ما 8853 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

تریم لەسەر تەختەبەردێک دانیشتبوو. چاوەکانی تریم سپی وقژەکانی شین بوون. ئەژدەها دەستەمۆکەشی لەسەر بەردەکە بەلای دەستییەوە بوو. کاتێک ئەژدەهاکە لووکی لە ئاسمانا بینی، فیشکەیەکی کرد و تۆپێکی ئاورین لە دەمی دەرچوو.

 

توور

بنیامین هۆلم کرۆس

لە نۆروێژییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

چیرۆکێکی ئۆستورەییە بۆ منداڵان

 

                                                                               توور                                                                     

توور خوای باکوور بوو. کاتێک تووڕە دەبوو وەک هەورەگرمە، برووسکە و گرمەی ئەهات. چەکەکەی دەستی چەکوچە گەورەکەی بوو.

توور چەکوچەکەی زۆر خۆشدەویست. کەس بۆی نەبوو دەستی لێدا. ئەم چەکوچە، چەکوچی جادووگەری بوو، دەیتوانی مردوو زیندوو بکاتەوە.

لووکی خوایەکی باکوور بوو. ئەم خوایە پێی خۆش بوو فێڵ لە هەموو کەس بکات. توور و لووکی لە ئاسگارد دەژیان. ئاسگارد سەرزەمینی خواکانی باکوور بوو.

رۆژێکیان توور لە خەو هەڵدەستێ، دەبینێ چەکوچەکەی نەماوە! هاوار دەکا، "چەکوچەکەم لەکوێیە؟ هەرکەس وێرابێتی چەکوچەکەم بەرێ، بەدەستی خۆم دەیکوژم."

توور زۆر تووڕە بوو. وەک هەورە تریشقە دەیگرماند. لووکی لێی دەروانی و پیدەکەنی. ئەو راهاتبوو بەم تووڕەبوونانەی توور.

لووکی پرسیی: "توور، دوایین جار لە کوێ چەکوچەکەت دیوە؟ ژیر تەختی خەوەکەت سەیر کردوە؟"

توور وتی: "ئەیچۆن سەیرم کردوە، هەمیشە کاتی نووستن لەوێ دایدەنێم. کەسێک بردوویەتی. نەکا، ئەمەش دانەیەک لەفێڵەکانی تۆ بێ؟"

لووکی خێرا وتی: "نا، نا!"

 لووکی حەزی لە هەڵخەڵەتاندنی توور بوو، بەڵام تەنیا کەسێک کە ئارەزووی مەرگی هەبێ، خۆی دەداتە بەر چەکوچەکەی توور.

لووکی وتی: "توور! بزانە چیت پێدەڵێم. تۆ لێرە لە ئاسگۆرد بگەڕی بەدوایدا، منیش ئەفڕم بۆ دوور، بزانم چی دەتوانم بکەم."

توور وتی، "بۆم دەرکەوێ کێ چەکوچەکەمی بردووە، کەللەی سەری وردوخاش ئەکەم."

لووکی وتی: "زۆر باشە." ئەوجا باڵەکانی لە خۆی نا و فری بۆ دەرەوە،

لووکی بیری بۆی ئەچوو، کێ چەکوچەکەی بردوە. ئەو پێیوابوو ئەمە کاری تریم خوای زوقم و سەرمایە.

تریم هەمیشە ئارەزووی ئەوەی بوو ببێتە شای ئاسگارد. بو ئەمەش پێویستی بە چەکوچەکەی توور بوو.

لووکی بەدوای تریمدا فری بۆ باکوور. لووکی هەرچی لە باکوور نزیک دەبۆوە هەوا سارد و ساردتر دەبوو. هەوا ئەوەندە ساردی کرد ریشی لووکی بوو بە پارچەیەک سەهۆل! سەرئەنجام لووکی تریمی دۆزییەوە.

تریم لەسەر تەختەبەردێک دانیشتبوو. چاوەکانی تریم سپی وقژەکانی شین بوون. ئەژدەها دەستەمۆکەشی لەسەر بەردەکە بەلای دەستییەوە بوو. کاتێک ئەژدەهاکە لووکی لە ئاسمانا بینی، فیشکەیەکی کرد و تۆپێکی ئاورین لە دەمی دەرچوو.

لووکی لەبەر دەمی تریمدا، هاتە خوار و هاواری لێکرد ئەژدەهاکەی دوور بخاتەوە.

 

"لووکی! " تریم هاواری کرد. "بەخێر بێی! ئەزانم بۆ لێرەی. پێموایە شتێکم هەیە کە تۆ ئەتەوێ."

لووکی لێی پرسی: "چەکوچەکەی  توور وا لە کوێ؟ ئەزانم بەلای تۆوەیە! کەسی تر ناوێرێ چەکوچەکەی توور بەرێ."

تریم پەنجەی بۆ زەوییە بەستووەکە راکێشا. پێکەنی و گوتی: "چەند مایلێک ئەوەتا لە ژێر ئەو زەوییەدا."

لووکی نەیدەزانی  چی بکا. ئەگەر تریم بۆ شاردنەوەی چەکوچەکە لە قووڵایی ئەو زەوییەدا، جادوو بەکار بێنێ، کەس ناتوانێ بیدۆزێتەوە.

تریم وتی: "بەڵام خەفەت مەخۆ، ئەیدەمەوە."

لووکی وتی، "بەڕاستی؟ بەڕاستی ئەیدەیەوە؟"

"بێ گومان ئەیدەمەوە."  زەردەخەنەیەکی گەورە لەسەر روومەتی ئەو دێوەزلە  دەرکەوت.

"بەڵام، ئەوەی من گەرەکمە لە تۆ ئەوەیە، فرەیاخوشکەکەی توورم، بۆ بهێنی. ئەمەوێ مارەی بکەم. ئەگەر فرەیا ببێتە ژنم، چەکوچەکەی توور ئەدەمەوە.

