ما 6100 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

دەق و خودسانسۆڕی

چاڕڵز چایکۆوسکی، نووسەری ئاڵمانی ـ ئامریکایی خاوەن زمانێکی سادە و راستەوخۆیە لە رۆمانەکانیدا. لەوە دەچێ لای ئەم نووسەرە هیچ چەشنە وشەیەک نیە کە نەکرێ لە چیرۆکدا کەڵکی لێ وەرنەگیردرێ. هەموو ئەو وشە و دەستەواژانەی وا مرۆڤ لە ژیانی رۆژانەیدا لە هەموو ساتەوەختە رۆحییە جۆربەجۆرەکانیدا بەکاری دێنێ، لای ئەم نووسەرە لە دەقەکانیدا دەگوترێنەوە. بگرە ئەو وشانەیشی وا زۆر جار خۆمانی لێ دەبوێرین.

 

گەر چیرۆک بەسەرهاتی ژیانی مرۆڤ بە شێوەی ئەدەبی و خەیاڵی بێت، گەر چیرۆک دەیەوێ ئەوە بنوێنێتەوە وا مرۆڤ لە راستیدا هەیە، کەواتە هیچ شتێکی شاراوە بوونی نیە. بۆیە چیرۆکنووسی باش خۆی لە هیچ وشە و دەستەواژەیەک نادزێتەوە. چیرۆک گێڕانەوەی ساتە شاراوەکانی مرۆڤیشە.

دەقی ئەدەبی شوێنی سانسۆڕ و خودسانسۆڕی نیە. خودسانسۆڕی لە دەقی ئەدەبیدا هیچ پێوەندێکی بە ئەخلاقەوە نیە. ئەوانەی وا پێیان وایە لەبەر ئەخلاق دەبێ وشەکان فیلتەر بکرێن، تێگەیشتنی تەواویان لە بەرهەمی ئەدەبی نیە. لەبەر ئەوەی بە بێ ئەو وشانەی وا مرۆڤ لە ژیانی راستەقینەیدا بەکاری دەبا، دەقی ئەدەبی لە نواندنەوەی جیهانی مرۆڤ هەتا دێت زیاتر دوور و دوورتر دەکەوێتەوە.

لە وشەکان نەترسین و بە هۆی بەکارهێنانیانەوە لامان وا نەبێ خەریکی تێکدانی ئەخلاقی ناو کۆمەڵگاین. ئەوەی لێرەدا فیدا دەبێ نەک ئەخلاق بەڵکو حەقیقەتە. دەقی ئەدەبیش بە بێ حەقیقەت دەبێتە گەمەیەکی بێ ناوەڕۆک و رواڵەتی. ئەوەی دەقی ئەدەبی ئەخلاقی دەکا خۆبواردن لە وشەکان نیە، بەڵکو خۆبواردن لە حەقیقەتی مرۆڤە.

سایتی قەڵەم

١١ مارسی ٢٠٢٢

گەڕان بۆ بابەت