ما 5771 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

پێشەوا کاکەیی

دەقی واڵا، هەم کۆلکەزێڕینەیە لە سرووشتی خۆیدا کە ڕەنگاوڕەنگە بە ژانری تر، هەمیش کراوەیە و دژی داخرانه‌. دەقی واڵا، زیاتر لە دوو ژانر لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە. دەقێکی گەڕۆکە بەنێو ژانری تردا، دەقێکی وەستاو نییە لەسەر یەک بابەت و یەک شێواز و یەک جۆری هونەری چنینەوە.

 

پێشەکی و کورتەیەک لەبارەی (ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا)وە وەکوو ژانرێکی نوێى شیعری

 

بۆچی (ڕۆمانەشیعر و دەقی واڵا)م لەم پڕۆژە شیعرییەمدا نووسی؟ ئایا پێشتر بە بەرنامە کارم تێدا کردووه‌، یان به‌ ڕێككه‌وت وا دەرچوو؟ ئەوەی ئاگاداری مێژووی شیعرنووسینی من بێت، شایەتيی ئەوە دەدات کە لەدوای (٢٠١٦)وە بە پڕۆژەی شیعری کار دەکەم. ئەوەندەی توانیبێتم، کاژی خۆمم فڕێ داوە و بە جۆرێکی تر بە توولەڕێی شیعردا دەخشێم و خۆم بە کونج و کەلەبەری دنیادا دەکەم. ئەم باوەڕبەخۆبوونەم بە کارنامەکەم کە (شیعرەڕێ)یە پشتئەستوورە، بۆیە هەرجارێک و لە هەرپڕۆژەیەکیشدا وا لە شیعر دەڕوانم، کە من چیم لە شیعر دەوێت و شیعر چيی لە من دەوێت، نەک داخوازيی جەماوەر چییە و بازاڕ چ جۆرە شیعرێک ساغ دەکاتەوە! بۆ من، ئەوەندەی فڕێدانی کاژ لە شیعردا گرنگە، ئەوەندە بۆم گرنگ نییە داخۆ شاعیرێکی دەرکەوتووم، یان نا، چونكه‌ دواجار شیعر خۆی دەردەخات و بە جۆرێک هەق بە مێژووی خۆی دەدات کە بۆچی پێداگر بووە و بۆچی خۆی دەسەپێنێت؟

بە هەرحاڵ، بۆچی (ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا) لەم بەرهەمەمدا هاتە بوون؟ کاتێک لە (ئەمریکانامە، بە تامی شیعر)دا، کە (ڕۆمانەشیعر-قەسیدە) دەرچوو، کە ئەویش ژانرێکی نوێی شیعرە و خۆم بەرهەمم هێناوە، دەرچوونە لە ڕۆمانەشیعر، هەردەرچوونێکیش لە ژانرێکی باو، نوێبوونێکە و هێنانەکایەی ژانرێکی ترە بۆ شیعر. لەبەر ئەوە بە درێژایيی مێژووی شیعری کوردی، لە خەسرەو و شیرینی خانای قوبادییەوە کە بە (ڕۆمانەشیعری کلاسیک) هاتووه‌تە بوون تا ڕۆمانەشیعرەکانی ئەڵماسخانی کەنۆڵەیی (کەندووڵیی) و میرزا شەفیعی کولیایی کە ئەوکات ئەم سیانە وەکوو سێکۆچکەیەک وا بوون و هاوڕێيش بوون، سەردەمی گەشەی ڕۆمانەشیعری کوردی بووە، هەڵبەت دوای ئەوەی کە خانای قوبادی، خەسرەو و شیرینی نیزاميی گەنجەوی وەردەگێڕێته‌ سه‌ر زمانى کوردی (بەمەيش وەک یەکەم وەرگێڕی کورد دەناسرێت،) لەوێوە ڕۆمانەشیعری کلاسیک گەشە دەکات و بەردەوام دەبێت. دواتر لە هاتنەئارای شێوازی (ڕۆمانەشیعری نوێ) کە لە (زێوان)ـی سەباح ڕەنجدەرەوە دەست پێ دەکات، تا دەگاتە شێرکۆ بێکەس و دواتر... ئەم ڕۆمانەشیعرە لەنێو کورددا بەردەوام بووە. لەنێو گەلانی تریشدا، هەر لە داستانی شیعرەوە تا ڕۆمانەشیعر بەردەوام بووە.

