ما 6069 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

جەلالی میرزا کەریم

داستانێک، داستان

لە چاوی سووری تۆڵەدا ئەنوێ

داستانێک، داستان

لەناو دێراوی برینا ئەڕوێ.

سبەینێ مناڵ، مناڵانی شار

دێنە پێکەنین

 

پێنج شیعری بڵاونەکراوەی

جەلالی میرزا کەریم

 

 

گۆرانیی شار

 

لە بیرەوەریی نمەی بارانا...

لە تۆف و شەستەی شەوی زستانا

لە ساردبوونەوەی دواپشکۆی سووری

ناو ئاگردانا...

لە لێوی تاری

پڕ خەفەتباری

بێ ئەستێرەکەی گۆمی ئاسمان

نووسیم داستانی

پڕ قارەمانی

بەستە و گۆرانیی

شاری قوربانی.

 

***

 

ئەو گۆرانییەی... وەکو پاساری

خەریکە لەژێر خەنجەری ھاری

نەھامەتییا... گیان بدا و بمرێ

ئەو گۆرانییەی... سنگی شەقاری

خەریکە گوللەی چەکی زۆرداری

دوائاھ... لە گیانی تاساوی ببڕێ.

 

***

 

لە باڵی شەماڵ...

لەسەر کولێرەی وشکەوەبووی تاڵ

لە ناوچەوانی کۆچی ئێوارە

لەسەر سێدارە

لەسەر تاتەشۆر

لەسەر برینی ژێر قامچیی ناسۆر

نووسیم داستانی

پڕ قارەمانی

بەستە و گۆرانیی

شاری قوربانی.

 

***

 

داستانێک، داستان

لە چاوی سووری تۆڵەدا ئەنوێ

داستانێک، داستان

لەناو دێراوی برینا ئەڕوێ.

سبەینێ مناڵ، مناڵانی شار

دێنە پێکەنین

باخی خۆڵەمێش... شاری بێبەھار

خۆی ئەکا ڕەنگین.

 

***

 

بەڵام سبەینێ...

کامەیە؟ کەی بێ؟

- ئەو ڕۆژەی ئەبێ...

شار ڕاست بێتەوە، ھەڵسێتە سەر پێ

ئەو ڕۆژەی بزە و تریقەی مناڵ

ئەبێتە چەپکەی گوڵی ئاڵ و واڵ

ئەو ڕۆژەی تێکڕا خاکی کوردستان

ڕزگاری ئەبێ لە داگیرکەران.

 

                                              1969

 

تۆڵەی زام

 

لە زامی قووڵی سەرسنگی خۆری نۆزدەی حوزەیرانا

لە تەرمی مەرگی سەرشانی ڕێچکەی کاروانی کوردانا

لە سای ورشەی سێبەری بن ئەرخەوانی گۆڕستانا

لە یادی چوار شەھیدەکەی ڕێی ڕزگاریی کوردستانا

پشکۆی ھیوای نەپشکووتووی بەستەی وێڵی ژێر بەستەڵۆک

وەک چاوی زام لێی ھەڵئەچێ خوێنی تۆڵە تنۆک تنۆک

 

***

 

تەمەنی مەرگ بیستوسێھەم لەخۆدانی حوزەیرانە

نەء، عومرێکی ئێجگار کۆنی ھەزاران ساڵی داستانە

ھەموو ڕۆژێ لەسەر گۆڕێ ھەنسکی- یاد- ڕژانمانە

کەچی تا ئەم حەلەی مێژوو ڕێی تۆڵە بێناونیشانە

مەگەر ھەر بیری نوێی یاخی بە خوێن و بیر چرا ھەڵکا

ھەموو گۆڕێ... جێگوللەیەک... بە تیشکی سەرکەوتن پڕ کا

 

                                                                                ١٩٧٠

 

 

یادگاریی شار

 

ڕۆژانی زوو...

کاتێک مێژوو...

داستانی شار، ڕوخسار و ڕوو

سەراپا خڵتانی خوێن بوو

ئێمەی زیندوو

زیندووی مردوو

ڕاپێچ ئەکراین

بەرەو مەرگی گران ئەبراین

یەک بە یەکتر دەرخوارد ئەدراین

ئاوا ئەژیاین.

 

***

 

ئاسمان تەم بوو

ھەموو دڵێ ناخی خەم بوو

چاوی ھیوا

زوخاوی ڕەش، ژان لێی ئەڕژا

بە کزییەوە

ئەیڕوانییە خۆری مەبەست

فرمێسکی خەست

بە ماتییەوە

ئەھۆنییەوە ڕستی ھەڵبەست.

