سۆران محەمەد

ئەو ساتانەی شادمانەکان

گڕ لە مۆمی ڕۆژی لەدایکبوون 

بەردەدەن

تۆ گڕ  لە چیلکەو چەواڵی

تەمەن بەردەدەی

گیانە ڕچیوەکان

لەدەوریدا هەڵدەلەرزن

 

چەند شەقاوێك شۆڕبوونەوە بە سەردابی دەروونا

سۆران محەمەد

١

زیندانی ئاگایی

......................

-  شەو و ڕۆژ دوو دیاردەی ئەسترۆنۆمیین، ئەوە مرۆڤە مانایان پێ دەبەخشێ -

  کە  تەلیسمی ژیان

 بەتاڵ دەبێتەوە

میراتی  جەنگەکانی

 ئبلیس و ئادەم

بە کۆتا دەگا

.

بەسەر هێڵە وەهمیەکانی

سنورەکانا وێڵ 

پێیەکت لە تاریکداو

پێیەکی دیت لە رووناکی،

هەرواشە لە نێوان شەو وڕۆژ 

منداڵیی و گەورەیی،

ژیان و مەرگ ....

هێڵێکی باریك هەیە

بەڵام  هەر زوو

لە سەر سینەی فراوانی کاتا

 لە ناو گۆڕی هەموو کۆمیدیاو

تراژیدیەکانا بزر دەبێ

.

ئەو ساتانەی شادمانەکان

گڕ لە مۆمی ڕۆژی لەدایکبوون 

بەردەدەن

تۆ گڕ  لە چیلکەو چەواڵی

تەمەن بەردەدەی

گیانە ڕچیوەکان

لەدەوریدا هەڵدەلەرزن

.

ئەو مردووانەی

زوو لە ناو قووڵایی خاکا 

تەنیا جێهێڵران

دەیانەویست هاوار بکەن

لێ دەنگیان بە هیچ گوێ ناگا

.

دەنگێك

لە ناو کپی شەوەوە دێ:

لە ئازاری (ژیژکێکی بێوەی)ـەوە

لە چڵێ پیری داماوەوە

ساتێ لانەوازەکان

داوای مافی خۆیان دەکەن،

لە ناو تاریکایی شەودا

دوور لە هەموو شتێ

کە دەست بە هیچ شتێ ڕاناگا

.

لە ڕۆژدا

لەژیر تیشکی خۆرە دەسەڵاتدارەکە

هەندێ دەموچاو 

وەكو داڵ دەردەکەون

دەڵێی ئێستا بە دەنوکی چەماوەیان

  دەموچاوت ونجڕ دەکەن

هەندێکی تر  لەسەر ئیحای جرج

لە چاویانەوە تیشکێکی ڕەش دەردەچێ

هەردەم خەریکی  ڕستنی داون!

کۆمەڵێکیش

لەسەر شێوەی شەمشەمەکوێرە

خۆیان بە بەرزاییەکانەوە

هەڵدەواسن

گوێیان بە چەشنی ڕادار

زەبزەبە جیاوازەکانی دەنگ دەبیستێ

.

بڕێ دیقەت و

کەمێك چاوەڕوانی

مانای ئەم خەونە سوریالییە

لێکدەداتەوە.

ئاکام هەر واشە

کودەتایەکی سپی ها بەدواوە

پێكڕا جانەوەرەکان

لە باخچەی ئاژەڵی-

زیندانی  ئاگایی 

  کۆدەکاتەوە

***

٢

جیابوونەوە لە خود

…………………….