لێرەدا نامپەرژێتە سەر مێژوو و لایەنی ڕەگەزەکانی شیعر، بەڵکوو باسه‌كه‌ له‌سه‌ر ئەوەیە كه‌ بۆچى ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا هاتە بوون؟ کاتێک کە ئەمریکانامە بە تامی شیعرم نووسی کە (ڕۆمانەشیعر-قەسیدە)یە، پێويست بوو بە جۆرێکی تر لە شیعردا خۆم بدۆزمەوە و بتوانم نوێبوونەوەیەک لە بواری ژانردا دەربخەم. هەڵبەت بۆ من ئاسان نەبوو، بەڵام بیرم کردەوە کە بە ڕۆمانەشیعر بڕۆم و لەولايشەوە دەرچوونێکم لە ڕۆمانەشیعردا هەبێت و ڕەگەزێکی تری شیعری بخەمە پاڵ ڕۆمانەشیعر.

ئەگەر ڕۆمان زۆر دژوار بێت، ئه‌وا ڕۆمانەشیعر دژواترە، چونكه‌ هەمیشە دەبێت ڕەچاوی شیعرییەت و تێکترنجانی ڕەگەزێکی تری شیعر کە دەقی واڵایە بۆ ناو ئەم ژانرە و بوون بە ژانرێکی تر بکەیت، ئه‌مه‌يش خەیاڵ و ئاگایيیەکی باشی دەوێت. خەیاڵ تا ئەو شوێنەی کە نەزانیت لە ژانردا بە چى دەگەیت، نەک (ناوەرۆک بە: شوێن، ڕووداو، کات، کەسایەتی و هونەری چنینەوە)، لە ئاگایيیش تا ئەو شوێنەی کە چیيت لە خەیاڵ دەست کەوتووە! لەگەڵ ئەوەيشدا، ئەم تێترنجاندنه‌ی ژانری تر، هەر لە هەناوی خۆیدا بزێت و گەورە بێت و لە شوێنێکی تردا بە جیا بێتەوە بوون، ئەم بوونەيش بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی.

ئەو کاته‌ دوای تەواوبوونی، هەست دەکەیت شتێک بە دنیا هاتووە کە پێشتر وەک هەمان کارکردنی (زمان، شێواز و گێڕانەوە) نەبووە، دەگەڵ خۆتدا بەر جۆرێک لە نامۆیی دەکەویت کە ئەمە ژانرێکی ترە و تۆ خوڵقاندووتە. هەڵبەت وەک کارکردن لەسەر (ناوەرۆک، پەیام، گرنگی و چییەتيی دەقەکە) بۆ خوێنەرى به‌ جێ دەهێڵیت و بڕیاردانی تۆی تێدا نییە. یانی ناتوانيت بڕیار لەسەر ئەو بابەتانە بدەیت، کە خوێنەر بەو ئاڕاستەیە لێی بڕوانێت، بەڵکوو ئەمە کوشتنی ژانر و دەقەکەيشە.

بەڵام کاتێک هەست دەکەیت کە ئەم کاژی ڕۆمانەشیعرەت فڕێ داوە و بەرگێکی ترت کردووە بە به‌رى ڕۆمانەشیعردا و ژانرێکی تری لێ هاتووه‌تە ئاراوە، هەست بە شادمانييه‌ک دەکەیت کە وەکوو چۆن بۆت گرنگ نییە جەماوەر چ جۆرە شیعرێکی لێت دەوێت، ئاوايش بە ئەندازەی لەدایکبوونی ئەم ژانرە، بۆت گرنگ نییە ئاخۆ جەماوەر پەسەندی دەکات یان نا، چونكه‌ ژانرە و خۆی دەرخستووە و خۆی خستووه‌تە ناو مێژووەوە، ئەوە مێژوويشە ئەم زمانە دەسەپێنێت یان خۆی قووت دەداتەوە و چیدیکە ناتوانێت بپەیڤێت. لەبەر ئەوە لەدایکبوونی هەرژانرێکی نوێ، سەرەتا ناتوانێت خۆی بسەپێنێت، تا لە نامۆبوون ڕزگاری نەبێت و تا لە زمانیشدا خۆی دەرنەخات، بۆیە هەموو ژانرە نوێیەکان بە ژانێکی مێژووییدا دەڕۆن تا خودی ئەم ژانرە لەنێو مێژوودا خۆی دەسەپێنێت.

