ما 1189 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

میدیا خۆشناو

هەڵبەتە، چەمکەکانی "مردن، تەنیایی" لە شیعرەکانی ((ناڵــە حەسەن)) دا بە شێوەیەکی بێ ئەندازە بەدیار دەکەوێت، دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو چەمکانەوە، مرۆڤ بیر لە بوون و وجودی خۆی بکاتەوە، واتە هەرچەند چەمکی ئەو وشانە لە ژیاندا بارێکی نائومێدی هەیە.

نــــاڵــــەی شاعیرێـــک لە نێـــــوان "عـــەشق "و "وشـــە دۆزەخییەکـــــــانی ژیــان"...!

 

                                                                                    میدیا خۆشناو

 

-بەشی یەکەم: -

"نـــــاڵــــە حەســـەن" ئەو شاعیرەی تەنیا نییە، کەچی بۆنی غەریبی لە وشەکانی دەکەی، ئەو دەنگێکی دیار و بوونێکی ئەبەدی بە وجودی خۆی و وشەکانی بەخشیووە، هۆنینەوەی شیعرەکانی تژیە لە جوانی و بەرائەت و بێگەردی و گەمەپێکردنی مێشکی خوێنەرە بۆ دۆزینەوەی حەقیقەتی وشە دۆزەخییە بەهەشت ئاساکان! ئەو لە تاریکترین وشـــەکان، ڕۆشنایی بە بوون و ژیان دەبەخشێت، ئەو تەنها شاعیرێک نییە، بەڵکو خودی وشەی پیرۆزی شــــیعرە، ئەو لە جنسی برووسکەو ئاگرە، کە کوژەرە، وەلێ ئەو لەدایکبوون و بوونێکی ئەبەدیت بە وشە شیعرییەکانی پێ دەبەخشێت، ئاخــــر ئەو مردنی لە پێناو ژیـــانێکی مرۆڤدۆستیە، ژیانیشی لە پێناو مردنێکی نەمریـــیـە، ئەو ئاگر لە نائومێدییەکانی خۆی بەردەدات تا بمانگەیەنێتە ئومێدێک بە واتا ژیاندۆستییەکەی...

دوای تەواو بوونی بەرگی یەکەمی دیوانی "نـــاڵە حەسەن" کە پێکهاتووە لە" شەش" کتێب و بە قەبارەی حەفسەدو پەنجا پەڕ...

لە شیعرەکانی "نـــاڵە حەســەن" دا خوێنەرهەست بە خەمێکی قووڵی بێ ئەندازە دەکات لەهەمانکاتدا پڕت دەکات لە گومان و ڕاڕایی بۆ گەیشتن بە حەقیقەتی جوانی. شاعیر بە خەیاڵەکانی هێندە جوان حەقیقەتە تاڵەکانی بوونی مرۆڤ و دۆزەخی ژیان دەنووسێتەوە کە ئەستەمە تۆی خوێنەر بۆ چەند خولەکێک دۆش داما و نەمێنی، بەدوای قووڵی ئەو شیعرە نەچیت،

بۆنموونە لە شیعری "برینەکانم" لە کتێبی (لەسەر جەستەی ڕووتت لەخاچم دە) لە کۆپلەی کۆتا دەڵێت:

ئــــــاخ  /

چ ئەستمە

هەموو چرکە ساتێک

بە ئەسپایی

ڕەنگەکانی

مردن و تەنیایی و ونبوون

لە تابلـــۆی برینەکانم دەچۆڕێن...!

لەم شیعرەدا، شاعیر باس لە قووڵی برینی مرۆڤ دەکات، هاوکات برینی مرۆڤی هێندە پیرۆز کردووە، بە وشــەی "تـــابلۆ" ی چواندووە.

هەڵبەتە، چەمکەکانی " مردن ، تەنیایی" لە شیعرەکانی ((ناڵــە حەسەن)) دا بە شێوەیەکی بێ ئەندازە بەدیار دەکەوێت، دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو چەمکانەوە، مرۆڤ بیر لە بوون و وجودی خۆی بکاتەوە، واتە هەرچەند چەمکی ئەو وشانە لە ژیاندا بارێکی نائومێدی هەیە، بەڵام شاعیر نائومێدیەکەی لە شیعرەکانی کردۆتە وەسیلەیەک بۆ گەیشتن بە حەقیقەت و درک کردن بە جوانی ژیان و گەڕانەوەی بەهای مرۆڤایەتی و کاڵنەبوونەوەی مرۆڤبوون!

هەروەها لە شیعرێکیتردا شاعیر دەڵێت:

ئەگەر جارێکی تر لەدایک ببمەوە

ڕەنگە بتوانم پێناسەیەک بۆ عەشق بکەم…!

شاعیر لەم شیعرەدا لە ئاست گەورەیی "عەشق

دۆش داماوە، بەجۆرێک کە لەدایک بوونێکیتر بۆ گەورەیی عەشق دادەهێنت، هەڵبەت ئەمە لە کاتێکدایە مرۆڤ یەکجار دەژی و مردن کۆتایی بە هەموو شتەکان دەهێنێت، کەواتە لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە "عەشق" پێناسە ناکرێت و بوونێکی ڕۆحی و گەردوونی هەیە.

بێگومان دەبێت ئەوە بڵێم، شاعیرەکان، بۆ نەمری لە دایک بوون ، شیعرەکانی "ناڵە حەسەن" یش، دەرخەری ئەم قسەیەن ...!

