ما 2866 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

کۆڕش وەحید

لە کاتی مردنەکەیدا کەس هۆشی لای نەبوو، کاتێك خۆشی چیدی ترپەی دڵی خۆی نەدەبیست کەسی بیر نەما و هەموو کێشە و دروشمەکانی لە زاکرەدا سڕدرانەوە، ئێستا باس باسی ترەو مەراقەکان جیددی ترن، دوور لە هەموو دەستێك و هەموو قەرەباڵغی و نمایشێك رێ دەکات، بەرەو کوێ؟

 

ئەو نامەیەی قەد نەگەشت (٢)

کۆڕش وەحید

یەکەم کە س کە چووە ژوورەوە سەعید بوو. چوونە ژوورەوەش ئاسان بوو چونکە هەر بە بزمارێکی چەماوە لەودیوەوە دەرگاکەی دادەخست. سەعید دیارە بۆ بۆ موشەکردن سەری پیا کرد. دیاربوو پارەی لێبڕابوو تا نەشئە بداتەوە خۆی، بینی حەرباکە ئاوساوە، هەندێك دەیانگوت شەراب کوشتی، هەندێکیش دەیانوت ئاهونزولەی خاوەن قەرزەکان بوو... لەپی دەستە سپیەکانی کە قڵیشێکیشی تیا نەبوو چونکە لەژیانیدا بێڵ و چەکوشکاری نەکردبوو بەڵام نینۆکەکانی وەکو چڕنوکی کیسەڵیان لێ هاتبوو، سەعید لە چەند شوشەیەکی بەتاڵی عارەقی فەل و کتێبی پێشکەشکراو هیچی ئەوتۆی نەدۆزیەوە جێی بایەخی ئەو بێت، لەولاشەوە پاسپۆڕتێکی ئەوروپی لە نیو قەدی کتێبێکدا بینی کە بۆنی میزی لێ دەهات، رەنگە لە کاتی گەڕانەوەیدا حەربا هەر خۆی میزی پیاکردبێت. کۆندۆمە دڕاوەکان و  لافیتەی فیمینزمەکانی کە بۆ رۆژی کۆلکە زێڕینەی هەڵگرتبوو لەگەڵ تەپڵەکی جغارە پڕەکەی دیمەن و بۆنی ژوورەکەی ساردترو سڕتر کردبوو.

لە کاتی مردنەکەیدا کەس هۆشی لای نەبوو، کاتێك خۆشی چیدی ترپەی دڵی خۆی نەدەبیست کەسی بیر نەما و هەموو کێشە و دروشمەکانی لە زاکرەدا سڕدرانەوە، ئێستا باس باسی ترەو مەراقەکان جیددی ترن، دوور لە هەموو دەستێك و هەموو قەرەباڵغی و نمایشێك رێ دەکات، بەرەو کوێ؟

دواجار سەعید پێنج هەزار دیناری چرچی لە ناو چزوی دەرپێ کوڵەکەیدا بینیەوە کە وێ رۆژێ لە  جزیدانی ژنە سفوورێك بەربووبووەوە کە لە سەر شەقامەکە مامەڵەی سەعاتی ژنانەی دەکرد.

خیرەومەندان تا زیاتر وەڕسی بۆگەن نەبن بەرەو گۆڕستانیان بەڕێکرد، ئەوجا نازانم لەسەردارەمەیتەکە بەوشوشتنە خێرایە لەو هەموو چڵك و پیسییە پاك بووبووەوە یان نا؟ بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو جەماوەرێکی زۆر بەدوای جەنازەکەیەوە بوون، ئەوەش بۆ ئەو رۆژگارە شتێکی سەیر بوو، چونکە خەڵك هێندە مردوویان لا جێی بایەخ نەبوو، مەگەر بۆ مەرگی دەوڵەمەندو مەسئولەکان نەبێت قەرباڵغی دروست ببوایە!

لە کاتی شاردنەوەیدا دەرکەوت زۆربەی ئەو حەشاماتە لە خاوەن قەرزەکان بوون، بەڵام گوێیان لێ نەبوو کەسێك خۆی لێ بکاتە خاوەن، بۆیە ئەوانیش بێدەنگ هەر سەیری چاوی یەکتریان دەکرد، لەگەڵ دوا مشتی خۆڵەکەدا کە لەسەر دەموچاوی پرژا ئەوانیش بێهوایی دایگرتن و ملی رێی گەڕانەوەیان گرتەبەر. لەم کاتەدا ئەو وەسیەتەی حەربات بیرکەوتەوە کە بۆچی بەو ئاواتە نەگەشت لەگەڵ گۆرانی بێژەکەدا لەنێوان گۆڕە بێ ناونیشانەکانی دەرەوەی شار بنێژرایە؟ بەڵام ئەویش بە نسیب نەبوو.

گەڕان بۆ بابەت