سامان حسینی

وێڕای پێچ و خولێکی ئەفسووناوی و نازاوی سەری هەڵێناو بۆ یەکەم جار پڕ بەچاوە تروسکەدارەکانی سەیری خاوەن پێشنیاری کرد، نازانم بۆ حەزی لەو سەیرانە کردو نەیتوانی چاو هەڵگرێ، بەڵام لێرە کوا کچێک مافی ئەوەی هەیە ئاوا زەق و بە سەرنجەوە لە کوڕێک ڕابمێنێ، ناچار سەری داخست و ڕێ کەوتەوە...

 

ئەمشۆ

 سامان حسینی

ئەمشۆ لە شەوانی تر ناچێ، لە ڕابردویەک شەوی کورت و درێژ، شەوی ڕەش و سپی، ئەمشۆ حەزێکی ون لە ناخی گەڕاوە، خۆی پێ جوانە، حەز لە ژیان دەکا، بەپێچەوانەی دوێشەو، بەپێچەوانەی دەیان دوێشەوی دوورو نزیک، ئەمشۆ جوانە، شادە، دڵنیایە، پێی خۆشە بژی، ئەمشۆ چڕژاوو خەمناک و چاوەڕوان نیە، ئەمشۆ پێی خۆش نیە بمرێ، ئەمشۆ حەز لە ئاوێنە دەکا، پێی خۆشە خۆی تماشا کا، پێی خۆشە خۆی وەڕازێنێ، وەک کەسێک کە سەفەری بێ، بەڵام کوا ئەم سەفەریە، بەڵام کوا ئەم ئەزانێ کە ڕەنگە بە زوویی ڕوو لە مەڵبەندێکی غەریب بکا، ئاخر تاکوو ئێستا بۆ کەم سەفەر تماشای ئاوێنەی کردبوو، بەتایبەت بە شەوا، لەبیریەتی جارێک دایکی پێی وتبوو ڕوڵەگیان بەشەوا تماشای ئاوێنە مەکە، ئەچی بۆ غەریبایەتی، بەڵام ئەمشۆ پێی خۆشە تا ئاخری دنیا لەبەر ئاوێنەکە لانەچێ، چون گیانی تژیو لێوانلێوە لە سۆزو ئەوینێکی بێ سنوور، ئیشتیای لە زەماوەندێکە کە گەڕی ڕەشبەڵەکەکەی بە دەستی خۆی بێ، ئەمشۆ ئیتر گیانی تێرە لە لووت بەرزی و خۆبەدەستەوەنەدان، ئەمشۆ ئیتر گیانی تێرە لە مەرگ، ئەو مەرگەی بە درێژایی ئەم ژیانە حەڤدە ساڵانەیەی خۆی بەردەوام باڵەکانی بۆ کردۆتە سێبەر، ئەو مەرگەی بۆ یەکەم جار لە درزی درگای ژورەکەیەوە لە زمانی باوکی بیستی:

ـ "ژنەکە ڕاستیەکەی چیت لێ وەشارم، ئەمجارەیان ئیتر پزیشکەکە بە تەواوی دڵنیای کردم."...

بەڵام ئەم بە بیستنی ئەو قسەیە نەگریا، بەڵکوو بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ، بێ ئەوەی بۆخۆی بیهەوێ پێکەنی، پڕ بە گیانی، پڕ بە کەوشەنی هیوابڕاوی باوکی، پڕ بە بێ دەسەڵاتی و زەبوونی مەرگ لە بەرامبەر ئەڤینەکەی دا...پێکەنی، رەنگە ئەمەش جۆرێک لە گریان بووبێت و ئەم ئاوای لێک دابێتەوە، لەو کاتەوەو دواتریش ئیتر هەڵس و کەوتی باوکی لەگەڵی بە تەواوی مانا گوماناوی و پڕ لە سام و دوودڵی بوو، دایکیشی هەرواو تەنانەت زیاتر، دایکێک کە هەواڵی کارەساتێکی جەرگبڕی بۆ کچەکەی لە کورتخایەن دا بیستوە، دایکێک کە ناوێرێ بە ئاشکرا بگری و هەروا خۆی ئەخواتەوە، ئەرێ دایکی ئێستا ئیتر تەواو دڵنیا بوو، دڵنیاو هەمیشەش چاوەڕوان...

