ئاوات محەممەد

 ئەم ئەزموونەى داستان بەرزان، وەک یەکێک لە بیرکردنەوەى نەوەى نوێ دەتوانین لێکدانەوەى بۆ بکەین، لەهەمان کاتدا ئەوەمان بیر نەچێت، لەهەندێک شوێنی ئەم کتێبەدا سادەبوونەوەیەکی زۆری تێدایە، لە هەندێک پارچەی شیعریدا لە زمانی رۆژانە نزیک دەبێتەوە، بەڵام بەپێی ئەو ئەزموونەى وەک نەوەیەکی نوێ هەیەتى توانیوویەتى قسەیەک بکات، لەوانی تر نەچێت و هەروەها ئەو کارەشی کردووە کە خۆی لە نەوەى بەر لە خۆی جیاکردووەتەوە.

 

وێنا نزیکەکانی خودێکی پەرتبوو لەدەقە کورتەکانی (داستان بەرزان) دا

 

وێنای شیعر بەر لەهەر شتێک پێویستى بەزمانێکی تایبەتە بۆ وێناندنی وشەکان، کە ئەمیش پێویستى بەلێکدانەوەى پێکهاتە و یەکەکانی زمانە بۆ ئەوەى بتوانێت لەراستای لێکدانەوەدا کاری پێبکرێت و دەستنیشانی ئەو وێنایانە بکرێت، کەنووسەر دەیەوێت ئاماژەی پێبدات، ئەوەى من لێرەدا مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە، کەوێنای شیعری لەلای داستان هێمایەکە بۆ نزیک بوون لەخود و کۆکردنەوەى ئەم پەرشبوونەوەیەى خود کە بووەتە بەشێک لەپێکهاتەکانی ژیانی ئەمڕۆمان،

کاتێک دەمانەوێت لەناو ئەم پێکهاتانەى ئەمڕۆدا گوزارشت لە بوون و پێکهاتەى بوونگەریانەى خۆمان بکەین دەبێت خۆمان لەراستای گشتى و فەزای گشتى رزگار بکەیەن بەو شێوەیەی کە تەنها خۆمان بیر بێت و لەهەموو پێکهاتەکانی تری ناو بوونی کۆمەڵایەتى خۆمان قوتار بکەین، تاکو لەو گوتارە گشتییە رزگارمان بێت کە بەرۆکمان بۆ زۆر لایەنى تر رادەکێشێت کە ناتوانێت گوزارشت لەو خودبوونەی ئێمە بکات، ئەوەى داستان وەک شاعیرێکی نەوەى نوێ دەیکات دەرچوونە لەو گوزارشتە مەئلوفەى کە فەزای گشتى دەکاتە بنەما بۆ گوزارشت کردن لەخود، بەڵام داستان لەبنەما خودییەکەوە دەیەوێت بمانبات بۆ وێنایەکی تاکگەری کە ئەمەش بریتییە لە وردبوونەوە لە خود وەک هەبوویەک، نەک وەک بەشێک لەهەبووەکانی تر.
