کە من لەو چیڕۆکانە بەدیم کرد، ئەوەبوو، دەشێ خوێنەرێکی ئاسایی بکاتە خوێنەرێکی سەخت و باڵا ڕوانین، مەحاڵە تۆ کتێبی دڵشاد کاوانی بخوێنیتەوە، کەچی سێ جار بیری لێ نەکەیتەوە.

 

جیهانبینی ، لەم کۆمەڵە چیڕۆکە، بەڕای من زیاتر ئاشنات دەکات، بۆ ئێشی مرۆڤایەتی، قوڵبوونەوەیەکی سەخت و تێگەیشتن لە ئایین و فەلسەفە وەک خۆی، ئەوەی زۆر گرنگە، واقیعی ڕەشی کۆمەڵگەی لە ڕێگای فانتازیا بە شێوازێکی ئەدەبی بە خوێنەر دەگەیەنێت.

لە کۆی ئەو چیڕۆکانەی کە خوێندمەوە، چەند دانەیەکیان لای  من زۆرتر سەرنجڕاکێش و بەچێژ بوون ئەمانە بوون.

لەوانە:

ـ منداڵەکانی ئاگر.

ـ  تارای بووکی ئاشتی.

ـ ماری ڕەش و داپیرەی ڕەش.

ـ  هەرگیز پاشگەز نابمەوە.

ـ نووسەری چاو پێڵاو.

ـ دادگا.

لە کۆتاییدا، هیوای سەرکەوتن بۆ چێڕۆکنووس و ڕۆمانووس م. دڵشاد کاوانی دەخوازم.

بە هیوام بۆ هەمیشە قەڵەمەکەی ئازارەکانی کۆمەڵگە بنووسێتەوە، وەک چۆن هەر بە ئەمەش وایکردووە ، جیاواز بێت لە هەر نووسەرێکی تر.