ما 3938 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئازاد کەریمی

کاتێ دابەزیم دیسانەوە ڕاوەستام تاکسیەکی تر بێت و بمبات بۆ ئەو شوێنەی وا ئەمویست بڕۆم. تاکسیەکی تر هات و سوار بووم... لە پاشەوە دانیشتم و دیارە یەکێک لەپێشەوە لە تەنیشت شۆفێڕەکە دانیشتبوو. نەموێرا بچمە پاش شۆفێرەکەوە. ترسا بووم لەوەی نەکا ئەمیش چاوم لێدابگرێ و داوام لێبکات ئەفیونی لێبکڕم

 

تاکسی

ئازاد کەریمی

سواری تاکسی بووم و، لە پاش شۆفێرەکەوە دانیشتم. دیارە یەکێک لە پێشەوە لە تەنیشت شۆفێرتاکسیەکەوە دانیشتبوو. ماوەیەک ڕۆیشتین و نازانم کەی بوو ئەو کەسەی پێشەوە دابەزیبوو، بەڵام بە هەڵکەوت چاوم بە ئاوێنەی بەرانبەرم لە ناو قاپی جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکە کەوت کە چارەی شۆفێڕەکەی تێدا دیار بوو.

لە پڕدا بینیم شۆفێڕەکە چاوێکی لێداگرتم. وامزانی چاوی تووشی نێرۆتیک بووە بۆیە زۆر گوێم پێنەدا، بەڵام دووبارە چاوێکی لێداگرتم و ئەمجارە لێوی گەزت و زمانی بە لێوەکانیدا هێنا و چاوێکی دیکەی داگرت... منیش تووشی هزرێکی شەیتانی هاتم و ویستم سەربخەمە سەری و تۆزێ پێیڕابوێرم. چاوێکم لێداگرت... شۆفێڕەکە سمێل فشێکی ناقۆڵا بوو. دەنگی ڕادیۆکەی کز کرد و گوتی حەزی پێئەکەی؟.. گوتم : بە چی؟ گوتی: بە کێشان!  گوتم: چی؟ گوتی: گەرت! هێرۆئین! کریستاڵ! هەرچی لەهەوێڵدا بێ!

بە بیستنی ئەم شتانە ترسێکی قووڵ دایگرتم. گوتم: من بیرم لە شتێکی تر کردەوە! گوتی: چی؟

گوتم: ئەو چاوداگرتن و لێوگەزتنە بۆ سێکسە نەک بۆ مەنگەڵ و بافور! گوتی: هەمووت پێئەدەم!

زۆر ساکارانە و گێلانە گوتم: خۆت پێمئەدەی؟ گوتی: ئا! من! پێتوایە ترسنۆکم؟...

لەدڵ خۆمەوە گوتم : نەک هەر ترسنۆک نیت دیارە زۆر تۆقێنەریشی!

گوتی: ها؟ ترسنۆکم؟ گوتم: نا! ترسنۆک نیت، بەڵام برادەر من لەگەڵ دووکەڵدا نیم...

گوتی: وەک گێلەکان هەڵسوکەوت ئەکەیت! گوتم: من بێکارم و بە دوای کاردا سەرگەردانم... زگم بەتاڵە و قۆڕەی زگم دێ لە برسیتی و نەداراییدا... لەم کات و ساتەدا لە سێکس و دووکەڵ و ڕابواردن گرنگتر نانەزگێک بۆ من پێویستە!

دەستێکی بە سەروقژیدا هێنا گوتی: تۆ ڕاست ئەکەی. منیش قۆڕەی زگم دێ لە برسدا، بەڵام منیش ئەمە وەک کار ئەنجام ئەدەم. گوتم: باشە! تۆ بۆچی بۆ تێرەکان ئەم کارە ناکەی؟

گوتی: براکەم! تێر بۆ خۆی ئوتومبێلی تایبەتی خۆی هەیە و شۆفێڕی تایبەتیش لێی ئەخوڕێ. ئەوان کەنگێ سواری تاکسی ئەبن؟

هیچم نەگوت... بە جۆرێک وەڵامێکی ڕاستی دایە دەستم... بیرم کردەوە دابەزین باشترین ڕێگە چارەیە بۆ دەرچوون لەم کەشە ناخۆشە.