 

 

 

 

لێرەوە دەمەوێت بە کورتی چۆنیەتيی ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا باس بکەم

 

پێش ئەوەی باس لە ڕۆمانەشیعر بکەین، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانين كه‌ دەقی واڵا لە ئەنجامی چەند جۆرە ژانرێکەوە خۆی بونیاد دەنێته‌وه‌، ئەم بونیادەيش خۆی لە سرووشتی خۆیەوە سەر دەردەهێنێت کە جیهانە هونەرییەکەی سەر بە دنیای شیعری (نوێترخوازە). دەقی واڵا خۆی ئاوێتە ناکات، بەڵکوو خۆی ئاوێتەبووی ژانرەکانە. (هەڵبەت دەقی ئاوێتەيش هەیە کە باسی ئێمە نییە،) بەڵام دەقی واڵا بە ژانری دیکه‌ ئاوێتە بووە، ناتوانێت تەنیا لە ژانرێکدا خۆی دەربخات، بزۆزە و دەجووڵێت. سرووشتی خۆی وەهایە سەر بە ماڵی چێرۆکدا دەکات، خۆی دەکاتە چیرۆکەشیعر و بەوەيشه‌وه‌ ناوەستێته‌وه‌، سەر بە ماڵی پەخشان و پەخشانەشیعر و نمایش و شانۆ و مەنەلۆگ و گوتە و بیرەوەریيشدا دەکات.

زۆر جاريش وەها سادە خۆی نیشان دەدات، تەنانەت پەندیش خۆی تێ دەخزێنێت، تا ئەو شوێنەی خۆی دەبێتە ڕۆژنامەنووس و بە زمانێکی پەخشانییەوە دێتەوە دەره‌وه‌ و دەپەیڤێتەوە. لەبەر ئەوە، هەموو دەقێکی واڵا، ئاوێتەبووی تێدایە، ئەمەيش ڕەهەند و سرووشتی خودی دەقەکە خۆی بە خۆيی بەخشیوە، نەک دەقی ئاوێتە. چونكه‌ دەقی ئاوێتە بە کورتی هەم ئاگایيی تێدایە و هەمیش لە نێوان دوو ژانر یان هونەرێکی تردا خۆی بەیان دەکات. بۆیە هەموو دەقێکی ئاوێتە، دەقێکی واڵا نییە، چونكه‌ ئەم سرووشتە نائاگاییەی نییە کە وەک دەقی واڵا بزۆزتر بێت، بەڵام دەقی واڵا خۆی لە تەواوبوونی خۆیدا دەقێکی ئاوێتەيشە.

دەقی واڵا، هەم کۆلکەزێڕینەیە لە سرووشتی خۆیدا کە ڕەنگاوڕەنگە بە ژانری تر، هەمیش کراوەیە و دژی داخرانه‌. (لێرەدا قسە لەسەر دەقی کراوە و دەقی داخراو نییە. ئەوەيش بابەتێکی دیکەیە.) دەقی واڵا، زیاتر لە دوو ژانر لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە. دەقێکی گەڕۆکە بەنێو ژانری تردا، دەقێکی وەستاو نییە لەسەر یەک بابەت و یەک شێواز و یەک جۆری هونەری چنینەوە. دەقی واڵا خۆی هاوسەنگی لەنێو خۆیدا درووست دەکات لە ڕووی (بابەت و شێواز و هاوئاواز)ه‌وه‌، خۆی ڕەگەزەکانی شیعر دیاری دەکات. هەڵبەت ئەوەيش بڵێم، دەقی واڵا، سەر بە یەک شێواز و گێڕانەوە و هونەر نییە، بەڵکوو خۆی شێواز و گێڕانەوه‌ و هونەرەکەی دیاری دەکات، لە شاعیرێکەوە بۆ شاعیرێکی تر و لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر جیاوازيی خۆی دەردەخات.