 

***

 

ئای ڕۆژی ڕەش

چەندە لێڵ بوو، ئاسۆی بنەوش

خەم بەرۆکی بەر نەئەداین

خۆری ژیان

دەمەوبەیان

زیز بوو... تیشکی پێ نەئەداین

خوڕەی قەڵبەز

ئەیدا وەنەوز

بێئاواز بوو

مت، بێ ھەڵڕشتنی ڕاز بوو

ھەموو شت زام

یادی بەسام

چیرۆکێکی پڕ مەینەت بوو

ڕێگایەکی زۆر زەحمەت بوو.

ئا ئەم یادەی

تاڵە... ئەڵێی ژەھری مارە

ئەمڕۆ چاوی پێ ھەڵھانین

دوور پێی ڕوانیمە

بەرەو ڕووی خۆرێکی گەرم

گیان بە بەری مەرگا ئەکا

کێوی بەستەڵۆک و سەرما

ئەکا بە دووکەڵ و ھەڵم.

 

***

 

خۆری گەرمی بیری کوردی

ڕاپەڕینی نەوەی مەردی

چەکی بڕوا...

ئەو وتانەی

وەکو گوڵێک...

لەناو باخی خوێنا ڕوا

ئەو دلێر و پێشمەرگانە

لە سەنگەری شەڕا کوژران

ئەمڕۆ چران

ئەمڕۆ ڕێگان

ئەمڕۆ تێکۆشان و ھیوان

بۆ کوردستان.

 

                                             ١٩٦٩

 

 

گڕی وتە

 

چەند شیرینە

چەند ڕەنگینە

ئەو وتەیەی

ئەو وشەیەی

لە زارێکەوە ھەڵی ئەڕژێت

بەستە ناڵێت

بۆ نیشتمان، جوانی نەبێت.

 

***

 

ئەو وتەیەی:

حەز بە دیلی و بەندی قەفەسەی سنگ ناکات

بۆ زنجیری:

دەمکوتکردن یەک تۆز جڵەوی بەر نادات

ئەو وتەیەی، ھەموو دەمێ

بەستە بۆ خاک، بۆ گەل ئەڵێ

بۆ ھەژار و ڕەشوڕووتی مەچەکئەستوور

زەحمەتکێشان، ئەو کەسانەی لە پشکۆی سوور

نانی ھەرزن...

بۆ تۆ و بۆ من،

پەیا ئەکەن،

سکی برسی پێ تێر ئەکەن.

 

***

 

چەند ڕەنگینە: ئەو خولیایەی

لە بیری کەوە ھەڵئەقووڵێ

کاسەسەری پڕ بڕوایە

وشەی شۆڕش تیایا ئەکوڵێ.

 

***

 

بام گوێ شل کەین

بۆ ڕازی خەڵکی چەوساوە

بام مل کەچ کەین

بۆ ئەو ھەژارە داماوە

بام دڵ بنێینە سەر دەستمان

گڕ بەین پووشووی بیر و ھەستمان

ژینی ھەژار

ڕزگار کەین لە ئازاری لەش

شەوگاری تار

بکەینە چراخانی گەش

بام لە ئێوە...

لەوەی ئێستاش وان بە ڕێوە

وان بە پێوە...

لە بیری تازەی پێشکەوتوو

بیری زیندوو

ئاگری دۆزەخێ خۆش کەین

نەوەی شۆڕش وەھا گۆش کەین

(شێرپەنجە)کەی کورد لەناو بات

ھەموو خاکی کوردمان یەک خات.

 

                                                 ١٩٧٠

 

 

پێنج ھۆنراوە

 

١- درۆ

 

پیاوێک...

یاخود با بڵێین بێناوێک،

لە سروەی پڕ خەفەتباری...

ئاسۆکەی دەمەوبەیانا،

لە ئارەزووی ڕەش و تاری...

چاوی لێڵی پڕ گریانا...

ورشەی خۆری پڕ لە بزەی

ھیوا و بڕوای پڕ لە وزەی

ئادەمیزادێ ئەبینێ

ئەیبینی ئادەمیزادێک

پێی ئەڵێن: کورد

تاک و تەنیا... لە شەوگارا

لە کوشتارا

وەک مۆم بەبێ دەنگ ئەسووتێ

کەچی نەزان و نەفامێ...

نەء، نابووتێ،

ئەڵێ: ئەم کوردە بێخێرە،

ھەر بۆ درۆ و دزی فێرە.

 

***

 

نازانن ئەو ڕەنجەی ئەیدەن...

ئەو گیانانەی بەختی ئەکەن،

ئەبنە مایەی بیری ڕۆشن

ئەبنە تیری جەرگی دوژمن.