کاتێ دابەزیم، دیسانەوە ڕاوەستام تاکسیەکی تر بێت و بمبات بۆ ئەو شوێنەی وا ئەمویست بڕۆم. تاکسیەکی تر هات و سوار بووم... لە پاشەوە دانیشتم و دیارە یەکێک لەپێشەوە لە تەنیشت شۆفێڕەکە دانیشتبوو. نەموێرا بچمە پاش شۆفێرەکەوە. ترسا بووم لەوەی نەکا ئەمیش چاوم لێدابگرێ و داوام لێبکات ئەفیونی لێبکڕم.

لە شوێنێکدا ڕاوەستا. دوو کەس هاتن و لە پاشەوە لە تەنیشت من دانیشتن. کوڕێکی گەنج و پیرەپیاوێک بوون. کوڕەکە هات و لە لام دانیشت. تاکسی کەوتە ڕێگە و کوڕە گەنجە هەر ڕانی بە ڕانمدا ئەخشاند. خۆش نەبوو. بە شێوازێکی پڕ لە منەت و بەرزەدەماخییەوە ئاوڕێکم لێداوە و سەیرم کرد خەریکە تەمەشام ئەکات و چاوم لێدائەگرێ. هەندێ لێی ورد بوومەوە بینیم کوڕێکی حەڤدە هەژدە ساڵانە بوو. چاوی بە قووڵدا چبوو. کەوتەوە بیرم کاتێ گەنج بووین یان زووتر، ئەو کاتانەی مێرمنداڵ بووین، لەگەڵ برادەرەکانمان بەیەکمان ئەگووت " چاوت بەقووڵدا چووە" یان " بەرچاوت ڕەش داگرساوە، هەر خەریکی دەسپەڕیت"... و بەو جۆرە یەکترمان شەرمەزار دەکرد.

لە بەر ئەوەی نە جگەرەمان دەکێشا، نە خەریکی خواردنەوەی ئەلکۆل بووین، نە ئاگامان لە ئەفیون کێشان بوو، نێرگەلەو قلیان ئاویش لە لای پیرەپیاوان و هەندێ پێرێژنان باو بوو. ئێستا گەنجی لای خۆمان وا تووشی خووگرتن بە ئەفیون کێشان بووە، دەسپەڕی پێ کارێکی دواکەوتووانەیە و لە کەپڵ سێکسدا ئەحەوێتەوە.

 ئەو کات کە من گەنج بووم، کاندۆم و حەبی کۆنترۆڵی زاوزێ بۆ مێرمنداڵان وشەیەکی نامۆی نەناسراوی نەبیسراو بوو، نامەیەکی ئەویندارانە کە ئەنووسرا بۆ یار، لە گیرفانی جانتای پارەدا ئەماوە و ئەتگوت پەیامی ئاسمانەکانە و هەتا ئەدرایە دەستی یاری خۆشەویست قیر سپی ئەبوو، ئێستا ئەو دووشتە لە جانتا و کیفی گەنجاندا هەیە. ئەگەر یەکیان پێینەبێ، برادەرەکەی پێیەتی.

گەنجەکە کاتێ بێ هەستیی منی بینیبوو، بە تکا و ڕجاوە سەیری ئەکردم. هیچم نەگوت. دڵم بۆی سووتا، هەناوم بۆی سووتا. ڕادیۆی تاکسییەکە وتاری مەلایێکی بڵاو ئەکردەوە. دەنگی مەلا پڕبوو لە تانە و گازندە و هەڕەشە سەبارەت بە کافرەکان و جوولەکە و مەسیحیەکان و ئەو موسڵمانانەی وا فشەیان بە پیەغەمەرەکەیان کردووە. بە دەنگی بەرز دۆعای ئەکرد یاخوا ئەوانەی وا گاڵتە بە هێما ئایینیەکانی ئیسلام ئەکەن جەرگیان و هەناویان ئاگر بگرێت.