کاتێک ئەم (ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا)یە هاتە بوون، کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندیم بۆ دەرکەوت، کە لە ئەنجامی هەردووکیانه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ بوون. پێش ئەوەيش ئەم خەسڵەتانە بخەمە ڕوو، تا ساتی چاپبوونی ئەم پەڕتووکە، دەتوانم بڵێم کە:

١) یەکەمین جارە بە زمانی شیعری، باس لە بەستەڵەکی باشوور/ ئانتارکتیکا دەکرێت و ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵای لەباره‌وه‌ بەرهەم دێت؛ پێشتر لە زمانە جیاوازەکاندا، شیعری کورت و پەخشان و ڕۆمان نووسراون، بەڵام ڕاستەوخۆ پەڕتووکێکی شیعری لەسەر بەستەڵەکی باشوور بە شێوەی ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا نەهاتووه‌تە بەرهەم؛

٢) بۆ یەکەمین جارە فەرهەنگۆک بە شیعر بچنرێتەوە، واتە دیسانەوە خۆی بخاتەوە ناو ژانرەکە و هەروشەیەکی فەرهەنگۆکەکە بە کورتیلەشیعرێک لەگەڵ وشەی دواتردا بە شیعر خۆی ببەستێتەوە. (فەرهەنگۆک و ژانی وشەکان،) تێيدا هەروشەیەکی کورتیلەشیعرێكم لێ بەرهەم هێناوەتەوە و لەگەڵ وشەی دوای خۆيدا هاوئاوا‌زم کردووه‌. هەروشەیەک کورتەشیعرێکی سەربەخۆیە و لەگەڵ ئەوەيشدا لە سەرەتای وشەوە تا کۆتایيی وشە پێکەوە گرێ دراون و هه‌روه‌ها بە ناوەرۆک و بابەتی ژانری ڕۆمانەشیعريشه‌وه‌ گرێ دراون. لەگەڵ ئەوەيشدا، دەرگایەکی کراوەم بۆ خوێنەر بە جێ هێشتووە کە چۆن بیر لە وشەکانی تری ناو فەرهەنگۆکەکە بکاتەوە، بۆ ئەوەی شیعری لێ بەرهەم بهێنێت؛

3) بۆ یەکەمین جارە، ژانری ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا دێتە بەرهەم.

 ئەم خەسڵەتانە بە ئەزموونی خۆم و کارکردنم لەنێو شیعردا بۆم دەرکەوتوون، كه‌ ئايا (ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا) چۆن بەرهەم دێت؟ پاشان ئاگاداربوون له‌ خەسڵەتەکانی دەقی واڵا و ڕۆمانەشیعر و چۆنيه‌تيى تێکترنجاندنيان، لێرەدا دەخەمە ڕوو:

یەکەم: ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا، لەسەر هونەری ڕۆمانەشیعر کار دەکات، لەسەر یەک بابەتی گشتگر دەڕوات و پەلوپۆ بۆ کۆمەڵێک بابەتی تر كه‌ خزمەت بە هه‌مان بابەت ده‌كه‌ن، دەهاوێژێت، لێره‌يشه‌وه‌ دەقی واڵا کە هەر لە ڕۆمانەشیعرەکەدا لە دایک بووە، خۆيی تێ دەخزێنێت؛

دووەم: کاتێک ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا، دێتە بەرهەم کە ڕۆمانەشیعرەکە خۆی لە شوێنێکدا ژانری تری لێوە بزێت و خۆی بەرهەم بهێنێتەوە و بچێتەوە ناو هەمان شوێن؛

سێیەم: لە ڕۆمانەشیعردا، بابەت، زمان، هونەری گێڕانەوە و ژانرەکەی دیارە و ناتوانین بە دراما یان قەسیدە/ چامە یان چامەی درێژ بڵێین ڕۆمانەشیعر و بە دەقی واڵايش بڵێین ڕۆمانەشیعر. لەبەر ئەوە، هەموو دەقێکی واڵا خەسڵەتێکی ڕۆمانەشیعری تێدایە، بەڵام ناتوانێت خۆی بە ڕۆمانەشیعر تەواو بکات، چۆن پڕ بابەت و پڕ جۆری ڕەگەزەکانی شیعرە. لەگەڵ ئەوەيشدا، ڕۆمانەشیعر خەسڵەتەکانی دەقی واڵای تێدا نییە، ئەگەر لەسەر بنەماکانی دەقی واڵا بڕوات، لە ڕۆمانەشیعر دەکەوێت. بە کورتی، ڕۆمانەشیعر و دەقی واڵا، لە داڕشتن و گێڕانەوە و فرەڕەگەزی و هاوئاوەزیدا تایبەتمەنديی خۆیانيان هەیە؛

