ما 1883 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی نوێی شیعری منە کە لە (ڕۆمانەشیعر-دەقی وڵا)دا خۆی دەبینێتەوە. پڕۆژەی پێنجەمی کارنامەی (شیعرەڕێ)ـمە کە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە کاری لەسەر دەکەم. ئەمەش دوای ئەوەی دێت کە پڕۆژەی سێیەم و چوارەمم (ئەمریکانامە بە تامی شیعر) وەک (ڕۆمانەشیعر-قەسیدە) لە ساڵی ٢٠١٧ نووسرا و لە ساڵی ٢٠١٨ چاپ کرا.

 

ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵای (زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر)ی پێشەوا کاکەیی بڵاو ده‌کرێتەوە

له‌باره‌ی ئه‌م پەڕتووکەوە پێشەوا کاکەیی ده‌ڵێت:

ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی نوێی شیعری منە کە لە (ڕۆمانەشیعر-دەقی وڵا)دا خۆی دەبینێتەوە. پڕۆژەی پێنجەمی کارنامەی (شیعرەڕێ)ـمە کە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە کاری لەسەر دەکەم. ئەمەش دوای ئەوەی دێت کە پڕۆژەی سێیەم و چوارەمم (ئەمریکانامە بە تامی شیعر) وەک (ڕۆمانەشیعر-قەسیدە) لە ساڵی ٢٠١٧ نووسرا و لە ساڵی ٢٠١٨ چاپ کرا. لەو پەڕتووکەدا، پێشەکی و کورتەیەکی تێدایە لە هەمبەر (ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا) وەک ژانرێکی نوێی شیعری، کە ئەم ژانرە خۆم لێکم داوە و بەرهەمم هێناوەتەوە وەک ژانرێکی نوێی شیعری. بە واتایەکی تر، من خاوەنی ئەم ژانرەم لە مێژووی شیعردا. لەو پەڕتووکەدا، سێ کاری جیاوازم خستووەتە ڕوو، کە ئەویش ئەوەیە یەکەمین جارە ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا دێتە بەرهەم. هەروەها، یەکەمین جارە (ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا) لەبارەی ئەم قاڕەوە دەنووسرێت بە شیعر. هەروەها، یەکەمین جارە شیعری تێدا بزێتەوە و بە شیعر ببەسترێتەوە. ئەم پڕۆژە شیعرییە، خەم و ئازار و حەیرانی کەسێکە کە دەیەوێت لەناو شەپۆلەکانی زەریا و بەستەڵەکی باشووردا شتێک بگێڕێتەوە، خەمی کورد وەک بوون و هەبوو بەر باس بدات. کورد دەباتە ناو ئەو گەلانەی کە لەو قاڕەدا دەژین و گەلانیش ڕادەکێشێتە ناو خۆیەوە، لەوێوە هەم ڕەخنە لە خۆی و هەمیش لە جیهان دەگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، کوردێکی گەڕیدە لەناو و ئاو و بەفر و بەستەڵەکدا جیهانی ژینگە بەر باس دەدات. داهاتوو دەخوێنێتەوە.

پەرەگرافیک لە پەڕتووکەکە:

قەت بە قەد قەدی درەختێک‌ ڕوو لە با نەوەستاوم،

با، ئاوسم بە مێشکی ئاوریشمم،

نازانم ئاوم یان ئاور،

چۆن قەت بە قەد قەدی درەختێک

لە جێی خۆم نەوەستاوم.

ئێستا ڕاوەستاوم لە ئێدنبرەی حەوتدەریایی،

لەسەر دەفتەری هەوا، دەنووسم (با.)

ئەی با! کە هاتی،

ناونیشانم، ئاو و ئاورە،

لەم شیعرەدا بۆت دەر دەکەوێ،

باڵکۆنێکم نییە لەم جیهانەدا؛

کە هاتیت، بمبە لەگەڵ خۆتدا و

لە جیهانی خۆتدا نیشتەجێم بکە!

پێشەوا کاکەیی

     پێشەوا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، نازناوی (پێشەوا کاکەیی)ـیە، لە ١٩/ ٤/ 1984. لە گەڕەکی "جووتکانیان"ـی شاری قەڵادزێ لە دایک بووە. پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 ڕوو لە خوێندن بە زمانی دایکزاد دەنێت و هەر لە قەڵادزێ خوێندنەکەی کۆتایی پێ دێنێت و ساڵی 2006-2005 بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەی لە ئاستی باڵادا ڕوو لە زانستگەی سلێمانی و کۆلیژی یاسا و ڕامیاری دەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکاندا وەردەگرێت. ئێستایش فەرمانبەری زانستگەی ڕاپەڕینە.

لە گەلێک ڕۆژنامە و بڵاڤۆکدا بابەتەکانی بڵاو کردۆتەوە. چەندین توێژینەوە و خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی کراوە و ئێستاکە سێ کتێبی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، دانەیەکیان چاپ و بڵاو کراوەتەوە و کۆمەڵەشیعرێکیشی وەردەگێردرێ بۆ زمانی عەرەبی. لە داهاتوودا دەکەونە بەر دیدی خوێنەرانی فارسزمان و عەرەبزمان. چەند شیعرێکیشی وەرگڕدراونەتە سەر زمانی تر...

بەرهەمە شیعریی و ئەدەبییەکانی بریتین لە:

 

١. پاشماوەی هەناسەکان، کۆمەڵە شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی گەنج، سلێمانی، 2008.

٢. منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم، چامە- شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی دیلان، سلێمانی، ٢٠١١، چاپی دووەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠١٩.

٣. باغ غەزەلی تۆ، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی پەنجەرە (تاران،)2015.

٤. لە خانۆچکەکەی ماڵی پوورە خونچێمەوە بۆ کەلاوەکەی سەعیدیان، (دەقی واڵا،) چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ،2017.

٥. ئەفریقانامە و زەمیننامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی یەکەم و دووەم،) شیعر، پەخشان، پەخشانەشیعر و گێڕانەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، 2018.

٦. ئەمریکانامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی سێیەم و چوارەم،) ڕۆمانەشیعر-قەسیدە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، 2018.

٧. گەردووننامە، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، بڵاوکراوەکانی کتێبی نووسیار، سلێمانی، 2019.

٨. بونیادنانەوەی ڕووناکی لە گەڕانەوەی زەردەشتی ئەحمەد مەلادا، لێکۆڵینەوە، ناوندەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٠.

٩. نەمرەڕێ، چامە-کتێب، چاپی یەکەم، چاپخانەی جەنگەڵ، تاران، بڵاوکراوەکانی نووسیار، سلێمانی، ٢٠٢١.

١٠. بیری شیعر و خەیاڵی زمان، دیدار لەبارەی شیعرەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، 20٢١.

  1. 11. زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر، (پڕۆژەی پێنجەم) ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٢.

گەڕان بۆ بابەت