 بیرم لە هەناوی خۆم کردەوە وا بۆ ئەو گەنجەی تەنیشتم پڕبوو لە گڕکان و زووخ و ئاوی ئاگرین و گۆگرد. خۆم پێنەگیرا گوتم: زمانت ئاگر ئەگرێ ئەگەر فتوا بدەی قاچاخچی ئەفیون موشرک و مولحد و فەسادی سەر زەوییە و ئەبێ بسووتێندرێ تا جەرگ و هەناوی کۆمەڵگە سوکنایی بێت؟

دابەزام... هێشتا مابوو بگەمە شوێنەکەم...ترسام ئەوانەی وا لە ناو تاکسیەکەدا بوون بەرەنگارم ببنەوە و هەرام تووش بکەن. تاکسیەکی تر هات... سوار بووم... چووم لە تەنیشت ژنێکی پەنجاساڵانەوە دانیشتم و و لە تەنیشت ئەویش مێردەکەی دانیشتبوو. کاتێ دانیشتم دەرگەکەم داخست و سڵاوم کرد. خۆشحاڵ بووم ئیتر مەودا بۆ کەس نەماوە لام بۆ بکاتەوە یان ڕانم پێدا بخشێنێ و چاوم لێدابگرێ و لێوی خۆی بگەزێ.

شۆفێڕی تاکسیەکە ئاوڕی لێدامەوە و رووی تێکردم. گوتی بەخێربی! تکایە دەرکی لای خۆتت باش نەژەندووە...  با جوان کپ بێ! جارێکی تر بیکەرەوە و دایخەوە!

پێش ئەوەی بڵێم بەسەرچاو، بینیم بە چاوی چەپی چاوێکی لێداگرتم، زمانیشی هێنا بەلێویدا و دیسانەوە چاوێکی تری لێداگرتم... هەمان بەزم و هەمان ڕەزم! دەرکم کردەوە و دامخستەوە و ڕووانیمە پێش خۆم. تەنیا شتێک وا لە پێشمەوە دیاربوو سەری زلی کابرایێک بوو ئیتر هیچم لێوە دیار نەبوو لەبەر ئەوە ئەو کابرا بەرچاوی منی بە جارێک گرتبوو. هەناسەیەکم هەڵکێشا... کاری ئەم دنیا هەر بەم جۆرەیە! کاتێ لە تاکسیدا دائەنیشی و دەوروبەرت ئەگیردرێ، یەکێ لێوت لیئەگەزێ، یەکێ چاوت لێدائەچەقێنێ و یەکێکیش بەرچاوت ئەگرێ ناهێڵێ پێشی خۆت ببینی. هەر چەندە بتەوێ لە تاکسیەکەش دابەزی، دەبێتەوە بەوەی کە کاتی خۆتت بەفیڕۆ داوە و پارەی خۆتت بە خۆڕایی بەخشیوە و هێشتا نەگەییشتوویتە شوێنی دیاری کراوت. پێشینانی ئێمەش ئەوەیان گوتووە: سوار بوون عەیبێکە و دابەزینیش عەیبێک!

ڕاستە! بەڵام ئەمە چیرۆکی حاڵ و ڕۆژی ئێمەیە. چاوم داخست. دەنگی گۆرانیەک لە ڕادیۆوە ئەهات: لە ناو کورددا نەبوو پەیمانشکێنی....

لە دڵ خۆمەوە گوتم لە ناو کورددا زۆر شتی خراپی تریش نەبوو...

گەڕان بۆ بابەت