لەم دێرە کورتانەی داستاندا مانی زۆر هەن و رامان دەگرن، کە دەکرێت خوێندنەوە بۆ هەندێکیان بکەین، یەکێک لەو شتانەى لە نەوەی نوێدا جێگەى سەرنجە پەیوەست نییە بەبیرکردنەوە دەستەجەمعی و ترادسیۆنەوە، بەڵکو وەک……بیر دەکاتەوە و دەیەوێت خۆی بێت، کە ئەمەش لەناو بیرکردنەوەى ئێمەدا هێشتا رووبەرێکی بەرتەسکی گرتوە و لێرەوەیە نەوەیەک دادێت نیشتمان و گوتارە گشتییەکان لە ناو خودی خۆیدا جێگە دەکاتەوە و خۆی بە نیشتمان و پانتایی گشتى بەراورد دەکات و بیر لەوە دەکاتەوە کایەی گشتى چی بۆ بوونیاد و پێکهاتەى من زیاد کردووە، ئەمەش روویەکی تری ژیانە و تێڕوانینێکی تری بیرکردنەوە فەلسەفیەکانە بۆ ژیان، با سەرەتا لەو دەقەوە دەست پێبکەین کەداستان دەڵێت (لەسەر رێگامان/ کوێ نزیکبوو دەچینە ئەوێ/ هەنگاوێکیتر دەگەینە دۆزەخ)، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە ئایا ئەوان لەدۆزەخ لادەدەن یان بەر لەوەى بگەنە دۆزەخ لەشوێنێکی تر لادەدەن؟، ئایا بەر لەوەى بگەنە دۆزەخ قسەیەکیان هەیە پێکەوە بیڵێن؟، چوونە دۆزەخ بریتیە لە دەرچوون لە مالوف و گەڕان بەدوای ناشوێندا وەک لەوەى دانتی باس لە دۆزەخ دەکات، ئەو شوێنە رۆژ و شەوی تێدا نییە و لە هەموو یادەوەرییەکانی زەوی رزگارمان دەبێت و ئومێدێک لە دڵی پاکژبوواندا درووست دەکات، کە لە ناو قوڵایی گڕکاندان و بەرو سەرەوە دەچن، واتە ئەوانەى دەچنە دۆزەخ ئەوانەن کە لە گوناه پاک دەبنەوە نەک بێگوناهەکان، کە ئەم رستەیەی داستان ئەو رستە بەناوبانگەى دانتیمان بیر دەخاتەوە کە دەڵێت ئەی ئەوەى دەچیتە ناو دۆزەخ هەموو ئومێدێک جێ بهێڵە، لەبەرئەوەیە بەر لە هەنگاوێک گەیشتن بە دۆزەخ هەستیار بیر لەوە دەکاتەوە لەنزیکترین شوێن لا بدەن، بۆ خۆ دەربازکردن لەم دۆزەخەى ژیان داستان زۆر بە سانایی دەچێتە سەر بێدەنگی یان قسەکردنێک لە هیچ وتنەوە نزیکە، کە پێشتر کایەی بیرکردنەوەی ئێمە لەگەڵ زۆر وتنە لەبارەى هیچەوە گرنگ بوو، ئێستە هیچ وتن لە بارەى هەموو شتێکەوە گرنگە، ئەوەتا ئەم لاوە دەڵێت (قسەکردنم لەگەڵ خۆم پێ گرنگە/ گرنگتر/ کە باسی هیچ دەکەین) چەند گرنگە ئەگەر هیچیش نەڵێین و لەگەڵ خۆمان بدوێین، ئەوەى لە کەلتووری ئێمەدا گرنگە ئەوەیە هەموو شتەکانمان لە چوارچێوەى کۆگەلیەکدا بڵێین و تا ئەوان گوێیان لە هەموو وتنەکانی ئێمە بێت، ئەو جیاوازییەى لەم دێرەدا هەیە ئەوەیە دەیەوێت لەگەڵ خۆی بدوێت جا ئەگەر هیچیش نەڵێت، بەو مانایەى ئایا لە دەرەوەى من چی هەیە تاکو ئەو هەموو گرنگیەى پێبدەم، ئایا بە تەنها خۆم بەس نیم تا نەخشەی هەموو ژیان بۆ خۆم دابڕێژم و تۆش چۆن بیر دەکەیتەوە ئارەزووی خۆتە؟ بۆ ئەوەى ئەم رستەیە بسەلمێنین و وەک بیردۆزەیەکی لێبێت لەگەڵ هەستیار بەردەوام دەبین و زۆر راشکاوانە پێمان دەڵێت (خۆم دەڕۆم/ سێبەرەکەم لاى تۆیە) واتە لەو کاتەى باسی هیچ لەگەڵ خۆی دەکات ئەوەى لاى تۆیە تەنها سێبەرێکە بێ هیچ جوڵە و گیان و بیرکردنەوەیەک، واتە ئەو سێبەرەى لە دەرئەنجامی رووناکییەوە درووست دەبێت، ئەوەى بەجێیهێشتووە شتێک نییە، وەهمێکە بۆ دڵخۆشی، وەک چۆن مرۆڤایەتى تاکو ئەم ساتەش بەدوای سێبەری شتێکدا دەگەڕێت تاکو هەموو ناتەواوییەکانی خۆی پێتەواو بکات، بەڵام کە شەو داهات سێبەرەکە وون دەبێت.
