داستانی پۆلیسی و هونەری

کرۆکی داستانە پۆلیسییەکان، کرۆکێکی تا رادەیەکی زۆر دووپاتکراوەیە کە: تێیدا سەرەتا جینایەتێک روودەدا، پۆلیس بە شوێن بکوژەوەیە، لە سەرەتادا لە زۆر کەس دڕدۆنگ دەبن و رەنگە بە هەڵە هەندێ کەسیش بگرن، بەڵام سەرئەنجام قاتڵی ئەسڵی دەستبەسەر دەکرێ و چیرۆکەکە کۆتایی دێت.

سەیر ئەوەیە کە داستانی پۆلیسی لەگەڵ ئەوەی خاوەن کرۆکێکی دووپاتکراوەیە، بەڵام هەمیشە سەرنجڕاکێشە و خوێنەر بە شوێن خۆیدا رادەکێشێ. خوێن، کوشتن، زەبروزەنگ، چەک، رازی سەر بە مۆم و ئازایەتی دەتوانن لە هۆکارەکانی ئەم سەرنجڕاکێشییە بن.

بەڵام کرۆکی دووپاتکراوە لە چیرۆکە هونەری و ئەدەبییەکاندا، بە پێچەوانەی چیرۆکی پۆلیسی، دەق دەکوژێ و خوێنەر بێزار دەکا. بۆیە لەم جۆرە گێڕانەوەیدا هەمیشە دەبێ تازەگەری بکرێ و نووسەر ئاستێکی تر لە کرۆک و پلان پیشکەش بکات. جا لێرەوە چیرۆک هەتا دێت خوێنەر بەرەو فۆڕمە نائاشناکان دەبا و دەق هەتا دێت نوخبەوی تر دەبێ.

بۆ وێنە لە چیرۆکی پۆلیسی دا هەموو رووداوەکە بە دەوری ئەوەدا تەنراوە کە بکوژ بدۆزرێتەوە، بەڵام لە چیرۆکی هونەریدا، تەنانەت ئەگەر لە گەڵ کوشتنی مرۆڤیش رووبەڕوو بین، ئەوا ئەسڵ پەیداکردنی قاتڵ نیە. هەموو کاتەکانی ناو دەق دەتوانن ئەسڵ بن و مرۆڤ بۆ جوانناسیی هونەری ـ ئەدەبی پەلکێش بکەن.

سایتی قەڵەم

١٥ مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢١

بازدید: 205