لووکی وتی: "فرەیا قەت بەوە رازی نابێ."

تریم پێکەنی و پێکەنی.

"ئەگەر وابێ تووریش قەت چاوی بە چەکوچەکەی ناکەوێتەوە. ئەمەوێ ببمە شای ئاسگارد. تووریش بە چەکوچەکەی خۆی دەکوژم."

لووکی فڕییەوە بۆ لای توور. پێیگوت کە، تریم چەکوچەکەی دزیوە.

توور بە بیستنی ئەمە ئێجگار تووڕە بوو. وەک هەورە گرمە قریشکانی و برووسکەی دڕی بە ئاسمان دا.                                                                                                            "چۆن وێراویە چەکوچەکەم بدزێ؟" توور نەڕاندی. "چەکوچەکەم دەهێنمەوە و مێشکی ئەویش دەپژێنم."

بەڵام لووکی پێیگوت کە تریم وتوویەتی، چەکوچەکەی توور ئەدەمەوە ئەگەر فرەیا ببێتە ژنی.

توور وتی: "فرەیا قەت شووی پێناکا، ئەو بۆخۆی خواژنێکە. تریم دێوەزلەیەکی ناشیرینی دیاری سەرما و سۆڵانە!"

"بەڵام ئەتۆ چەکوچەکەت دەهێنییەوە،" لووکی وتی.

توور وتی، "راستە."

پاشان توور پیلانەکەی تریمی لەگەل فرەیا باس کرد.

فرەیا وتی، "هەر بیریشی لی مەکەرەوە. قەت شووی پێناکەم. من خواژنێکم و ئەو دێوەزلەیەکی ناوچەی سەرما و سۆڵانە. بیجگە لەمە،  بەرگەی سەرماش هەر ناگرم."

توور و لووکی و فرەیا، تاوێک بێدەنگ مانەوە. دوایی لووکی زەردەخەنەیەکی کرد و گوتی، "ئەمن بیرۆکەیەکم هەیە..."

کاتێک توور بە بیرۆکەکەی لووکی زانی، زۆر تووڕە بوو و گوتی: "من قەت جلوبەرگی ژنانە لەبەر ناکەم. من خەڵکی ناخەڵەتینم، شەڕیان لەگەڵ دەکەم!"

لووکی وتی: "چەکوچەکەت ئەوێتەوە یان نا؟ ئەگەر ئەتەوێتەوە ناچاری خۆت وەک فرەیا بنوێنی. من ئەتبەم بۆ لای تریم. ئەویش چەکوچەکەت ئەداتەوە. ئەوسا خۆت دەزانی. ئەیکوژی یان..."

'یان چی؟'' توور نەڕاندی. لووکی بە پێکەنینەوە وتی: "یان دەتوانی شوو بکەی بە دێوەزلەی دیاری سەرما و سۆڵان!" چاوەکانی توور سوور هەڵگەڕا، پەلاماری برد بۆ لووکی، لە سەر رێیدا چەند مێزێکی بەیەکدا دان. لووکی رایکرد خۆی بشاریتەوە.

فرەیا وتی: "هەچۆنێک بێ تۆ چەکوچەکەت دەست ئەکەوێتەوە، ئێمە لەیەک ئەچین. قژەکانی من سوورن، هی تۆش هەروا."

"بەڵام من ریشێکی سووری جوانم هەیە،' توور وتی. "ئەتۆ هەر ریشت نییە."

"راست ئەکەی، بەڵام تۆ دەتوانی ریشت بتاشی." فرەیا وتی.

"ئەری وایە،" توور بیری کردەوە. "وابزانم ئەمە ژیرانەیە. "بێگومان خۆگۆڕین شتێکی باش ئەبێ."

کارەکەرەکەی فرەیا وتی: "جلوبەرگی زەماوەند و تارایەکت بۆ سازئەکەین، ئیتر تریم ناتوانی دەموچاوت ببینێ."

فرەیاش وتی: "دانەیەک لە ملوانکەکانیشمت ئەدەمێ، ئیتر راست لە من ئەچی."

لووکی وتی: "گوڵاویشت لێ ئەپرژێنین، ئیتر وەک خانمێک بۆنی خۆشت لێدێ."

توور وتی: "باشە، منیش بیرۆکەیەکم هەیە،" ئەگەر بۆ دەست خستنەوەی چەکوچەکەم، دەبێ جلی بووکێنی لەبەرکەم، کەوایە تۆش دەبێ بەربووکم بی و لەگەڵم بێی."

"ئۆی نا!" لووکی وتی.

رۆژی دوایی، توور و لووکی بەڕێ بوون بۆ سەرزەمینی سەرما و سەهٶڵان.

توور جلی بووکێنیی لەبەر کرد. لووکیش جلی بەربووکان. سەرپۆشیان لەسەر نا بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە.

شا تریم زۆرزۆر دڵخۆش بوو.

رووی لە شاکانی تر کرد و گوتی: "هەورەتریشقەی دوێشەوتان بینی؟ دەبێ توور بێ، بۆ زەماوەندی فرەیای خوشکی، شانۆی سازکردبێ!"

هەر لەو کاتەدا تەقەی دەرگاکە هات. تریم دەرگاکەی کردەوە. توور لە بەر دەرگا خۆی لە پشت رووبەندەکەی شاردبۆوە. ملوانکەکەی فرەیاشی لە ملا بوو، بۆنی خۆشیشی لێدەهات.

"تۆ دەبێ فرەیا بی!؟" تریم بە خۆشحاڵییەوە پرسیاری کرد. "ئۆی خوا، لەو جوانی و گەردنە بەرزەت. ئەو بەربووکە ناسک و دڵڕفێنەشت لەگەڵە." تریم روانییە لووکی بەڵام لە پشت رووبەندەکەیەوە نەیناسییەوە.