ئای چ چاوەڕوانیەکی کوشەندە بوو، بەڵام ئەمشۆ هەرگیز چاوەڕوان نیە، ئەمشۆ بێزارە لە چاوەڕوانی، ئەو چاوەڕاونیەی کە تەمەنێکە دیواری لەشی دادەڕوخێنێ و وێنەی دڵرفێن و چاوجوانی هیواکانی لێڵ دەکاو داهاتوو پاشەڕۆژێکی ئاوا سامناکی دەخاتە بەردەمی، ئەوە بوو کە چاوپۆشی لە هەموو شتێک کردو کەوتە گێژەنی خەیاڵی مردن، ژیان واتە بەردەوام بەرەو پیری مردن چوون...

بەڵام ئێستا ئیتر وانیە، ئێستا ئیتر هەرگیز ئەو دیاردە نگریسە بە مێشکی دا ختورە ناکا، ئێستا ئیتر هەردەڵێی پاردەو دیواری چینی هەڵچنیوە لەنێوان خۆی و ئەو گێژەنە دڕندەدا.

ئێستا پێی خۆش بوو شەو نەبوایە، ئێستا پێی خۆش بوو بەیانی بوایە، زیاتر ئێستا پێی خۆش بوو دوێنی دوانیوەڕۆ بوایە، خۆزگە ئێستا کاتی خەوتن نەبوایە، خۆزگە ئێستا بەتەنیا نەبوایە، تەنیا ؟! جا کوا تەنیایە ؟! بۆ مەگە ئەمشۆ ئەوەندە لە ئاسۆ نزیک نیە کە هەست بە گەرمی ئامێزی و بۆنی هەناسەی دەکا؟ مەگە ئەمشۆ نیازی نیە ئەو گشتە کڵوو کۆیەی دەروونی، ئەو هەموو عەزرەت و تاسەو تامەزرۆییە کە لە ئازای ئەندامی دا پەنگی خواردۆتەوە ئاشکرا کا، مەلی نیگای لە ئاسمانی دوێنێ دا باڵی گرت، لە قوتابخانە دەگەڕاوە، ڕۆژێکی بەفرینی جستان بوو، خۆر کەوتبوو، ئاسمان ساماڵ بوو، دەمێک نەبوو لە بروسکە"ی هاوڕێی جیا ببۆوە، کە لەپڕ لە چۆڵایی شەقامەکەی خۆیانا خۆی لە ئاڵقەی پێشنیارێک دا بەدی کرد :

ئەوە ئەگە کەسێک ئەڤیندارت بێ و خۆشی بوێی دەڵێی چی؟...

وێڕای پێچ و خولێکی ئەفسووناوی و نازاوی سەری هەڵێناو بۆ یەکەم جار پڕ بەچاوە تروسکەدارەکانی سەیری خاوەن پێشنیاری کرد، نازانم بۆ حەزی لەو سەیرانە کردو نەیتوانی چاو هەڵگرێ، بەڵام لێرە کوا کچێک مافی ئەوەی هەیە ئاوا زەق و بە سەرنجەوە لە کوڕێک ڕابمێنێ، ناچار سەری داخست و ڕێ کەوتەوە...

بروسکەی دەیگوت ژیان یانی کوڕێکی جوان و گەرم و میهرەبان و دڵسۆز، بەڵام ئەم قەت دیانی بەخێری بەم قسەیەدا نەهێنا، تەنانەت بە عەیب و عاریشی دەزانی، زۆرجاریش هەڵوێستی دەگرت :

کچی چاک دەرسەکانت بخوێنی لەم قسە قەڵەمیانە باشترە...

 تا ئەوکات قەت بیری لە وەرگرتنی کەس نەکردبۆوەو هیچ ئەزموونێکی وا لە ژیانی دا نەببوو، قەت ئیشتیای لەم جۆرە پەیوەندیانە نەبوو، بەڵام ئەمجارەیان هێزێکی نەناسراو بەرەو ئەم ئەڤینە هانی دەدا...

هەنگاوە سەنگینەکانی بەرەو ماڵەوە توندتر کرد، کە گەیشتە بەردرگا ئاسکە ئاوڕێکی داوەو بە خێرایی خۆی بە ژوورا کرد، کە گەیشتە نێوماڵ ڕەنگ بە ڕومایەوە نەمابوو.