 

                                               ١٩٧٠

 

 

٢- ڕێگای کورد

 

ھاوڕێکەی بیر و باوەڕم

لە دەربڕینی ڕای نوێدا

وای حەز ئەکرد شت دەربڕم

لەوەی (کورد) بڕوات بە (کوێ)دا؟

بۆی باس کردم ئەم دەمەی کورد

بە پاشاگەردانی ناو برد

پرسیاری کرد:

ئاخۆ کاروانی خەباتمان

ھەتا (کوێ)ی برد؟

نەک من، بەڵکو...

دەنگی مێژوو

بیر و باوەڕی پێشکەوتوو

وتی: ئەبێ...

شۆڕشگێڕانی پێشکەوتووی

کورد یەک بگرێ

کوردایەتی...

ئاڵای بیری نوێ ھەڵبگرێ

چینی زەحمەتکێش و ھەژار

وا بجەنگێ... ھەنگاو بنێ

کە ئەم خاکی کوردستانە

ڕزگاری بێ

یەکگرتوو بێ

لە ستەم و چەوساندنەوەی

نەتەوەیی و چینایەتیی

ڕەش بە دوور بێ.

 

                                            ١٩٧٠

 

 

٣- شێرپەنجە

 

لە بیرێکی شێواوەوە...

لە ھەستێکی دۆڕاوەوە...

لە زەلکاوی مەرگی ھۆشا،

لە دەفتەری گەورەی بۆشا...

باسی کورد و ڕێی کورد کرا

وا ناو برا...

(کورد تووشی دەردی گرانی

بێئامانجی

شێرپەنجەی کوشندە بووە)

(ھەتا مابێ...

بە ھیچ نابێ)

(تاکو ئەمرێ... ھەر نووستووە).

 

***

 

ئەی مێژووی کورد

بیر و گفتار

ئەی پاڵەی کورد

بیر و ڕەفتار

بام ژیانمان

ماڵ و گیانمان

تەرخانکراوی خزمەت بێ

بیرمان ئاسۆی ڕێی زەحمەت بێ

پڕ یاریدەی چەوساوە بێ

مایەی ناوی ئەو پیاوە بێ

کە بۆ ژیان

سەر و ماڵی ئەکا قوربان.

 

                                 ١٩٦٩

 

٤- نەمر

 

ئەوەی نەمرد،

ئەو کەسە بوو...

بۆ ستەم سەری کەچ نەکرد.

ئەوەی ژیا،

ئەو گیانە بوو،

بۆ زۆرداری ملی نەدا.

 

***

 

لە کتێبا...

لە مێژووی پڕ لە خەباتی میللەتانا،

لە چیرۆکا...

لە زبریی دەستی ئینسانا،

لە پێکەنین... لە گریانا...

لە چاوی پڕ خۆڵەمێشی مناڵانا...

ئەم وتانەمان بە دی کرد:

ئەوەی نەمرد،

ئەو کەسە بوو...

بۆ ستەم سەری کەچ نەکرد.

ئەی ئێمەی کورد...

بەم وتانە بڕوامان کرد؟

 

***

 

ھەندێک ئەڵێن، ئەوەی نەمرد

کوردێک بوو، دوور لە ئێستای کورد

بێ خەم سەری نایەوە و مرد

بەڵام مێژووی میللەت ئەڵێ:

ئەوەی نەمرێ،

ئەو کوردەیە...

ئەو ئەو جەنگاوەر و مەردەیە

بۆ ستەم سەری کەچ نەکرد.

 

                                         ١٩٧٠

 

 

٥- نەورۆز

 

لە نەورۆزا

لە تارماییی پاڵەوانی

داستانەکەی گەل و ھۆزا

لە ورشەی بای پڕ نیگاری

گۆرانییەکی بەسۆزا

ڕەنگێکی ئاڵ

تێکەڵ بە تریقەی مناڵ

شارای کڵپە... سپێدەی گەش

کوردستانیان گرتە باوەش.

 

***

 

ئەی نەورۆزی بەھاری نوێ

وشەی گەشمان لە تۆ ئەوێ

نان بۆ برسی... بەھار بۆ شار

ئازادیمان لە تۆ ئەوێ.

 

***

 

سەدان ساڵە کاوەیەکی کورد

مەشخەڵی نەورۆزی ھەڵکرد

کەچی ئێمەی نەوەی ئێستا

(ھەزار و نۆسەد و ھەفتا)

وڕین ھێشتا

لەو نەورۆزەی دێت و ئەڕوا.

 

***

 

ئەبێ نەورۆزی ئەمجارە

زامی پڕ لە سوێی ئەم شارە

وا ساڕێژ کا... جارێکی تر

ژێردەستی نەبینێ ئیتر.

 

                                          ١٩٧٠

 

 

تێبینی:

ئەم پێنج شیعرەم لە ٢٦/٥/٢٠٢٢ لە خوشکی شاعیر: (ڕووناکی میرزا کەریم) وەرگرتووە.

گەڕان بۆ بابەت