"خۆشەویستەکەم،  با سەرماتان نەبێ، وەرنە ژوورەوە، شتێک بخۆن."

 بووک و بەربووک لە سەر مێزی نانخواردنەکە دانیشتن. سەر مێزەکە پڕبوو لە خواردنی خۆش و بەچێژی رۆژی زەماوەند.  توور دوای ئەو سەفەرە دوور ودرێژە زۆری برسی بوو، بۆیە دەستی کرد بە خواردن. خواردی و خواردی. گایەکی  ساخ، شەش دانە ماسی گەورە، چواردانە نان و دەدانە کەیکی خوارد. هەر زوو ئەوەی لەسەر مێزەکە بوو خواردی.

تریم سەری لێ سووڕمابوو. وتی: " پێخۆشحاڵم بووکە جوانەکەم خواردنەکەی پێخۆشە."

لوکی خێرا بیری لە وەڵامێک کردەوە و گوتی: "ئەوە چەند رۆژە فرەیا لە خۆشی زەماوەند هیچی نەخواردوە."

تریم رووبەندەکەی تووری هەڵدایەوە و گوتی: "دەبێ بووکەکەم ماچ بکەم."

کاتێک چاوی کەوت بە چاوەکانی توور، داچڵەکی. توور ئەوەندە تووڕە بوو چاوەکانی  لێ سوور ببون.

تریم پرسیی: "چاوەکانی بووکێ بۆ وا سوور بوون؟" لووکی خێرا وەڵامی دایەوە، "لەبەر سۆزی ئەوینی تۆ، ئەوە حەوتوویەکە خەو نەچۆتە چاوی."

"چاوەکانی بووکە جوانەکەم لە سۆزی ئەوینی من گڕیگرتووە؟ کەوایە، با زووتر مارە ببڕێین. ئا، چەکوچەکەی توورم بۆ بهێنن! ئەمەوێ بۆی بنێرمەوە."

دانەیەک لە دێوەکان چووە دەر و بە چەکوچەکەوە هاتەوە ژوور. چەکوچەکەی لە بەردەم تریما دانا. هەرکە دێوەکە دەستی لە چەکوچەکە بەردا، توور هەستایە سەر پێ. رووبەندەکەی لە سەر لادا و چەکوچەکەی هەڵگرت.

هاواری کرد: "ئەمن توورم، خوای هەورەگرمە و برووسکە، هیچکەس خاوەنی چەکوچی من نییە!" ئەوسا چەکوچەکەی لە دەوری سەری هەڵسووراند و کوتای بە کەللەسەری تریمدا.

مێشکی تریم پرژا بە دیوارە سەهۆڵەکانی کۆشکدا. ئەوجا، بە دەوری هۆڵەکەداگەڕا. دای لە دانەدانەی دێوەکان، یەکە یەکە بە ملی شکاو و ئێسکی تێکقرماوەوە کەوتنە سەرزەوی.

توور، تەنیا ئەو کاتە دەستی هەڵگرت، کە هەموو دێوەکان بەمردوویی کەوتبوون.

"توور!" لوکی بانگی لێکرد. "تەماشا، بەم جلەجوانانەی زەماوەندەکەتەوە چ شێوانێکت دروست کردوە!"

"ئەتۆش ئەشێوێنم" ئەمەی وت و بە دوایدا هەتا ئاسگارد رایبڕی.

مارەکەی میدگارد

"ئەمن زۆر تینوومە!" توور هاواری کرد. "بیرەمان تەواو بووە!"

لووکی وتی: "دەی باشە، بۆخۆت هەڵسە کارێک بکە. "بۆناچییە لای خوای دەریا و داوای لێبکەی نەختێک زیاتر بیرە دروست بکا؟"

توور وتی: "باشە دەچم. پێویستم بە بیرەیە."

 گەرووی توور، وشک هەڵاتبوو، بە ڕاکردن چوو بۆ کەنار دەریا و بازی دایە ناو ئاوەکە. بە مەلەکردن رۆی بەرەو ئەو ئەشکەوتەی خوای دەریای لێ دەژیا.

خوای دەریا وتی: "ئەگەر بیرەت بۆ هەموو خواکانی ئاسگارد دەوێ، کەوایە دەبێ کووپەیەکی گەورەم بۆ بهێنی."

توور وتی، "ئەرێ دەمەوێ." گەرووی زیاتر لە پێشوو وشک ببوو. تور گەڕایەوە بۆ وشکانی و خۆی گۆڕی بە مرۆڤێک. چەکوچەکەی لە شوێنێک دانا و بەجێیهێشت. چونکە دەیزانی هەر دوو دەستی پێویست دەبێ بۆ هەڵگرتنی کووپەکە.

ئەوجا رۆی بۆ دۆزینەوەی دێوێک بەناوی هیم. توور دڵنیابوو هیم کووپەیەکی وا زۆر گەورەی هەیە.

توور گەیشتە ماڵە گەورەکەی هیم و بەتوندی دای لە دەرگا. لۆرا ژنەکەی هیم، فەرمووی کردە ژوورەوە. ئەو سەیرێکی قژی سوور و ریش و ماسوولکە گەورەکانی تووری کرد، بەڵام بە خۆگۆڕینەکەی هەڵنەخەڵەتا. بۆیە وتی:

"ئەزانم تۆ کێی، هیم هەمیشە دەیگوت، رۆژێک خواکان دێن بۆ کووپەکەمان. هیوادارم بیبەی. ئەم شتە

هیچ وپووچە جێگای زۆری گرتووە.