ئەوکاتە ڕێک لەئێستا دەچێ، ئێستا کە شەوە، ئێستا کە چاوی بڕیوەتە پەنجێرەکە، ئێستا کە گیانی بێ ئۆقرەو هەراسانەو لەهیچ کوێ یەک حەجمینی نیەو بەهیچ شتێک و هیچ کەس سوکنایی نایە، لە شتێک دەگەڕا، شتێک کە نەیدەزانی چیە، گرێ یەک لەدڵی دا گورپەی کردبوو، پێویستی بە دەردەدڵ بوو، بیری بروسکە کەوتەوە بروسکەی تاقانە هاوڕێی، بروسکەی هەڵگرو رازداری نهێنی یەکانی، کە قەت هیچی لێ نەدەشاردەوە، ئەم جارەش زۆر ئاسایی بوو کە هەر ئەو یەکەم ئاشنای ئەو ڕازە بێ...

کاتێک لە قوتابخانە گەڕاوە کەس لەماڵ نەبوو، دەستی بە ئاڵقەی پەنجێرەی ئەم ژوورەی کە دەیڕوانیە باشووری شارو ئاربەبا ڕوپەڕی خەیاڵەکانی کە تەلەفوونەکە زەنگی لێ دا، دڵی توند بوو کەوتە ترپ و کوت، بەخەیاڵیا هات وایەری تەلەفوونەکە دەربێنێ، بەڵام هیچی لەدەست نەهات، ویستی بڵێ من ژیانی تۆ داگیر ناکەم ئەوە ڕەوا نیە، بەڵام قەت بەقەی ئەو دەمە حەزی لە ژیان نەکردبوو، بەمجۆرە بوو کە درگای دڵداریەکی بێ کۆتایی بەسەردا کرایەوە.

زۆری خۆش دەویست، خۆشەویستیەکی بێ سنوور، خۆشەویستیەک لەچەشنی خۆشەویستی عارفێکی بەرماڵ بەشان سەبارەت بەخوا...

شەوە، لەو شەوانەی کە گومان دەکرێ قەت ڕۆژ نابێتەوە، لەو شەوانەی کە خوا بکا قەت دەست پێ نەکا، بێدەنگیەکی ساماوی بەسەر شاردا دەبارێ، خاکە مەیل بڕەکەی سڵێمان بەگ شەبەق دەداو جارجاریش وەک خۆر بەشێک لە تیشکەکەی دەپڕژێنێتە ئاسمانی شار، چاوێکی وەک چاوی دێوەزمە لە دەلاقەی پەنجێرەکەوە لێی دەڕوانێ، دەنگێک دێ، بەڵام ئەم لەم شەوە سەیرەدا هەرتەنیا گوێی لە دەنگی ژیانەو هیچی تر، پڕچەکانی ئێستا ئیتر پەلکەکراو نین، ئای چەندە حەزی لە پرچی پەلکە کراو بوو هەمیشە، هێشتا زۆر وردیلانەو بچوک بوو کە تکای خوێنێکی لەدایکی دەکرد کەزیەکانی بۆ پەلکە بکا، بەڵام ئێستا ئەوەتا پەلکەکانی کراونەتەوەو بەسەرسەرینەکەیدا بڵاو بوونەتەوە، پەخش بەسەر مەلافەی سەرینەکەی دا، نازانێ ئەمشۆ بۆ ئەوەندە لە ئاسۆی تازە زاوا دەچێ، بیری هاتەوە پێی وتبوو:

ـ ئاسۆگیان هەلی گرە بۆ کاتێکی تر، من بەیانی پێم ناکرێ، تاقیکاریم هەیە

ـ نا هەر دەبێ بەیانی بێ، کێ دەزانێ ئاخۆ کاتی تر دەبێ یان نا!؟

ـ ئاخر بۆ هەر دەبێ بەیانی، نا بەیانی من قوتابخانەم هەیە ناتوانم بێم.

ـ دەی باشە بۆخۆت دەزانی، نایەی مەیە...

ـ نانا دێم، جاچۆن نایەم ؟! نا، جا چۆن نایەم، بەگیانت نیازم نەبوو بتڕەنجێنم...

ئاخ، باشە ئاخۆ تۆبڵێی دڵگران نەبووبێ، تۆ بڵێی بێ ؟! وای کوڕە ئاسۆ، نەکەی لەبیرت بچێ، نەکەی نەیەی ؟! نا بەیانی ئیتر شەرم ناکەم، کاتێک دەیدی، ئازای ئەندامی شڵاڵی ئارەق دەبوو، ئیتر لەجاری یەکەم بترازێ قەت لە ڕووی نەهات زەق لێی ڕامێنێ و کاتی قسەکردن چاوی لە عەرزەکە دەبڕی، هەروەک بڵێی بەزمانی بێ زمانی ئاماژەیەک بەخاک بکا، ئاسۆش بە لاتاوو تەشەرێکەوە پێی دەگوت :

ـ چیە؟! ئەوەبۆ شانازیمان پێ نادەی سەیرێکمان بکەی، بۆ هەر لەو خاکە ڕاماوی، نەکا ئەو عەرزو خاکەت لەمن خۆشتر بوێ ؟ واز لە خاک بێنە، خاک مەیل بڕە...

ئێستا تازە تێ ئەگا کە بەم شەرم و سەرداخستنە دەبێ چەندە ئاسۆی بریندار کردبێ، هەرچەند ئاسۆ زۆریش سەرخۆی نەهێنابێ، بەڵام ئێستا ئیتر شەرم مانای نەمابوو، لێوەکانی بە باخی دیمەن و ڕومەتی ئاسۆوە شەتڵ بوون، بەیانی ئەو چاوە ڕەشە تروسکەدارانە دەبینم، ئەو چاوانەی کە تائێستا شەرمم لێ دەکردن، بەیانی؟! نائیتر بەیانی شەرم ناکەم، ئای  گەیشتن بە بەیانی چەندە دوورو درێژە خوایەگیان، توبڵێی بەیانی کەی بێ خوایەگیان...؟!

ـ لەم ئاخریانەدا جارێک داوای لێ کردبوو شتێک بنووسێ

ـ ئاخرچی ؟! چی بنووسم ؟!

ـ هەرچی بێ، هەڵبەستیک، چیرۆکێک، یان حەز ئەکەی نامەیەک بۆ من، یان هەر بیرەوەریەکی ئەم دڵداریەمان و هەست و سۆزی دەروونت، پێشتریش چەندین جار ئەم داوایەی لێ کردبوو...

ـ باشە تۆ بۆ ئەوەندە زۆریم لێ ئەکەی بۆ ئەم نووسینە ؟!

نا، نەیدرکاند کە شتێک لەدڵی داوە، ئەوە بوو کە لە وڵامی دا وتی :

ـ بۆهیچ، هەر پێم خۆشە وەک یادگاریەک بۆم بنووسی، بەتایبەت ئەوەی کە دەست و پێنووسێکی "شیرین"یشت هەیە

کاتێک وتی شیرین بزەیەکی ساردو گەرمی هاتێ...

ئێستا زۆرجار دلی دەیویست هەستێ و بنووسێ، بەڵام ئاخرچی ؟! چی بنووسێ ؟ ئاخر کوا ئەم هەواڵی لە بەیانی بوو، ئەگە لە بەیانی تێ بگەیشتایە، ئەگە چیرۆکی بەیانی بزانیایە، نەیدەنووسی، نەیدەنووسی بەڵکوو هەڵدەستاو بەم نیوەشەوە سامناک و کارەساتبارە بەهەزار قاچ هەڵدەهات و دەچوو لە ئامێزی ئاسۆدا خۆی لەچنگ شتێک دەشاردەوە کە نەیدەزانی چیە؟ ئەوەندە نەبێ کە یەگجار ترسناک و دێوەزمە بوو...

شەو شەبەق دەدا وەک ڕۆژ، وەک ڕوناکی، دەی مادام وایە بۆ هەڵنەستێ و لەبەرئەم ڕوناکیەدا بنووسێتەوە ؟ ئاخر هەرشەوە نابڕێتەوە، هەرشەوە دەمێنێتەوە، شەو بابەتی نووسینە، بەتایبەت بەم خولیایەوە :

ـ ئاخۆ دیسان زەنگی درگا من بۆلای چاوەڕوانی دەنگ دەبا؟ ئەی کەی ؟! دە پیاوەتی کەو دەست بە ئایفۆنی درگاکەدا بنێ، دەبا هەستم و بە درگاوە لە ئامێزت گرم، نازانم بۆ ئەوەندە بەپەلەم، سۆزو هۆگریەکی لە ڕادەبەدەرو بێ سنوورە، ئەمشۆ زۆر بەپەلەم، هەردەڵێی لەدەستم دەردەچێ، هەردەڵێی دەمرم، تۆبڵێی تۆ پێغەمبەری مەرگ نەبی یان عیزڕائیلی گیان کێشان، ئەی کەوایە بۆ ئاوام لێ دەکەی، بەڵام تکات لێ دەکەم و لێت دەپاڕێمەوە کە بەیانی وەرە، تکایە زۆر زووتر وەرە، بەگیانت، ئەگە نەیەی نازانم چیم لێ دێ، بەڵام هەردەڵێی ئیتر ناتبینم، نازانم، هیچ نازانم، بەڵام ئەزانم کە لێت وەپاڕێم و دەست و چاوت ماچ بکەم کە زوو فریاکەوە، تکایە زوو فریا کەوە، توو گیانی دایکت، توو گۆڕی باوکت زوو فریاکەوە، زوو فریا کەوە کوڕە، زوو فریاکەوە ئەڤینەکەم، زوو فریاکەوە چاوجوانە تاقانەکەم، ئەگە فریام نەکەوی دەگریم، وەک کچێک کە بەسەر تەرمی باوکی ئازیزو دڵسۆزی دا شین ئەگێڕێ، وەک کچێک کە بۆ کوڕێک هەنیسک هەڵدەدا، وەک خۆم کە بۆ تۆ قوڕ دەپێوم...

