زانست و بڕوای مەزهەبیانە

ئانتۆنی گرامشی لە کتێبی "نامەکانی زیندان"دا لە دیدێکی رەخنەگرانەوە باس لە بڕوای مەزهەبیانە سەبارەت بە زانست دەکا. لای ئەم بیرمەندە بڕوای مەزهەبی لەگەڵ زانست نایەتەوە. بڕوای مەزهەبی کە لەسەر نەبوونی رەخنە و پێداچوونەوە و نەفی گەشە راوەستاوە، ناتوانێ هەڵوێستێکی شیاو و دروست بێت سەبارەت بە عیلم.

سەردەمانێک و رەنگە هەنووکەیش هەبن کە لایان وایە ئەوەی زانست دەیڵێ، وەک کتێبە ئاسمانییەکان دەبێ تەنیا باوەڕی پێ بێنن و بەس. لای ئەمانە عیلم لە هەمان مانادا جێی ئایین دەگرێتەوە و مرۆڤ ئیتر لەگەڵ حەقیقەتە موتڵەقەکان رووبەڕووە. دیاردەیەک کە خۆی لە دۆگماتیزم دا دەبینێتەوە و فڕی بە زانستەوە نیە.

زانست رەوتێکی خۆپێداچوونەوە و رەخنەییە لەگەڵ ئەوەی دەتوانێ زۆر لایەنی حەقیقەتمان بەشێوەی ئۆبژێکتیڤی پیشان بدات. لە نێوان زانایانی بواری فەلسەفەی عیلم لەسەر ئەم بابەتە هەمیشە مشت و مڕ هەبووە. بۆ وێنە لای 'کوهێن' و 'کارل پوپێر'. بۆیە وەها نیە کە زانست وەک دەقێکی ئایینی بێت کە داوای بڕوا لە مرۆڤ لە چەشنی مەزهەبیانە بکات.

پێدەچێ لەو کۆمەڵگایانەی وا هێشتا مرۆڤ دیلی روانگەی ئایینی لە چەشنی نەریتیانەیە، بڕوای مەزهەبی سەبارەت بە زانست زیاتر لە شوێنەکانی تر سەرهەڵبدات.

زانست بڕوا بە توانا و ئەقڵی مرۆڤە بۆ ناسین. بڕوایەک کە دەزانێ ئەقڵ و توانای مرۆڤ سنووردارە و بۆیە هەمیشە باوەڕی بە خۆتازەکردنەوە هەیە.

سایتی قەڵەم

٢٨ ی ئۆکتۆبری

بازدید: 261