چوارەم: لە ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵادا، هەم خەسڵەتی (بابەت، شوێن، ڕووداو، کات، کەسایەتی و هونەری چینین و گێڕانەوە) و تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانەشیعر لە خۆ دەگرێت و هەم پەلوپۆيش بۆ دەقی واڵا کە ڕەگەز و ژانری تری تێ ده‌ترنجێنرێت، دەهاوێژێت. ئەمیش لە خۆیەوە ده‌زێت و ده‌چێتەوە ناو خۆی. لەبەر ئەوە: گەلۆ، حەیران، شیعر، چیرۆکەشیعر، کورتیلەشیعر، پەراوێزەشیعر، پەخشانەشیعری لە خۆدا کۆ کردووەتەوە، چونكه‌ ئەمانە هەریەکەیان زمانێکی تایبەت بە خۆيانيان هەیە و لەگەڵ ئەوەيشدا، زمانی ڕۆمانەشیعر و بابەت و گێڕانەوە و خەسڵەتەکانی ڕۆمانەشیعر زاڵە. هەم دەقی واڵای لێ دەزێت، هەم لە خۆیدا بەرهەمی دەهێنێتەوە و دەیخاتەوە پاڵ خۆی؛

پێنجەم: لە ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵادا، جگە لە ناونیشانی گشتی، چەند ناونیشانێکیش لەناو دەقەکەدا هەیە. بەوەيشدا دەزانین کە ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا لە چ ڕووبەرێکدا دەمێنێتەوە. له‌مه‌وه‌ دەڵێین سەرتاپای ناونیشانەکانی ناو دەقەکە لەسەر ئەو کێڵگەیە دەوەستنه‌وه‌ کە ڕۆمانەشیعرەکە خۆيی لەسەر بونیاد ناوە. بۆ نموونە: (زەریا و بەستەڵەکی باشوور، بە تامی شیعر) ئەو ڕووبەرەی بۆی دیاری کراوە، لەو چوارچێوەيه‌دا ناونیشانەکانیش لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە کە لە ڕۆمانەکە دانەبڕێت، بەڵام ڕەگەز و ژانری گۆڕانی بەسەردا دێت. لەپڕ زمانی ڕۆمانەشیعر دەبێتە زمانی حەیران یان پەخشان یان چیرۆکەشیعر یان لە وشەیەکدا، پەراوێزێک لە دایک دەبێت و بە شیعر بۆی تێ هەڵدەچێتەوە؛

شەشەم: لە ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵادا، یاسایەک پەیڕەو دەکات، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر ڕەگەزەکانی دەقی واڵا: (حەیران، شانۆ، گفتوگۆ، پەخشان، پەخشانەشیعر، چیرۆکەشیعر، پەراوێزەشیعر، بیرەوەری و گوتە)شی تێ بترنجێت، دواجار ڕووبەرەکەی خۆی دەپارێزێت کە: (بابەت، شوێن، ڕووداو، کات، کەسایەتی و هونەری چنین و گێڕانەوە) لە خۆيی دوور نەخاتەوە.

لێرەدا ئەم خاڵانە بە کورتی بەرباس دران، کە دەتوانین له‌ شوێنى تردا زیاتر لەسەريان بوەستین. ئەوەی بۆ خوێنەر گرنگە بيزانێت، ئه‌وه‌يه‌ كه‌ کاژفڕێدان لە هونەری شیعر و ژانردا، ژانێکی تری ناو ژانرەکەیە و ئەوەی زۆریش گرنگە، دواجار پەروەردەکردنی ئەو ژانرەیە لە لایەن نووسەر خۆيه‌وه‌ تا سەر دەخرێت و خۆی دەسەپێنێت.

 

تشرینی یەکەمی ٢٠٢١

قەڵادزێ

  • لە کتێبی (زەریا و بەستەڵەکی باشوور، بە تامی شیعر)ەوە

گەڕان بۆ بابەت