 

"زووکە، پێش ئەوەی مێردەکەم بگاتە ماڵەوە خۆت بشارەوە.  ئەو بە دیتنت خۆشحاڵ نابێ."

توور چاوێکی بە ژوورەکەدا گێڕا. لە لایەکەوە کووپەکە سەرنخوون کرابوو. ئەوەندە گەورە بوو دەیتوانی لە ژێریا خۆبشارێتەوە.

لەبەر خۆیەوە وتی: "بیر بکەرەوە لەو هەموو بیرەیەی دەتوانین تێیدا هەڵگرین! بەڵام ئێستا جێگای خۆشاردنەوەمە."

لێواری کووپەکەی حەوادا و خۆی خزاندە ژێرەوە. هەر کە خۆی شاردەوە، توور هەستی بە هاتنە ژوورەوەی هیم کرد، زەوی لە ژێر پێیدا دەلەریەوە. لۆرا لە هیمی پرسی رۆژەکەی چۆن بووە و خواردنەوەیەکی بۆ هێنا. ئەوجا پێیگوت کە میوانێکمان هەیە.

هیم پرسیاری کرد: "لە کوێیە؟" دیاربوو کە زۆر خۆشحاڵ نییە.

لۆرا وتی وا لەژێر کووپەکەدا.  توور بەلایەوە سەیر بوو، وایئەزانی فێڵی لێکراوە. نەختێک دواتر هیم  مستەکۆڵەیەکی کێشا بە قەراخی کووپەکەدا.

کووپەکە بە دەنگێکی بەرز دەنگیدایەوە.

هیم نەڕاندی. "وەرە دەرەوە." تووریش ئەوەی پێیگوترابوو کردی.

هیم سەیرێکی تووری کرد، بەڵام شێوەی نەکرد کە وەک خوایەک بێت.

هیم وتی: "دەتوانی ئەمشەو لێرە بمێنیەوە." ئەو ئەمەی پێخۆش نەبوو، بەڵام دەیزانی دەبێ رێزی میوان بگیرێ.

ئەوشەوە توورچەندساتێک خەوی لێنەکەوت، بیری لە رێگایەک دەکردەوە کووپەکەی هیم، بدزێ. ئەو نەیدەتوانی ئەم دێوە بکوژێ چونکە چەکوچەکەی پێنەبوو. نەشیدەتوانی شەو بەدزییەوە کووپەکە بەرێ، چونکە دەنگەدەنگی دەهات. بۆیە بەدوای رێگایەکەوە بوو دیوەکە خۆی کووپەکەی بداتێ. لانیکەم دەیزانی لۆرا ئەم کۆووپەی ناوێ و پێیخۆشە رزگاری بێ لە دەستی. دوای ئەم بیرکردنەوانە خەوی لێکەوت.

بەیانی هیم، تووری لە خەو هەڵساند و پێیگوت، "خواردنمان نەماوە،  ئەگەر شەوێکی تر لێرە بمێنیەوە، دەبێ لەگەڵما بێی بۆ ماسی گرتن. بچۆ دەرەوە نەختێک گووی گا پەیدا بکە. ئێمە دەتوانین وەکوو چێشکە بەکاری بهێنین."

توور تووڕە بوو. لە ژێر لێوەوە وتی: "خوایەکی وەک من نابێ بچێ بۆ تەپاڵە چنینەوە!" هەستا چووە دەر، زلترین گای لە کێڵگەکە پەیدا کرد.

 و  گوتی:

"ئەمە چێشکەی باشە بۆ راوەماسی." شاخەکانی گرت و سەری لە ملی هەڵکێشا! هەتا گەیشتە کەناری دەریا سەری گاکە هەر خوێنی لێدەتکا. چاوەمردووەکانیشی  مۆڕببونەوە لێی.

کاتێک هیم بینی، توور سەری گاکەی هێناوە، زۆر تووڕە بوو وگوتی: "چۆنت وێرائەم کارە بکەی؟ ئەتۆ سەری باشترین گاکەمت لێکردۆتەوە. تۆ دەبێ بیبژێری. ئەگەر بەشی مانگێک خواردن، ماسیمان بۆ نەگری، دەتخۆین!"

توور وتی، "باشە، با بچینە دەریا،" ئەو سەری گاکەی خستە بەلەمەکەوە، خویشی سەرکەوت و سەوڵەکانی گرت بە دەستەوە.

کاتێ توور کەوتە سەوڵ لێدان، هیم خەریکبوو لە بەلەمەکە بەربێتەوە. هیم بە رووگرژییەوە وتی: "ئەتۆ بەهێزتر لە هەموو ئەو پیاوانەی، کە تا ئێستا دیومن."

کە شەپۆلەکان گەورەتر دەبوون، بەلەمەکەی بەملاولادا رائەژاند.

 هیم وتی:

"زۆر دوور کەوتووینەوە، بەسە ئیتر." بەڵام توور هەر سەوڵی لێئەدا. هەرچی توندتر و توندتر سەوڵی

لێئەدا بەلەمەکە خیراتر و خێراتر بە سەر شەپۆلەکاندا تێئەپەڕی.

هیم وتی، "وادیارە تۆ مرۆڤ نیت،" تووریش تەنیا زەردرخەنەیەکی بۆ کرد. "دەی با ماسی بگرین، ئەم شوێنە دوورە، لەبارە بۆ راوکردنی شتێک بۆ خوایەک و دێوێک."

هیم قولاپەکەی خۆی خستە دەریا. تووریش خەریک بوو سەری گاکەی دەکرد بە قولاپەکەیەوە. هیم یەکەم گرتنەکەی راکێشا نێو بەلەمەکە، ئەمەش واڵێک بوو! لە کاتی راکێشانیا بەلەمەکە کەوتە لارەولار.

