لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

 بۆ نمونە نیشانەی زەرب هەمیشە لەگەڵ بازنەیێکی زەرد دەهات. مناڵەکان هاوکات کە لەگەڵ شکڵەکان ئاشنا بوون و دەیاناسینەوە، تەنانەت جووتەکانیشیان دەناسییەوە، یانی فێریش بوون کە کام شکڵ لەگەڵ کامەدا دێت و بە چ جۆرێک دەردەکەون.

 

دەروونناسیی مناڵان (١٢)

گرینگی زانستی چەند حسی

لەسویدییەوە: رەسول سەفەریانی

 

ئەوهەموو توانا بەهێز و بەرینەی فێربوون کە دەتوانێت زانیارییەکانی جۆراوجۆر و بە شێوە و شکلی زۆر جیاواز لە یەک جیابکاتەوە و رایانبگرێت، سەرچاوەکەی مێشکە. ئەم توانایە لە مناڵی چوارساڵەوە بەرچاودەکەوێت. ئەوەی شتەکان بە چ شکڵێک دەردەکەون و دەستەبەندی شتە سروشتییەکان چۆن چۆنییە، هەمووی ئەمانە بە گشتی پەیڕەوی لە مودێل و تەرحێکی تایبەت دەکەن. ئەوەی حەرەکەتی ئوتوموبیلێک جیاواز دەکات لە چاو شتە سروشتییەکانی وەک سەگ و مێش، ئەوەیە کە ئوتوموبیل لەسەر هیڵێکی راست دەڕوات و خێڕاییەکەی و رۆیشتنەکە یەکنەواخت و یەکمیزانە، بەڵام سەگ و مێش دەتوانن هەر جۆرێک پێیان خۆش بێت بڕۆن یان بسوڕن و رێگا بگۆڕن. ئەم زانیارییانە کە لە رێگای بینینەوە وەردەگیردرێن، بە زانیاری دەنگی (بیستن) تەکمیل دەکرێن. بۆ نمونە دەنگی موتۆڕی ماشین لە کاتی رۆیشتندا نسبەتەن بەردەوام دێت و دەبیسترێت، بەڵام لە بەرانبەردا سەگ کە بە هەڵاتن دەڕوات دەنگی وای نییە. دەنگەکەی یەکڕیز و بەردەوام نییە. دەکرێت تەنانەت زانیاری لە رێگای بۆن و هەستەکانی تریشەوە کاملتر بکرێت. هەمووی ئەمانە کاری مێشکە کە دەبێت کۆیانبکاتەوە و لێکیشیان جیا بکاتەوە. تەنانەت مناڵی دوومانگانەش دەتوانێت ئولگو و تەرحە بیناییەکان و بیساییەکان لێک جیا بکاتەوە. لە تاقیکردنەوێکی تایبەت بەم مەبەستە لە ژێر ناوی "فێربوونی ئاماری" دا کۆمەڵێ مناڵیان لە بەرانبەر مانیتۆرێکی کامپیوتردا دانا کە نمایشی مەجموعەیێک شکڵی هیندسی پیشان دەدا. لەم نمایشەدا شکڵەکان دەهاتن و دەچون، بەڵام هاتوچۆکەیان لەڕووی ئولگویێکەوە بوو، یانی وا نەبوو کە بێ بەرنامە وتێکەڵ و پێکەڵ دەرکەون. شکڵەکان بەشێوەی جووت و دیاریکراو بە گوێرەی ئولگو دەردەکەوتن. بۆ نمونە نیشانەی زەرب هەمیشە لەگەڵ بازنەیێکی زەرد دەهات. مناڵەکان هاوکات کە لەگەڵ شکڵەکان ئاشنا بوون و دەیاناسینەوە، تەنانەت جووتەکانیشیان دەناسییەوە، یانی فێریش بوون کە کام شکڵ لەگەڵ کامەدا دێت و بە چ جۆرێک دەردەکەون.