یەکێک لەو حاڵەتە نامالوفیەتەى لە دەقی شیعردا بەرچاو دەکەوێت لەشێوەکانی تری نووسین بەرچاو ناکەوێت، لێرە هەموو نامالوفەکان دەتوانن لۆژیک دوورست بکەن، دەکرێت لێرەدا گەمەیەک بکەیت یەکسانبوون مانای دۆڕان بدات، وەک گەمەى دووگۆڵی نییە، کە لەوێشدا هەندێکجار یەکسان بوون بە دۆڕانی لایەکیان تەواو دەبێت، بەڵام گەمەی بوون لەگەمەکانی هەبوون جیاوازترن، ئەوەتا داستان دەڵێت (ژیان هیچی بۆ من نەکرد/ منیش هیچم بۆ ئەو نەکرد/ لەگەمەی بووندا/ هیچا و هیچ بە یەکترمان دۆڕاند)، کێشە ماتماتیکیە لێرەدایە دوو جەمسەرمان هەیە هەردوو سالیب یان دۆڕاو، کە دەکرێت لایەک براوە بێت، بەڵام ئەوەتا هەردوولا هیچاو هیچ بەیەک دەیدۆڕێنن، کە ئەمەش بە ئازارترین حاڵەتى ناوەوەی مرۆڤە، لە ناو هاوکێشەیەکی دۆڕاودا بژی، ئەمەیە نەوەى نوێ لە نەوەى پێش خۆی جیا دەکاتەوە، لاى نەوەی پێشتوو هەمیشە ئاسۆیەک هەبوو، گوتارێکی گشتێنراو لە ناو راستایەکی بیرکردنەوەى هەمەکییدا هەبووە، لێرە لاى ئەم نەوەیە هەمیشە ئاماژەیەکی تاکگرەیی لەناو راستایەکی کەمکیدا بەدی دەکەین، کە مەرج نییە بەردەوام بەرەو ئاسۆ بچین، هەندێکجار ئاسۆ گرنگ نییە، هەندێکجار لەودیوو ئاسۆوە دەڕواننە تاریکی، هێندە دەچێتەوە ناو خۆی هەندێکجار جۆرێک لە زایەڵە لەناوەى خودی خۆی رێگەى ئەوەى لێدەگرێت بزانێت لەدەرەوە چی روودەدات (ژاوەژاوی ناوەوەم/ بوار نادات بزانم لەدەرەوە چ باسە) ئەمیان بەدیوێکیدا خۆشبەختییە ئەو جەنجاڵیەى دەرەوەى خۆت ببوێریت و لەوە دەربچیت بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتى بیت، یان بوونەوەرێکی سیاسی بیت و هتد..، کە ئەمیان گۆڕینی تاکە لە تاکێکی ناو گروپ بۆ تاکێکی خوودگەرا، بۆ تاکێک پێوەرەکانی لێکدانەوەکانی دەرەوەى خۆی نییە، بەڵکو خودی خۆیەتى، ژیان لە ناو راستای گشتیدا نابینێت، بەڵکو لە سنووری خۆیدا تەماشای دەکات، هەر لە بەرئەوەیە بەمرۆڤی ئەم سەردەمە دەوترێت مرۆڤی بێئایدۆلۆژیا، لەبەرئەوەى زۆر لە خودی خۆیەوە نزیکە و کەمتر شتە کۆگەلیەکان دەبنە جێگەى سەرنجی، واتە ئەو ژاوەژاوەى لەناوەوە هەیەتى ناهێڵێت ئاگای لە روداوەکانی دەرەوەى بێت، جۆرێک لە راڕایی لە ناو بوونەوەرێکدا هەیە کە پێی دەوترێت شاعیر لەبەرئەوەى ئەو گەمەکەرە و گەمە لەگەڵ وشە دەکات و خەیاڵ بۆ دۆزینەوەى رێساکانی بەکاردەهێنێت، لەبەرئەوە زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ زمانی گشتى و کەمێک لە خودگەری دوور دەکەوێتەوە، بەڵام کەسی وریا ئەوەیە گەمە گشتییەکانی وشەش بەسوودی خۆی