توور هێشتا خەریکی پێوەکردنی سەری گاکە بوو بە قولاپەکەوە. هیم واڵیکی تری لە ئاو هێنایە دەر.

سەرەنجام تووریش ئامادە بوو.

لە کاتێکدا سەری گاکە لە ژێر شوپۆلەکاندا نوقم دەبوو، توور وتی:

"ئەمە دەبێ شتێکی گەورەمان بۆ بگرێ."

لە قووڵایی بنی دەریادا، مارە گەورەکەی مـیدگارد خەوی لێکەوتبوو. ئەم مارە ئەوەندە گەورە بوو، کۆتایی کلکی خۆی بۆ نەدەبینرا. بۆیە ئەو کلکەدرێژەکەی خستبوە نێو دەمی، لەبەر ئەوەی کەس پەلاماری نەدا. ئێستاکە ئەم مارە چاوی خۆی کردبۆوە. ئەو بۆنی خوێنی کردبوو. بە هێواشی کلکی لە دەمی خزاندە دەر. لووتی هەستی پێدەکرد، بۆنەکە لە کوێوە دێ. دوایی لە نێو دەریادا بەخێرایی تیر بەرەو شوێنی بۆنی خوێنەکە جووڵا. شەویلکەکانی لە دەوری سەری گاکە گیرکرد.

 

لە بەلەمەکەدا، پەتی قولاپەکەی توور توند کێشرا. بەلەمەکە نەختێک لە ئاوا رۆچوو. توور توند پەتەکەی گرتبوو.

هیم هاواری کرد: "بەریدە! بەریدە! زۆر گەورەیە، خەریکە نوقم ئەبین!"

توور نەڕاندی، "هەرگیز!" ئەو قاچەکانی لە تەختی بەلەمەکە توند کرد، ئەژنۆکانی چەماندەوە، دەستیکرد بە راکێشانی قولاپەکە.

بەلەمەکە هێشتا هەر خوارتر دەچوو. شەپۆلەکان ئەدران لە لێواری بەلەمەکە و ئاو ئەڕژایە ناوەوە.

توور بەتوندی نەڕاندی، "ئەمن توور خوای برووسکە و هەورەگرمەم، قەت دەست هەڵناگرم!"

هیم ترسا. ئێستا ئەو دەیزانی لەگەڵ خوای گەورە تووردا، هاتووە بۆ راوە ماسی. سەری مارەکە لە نێو شەپۆلەکاندا دەرکەوت. ددانەکانی هێشتا لە سەری گاکە گیرکردبوو.

توور و هیم دەیانڕوانییە سەری گاکە، کە بە هێواشی لە گەرووی مارەکە دەهاتە دەر. قولاپەکە هێشتا بە سەری گاکەوە مابوو.

هیم قیژاندی، "قولاپەکە بەردە، ئەگینا مارەکە دەمانباتە ژێر ئاو." "دەست بەرداری نابم." توور گوتی. "ئەمەوێ ئەم مارە بگرم."

 

راست لەو کاتەدا، بنی بەلەمەکە لەژێر پێی توورا شکا. بەلەمەکە خەریک بوو نوقم دەبوو. ئەوانیش نوقمی ئاو دەبوون یان مارەکە دەیخواردن.  هیم بە چەقۆکەی پەتی قولاپەکەی بڕی. مارەکە فیشکەیەکی کرد و گەڕایەوە بۆ بنی دەریا.

توور ئێجگار تووڕە بوو. هیم وتی، "ناچار بووم پەتی قولاپەکە ببڕم! چونکە نوقم دەبووین."

بەم دوودانە واڵە و ئەم بەلەمە کونبووە زۆرمان پێئەچێ تا ئەگەڕێنەوە بۆ وشکانی. توور و هیم ئیتر قسەیان لەگەڵ یەکتر نەکرد.

کاتێک هیم خەریکی داگرتنی شتەکان بوو، بیری لەوە ئەکردەوە، "خواتوور لەبەر چی هاتووە بۆ دیتنی؟  بێتوو نەبێ هاتووە کووپەکەم  بەرێ." هیم ئەمەی دەزانی کە، خواکان هەمیشە ویستوویانە کووپەکەی بدزن، چونکە گەورەترین کووپەی ئەم دنیا بوو.

هیم بیری لە پلانێک دەکردەوە کە نەهێڵێ توور کووپەکەی بەرێ.

کاتێک گەیشتنەوە ماڵ، لۆرا لای سەیر بوو کە بینی ئەوان دوو دانە واڵیان گرتووە.

بۆیە گوتی: "ئێوە دەبێ لەوە بەهێزتر بن کە من بیرم لێدەکردەوە. بۆیە رووی لە پیاوەکەی کرد و گوتی:

"هیم!  بۆ سپاس لە یارمەتییەکەی توور دەبێ کووپەکەی بدەینێ."

هیم نیگایەکی ترسنۆکانەی لە چاودا بوو.

هیم، لای خۆی بیری دەکردەوە، "جاری وا هەیە خەڵک ئەوەندە بەهێز نین کە دێنە بەرچاو." ئەو گلاسێکی کانزایی گرت بەدەستەوە و گوتی: "ئەگەر توور ئەوەندە بەهێز بێ ئەم گلاسە کانزایە بشکێنێ، ئەوا دەتوانێ کووپەکەش بەرێ. ئەوەی ئەو دەبێ بیکا ئەوەیە، ئەم گلاسە کانزاییە بشکێنێ. ئەوجا کووپەکە دەبێتە هی ئەو."

توور گلاسەکەی وەرگرت و بە هەموو هێزی خۆی دای بە دیوارێکی بەردینی ژوورەکەدا. تەنیاچەند تەڵەزمی چکۆلە لە بەردی دیوارەکە بووەوە. گلاسەکە کەوتە خوار و تلبۆوە بۆلای توور. تەنانەت یەک شوێنیشی نەرووشابوو.