ـ ئەرێ ئیتر بەس نیە نوسین، ئیتر نازانم چی بنوسم، ئیتر ناتوانم بنوسم، وەک بڵێی نوسین هاوارەکەم نەگەیەنێ و تەواو لە گەروم دا پەنگی خواردبێتەوە، وەک بڵێی هیچ هیوایەکم بە هیچ دەنگ و قریشکەو قیژەو نرکەو ناڵەیەک نەبێ، یان ڕەنگە مۆتەکە لەسەر سنگم دایکوتابێ و هەرچی تەقەلاو پەلەقاژە دەکەم دەنگێک لە گەروم نایەتەدەر، بۆخۆم وا هەست دەکەم ئەوە دەقریشکێنم و دەزریکێنم و دەقیژینم بەڵام سەیرە کە کەس خەبەری نابێتەوەو بە هانامەوە نایە، سەیرە کە کەس گوێی لەم هەموو قریشکەو قیژەی من نیە...

ـ جا نوسین بۆ، خۆ من بەیانی بۆخۆی دەبینم، نوسین بۆ کەسێکە کە بۆخۆی نەبینی و لێت دوورە، کەسێک کە درەنگ درەنگ بیبینی، یان ڕەنگە هەر نەیبینێ، بیری کردەوە بڵێی کەس بتوانێ قەت ئەڤین و خۆشەویستەکەی نەبینێ ؟! نا... مەگەبە مردن...

ـ ئەمشۆ خەویشی نایە، هەر دەڵێی نابێ بخەوێ، هەر دەڵێی ئەگە بخەوێ دەمرێ، نانا خەوی چی؟! بەیانی دوای ژوانەکەی دەخەوێ، یان سبەی شەو قەرەبووی دەکاتەوە، سبەی شەو زوو دەخەوێ و تا درەنگ هەڵناستێ، هەڵناستێ تا تەواو تێرخەو نەبێ، باشە تۆبڵێی تێرخەو بێ ؟ تۆ بڵێی ئەو ژوانە نەیکوژێ ؟ نا ئەگە خوای دەکرد ڕۆژ دەبۆوە ئیتر چ دەربەستی خەو بوو؟! ڕاستیەکەی چیت لێ وەشارم، هەرتەنیا ترسی ئەوەیە ڕۆژ نەبێتەوەو ئەو مەراق و حەسرەت و داخە لەسەر دڵیەتی کە نەیبینێتەوە، دوێنێی بیر هاتەوە، دوێنێ کە بەڵێنی ژوانی پێ دا، زۆر دڵرفێن و گەش و دەم بە بزە هاتبوە بەرچاوی و ڕوخسارو دیمەنی وەک تابلۆیەکی شێوەکاری لە گلێنەی چاویا کێشرابۆوە، تۆبڵێی ئەویش ئەمی وادیبێ؟! ئاخۆ ئەمشۆ چەندە بەخۆی دەنازێ کە ئاسۆی هەیە...

ـ کاژێر دووی نیوەشەوی ٤ی گەڵاڕێزانە، ئاربەبا ماتە ئەڵێی شتێکی بیستوە، بەڵام سڵێمان بەگ شادە، شادەو چاوی بریکەی لێ هەڵدەستێ، نازانێ ئەمشۆ بۆ ئەوەندە تاسەی ئاسۆ دەکا...

