ما 9192 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سۆران محەمەد

بە قاوشەکانی زیندانی ژیانا
بەدەما ڕادەکێشرێین
هاوارکردن تەنیا بۆ گێڕانەی چیرۆکەکانە
ئەگینا بە هیچ دەردێ ناخوا

 

شیعرێك لەسەر ڕیتمی سیگمۆند فرۆید:

جیابوونەوە لە خود

سۆران محەمەد

 

کاتەکان وەکو لاستیکێکی جيڕ
گرژ دەبن و هەندێكجار دەکشێن
هەست بە هێزی ڕاکێشانی دەکەی لە مێشكا
بوون
بوون
وەکو وڕێنەکانی کاتی لەرزو تا
درێژ ئەبێتەوە تا ئەوپەڕی چوون
کەلـلەش بە قەد ئەم گەردوونەی لێدێ
پاشان وردە ورد‌ه بچوکتر
لە دوماهیدا هێندەی مازوویەکی دەمێنێتەوە
ئیتر بۆ کوێ دەچی؟
کە چاو تەماشای روح دەکا
ناتوانێ پێی بڵێ
بەرەو کوێ دەڕۆی؟
ڕۆیشتن ئەو پەرییە بوو
مەلەی نەدەزانی و
کەچی هەموو ئۆقیانووسەکانی تەی کرد بە تەنیا
سەر شاخەکانی قەدبڕ کرد لە دەمێکدا
بە بیابانە کاکی بەکاکیەکاندا
تێپەڕی خێرا
بێ ئەوەی نوقم بێ لە ناو لمی گەرمدا
بشگەڕێیتەوە بۆ دەورانی مناڵی
هەر لەگەڵتە
لەو کاتەوەی لە بیرت بێ
وەك دەمڕاستێ لێت جیا نەبۆتەوە
دەستت بۆ هەر شتێکی باش بردبێ
گوتویەتی
بەکەڵك نایە داینێرەوە
جاروبار خەونی لەگەڵ سەرۆکەکانا
پێ دەبینی
نەیهێشت تاوێ بە کامی دڵ
هەناسەی پشوو هەڵمژی.
دوای چاوەڕوانییەکی درێژو
بێزاربوون لە دووبارە بوونەوەکان
پاییز دێت و شەختە سەراپامان دادەپۆشێ
لە بەهارا گوڵەکان سەر دەردەکەنەوە
وەكو نەبایان دیبێ نە بۆران
کەچی کچەکانی ڕەشەبا وەکو ياقووت یان شالورێ
بەسەر چڵێکەوە نانيشنەوە
تا نامەیەکیان لێوەرگری
بۆ شاری خنکاوی بەری!
دڵت تێکەڵ دێ
وەکو بۆنی سێوە درۆینەکانی هەڵەبجەت کردبێ
ساتی دوورکەوتنەوە لە خود
بەرەو دنیای تارماییەکان..
لەسەر وێنەی شکستەکانی دوای بێهیوابوون
لەگەڵ هەموو بزاوتێکا ئامادە..
بە قاوشەکانی زیندانی ژیانا
بەدەما ڕادەکێشرێین
هاوارکردن تەنیا بۆ گێڕانەی چیرۆکەکانە
ئەگینا بە هیچ دەردێ ناخوا
قانعیش وتی ‘خودا سەبەبکارەکەم بگرێ کە نەیهێشت خۆم بە دارتاش و خەڕات و پینەچی و دۆم کەم’
لە دوماهیدا شەڕو ئاشتییەکان
زۆری بۆ ژیانە و کەمی بۆ مەرگ
بەڵام بەرهەمەکەی پێچەوانەیە،
ئەوەبوو تا دڵمان خۆش کەین
لە سەر داری تابووتی ژیان
بەختەوەریەکانمان هەڵکۆڵا
بەڵام هەر زوو کڕێوە بە خۆڵ و خاشاك دایپۆشی
کاتێ هاوڕێکان
لەنیوەی ڕێ گەڕانەوەو
تەنیایان هێشتین

 

گەڕان بۆ بابەت