توور بە توورەییەوە وتی: "تۆ سیحرت کردوە!" لۆرا هاتە قسە و وتی: "من بیرۆکەیەکم هەیە، گڵاسەکە بکێشە بە سەری هیمدا. سەری هیم لە بەرد رەقترە!"

ئەمەش ئەوە بوو کە توور کردی. ئەو گڵاسەکەی خست بۆ هیم. گلاس درا لە نێوان دوو چاوی هیم و پارچەپارچە بوو. بەبێ قسەیەکی تر توور کووپەکەی  نایە سەرشان و لە ماڵ رۆیە دەر. هیم زۆرزۆر رقی هەڵسابوو. بەڵام ئەو دەیزانی دۆڕاوە. لۆرا خۆشحاڵ بوو. ئەو تەماشای ئەو هەموو جێگا زیادییەی دەکرد کە بە رۆیشتنی کووپەکە بۆی بەجێماوە.

توور کووپەکەی  برد بۆ خوای دەریا. ئەویش بۆی پڕکرد لە بیرە. ئەوسا  توور گەڕایەوە بۆ ئاسگارد و خواکانیش بیرەی چەند ساڵیان بۆ خواردنەوە دەست کەوت.

بەسەرهاتی گەورەی توور

توور وەڕەس ببوو. وتی، گەشتێکی تازەم دەوێ. لووکی وتی: "باشترە لەگەڵت بێم. بەبێ من تووشی کێشە ئەبی."                

 توور و لووکی سواری ئەڕابەکەی توور بوون. توور چەکوچە جادووییەکەی لەگەڵ خۆی هەڵگرت. ئەڕابەکە بزن رایانئەکێشا. توور و لووکی چوون بۆ پەیدا کردنی ماڵی پاشای دیوان.                                                                                 ئێوارە گەیشتنە ماڵە جووتیارێک. جووتیارەکە وتی "دەتوانن ئەمشەو لێرە بمێننەوە. بەڵام تەنیا شۆرباومان هەیە بۆ خواردن." توور ئێجگار برسی بوو. لووکی وتی، "بۆچی بزنەکان نەخۆین؟"                                                   توور وتی، "زۆرچاکە، بەڵام دەبێ وریا بی، هیچ ئێسکێکیان نەشکێنی." مناڵەکانی جووتیارەکە، گوێیان لەم ئاگادار کردنەوەی توور نەبوو لە سەر ئێسکەکان.                                                                                           ئەو شەوە کاتێک نانیان دەخوارد، رۆس کچی جووتیارەکە زۆر بە ئارامی خەریکی خواردن بوو. بەڵام ئاڵفی برای، لە کاتی کراننەوەی ئێسکەکان، ئێسکێک لە ژێر ددانیا کرتەی هات و شکا.

 

رۆژی دوایی توور چەکوچە جادووییەکەی لە سەر ئێسکەکان راگرت. بزنەکانی زیندوو کردەوە. بەڵام دیتی دانەیەک لە بزنەکان لاقێکی ئەشەلێ. هاواری کرد، "کێ ئێسکی بزنەکەمی شکاندوە؟ ئێستا ئێمە ناتوانین بە ئەڕابەکە بڕۆینەوە. دەبێ بە پێیان بڕۆین!"

ئالف دەستی بەرز کردەوە و گوتی، "ئەمن بووم." توور چەکوچەکەی بەرز کردەوە. ئەو دەیویست بیکێشێ بە سەری ئاڵف و سەری بپلیشێنێ.

لووکی خێرا وتی، "راوەستە، بۆچی رۆس و ئاڵف نەبەین لەگەڵ خۆمان؟ ئەوان دەتوانن نۆکەریمان بکەن." توور وتی، "باشە."

رۆس پرسی "بۆکوێ ئەچین؟" " ئەچینە ماڵی پاشای دێوان. لووکی وتی: " زۆر خۆش دەبێ، وانییە؟"

 

رۆس و ئاڵف سەریان راوەشاند. لەترسان رەنگیان بەرووەوە نەما. دوای ئەوەی رۆژێک بە رێدا رۆیشتن، گەیشتنە ئەشکەوتێکی گەورە. ئاگرێکیان کردەوە و نانێکیان خوارد و لێی نووستن.

کە توور لە خەو هەڵسا، لە ئەشکەوتەکەوە روانی بۆ دەرەوە. دێوێک لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە خەوی لێکەوتبوو.

توور چەکوچەکەی هەڵگرت و هەنگاوی نا بۆ دەرەوە. دێوەکە ئاگای بۆوە.  بە باوێشکدانەوە وتی، "ئۆی، ئێمە مرۆڤی ورد وچکۆلەمان لەم دەور و بەرە نەدیوە. دوێشەو دەبێ لە دەستکێشەکەی مندا نووستبن.  خەوتان خۆش بوو؟"

 

لووکی و رۆس و ئاڵف و توور سەیریان دەکرد، کاتێک دێوەکە دەستە زلەکەی بردە نێو ئەشکەوتەکەوە. تووور پێی خۆش نەبوو، وەک پیاوێکی چکۆلەناوی بەرن. ئاخر ئەو خوایەکی بەتوانا بوو.

دێوەکە لێی پرسین، "بۆ کوێ ئەچن؟" لووکی وەڵامی دایەوە، "ئەچین بۆ بینینی پادشای دێوان."

"باشە، ئاگاتان لە خۆتان بێ،" دێوەکە وتی. "پادشا، بەڕاستی خەڵکی ورد و چکۆلەی وەک ئێوەی خۆشناوێ."

توور پرسیاری کرد، "ئەی تۆ کێی؟" "من سکریمم ناوە، منیش بۆ دیداری پادشای دێوان ئەچم. دەتوانین هەموو پێکەوە برۆین."