ـ شەقامەکەی بەرماڵی خۆیان سەرنجی ڕاکێشاو دیسان خەیاڵ لەگەڵ خۆی بردی، لەپشت پاردەی قوتابخانە گیرسایەوە، زۆرجار لەکاتی گەڕانەوە لەوێ دەیدی و بە دەمیەوە دەخنایەوە، ئەگە ڕێ بکەوتایە ڕۆژێک لە چۆڵایەک و لە سووچ و قوژبنێکا دەرفەتێک بۆ ئاڵووگۆڕی دوو وشەو پەیڤێکی شەرمن و ترساوی وەگیر بێنایە، دڵی نەدەهات بەجێی بێڵێ هەرچەندە بکرایە بە بنێشتەخۆشەو دەنگۆی نێوماڵ و مەجلیسان، قەت تێرقسە نەبووە لێی...

ـ ئاسۆ ئەیوت من هەر لە سڵێمان بەگ لەتۆ تێر ئەبم، چون دارستانەکەی چڕەو کات و مۆڵەتمان زۆرتر، ئاسۆ سڵێمان بەگی لە هەموو جێگەیەک پێ خۆشتر بوو، ئەیوت دڵم پێی ئەکرێتەوە...

ـ ئەوە چیە ؟! ئەڵێی چاوت گەرم و قورس بوە، ئەڵێی خەوت دێ، نانا مەخەوە، زۆری نەماوە، تازە با ڕۆژ وەبێ، بە ئێجگاری بەیانی بێ، ئەو بەیانیەی کە تاسەی دەکەی، زۆری نەماوە...هەمووی کاژێرێکی تر، خۆت بگرە کچێ، کچێ ئەگە بخەوی ئیتر ڕەنگە قەت خەبەرت نەبێتەوە، دوێنێ زۆر ماندوو بوی، ئەرێ؟! ئەرێ خەوم دێ، زۆر زۆر خەوم دێ...

ـ نا، نا، نەخەوی، هەستە بچۆ ئاوێک بەدەمووچاوتا بکە، یان هەر هەستەو ئەو کارەبایە هەڵکە، بەگۆڕی هاوڕێ یان کاتی خەونیە دادەگیان، بێتوو بخەوی سەیر نیە ئیتر قەت خەبەرت نەبێتەوە، بەگیانی ئاسۆ پێت سەیر نەبێ بێتوو ئالەم چرکەساتەیا بخەوی ڕیسک و مەترسیەکی کارەساتبار بێ، ڕەنگە هەربەڕاست خەبەرت نەبێتەوە... باشە تۆبڵێی ئێستا ئاسۆ چی بکا، تۆبڵێی ئێستا ئەویش خەوتبێ یان وەک تۆ دڵی بە بەیانی خۆش بێ...

ـ خۆزگە بە دایکم بوتایە بەیانی زووتر هەڵم ستێنێ، تۆبڵێی بتوانێ هەڵت ستێنێ؟! کچێ سەرشین نەخەوی، نەخەوی و ئەم مەراقەمان نەخەیتە سەردڵ...

ـ ئێستا بەیانی یە، خۆر گزینگی داوە، بەڵام تروسکەخان لە هیچ ئاقارو ئاراستەیەک ئاسەوارو شوێنەواری بەدی ناکرێ و هەردەڵێی هێشتا هەڵنەستاوە بچێتە سەر ژوانەکەی ...

ـ کەچی ئەوەتا ئاپۆڕەو حەشامەتێکی زۆر لەماڵێک بەدی دەکرێن، دەنگەدەنگێکی سەیر دێ، تۆ بڵێی چی قەومابێ؟! دایکێکی بەسزمان و تەنانەت و دەرو دراوسێکانیشیان زۆردەمێکە...ڕەنگە بەنیازن خەبەری کەنەوە، تۆبڵێی هەستێ؟! دەنگێک دەپرسێ ئەرێ ڕاستی ئەوە ئەو هاتوو هاوارە چیە!؟ وڵامی دەدەنەوە

ـ شین و ڕۆ ڕۆیە بۆ هەستاندنی کچێک لەخەو، ناشزانن زۆرماندوەوو لێی ناگەڕێن تێر وەحەسێ...

ـ چیە؟! ئاخری هەرخەوتی؟ شەوت باش...

ـ

                                                       ٤ – ٨ – ١٣٧٤ی کۆچی – خۆری

 

 

 

           ئاربەبا : زۆزان و چیایەکی قوت لەلای باشووری شاری بانە

           سڵیمان بەگ : گۆڕستانی سەرەکی شاری بانە...کە دەنگبێژی ناودار عەباس کەمەندیش

          سترانی گوڵی زەردووسووری سڵێمان بەگی بانەی پێ هەڵگوتوە