لە شیعرێکیتری ناوازەدا، شاعیر دەڵێت:

من لەوەتەی هەم

هەموو شەوێ لە نێو خەونەکانم

جوانەمەرگ دەبم

جوانەمەرگبوون و خەون دوو وشەی واتاداری ئەم شیعرەن، بەجۆرێک، لێرەدا خەون هەم بەمانای "ئاوات وخولیاکانی" شاعیر هاتووە، هەمیش بەمانای خەوبینین دێت...!

بەڵام ئەوەی قووڵتری کردۆتەوە نەمانی خەونەکانی شاعیرەو بە نائومێدیەوە باس لە جوانەمەرگ بوونی دەکات ، کە هەر زوو بە زوو  لەدەستی داون و ون بوون.

لە شیعرێکی تردا کە بۆنی غوربەت و غەریبی لێدێت، شاعیر دەڵێت:

ئــــەوە مـــنم/

ڕۆحێکی شـــەکـــەت و ماندووی

ڕێگـــا ونەکانی غوربەتم

لەژێر تەرزە ڕەشــــەکانی شــــەو

خۆشم نازانم بەرەو کام مەنزڵ ڕێدەکەم

لەم کۆپلە شیعرەدا، شاعیر هەستی غەریبی خۆی لە غوربەت و دووری لە نیشتمان نیشاندەدات، بەڕادەی ئەوەی دووربوونی لە نیشتمان وەک تاریکی شەوەزەنگ چواندووە، ڕێگاکانیشی لێ ون کردووە، هەڵبەت ئەوانە لە غەربیدا دەژین، زێتر ڕۆحیان پەلەقاژەیەتی بۆ نووسینەوەی ئەم هەستە بەسوێیە، چ جای ئەوەی شاعیرێکی قەڵەم ئاگرین بێت!

لەکۆی گشتی خوێدنەوەمان بۆ بەرگی یەکەمی دیوانی "نــــاڵـــە حـــەســەن" دەبینین زێتر و زۆرتر کاریگەری "

غوربەتی بەسەرەوەیەوە، لەزۆری شیعرەکانی بەدیار دەکەوێت، تا ڕادەی ئەوەی لە دووری نیشتمان، ناوی وڵات وخاکەکەی خۆی، پیتەکانی لەدووری خۆیدا جوانەمەرگبوون.

وەک چۆن لە کۆتا شیعری دیوانەکەیدا، هەستی غەریبیەکەی هێندە بۆ دێت، ئێژێ، "بابڕۆینەوە ماڵــــەوە گوڵـــم

لەم شیعرەدا پێی وایە ، دووری گەڵای عەشق هەڵدەوەرێنی و هەموو شەوەکانی پڕ دەکات لەمردن و سووتانی باڵەکانی تەمەنی جوانی شیعری .

هەروەک چۆن لە دووری و غەریبی دەڵێت "لێـــــرە مردن لــــە ژیـــان دەچێت، ژیانیـــــــش لە شێتبوون و بێــــــهوودەیی"...!

ئەوانەی باسمکردن بەشێکی زۆر بچووکی "قەڵەمە ئاگرینەکەی ناڵەحەسەن" بوون، هەڵبەت ڕەنگە توانای ئێمە بۆ قسەکردن لەسەر شیعری شاعیرێکی کارێزما وەها ئاسان نەبێتن، نەشتوانین بەتەواوی مافی خۆی بە شیعرەکانی بدەین، ئەو شیعرانەی کە پەنجەیەکی ئاگرین و دڵێکی خوێن لێ چۆڕاو نووسراوە. تەنها ئەوە نەبێت، کە پێویستە بۆ دێڕێک تەنانەت بۆ وشەیەکی زۆر قووڵ بڕوانین .

دواجار هەموومان خوێندنەوەی جیاوازمان بۆ دەقە ئەدەبییەکان هەیە، بە تایبەتی بۆ ژانری شیعر، بەڵام بۆ منێکی خوێنەر،ئەو چەمکانەی کە زیاتر لە بەرگی یەکەمی دیوانەکەی" ناڵە حەسەن" دا بەدیمکردن.

بریتیبوون لە "ژیاندۆستی، مردن" بەواتا لەدایکبوونێکی نەمری!"، گومان، عەشق، برین، چاوەڕوانی، نــــائومێدی "بەواتای گەیشتن بە حەقیقەت!"، خەون، گوڵ، ئاگر، ڕۆح، کۆد،  هتـد......

جوانترین دێڕی ئەم دیوانە کە قەبارەی بچووکە لێ پڕە لە واتا و جوانی و بەرائەت، لە "قەسیدەی توانەوەیە" لە کتێبی "ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئـــاگر"

کە دەڵێت:

(ئەی کچـــــە غەریبە ساویلکەییەکەی عـــەشق)

لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن بۆ شاعیری جوان و پایەدار دەخوازم ، بەهیوام بە قەڵەمەکەی ئومێد بۆ ژیانی سەخت و مرۆڤە نائومێدەکان درووستبکات. وەک چۆن ڕۆحێکی زیندووی بەبەری وشە شعرییەکانی کردووە ، وایکردووە ئێمەمانان لەڕێگای ئەمەوە ، ڕۆحی پیرۆزی شاعیرە ژیاندۆستەکان بناسین...!

 

                                                                           بەفرانباری ٢٠٢٢

 

                          

گەڕان بۆ بابەت