ئەمانە هەموو رۆژەکە رێگایان بڕی. بۆ ئێوارە تەواو ماندوو ببوون. خواردنێکی بەپەلەیان خوارد و لێی نووستن.

سکریم لە خەودا مرخەی ئەهات، مرخەکەی ئێجگار بەرز بوو. توور بەتووڕەیی ئاگای بۆوە. چەکوچەکەی هەڵگرت و چووە بان سەری سکریم و گوتی:

"یەکەم ئەوەی تۆ منت بە پیاوێکی گچکە و چکۆلە ناوبرد، دواییش لە خەو ئاگات کردمەوە. ئەمەوێ بتکوژم!"

توور چەکوچەکەی بەرز کردەوە و بە هەموو هێزی خۆی کوتای بە سەری سکریمدا.

سکریم چاوێکی هەڵێنا. پرسی، "ئەوە چی بوو؟ گەڵا بوو کەوتە سەر سەرم؟" دیسان خەو بردیەوە و دەستی کردەوە بە مرخەمرخ.

توور چەکوچەکەی بەرز کردەوە و بە هەموو هێزی خۆی کوتایەوە بە سەریا. سکریم لە خەودا تلێکی دا. "کشە، مێش" ێکی وت و پەلی هەڵسووڕاند.

جاری سێهەم توور لێیدایەوە، ئەمجارە چەکوچەکە راست درا لە کاسەی سەری. توور خێرا چەکوچەکەی کێشایە دواوە

"ئەوە باران بوو دای لە سەرم؟" سکریم وتی. دوایی بینی توور بەلایەوە راوەستاوە.  وتی، "سڵاو توور، تۆ دەبێ نەختێک بخەوی."

توور زۆرزۆر قەڵس بوو. هەموو لە چەکوچەکەی دەترسان. چەکوچەکەی بەر هەرکەس بکەوتایە دەیکوشت. کەچی ئێستاکە لەکار کەوتبوو!

بەیانییەکەی تر، سکریم لەوێ نەبوو. "چاکتر،" توور وتی. "هەر نامەوێ بیبینم!"

رۆس وتی، "سەیرکەن، ئێرە سێ کونی گەورەی لێیە. ئەمانە لە کوێوە هاتوون؟" لووکی وتی، "نازانم،"

سەرئەنجام گەیشتنە بەرزایی گردەکە. ماڵێکی گەورە لەبەر دەمیانا دەرکەوت. توور وتی، "ئێرە دەبێ ئەو جێگایە بێ، پادشای دێوانی لێ دەژی."

توور بە چەکوچەکەی دای لە دەرگا. دەرگاکە کرایەوە. هاڵەکە پڕبوو لە دێو. لەوانە هەبوو لەسەر تەختی گەورە خەوتبوون، هەبوو لەسەر قازانی گەورە گەورەخەریکی خواردن بوون. لە دووریشەوە گەورەترینیان دانیشتبوو زنجیرێکی زێڕ بەدەوری ملیەوە بوو.

لووکی وتی، "ئەوە دەبێ شای دێوان بێ."

ئاڵف و رۆس دەترسان. دێوەکان ئاوڕیان دایەوە بزانن کێ بوون هاتنە ژوور. یەکیان وتی،"ئەرێ ئەوە توور نییە؟" 

یەکی تر وتی، "نا، نابێ ئەو بێ، ئەوە زۆر چکۆلەیە!"

سێهەمیان وتی، "ئەمە ئەوەندە چکۆلەیە، دەتوانین فڕێیدەینە دەرەوە."

 دانەیەکی تریش هەڵیدایە، "یان دەتوانین بیخۆین."

پاشای گەورە هاواری کرد، "بەخێر بێن!"

ئەوجا وتی، "ئەتۆ کە قژەکانت سوورن، ردێنت سوورە و چەکوچێکیشت پێیە، تۆ دەبێ توور بی. بەڵام وابزانم توور زلە، تۆیش زۆر چکۆلەی."

توور لە رقا هەڵئەلەرزی. ئەمجا وتی، "من لە هەموو ئەوانەی لێرەن ئەتوانم زۆرتر بخۆمەوە!"

لووکی لەبەرخۆیەوەوتی، "ئۆی نا! ئەمە کارێکی باش نییە."   

شای گەورە گوتی، "زۆرباشە" دەستەکانی بەیەکدا دا. دێوێک کەڵەشاخێکی خواردنەوەی بۆ هێنا، پرپڕبوو لە بیرە. ئەم شاخە لە توور گەورەتر بوو.

توور وەریگرت و بەدەمیەوە نا، دڵنیابوو هەمووی بەجارێک ئەخواتەوە. بەڵام گرینگ نییە چەندی خواردەوە، ئەو نەیتوانی تەواوی بکا.

شای گەورە وتی، "گیانەکەم! لەم کارەدا زۆر باش نیت، وا نییە؟ هێشتا نەختێک چکۆلەی."            

توور شاخەکەی فڕێدا. هاواری کرد، "کێ سەرنج ئەداتە خواردنەوە؟ من تووری بەهێزم، من لە هەموو ئەوانەی لێرەن بەهێزترم!"  

لووکی لەبەرخۆیەوە وتی، "بەڕاستی، ئیتر ئەمە خراپتر."

شای گەورە وتی، "ئەزانم. من تاقیکردنەوەیەکم بۆ تۆ هەیە. ئەتوانی پشیلەکەی من بەرز کەیتەوە؟"

چاوەکانی توور سوور هەڵگەڕا. وتی، "بێگومان دەتوانم. ئەمن توور، خوای هەورەگرمە و برووسکەم."

بەڵام ئەو کە پشیلەکەی بینی، بڕیاری خۆی گۆڕی. پشیلەکە ئێجگار گەورە بوو!.