کۆتایی پێبهێنێت، واتا پێویستە گەمە گشتیەکانیش لە ناو هەمان کایەی بیرکردنەوە لە خود بێت، بۆ نمونە لێرەدا دەڵێت (دووبارەیە ئەم پوچییەی ئێمە/ زەویش بێزارە لەبوونمان)، ئەم پێکهاتە ئەتۆلۆژییە بۆ بوون و بێزاری لە هەبوون، یەکێکە لە دیاردەکانی ئەمڕۆ کەمرۆڤ بەدەست پوچیەتییەوە گیری خواردووە، بە دەست پاشماوەوە و زبڵدانەکانی خۆیەوە گیری خواردووە، بە دەست دووبارە بوونەوەى خۆیەوە، مرۆڤ ئەو بوونەوەرە ئارامنەگرتووەى کە خۆشی نازانێت چی دەوێت، ئەم وێنایانە بەشێکن لەو گەڕانەى مرۆڤ بەدوای پرسیارێکی تردا دەگەڕێت کە لەناو چوارچێوەى فەلسەفە و لۆژیکدا بۆی ناکرێت ناچارە پەنا بۆ شیعر ببات، واتە ئەم جۆرە لە وێناکردن دەمانباتەوە بۆ لاى ئەو بیرکردنەوە ئەرستۆییەى پێی وایە شیعر لێکدانەوەى یان باسکردنی ئەو شتانیە یان دیاردانەیە کە لۆژیک و فەلسەفە ناتوانێت وەڵامیان بداتەوە، لەبەرئەوەیە زۆرجار پێوەرەکانی شیعر و لێکدانەوەکانی لە هەموو لێکدانەوەکانی تر جیاوازترن، ک ەدەڵێن شیعر بەرهەمی ئەندێشەیە و فەلسەفە بەرهەمی ئەقڵ، لەم پێودانگەیە کە ئەندێشە توانای لێکدانەوەى نامالوفەکانی هەیە، بەڵام فەلسەفە لە ناو یاساکاندا شوێن بۆ خۆی دەکاتەوە، ئەگەرنا ئەم چەند دێڕەی داستان جگە لە ئەفسانە ناتوانێت لە نێو پێوەرەکانی تردا جێگەیەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە، لەم چەند دێڕەدا دەڵێت (مرۆ لە ئاسمان بیری کردەوە/ زەوی بەرهەمهێنا/ لە زەوی بیر دەکاتەوە/ وەختە لەناوی بەرێت)، لە نێوان بەرهەمهێنا و لەناوبردندا تەنها چرکەیەک هەیە، ئەویش بریتییە لە بیرکردنەوەى مرۆڤ، کە هەموو نەگبەتى و بیرکردنەوەى مرۆڤ لەم چوارچێوەیەدا قەتیس ماوە، ئایا لە ناوی بەرێت یان وەک خۆی بیهێڵێتەوە، کاتێک ئەم پێکهاتەیە لە یەکەوە بۆ دوالیزمەیەک دەگوازرێتەوە، سەراپای رەهەندەکانی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، تەنیایی مرۆڤ لە ناو دوالیزمەکاندا گیری خواردووە و لێکدانەوەى بیرکدنەوەکانی لەسەر ئەو بنەمایە دادەڕێژێت، کاتێک مرۆڤ تەنیایە چۆن بتوانێت شیکردنەوە بۆ دوالیزمەى هەبوون و بوون بکات، یان لێکدانەوە بۆ دروستکەر و دروستکراو بکات، ئەگەر پێکەوە لە راستایەکدا گرێیان نەداتەوە و ئاماژەیەکی نوێی لێبەرهەم نەهێنێت، وەک ئەوەى داستان دەڵێت (خودا و زەوی دووانەن/ مرۆ لەنێوانیاندا تەنیایە) کەواتە تەنیایی و یەکبوونى مرۆڤە خوڵقێنەرە و خوڵقێنراو دەکاتە دوانەیەکی لێکچوو، ئەویش بۆ ئەوەی پێناسەیەکی بۆ خودی خۆی دەست بکەوێت، بەڵام مرۆڤ ئەوەندە بەدبەختە دەتوانێت چارەنووسی زۆر کەس و زۆر شت بزانێت تەنیا چارەنووسی خۆی نەبێت، ئەمەشە وادەکات لە دەرەوەى خۆی بۆ مانایەک لە هەبوونى خۆی بگەڕێت، کە ئەویش دەیەوێت پێوانەیە بکات بەو شتانەى لەدەرەوەى ئەم بەهایەکیان هەیە، کەواتە مرۆڤ لەگەورەترین کێشەدایە لەگەڵ خۆی نەک لەگەڵ دەوروبەری.. (باوکم دەتوانێت چارەنووسی زۆر کەس بزانێت../ خۆی نەبێت!)، ئەمە ئەو کێشە ئەزەلیەیە کە مرۆڤ لەسەرەتای بیرکردنەوە لەبوونی خۆی پێوەى دەناڵێت، کە لێکدانەوەى بۆ هەموو شتەکانی دەرەوەى خۆی هەیە، بەڵام ناتوانێت لێکدانەوە بۆ خۆی بکات، ناشزانێت چی لەژیان ئەوێت، هەوڵدەدات لەڕێگەى دەستکەوتە ماتریالییەکانەوە مانایەک بەبوونى خۆی بدات، داستان بۆ ئەوەى درۆ مرۆییەکان ئاشکرا بکات و لەو سیاسەتە بەئاگامان بێنێتەوە، کە چۆن ژیانی پڕکردووین لە درۆ و هەمیشە هەست دەکەین مەغدورین ئەبێت قەرەبووی ئەو مەغدوریەتەمان بۆ بکرێتەوە، دڵ بەوە خۆش دەکەین ئەوەندە شتمان لە بری مردنێکی خۆمان وەرگرت، لەبەرئەوەیە هەموومان دەخاتە بەردەم ئەو راستییەى ئایا ئێمە بۆ ئەوەى لەو کارەساتەى بەسەرمان هاتووە کەمێک باری دەروونمان کەم بێتەوە، پێویستە قەربوو بکرێینەوە؟، ئەوەتا (مێروولەیەک/ لەژهربارانی شارەکەیاندا گشت کەسی مرد/ داوای قەرەبووش لەکەس ناکات)، ئەوە مرۆڤە هەموو بوونەوەرەکان دەکوژێت و بێباکیشە لەوەى چۆن هاوسەنگی رابگرێت، بەڵام کاتێک بچوکترین تاوان بەرامبەر بە خۆی دەکرێت هەڵای لەسەر دەنێتەوە و داوای هەموو جۆرەکانی قەرەبوو دەکاتەوە، کە قەربووش دەکرێتەوە، داوای شتى زیاتریش دەکات، مرۆڤێکمان هەیە لەناو لێکدانەوەى خۆیدا بۆ بەدەستهێنانی ماتریالی تر دەژی، مرۆڤێکیشت هەیە دەیەوێت بۆ خودی خۆی بژی و ناوێرێت، مرۆڤێک هەیە زوو دەمرێت بەڵام وەک خۆی دەژی و بۆ خۆی دەژی و لەهەموو نەهامەتییەکاندا داوای قەرەبوو لەکەس ناکاتەوە، واتە لەو کاتەدا ئەم مرۆڤە هاوتا دەبێتەوە لەگەڵ مێروولەکە، ئەم هەستەیە وا دەکات هەمیشە مرۆڤ خۆی بە مردووی نەک زیندوو ببینێت، وێنای راستەقینەى خۆی لەمردندا بەرجەستە بکات، ئەم وێناکردنە ونکردنی خودە لەهەمان کاتدا ناساندنی ئەو کارەکتەرەیە کە ناوی مرۆڤە، واتە کارەکتەرێک هەمیشە خۆی لەناو تابووتێکدا دەبینێت و بەلایدا تێپەڕدەبێت و ئەمیش تەماشای خۆی دەکات لەناو تابووتەکەدا رێدەبڕێت بەرەو نادیار دەڕوات (تابوتێک بەتەنیشتمدا رادەبورێت/ تەرمەکەمى هەڵگرتووە)، ئایا ئەم چرکەساتە چۆن ناوبنێن وێنەیەکی مەجازی شیعری یان لێکدانەوەیەک بۆ هەبوونیەتى مرۆڤ و بوونەگەریەتى ناوەوەى مرۆڤ، ئایا مردوویەک دەتوانێت قسە بکات، ئێمە لەناو کایەیەکدا دەژین، بەشێکی زۆر لەئازادییەکانمان زەوتکراوە، ئەو کارەکتەرەشی خاوەنى ئازادی خۆی نەبێت چ جیاوازییەکی لەگەڵ مردوویەکدا هەیە، ئەمە جگە لەوەى پەرشبوونەوەى خود لەناو بیرکردنەوەى ئێمەدا بەسەر کایە جیاوازەکاندا و نەدۆزینەوەی ئاراستەیەک بۆ بینینی ژیانی خۆمان لەگەڵ مردن یەکسانمان دەکات، مرۆڤ کاتێک زیندووە کە ئازادە، کە ئازاد نەبوو، زیندوو نییە، بەڵکو بوونەوەرێکی بایۆلۆژییە و ئەوانی تر تەواو دەکات و لە ناو پێکهاتە ژیانییەکاندا پێناسەیەکی ناتەواو بۆ خۆی دەدۆزێتەوە، بەم شێوەیە مۆرڤ نەدەتوانێت لە خۆی دوور بکەوێتەوە و نە لەگەڵ خۆی پێکبێتەوە، هەمیشەش هەست بە نامۆیی و ئازار دەکات (دووریی ئازارێکە / پێکەویی هەزار)، واتە مرۆڤ نەدەتوانێت لەگەڵ خۆی بژی نە لە دووری خۆشی بژی، بەپێی ئەم دێرە دەتوانین بڵێین مرۆڤ مەحکومە بە ئازار، ئەم ئازارە ناچاری دەکات خۆی لەناو کایە جیاجیاکانی ژیاندا ون بکات و بوونگەریەتى خۆی لەدەست بدات.
سەرەتا باسمان لەوە کرد نامالوفیەت بەشێکە لەوەى وێنایەکی نوێ بەرهەم بهێنین، ئەمیش کاتێک ئەیەوێت هەبێت و هەبوویەکی دڵخۆشیش بێت ئەبێت بیر نەکاتەوە بە تایبەتى کاتێک بیر لە کەسێکی تر ناکەیتەوە، کەواتە بۆ ئەوەى کۆجیتۆ دیکارتییەکە تێکبشکێنین، دەتوانین وەک داستان بڵێین (دڵخۆشم/ مانای وایە بیر لەتۆ ناکامەوە.)
هێندە ماوە بڵێن ئەم ئەزموونەى داستان بەرزان، وەک یەکێک لە بیرکردنەوەى نەوەى نوێ دەتوانین لێکدانەوەى بۆ بکەین، لەهەمان کاتدا ئەوەمان بیر نەچێت، لەهەندێک شوێنی ئەم کتێبەدا سادەبوونەوەیەکی زۆری تێدایە، لە هەندێک پارچەی شیعریدا لە زمانی رۆژانە نزیک دەبێتەوە، بەڵام بەپێی ئەو ئەزموونەى وەک نەوەیەکی نوێ هەیەتى توانیوویەتى قسەیەک بکات، لەوانی تر نەچێت و هەروەها ئەو کارەشی کردووە کە خۆی لە نەوەى بەر لە خۆی جیاکردووەتەوە، هەم بەو تەکنیکەى کە لەدەقەکاندا بەکاری هێناوە، بەپێچەوانەى زۆربەى ئەوانەى ئێستا دەقی شیعری دەنووسن و پەنا بۆ درێژدادڕیەکی زۆر دەبەن و زۆرجار دەگەنە رادەى جاڕسکردن، ئەم زیاد لەپێویست دەقی کورت کردووەتەوە، کە زۆرجار لە دوو نیوەدێڕی کورت تێپەڕناکات، کە ئەمیان کارێکی ئاسان نییە بتوانیت لە پانتاییەکی بچوکدا مانایەکی گەورە بەرهەم بهێنیت، کە نووسینی ئەم جۆرە لە دەق هەم هیلاکی دەوێت، هەم سەلیقەیەکی موزیکی بۆ راگرتنی هارمۆنیەتى دەقەکان و گونجاندنی لەگەڵ یەکتردا.

سەرچاوە: چراکان

 

 

بازدید: 1064