کاتەکان وەکو لاستیکێکی جيڕ
گرژ دەبن و هەندێكجار دەکشێن
هەست بە هێزی ڕاکێشانی دەکەی لە مێشكا
بوون
بوون
وەکو وڕێنەکانی کاتی لەرزو تا
درێژ ئەبێتەوە تا ئەوپەڕی چوون
کەلـلەش بە قەد ئەم گەردوونەی لێدێ
پاشان وردە ورد‌ه بچوکتر
لە دوماهیدا هێندەی مازوویەکی دەمێنێتەوە
ئیتر بۆ کوێ دەچی؟
کە چاو تەماشای روح دەکا
ناتوانێ پێی بڵێ
بەرەو کوێ دەڕۆی؟
ڕۆیشتن ئەو پەرییە بوو
مەلەی نەدەزانی و
کەچی هەموو ئۆقیانووسەکانی تەی کرد بە تەنیا
سەر شاخەکانی قەدبڕ کرد لە دەمێکدا
بە بیابانە کاکی بەکاکیەکاندا
تێپەڕی خێرا
بێ ئەوەی نوقم بێ لە ناو لمی گەرمدا
بشگەڕێیتەوە بۆ دەورانی مناڵی
هەر لەگەڵتە
لەو کاتەوەی لە بیرت بێ
وەك دەمڕاستێ لێت جیا نەبۆتەوە
دەستت بۆ هەر شتێکی باش بردبێ
گوتویەتی
بەکەڵك نایە داینێرەوە
جاروبار خەونی لەگەڵ سەرۆکەکانا
پێ دەبینی
نەیهێشت تاوێ بە کامی دڵ
هەناسەی پشوو هەڵمژی.
دوای چاوەڕوانییەکی درێژو
بێزاربوون لە دووبارە بوونەوەکان
پاییز دێت و شەختە سەراپامان دادەپۆشێ
لە بەهارا گوڵەکان سەر دەردەکەنەوە
وەكو نەبایان دیبێ نە بۆران
کەچی کچەکانی ڕەشەبا وەکو ياقووت یان شالورێ
بەسەر چڵێکەوە نانيشنەوە
تا نامەیەکیان لێوەرگری
بۆ شاری خنکاوی بەری! ..
دڵت تێکەڵ دێ
وەکو بۆنی سێوە درۆینەکانی هەڵەبجەت کردبێ
ساتی دوورکەوتنەوە لە خود
بەرەو دنیای تارماییەکان..
لەسەر وێنەی شکستەکانی دوای بێهیوابوون
لەگەڵ هەموو بزاوتێکا ئامادە..
بە قاوشەکانی زیندانی ژیانا
بەدەما ڕادەکێشرێین
هاوارکردن تەنیا بۆ گێڕانەی چیرۆکەکانە
ئەگینا بە هیچ دەردێ ناخوا
قانعیش وتی ‘خودا سەبەبکارەکەم بگرێ کە نەیهێشت خۆم بە دارتاش و خەڕات و پینەچی و دۆم کەم’
لە دوماهیدا شەڕو ئاشتییەکان
زۆری بۆ ژیانە و کەمی بۆ مەرگ
بەڵام بەرهەمەکەی پێچەوانەیە،
ئەوەبوو تا دڵمان خۆش کەین
لە سەر داری تابووتی ژیان
بەختەوەریەکانمان هەڵکۆڵا
بەڵام زوو کڕێوە بە خۆڵ و خاشاك دایپۆشی
کاتێ هاوڕێکان
لەنیوەی ڕێ گەڕانەوەو
تەنیایان هێشتین

***

٣

جولیانۆ .. هۆ جولیانۆ

....................................

جولیانۆ .. هۆ جولیانۆ
وەرە
ناڵێم بۆ دەڤەری خەرابات
نەبادا پیرە داڵێ
بەسەرتەوە بنیشێتۆ
بەڵکو وەرە پەناگایە
لە چەقی شاری دڵمانۆ
.
جولیانۆ.. هۆ جولیانۆ
شاعیرەکان خۆشیان دەوێی
چونکە یاخی بوونەکەی تۆ
سروتێکی شاعیرانەیە
ئەگەر بەکر عەلی بمایە
دەیکردیە پاڵەوانی داستانە شیعرێ
حەمە عومەریش
کوڕێکی ببوایە
دەبو ناوی تۆی لێ بنرێ
.
بە منداڵی
جۆلیانۆ جیما
سیمبوڵی ئازایەتی بوو
کە گەورە بووین بۆمان دەرکەوت
ئازایەتی راستەقینە
قوربانییە بۆ هەقیقەت
.
جولیانۆ ..هۆ جولیانۆ
تۆ دەتزانی
کێ ئاواییەکانی فرۆشت بە دانیشتوانەکانەوە،
وەلێ دڵنیام
دەمەوعەسرێکی درەنگ
دەگەڕێیتەوە
بە تاپۆکانەوە
.
جولیانۆ ..هۆ جولیانۆ
هەروایە ئەفسانەکانی دونیا
لە جەنگەڵەکانی مۆدێرنا
شێرەکان دەمرن لە برسان
خومسارەکانیش
هەڵدەپەڕن لەسەر جەستەیان

***

٤

هەدەر

.................

ئەگەر ژیان بە شیعرو خۆزگە جۆر بوایە

دەمخواست وەكو ورچێکی ســڕ  

لە زستانێکی تەوەری باکوور،

بۆ دەیان ساڵ بنووستمایە..

.

دوور

زۆر دوور ،

لە گەڵا پلاستیکیەکانی

پاییزەکانی زەعیم ،

هەڵوەرینی ساڵەکانم نەدیبایە..

.

یان

وەكو عوزەیرێکی بێدەنگ

ساڵێك، دەیەیەك، چاخێك

بە قووڵایی

تەنیایی خۆما ڕۆچوومایە..

***

٥

مەزهەبی ئاو

..................

مەزهەبی ئاو

 

لە زەمەنی لایەنگیری و پەتاو بەڵا

 وتیان:

بۆچی ئاو بێ ڕەنگە؟

کەچی ئەو هەموو ڕەنگانە

بە گەڵاو گوڵان و ژیان

دەبەخشێ

وتم: ئەگەر ئاو بەند نەکەن

بۆگەن نابێ.

لێی بگەڕێن،

خۆی ڕووگەی خۆی

پێ دەزانێ.

لەگەڵ خۆدا

دڕك و پووش و چڵکنیەکان

بەرەو زەریای بیرچوونەوە

ڕادەماڵێ

*

جارانێکیش

 سپی و ڕەش پێیان دەوتم

من بێ ڕەنگم،

بۆیە لێیان بەجێماوم!

وتم: ڕەنگە

هۆکەی بە تەنیا ئەوە بێ

من لەسەر مەزهەبی ئاوم