توور دەیتوانی بەپێوە لە ژێریا راوەستێ. پشیلەکە مڕقەیەکی کرد. توور لە سکیەوەی ژەند.  ئەویش پشتی خۆی کووڕ کرد. تووور لە هەوڵێکی تر دا، لەسەر پەنجەی پێی راوەستا و لە پشیلەکەی ژەندەوە. پشیلەکە چنگێکی لە زەوی هەڵبڕی. توور هاواری کرد، "ئەمە زۆر گەورەیە، ئەمە رەوا نییە."

دێوەکان ئەوەندە پێکەنین، دوانیان لەسەر تەختەکان کەوتنە خوار. شای دێوان بە پێکەنینەوە وتی، "بەداخەوە توور، نەدەبوو لە پیاوێکی چکوولەی وەک تۆ، داوا بکەم ئەو پشیلە هەڵگری.

"چکوولە، چکوولە،چکوولە!!!" توور وابەتوندی نەڕاندی بانی ماڵەکە کەوتە لەرینەوە. "لەگەڵ دانەدانەتان زۆران دەگرم، ئەوجا دەبینن من چکوولە نیم!" پادشای گەورە وتی، "باشە، دەتوانی لەگەڵ ئیللی زۆرانبازی بکەی. ئیللی بەتەمەنترین کەسە لێرە. بەڵام دەتوانێ هەموان بخا."

توور وتی، "بێجگە لە من. ئەمن خوایەکی بەهێزم. بەئاسانی ئەیبەمەوە. ئیللی شانی دابووە سەر گۆچانەکەی دەستی. بە شەلەشەل بەرەو توور چوو.  گۆچانەکەی بۆ توور راوەشاند و گوتی، "ئەم پیاوە چکوولەیە؟"

توور زۆر تووڕە بوو. هاواری کرد، "ئەمن توورم، خوای هەورەگرمە و برووسکەم. کەس ناتوانێ من بخا."

توور بەرەو ئیللی رایکرد و خۆی پیادا. ئیللی جووڵەی نەکرد. توور پڕیدایە شانەکانی ئیللی و ویستی فڕێیدا،  بەڵام ئیللی هەر نەجووڵا.

ئەمجا ئەم پیرێژنە، دەستی تووری گرت و نەختێکی بادا. لە چاوترووکانێکدا توور کەوتە سەر ئەژنۆ. ئیللی قۆڵی گرت و بایدا بەرەو پشتی. دێوەکان دەیانقیژاند و پێدەکەنین.

"راوەستن!" شا گوتی. "ئێمە بینیمان تۆ هیچت پێناکرێ. ئێستا کاتی ئەوەیە شتێک بخۆین و دوایی بچین بنووین."

رۆژی دوایی، توور دەیویست، پێش ئەوەی کەس لە خەو هەڵسێت، ئەوێ بەجێبێڵێ. ئەو لووکی و منداڵەکانی ئاگا کردەوە. هەموویان لە هاڵەکە هاتنە دەر.

دەنگێک گوتی، "راوەستن!"  دەنگی شا بوو. شا لە دەرەوە چاوەڕوانیان بوو. "لە ماڵی من خۆشتان لێ گوزەرا؟"

توور وتی، "نا، بەڵام خۆشحاڵم هاتووم، چونکە تا ئێستا کەسی تر نەیوێراوە بێتە ئێرە. بەڵام بێزار و دڵگرانم لە دۆڕانەکەم." شا پێکەنی و گوتی: "ئەوەندە سەختی مەگرە لە خۆت،  ئەگەرمن بردمەوە لەبەر ئەوە بوو جادووم کردبوو." توور پرسی، "مەبەستت چییە؟"

"سکریم، ئەو دێوەی لە ڕێدا تووشی بووی...ئەوە من بووم خۆم گۆڕیبوو. هەر جارەی بەو چەکوچە لە منت ئەدا، دەکوژرام ئەگەر جادووم نەکردایە. بەڵام من جادووم کرد لەبەر راگرتنی سەرم. ئەو سێ کونەی گردەکەت دێتە بیر، ئەوانە شوێنی چەکوچەکانی تۆ بوون.

لووکی پرسی، "ئەی تاقیکردنەوەکانی تر چی؟" "جادووەکەم  دوایی دەهێنا بە ئاوی دەریا لە کەڵە شاخەکەدا. شادێو گوتی. کەس ناتوانێ ئاوی دەریا خاڵی کاتەوە."

 "ئەی پشیلەکە چێ؟" ئاڵف پرسیاری کرد. "پشیلەکە بەڕاستی مارە گەورەکەی میدگارد بوو. کەس ناتوانێ ئەو مارە گەورە بەرز کاتەوە."

رۆسێش پرسی، "ئەی ئەو پیرێژنە چی؟" ئەو پیرێژنەش خودی پیری بوو. هیچکەس دەرەقەتی پیری نایەت."

لووکی دەستی کرد بە پێکەنین. بەڵام توور لە رقا هەڵدەلەرزی. چەکوچەکەی بەرز کردەوە بە هەموو هیزی خۆی دایهێناوە بۆ سەری شای دێوان. بەڵام چەکوچەکە  تەنیا ئەو هەوا ناسکەی بڕی. شای دێوان دیار نەمابوو.

توور لە ریگای گەڕانەوە بۆئاسگارد هیچ قسەی نەدەکرد. تەنیا پرسی، "خەڵکی چی دەڵێن لە بارەمەوە؟"

لووکی نەیدەویست توور بڕەنجێنێ. وتی، "خەڵکی دەڵێن کەس ناتوانێ بەرەنگاری توور بێتەوە."

توور بە پیکەنینەوە وتی، "ئەرێ راستە."

 

گەڕان بۆ بابەت