ئەم جۆرە نمونانە لە سەر مناڵانی بچوک نیشانی دەدات کە مناڵان توانای تەشخیش و جیاکردنەوەی پەیوەندییە ئامارییەکان، نێوان رووداو و تایبەتمەندی، لێک جودا بکەنەوە کە ئەمەش دەیسەلمێنێت مەکینەیێکی بە قووەتی فێربوون  لە مێشکدا هەیە. هەبوونی توانای فێربوونی ئاماری، لە مێشکدا ئەو هەلە دەڕەخسێنێت کە فێری ساختارە ئامارییەکان لەسەر رووداوەکان و شتەکان بێت. مێشک تەنانەت فێر دەبێت کە سەر دەربێنێت لە پەیوەندییە شاراوەکان و ژێرخانییەکانیش کە بە روواڵەت نابیندرێن، بەڵام وەکو هۆی سروشتی باسیان لێدەکرێت. ساختارەی ئاماری شتێکە کە مرۆڤ لە رێگەی هەموو هەستەکانییەوە وەریدەگرێت و فێری دەبێت. کاتێ مناڵێک لەسەر باڵندە شت فێر دەبێت، ئەم شتانە لە لای دەبێتە ژێرخان بۆ ناسینەوەیان. کێشی کەم و سوکی جەستە، پەڕ، باڵدار بوون، دەندوک و توانای فڕین و هتد. بەڵام ئەو باڵندانەی کە مناڵ دەیانبینێت جۆراوجۆرن و هەر کامێکیان جۆرێ پەڕ و شکڵی فڕینی هەیە، جا بۆیە هەر تەجروبەییکی تایبەت و دانسکە (بی همتا) خانەکانی مێشک کە ئەرکی جیاکردنەوە و تەشخیسیان پێیە چالاک دەکات بۆ ئەوەی شێوازی فڕین و جۆری پەڕ و ئاواز و حەرەکەتەکان لێک جیا بکاتەوە. هەموو جارێک کە مناڵ دەنگیئ باڵندەیێک دەبیسێ یان دەیبینێت و هەستی پێدەکات، پەیوەندی نێوان ئەو خانانەی مێشک چالاک دەبێت و شتێکی بە ناوی " فرە حاڵەتی تۆڕی عەسەبی" دروست دەبێت تا بتوانێت رێک ئەو حاڵەتە تاییبەتە لە مێشکدا لەسەر ئەو دەسەبەندییە دروست بکات و  بیناسێتەوە. گەشە و بەهێزتر بوونی ئەم تؤڕە فرە حاڵەتییە پەیوندی بە ژیانی رۆژانەی مناڵەکەوە هەیە. ئەگەر مناڵەکە لە ژیاندا هەلی زۆری بۆ بڕەخسێت و بەردەوام تەجروبە نوێ بە هەستەکانی بکات و هەموو هەستەکانی چالاک بێت ئەوا ئەم حاڵەتەی باش گەشە دەکات. ئەم پرینسیپی فێربوونە پێمان دەڵێت کە چەندە کارکردن لەسەر فێرکردنی فرە حاڵەتی هەستی بۆ مناڵ لە مەهدی کودەک و ماڵ و شوێنەکانی تر گرینگە.

لەو خوێندنەوانەدا کە لە سەر مێشکی مرۆڤی گەورەساڵ لە رێگەی وێنەگرتن لە مێشکیان بە کامێرای مەگناتیسی (MRI ) کراوە، زۆر زانیاری و روونکردنەوە وەدەست هاتووە. ئەم شێوەی لێکۆڵینەوە سوڕی خوێن لە مێشکدا لەو شوینانە پیشان دەدات وا چالاکن. ئەمە دەریخستووە کە هەر بە خوێندنەوەی ناوی شتێک، مانایێک یان کاتەگۆریێک، ئەو بەشانەی میشک دەکەونە چالاکی کە پەیوەندیان بەو هەستە یان ماناوە هەیە. بۆ نمونە کاتێک وشەی شەق دەخوێنینەوە خانەکانی مێشک کە لە پێوەندی لەگەڵ حەرەکەت و جوڵاندن بۆشەق وەشاندن بەکار دەبرێن چالاک دەبنەوە، هەر چەند لە کاتی خوێندنەوەی وشەکەدا ئێمە تەنانەت قاچیشمان ناجوڵێنین. زانست و زانیاری لەسەر دەستەبەندییەکان و مانا و مەفهومەکانیش بەسەر هەموو مێشکدا دابەش دەکرێن یانی لە شوێنێکی تایبەتدا، شوێنێک بە ناوی زانست یان "کتێب لوغەتی مانا" خەزن ناکرێت و شوێن یان سیستەمێکی وا بە ناوی زانست لە مێشکدا دیاری نەکراوە. تەجروبیاتی فرە حاڵەتی فێربوون هەموو بەشەکانی مێشک بەهێز دەکات بۆیە، داکۆکی لەسەر فێرکاری لە رێگەی وەگەڕ خستنی هەموو هەستەکانەوە دەکرێت و مناڵ لە رێگای چالاک کردنەوە و بەکارهێنانی هەموو هەستەکانییەوە زۆرتر و زوتر فێر دەبێت. ئەگەر ژینگەی فێرکاری مناڵ بتوانێت لە شێوەی فرە حاڵەتی هەستی کەڵک وەربگرێت و ئیمکانی ئەزموونکردنی هەستەکان زۆرتر بۆ مناڵان بکات ، ئەوا مامۆستایانی فێرکاری دەتوانن لەو میکانیزمی سروشتیە بۆ گەشە و فێرکردن کەڵک وەربگرن.